په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٧\٢٠١٠

نامەیەکى سەرواڵا بۆ بەڕێز سەرۆکى (حیزبى کەران).


هیوا رەش   


دەمێکە کەڵکەڵەى نووسینى نامەیەکى لەم چەشنە لە مێشکمدا بوو ، وەلێ داواى بەخشین دەکەم بوارێکى ئەوتۆم بۆ نەڕەخسا بۆتانى بنووسم ، ئێستاش لە کاتێکدا ، لەم دواییەدا ، دواى نائومێد بوونم لە بازووى بێوەرى سەرۆک و سکرتێر و سەرکردە سیخوڕپەرستەکان ، ئەوا چەند دێرێکت بۆ ئەنووسم بەو هیوایەى جەنابت لەوانى دى کردە و خاوەن هەڵوێستتر بیت و دڵنیاشم هەر وا ئەبیت ، چونکە جەنابت نوێنەرایەتى خەلقەندەیەک دەکەیت لە سوود بەولاوە زیانێکیان نە بە هاوڕەگەزەکانیان و نە بە دەوروبەرەکەیان نەگەیاندووە ، بەڵام ئەوانى دى نوێنەرایەتى دز و پیاوکوژ و گەندەڵ و نایەکسانى و ناعەدالەتى دەکەن .

دواى نزیکەى پەنجا ساڵ لە تێپەڕ بوون بەسەر شۆِرشى ئەم دواییەى گەلى کورد، خەریکە ناشرین کردنى وێنەى ڕۆڵە بەسزمان و بێوەیەکانى حیزبەکەتان ناشرین ئەکەن و لە فەرهەنگى زمانى کوردیشدا شاڵاو بۆ ناشرین کردنى ئەندامان و هەوادارانى حیزبەکەتان دەستى پێ کردووە ، من دەزانم کە بەڕێزتان نوێنەرى کەرگەلى کوردستان دەکەن ، بە بێ ئەوەى حیزبە پاکەکەتان ئەندام بووبێت لە بەرەى نیشتمانى نەتەوەیى دیموکراتى ( جوقد ) کە لە نێوان یەکێتى نیشتمانى کوردستان و حیزبى شیوعى و حیزبى سۆشیالیستى کوردستان و پارتى سۆشیالیستى کورد – پاسۆک – و بەعسییەکانى سەر بە سوریا ڕاگەیەنرا ، یان بەرەى نیشتمانى دیموکراتى ( جود ) کە لە نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و حیزبى شیوعى و حیزبى سۆشیالیستى کوردستان و پارتى سۆشیالیستى کورد – پاسۆک – ڕاگەیەنرا ، وەیان بەرەى کوردستانى کە پێکهاتبوو لە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان و حیزبى شیوعى و حیزبى سۆشیالیست و پاسۆک و حیزبى زەحمەتکێشانى کوردستان ، لە هیچ کامێک لەم بەرانە و لە هیچ گەندەڵى و دزییەک و لە هیچ هەڵبژاردنێکى ساختە بەشدارى نەکردووە و هیچ تاوانێکى کوشتن و بڕین و خیانەت و جاسوسى و یەکتر کوشتنى لەسەر تۆمار نەکراوە ، کەچى هەندێک لەو حیزبانە کە مۆڵگە و داڵدەى خیانەتکار و جاسوس و خۆفرۆش و بێشەرەف و کاسەلێسەکانن ، بێویژدانانە دەیانەوێ خائینەکانى ناو حیزبەکانیان بۆ ناشرین کردنى یەکتر بە (جاش) بشوبهێنن ، هێندە بەدنمەکن ئاوڕێک لە ڕابردووى سەردەمى شۆڕش نادەنەوە کە جاش و کەر لەو دەمەدا چۆن ببوونە فریادڕەسى پێشمەرگە و لە هەموو نەهامەتییەکانیاندا هاوبەش بوون و تەنانەت گیانیشیان بەخشیوە و ژیانیان لە پێناوى پێشمەرگە و شۆڕشدا داناوە و زۆرێکیان بریندار و کەمئەندام دەبوون و برسێتى و تینوێتى بڕستى لێ دەبڕین ، بەڵام ئەوانەى حیزبەکان پێیان دەڵێن جاش و بەبێَ ئەوەى چاکەى جاش لەبەر چاو بگرن ، ئیش بۆ ئەوە دەکەن لەناو کۆمەڵگاى کوردیدا ئەو ناوە بە باڵاى خائیناندا ببڕن ، بە مەرجێک خائینان شەرەف و نیشتمان و نەتەوەیان لە دەربارى بەعسییەکان هەڕاج دەکرد بەڵام باووباپیرى جاش ( کەر ) بەبەردەوامى لە خزمەتى نەتەوە و نیشتمان و شۆڕش و پێشمەرگەدا بوون ، شەهید و بریندار و کەلوپەل و ئازوقەیان بۆ پێشمەرگە دەگواستەوە ، خائینان شەهیدیان دەسووتاند و برینداریان بە دواى سەیارەدا ڕادەکێشا و هاوڵاتییانى سڤیلیان سەر دەبڕى و پارەیان پێ وەردەگرت و کەلوپەل و ئازوقەیان تاڵان دەکرد ، بەراوورد لە نێوان جاش و خائیندا ئاسمان و ڕێسمانە و خواى بانى سەریش ئاگادارە کە کەر و جاش نە چاوساغیى لەشکرى دوژمنى کردووە و نە هاوکارى کێمیاڕێژان بووە و نە گوندى ڕوخاندووە و نە پرچى کچانى کوردى بۆ ئەنفال دەسکەنە کردووە و نەبەشداریى تاوانى شەڕى براکوژى کردووە و نە بە دزینى داهاتى میللەت تاوانبارە ! هەمیشە دایک و باوکى جاش ( کەران ) نەپساوە لەگەڵ شۆڕشدا بوون و خائینانیش لەگەڵ دوژمن ، دوو سەنگەرى تەواو دژ بە یەکیان هەڵبژاردبوو ، کەچى ئێستا ناوى پیرۆزى ئەندامانى حیزبەکەى ئێوە بەو خائینانەوە ئەلکێنن کە ئێستا ئەندامى حیزبەکانى خۆیانن و بەرپرس و دەسەڵاتدارن و دیوەخانانەیان بۆ بڕاوەتەوە کە ئامادە بوون لە ئۆغرى بەعسییەکدا بە ئافرەتى کورد شەوانى سوور ساز بکەن جا ئەگەر ئافرەتەکان لە خێزانى خۆشیان بووبن ، ئایا جاش ڕەفتارى وا قێزەونى ئەنجام داوە ؟ ! بۆیە لە ڕێگەى ئەم نامەیەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەم چى تر ئەم زوڵمە قبوڵ مەکەن و ڕێگە مەدەن ئەو حیزبانەى ناوى ئەندامەکانى خۆیان زڕاوە ناوى ئەندامانى حیزبەکەى ئێوەش تێکەڵ بە خۆیان بکەن و ناویان بزڕێنن ، چونکە بێشەرەفیى قەد لە ئەندامانى حیزبەکەى ئێوە نەوەشاوەتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش