په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

نامەیەکى (کۆشان عەلى) بۆ (یوسف عیزەدین).

 

 


نزیکترین هاوڕێم لە دوورترین وڵات، کاک یوسف عیزەدین..


سڵاوتان لێبێت..


ئێستا کە ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم، زۆر بەخۆشحاڵیەوە دەمەوێ ئەوەت پێ بڵێم، کە توانیم سەرجەمى ڕۆمانە جوانەکەتان بخوێنمەوە..


هاوڕێی ئازیزم..


ئەو ڕۆژە ئیمەیلەکەتم بینى، بەرلەوەى ئیمەیلەکەت بخوێنمەوەو ئەو دێڕەى کاک دلاوەر قەرەداغى ببینم کە نووسیبووى (تا ئێستا هیچ دەقێکى لەم شێوە بەزمانى کوردى نەنوسراوە)، ئەوا منیش لەگەڵ خوێندنەوەى چەند لاپەڕەى سەرەتاى ڕۆمانەکەتدا ئەو هەستەم بۆ دروست بوو بوو، هەرچەند نەدەبوو پێش وەخت ئەو بڕیارەم دابایە. بەڵام لەگەڵ گەیشتن بە دوا دێڕەکانى ڕۆمانەکەت، بێ هیچ موجامەلەیەک گەیشتمە ئەو قەناعەتەى کە ئەم ڕۆمانەى تۆ (یەکەم ئەزموونى سۆفیگەرى)یە، (بەم شێوە نووسینەى ڕۆمانەکەت، بەڕێزت ئەتوانم بڵێم یەکەم ئەزموونى سۆفیگەریت خستە سەر کاغەز بەزمانى شیرینى کوردى).. لەوانەیە بپرسیت بۆ؟ وە چۆن؟


هاوڕێم، ئەو هەموو لە سنوور دەرچوونەى لە ڕۆمانەکەدا هەیە، هەر لە باس کردنى (ئیبلیس)ەوە، لە (دەنگێکى غەیبى) کە خوێنەر زۆر گومانى ئەوە دەکات (دەنگى خودا)بێت، هەر لە بێدەنگى تەواوى دانیشتووانى ئەو شارەوە تا بەشێکى زۆرى ترى ڕۆمانەکە من واى تێگەیشتووم کە هەوڵێکى زۆر نمونەییە، هەوڵێکە بۆ دەرچوون لە هەموو تەقلیدگەراییەک و ڕووبەڕوو بوونەوەى ئەوەى مرۆڤى ئێمە لە پاشخانى خۆیدا وێناى کێشاوە! کە بەشێکى سۆفیگەریش ڕووبەڕووبوونەوەى سیستمەکانە، ئەو شتانەیە کە کە تێکستەکان دەىسەلمێنن.. بەڵام چەند لەگەڵ ئەو سۆفیگەریەى تۆدا هاوڕام، لێرەدا ئەمە شوێنى قسەلەسەرکردن نیە.


ئەم ڕۆمانە لەیەک کاتدا هەم خەیاڵەو هەم واقیع.. لەیەک کاتدا ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت ئەمەى ئێستا هەیە خەیاڵەو دەشێت ئەوەى خەیاڵیش بێت واقیع بێت. بەڕاستى کەم نوسەر هەن تواناى ئەو جۆرە وێناکردنەیان هەبێت، بەتایبەت بەشێوەیەک کە تەێویرى واقیعەکە بکەن وەکو چۆن تۆ کردووتە. زۆرجار لە ڕۆمانەکەتدا تەنها تەێویر ناکەیت، بەڵکو خوێنەریش ڕادەکێشیتە ناو نوسینەکەتەوەو هەرچۆنێک بێت ئەگەر گومانى هەبێت لەوەى وتووتە تەواو کەمەندکێشى دەکەیت بۆئەوەى خۆت دەیبینیت، نەک لەبەرئەوەى تۆ مرۆڤێکیت کە دەتەآ هەرچى خوێنەرتە وەکو خۆت بیربکاتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەى ئەو شتانەى تۆ باست کردووە خۆى لەخۆیدا جێگەى ئەوەیە بەو شێوەیە قسەى لەسەر بکرێت. بەتایبەت بابەت گەلێکى وەکو مەرگ و دۆزەخ و....هتد. کە هەمیشە بۆ مرۆڤى ئێمە شتانێکن زۆر پەنهان. تەنانەت لەئێستادا قسەکردن لەسەر ئەم بابەت گەلانە لەئاستى پێویستدا نەبووە.


یان هەڵگەڕانەوەى جەللادێک بۆ عاریفێک و چەند ڕووداوى سەیرترى ناو ڕۆمانەکە چەندین بابەتى لەم جۆرە بۆخۆى پێویستە قسەى زۆریان لەسەر بکرێت، کەسێکى تر نەبووە لەکۆمەڵگەى ئێمەدا بەم شێوەیە باس لەم بابەتانە بکات بێ هیچ پەردەیەک، وەکو ئەوەى تۆ لەڕۆمانەکەدا ئاماژەت پێکردووە. هەربۆیەشە لە زۆر بواردا، بێ هیچ موجامەلەیەک ڕچەت شکاندووە.. زۆر قووڵ چوویتە ناو بابەتەکانەوە، بێ ئەوەى هەست بەوە بکرێت نوسەر (تۆ) خۆى زەحمەت دابێت..


براى خۆشەویستم..


لیرەوە دووبارە بەپێویستى دەزانم سوپاست بکەم کە بەر لە بڵاوبوونەوەى ڕۆمانەکەت، گەورەیى ئەوەت پێ بەخشیم کە یەکێک بم لە خوێنەرەکانى.


لەئێستادا جگە لەدەستخۆشى شتێکى ترم نیە، چونکە کارەکەت زۆر گەورەیە، دوورە لە زیادەڕۆیى و ئەوەى هەندآ نوسەر ئەیکەن، بەو سەدو پەنجا لاپەڕەى تۆ نوسیوتە کارى چەند کتێبێکت کردووە، بەڕاستى ڕۆمانێکى پوخت و پڕ و بەپێزە.


هەوڵدەدەم لەدەرفەتى تردا، بەتایبەت ئەگەر دواى بڵاوبوونەوەشى بێت، خوێندنەوەى ترى بۆ بکەم، چونکە ئەم ڕۆمانە پێویست ئەکات زۆر بە ووردى و چەند جارێک بخوێنرێتەوە، ئینجا ئەگەر حەقى خۆى پێبدرێت لە خوێندنەوەیەکى جیددى دا، ئەگینا بەڕاستى ئەمە کەمتەرخەمییه‌کە بەرامبەر ئەم شاکارە جوانە.


دڵسۆزتان
کۆشان عەلى
١٥\٩\٢٠٠٨