په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

نامەیەکى کراوە

بۆ بەرێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان مەسعود بەرزانى.


سەوسەن سەلیم*  

بەرێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان:
پاش سلاو..


هەر وەک ئاگادارن کەلەرۆژى27-10-2008دا پەرلەمانى کوردستان لەسەر هەموارکردنى یاسایى بارى کەسیتى بریارى کۆتایى خۆى بەپەسەندکردنى فرەژنى دا، ئەمەلەکاتێکدایە کە هەموو رێکخراوەکانى ژنان و خەلکى ئازادیخوازى کوردستان چاوەریى ئەوەبوون یاسایەکى بارى کەسیتى پێشکەوتنخوازانەو ئینسانی پەسەند بکرێ، کەچى دواى حەڤدەسال لەخەباتى بەردەوامى بزوتنەوەى یەکسانى خوازى ژنان و بەدواى ئۆقیانوسیک لەتاوان کەلەماوەى 17سالى رابردوودا دژ بەژنانى کوردستان کراوە، یاسایەک پەسەندکرا کەنەک هەر کەمترین ماف و ئازادى بۆژنان بەرەسمى نەناسیوە، بگرە فرەژنى وکۆیلەکردنى ژنانى کردۆتە سومبولى خۆى. بەمەش ناسنامەى ئینسانى بوونى لەژنان سەندۆتەوە و کۆمەلگاى هاوچەرخى کوردستانى بۆسەردەمانى ئیسلامى و عەشیرەتى گەراندۆتەوە. کارێکى ئاواش بیحورمەتیەکى ئاشکرایە بۆژنان و شەرمەزارییەکى گەوریە.

ئاشکرایە ئەم هەنگاوەى پەرلمان بۆ دلراگرتنى ئیسلامیەکانى کوردستان وعیراق دەستى بۆبراوە، تا جارێکى تر هەمان یاساى بارى کەسیتى رژیمى بەعس بەسەر ژنان و کۆمەلگاى کوردستاندا زیندوو بکەنەوە. بەرەسمى ناساندنى یاساى فرەژنى ئەوپەرى سوکایەتى کردنە بەژنانى کوردستان وەلام دانەوەیە بەحەزو ئارەزوەکانى پیاوانى ئیسلامى و دەسەلاتداران وهەرسنوردار کردنیکیش رێگە لەم مامەلە بازاریە ناگرى بۆ ئەم پیاوانە. وەمن دلنیام خۆتان ئەم راستى‌یە دەزانن و ژمارەى ئەو کەسانەى بەم کارە هەلساون هەر لەژێر سایەى دەسەلاتەکەى ئێوەدا بێ ئەندازەیە..

بەلام نابى ئەو راستیە لەکەس شاراوەبیت کەبەرەسمى ناسینى فرەژنى ئاکامەکانى لەسەر ژنان زۆر سامناک تردەبى وتوندوتیژى لە دژى ژنان، کوشتن وخۆکوژى بێشک روو لەزیادبوون دەکات، ودەرگاش والادەکات بۆ زیادبوونى دیاردەى لەشفرۆشى ژنان ..هەموو ئەمانەش دەورەیەکى خویناویى و پرلەستەم وچەوسانەوە رووبەرووى ژنان دەکاتەوە.

بەرێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

من ئاگادارى ئەوەم کە ئێوەبەرلەپەسەندکردنى بریارى فرەژنى لەلایەن پەرلمانەوە، لەکەنالەکانى راگەیاندنەوە ئەوەتان راگەیاند کەنابى یاساى بارى کەسیتى لەشەریعەتى ئیسلامى دەرچیت، لەم دەربرینەدا ئیوەخۆتان ئازادن شەریعەت لەژیانى خۆتان وخیزانیتاندا پەیرەوى لیدەکەن یان نا، بەلام بۆژنان وکۆمەلگاى کوردستان کێ پاداشتى ژنانى کوردستان دەداتەوە لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانانەدا کە لە17سالى رابردوودا، بەهۆى یاساى بارى کەسیتى عیراقى وشەریعەتە ئیسلامیەکەیەوە ژیانى ژنانى لەخوین و رەشەکوژى و بیمافى وتوندوتیژى هەلکیشاوە؟ کآ بەرپرسیارە لەکوشتنى دەیان هەزار ژن بەبەهانەى شەرەف؟ کآ بەرپرسیارە لەبەردەباران و لوت برین و هوهاکێشان و هەموو ئەوبیحورمەتییەى بەژنانى کوردستان کراوە؟ ئایا ئێوە پیتان ئاسایى‌یە ئەو هەموو تاوانە گۆشەیەک بن لەمێژووى دەسەلاتێک کەئێوە لەسەروویەوە راوەستاون؟

بێگومانم لەوەى کە هەرکەسێک، تەنانەت ئەگەر هیچ پۆستێکى هاوشێوەى ئێوەى نەبێت، ئامادەبێت بەوەى کە ئەم میژووە رەشەى ژن کوژى و کۆیلەیەتى بۆ بنوسرى. هەربۆیە ئێوە لەبەردەم بریارێکى چارەنوس سازدان وداواى منیش ئەوەیە ئەم بریارانەى پەرلمان پەسەند نەکەن وبەلاکانى فرەژنى لەسەر شانى ژنانى کوردستان هەلوەشێننەوە ورێگابکەنەوە بەوەى ژنان لەیاسایەکى بارى کەسێتى پێشرەو وئینسانى بەهرەمەندبن. یاسایەک لەسەر بنەماى یەکسانى ژن و پیاو بە پێوەرێکى جیهانى دابرژیت ومافى هاولاتى بونیان یەکسانیان پێبدریت و هەلاواردنى جنسى دەست بەجآ کۆتایى پى بینیت.

ئێمە چاوەرى ئەوەین لەبەرێزتان یاساى فرەژنى هەلوەشیتەوە و رێگا مەدەن بەپەسەندکردنى ئەم یاسایە و هەریاسایەکى تر کە دژ بە ژنان مافە ئینسانیەکانیان بێت. ... بەدووبارەى سوپاسەوە.

____________________________________
*سەوسەن سەلیم: بەرپرسى رێکخراوى ژنانى پەنابەرى کوردستان - بەریتانیا

 


21/11/2008
sawsansalim@yahoo.com