١٣\٦\٢٠١٢
نامەی سکرتێری
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی (دەشتی جەمال)
بۆ سەرۆک وەزیرانی
هۆڵەندا (مارک رووتە).
بۆ بەرێز سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا
(مارک رووتە).
سڵاوێکی گەرم...
ئەم
نامەیەت بۆ دەنوسم لە لایەن فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقیەوە
کە نوێنەرایەتی داواو خواستی دەیان بەنابەری عیراقی و کەسوکاریان لە
دەرەوەو ناوەوەی عیراق و کوردستان دەکات. لە بارەی کێشەو گیروگرفتی
١٢٠٠ پەنابەری عیراقی کە بریارە بەرێزان ھەردوو وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی
هۆڵەندا وعێراق (خیرت راییس، دیندار دۆسکی) رۆژی ١٥-٦-٢٠١٢ بەمەبەستی
تاوتۆێکردن و چارەسەری کێشەکانیان لە هۆڵەندا کۆبنەوە.
دیارە بەرێزتان ئاگاداری ئەوە ھەن ئەو پەنابەرانە بەخواست و ئارەزووی
خۆیان ھانایان بۆ وڵاتی هۆڵەندا نەھێناوە، بەڵکۆ پەنابەرانی عێراقی
قوربانی جەنگ وداگیرکاری پشیوی کۆمەڵایەتی و تیرۆرن.
من نامەوێت باسی ھەموو ئەو ھۆکارانە بکەم کا پاڵی بە ھاوڵاتیانی
عیراقەوە ناوە ئاوارەبن. ڕەنگە تەماشاکردنی ئاماری رێکخراوە جیھانیەکان
و ھەواڵەکانی بارودۆخی عێراق بەس بێت کە تا ئێستا عیراق بە چوارھەمین
ووڵاتی جیھان دادەنرێت، کە ھاوڵاتیانی بە ھۆی نائارامی و ئاسایشەوە
داوای مافی پەنابەرییان کردوە. تەنھا لە ناوخۆی وڵاتدا ٢ ملێۆن ٧ ھەزار
پەنابەر ئاوەرن و لە شوێنی خۆیان ھەڵکەنراون.
عیراقی دوای دیکتاتۆرێک ئێستە دەیان دیکتاتوری بچوک و میلیشیا و مافیای
نەوت، ژیان و چارەنوسی کۆمەڵگای عێراقیان خستۆتە ناو دۆزەخێکی کەم
وێنەوە. عێراقی دوای بەدەستەوگرتنی حکومەت لەلایەن نەیارانی ئەمریکاوە
کۆمەڵگای عیراقیان لەگەڵ زەبرو زەنگو توندوتیژیو جەنگی مەزھەبی و تایفی
و قەومی روو بەرووکردۆتەوە. دکتۆرو پرۆفییسۆرکەسانی پسپۆرو شارەزاو
تەکنۆکرات تا لاوانێک کە ئارەزووی لەبەرکردنی پۆشاکی غەربی دەکەن لەگەل
مەرگو بەردەباران رووبەروودەبنەوە. ژنان لە کۆمەڵگای عیراقدا جینوساید
دەکرێن. ئازادی ھەڵسورانی سیاسیو بیرورا دەربرین قەدەغەیە،خۆپێشاندەران
لەگەل دەسترێژی گولە بەرەوە روو دەکرێتەوە. کوردستان کە بەشێک لە وڵاتە
ئەوروپیەکان بە ئازاد ناو زەدی دەکەن، نوقمی گەندەڵی سیاسی و ئیداری و
بیکارییە. سەرکوتی ھەردەنگێکی ئازادیخوازو دژ بە ناعەدالەتی کۆمەلایەتی
وەکو رۆژی روون دیارە.
چارەنووسی زیاتر لە ٤ملیون ئینسان لە کوردستاندا ھێشتا ھەڵواسراوە. دوو
حیزبی دەسەلاتدار" یەکێتی و پارتی" لە چوارچێوەی بەرژەوەندی سیاسی و
ئابووری خۆیان و دەسەڵاتیاندا ھەوڵیکیان لەگەردایە بۆ ئەوەی خەڵکی
کوردستان بگێڕنەوە بۆ ژێر سایەی حکومەتیکی قەومی ئیسلامی لە عێرقدا.
ھەموو ئەمانە کافی نیە بۆ حکومەتی هۆڵەندا تا سەرەتارین ماف کە مافی
پەنابەریتیە بەرەسمی بناسێت بۆ قوربانیانی جەنگ و ھەڵھاتووی ژیر ئەو
بارودۆخە دژوارەی عێراق. ئایا بەڕاستی ناچارکردن و زۆر ھێنان بۆ ئەم
ئینسانانە رێگا چارەیە حکومەتی هۆڵەندا بیگرێتە بەر؟
ئێمە داواتان لێدەکەین هۆڵەندا مەخەنە نیو لیستی رەشی ئەو وڵاتانەی
مافەکانی مرۆڤ وە لەنیویاندا مافەکانی پەنابەران پێشێل دەکات.
هۆڵەنداش یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی بە دەیان بەنابەری کوردوعیراقی
تیا ژیانی خۆیان خیزانەکانیان دامەزراندوەو تێکەڵ بوون، کار دەکەن و
ھاوشانی ھاوڵاتیانی هۆڵەندا لە بواری جۆراوجۆردا خزمەت دەکەن لە گەشەو
بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا دەور دەگیرن. ئێستاش بەشێکی زۆر لەو
پەنابەرانەی ھەرەشەیان ناردنەوەیان لەسەرە خیزانی ھۆڵندیان ھەیە
مناڵیان ھەیە، چۆن دەگونجێت حکومەتی هۆڵەندا دەستیان بچێتە دابراندنی
ئەو منالانە لە قوتابخانەو ھاوڕی و ھاوپۆلەکانیان؟ ئایە بیرتان لەوە
کردۆتەوە بەھۆی گوشارو سیاسەتی ئێوەوە دەیان ئینسان ناچاربوون ژیانی
نایاسایی بگرنەبەر و بێبەش بن لە پێداویستی ژیانکردنیان. بەراستی ئەمە
خەتایەکی گەورەیەو داوا دەکەین سنوریک بۆ ئەم پێشلکاریانە دابنرێت، کە
بەرامبەر مافەکانی ئینسان لە هۆڵەندا بەرێوە دەچێت.
بەرێز سەرۆک وەزیران!
ئێوە ئاگاداری ئەوە ھەن کە بەدەیان پەنابەری دیپۆرتکراوە بۆ عیراق،
بەھۆی نابەرپرسیارتی ھەردوو حکومەتی عیراقی و ھەرێمی کوردستان یان
ناچار بە خۆکوژی کراون یان باری دەروونیان بەرەوتیکچوون چووە، یان
بیکارو لە شوێنی نیشتەجێبوون بێبەشن. بەشیکیشیان بەھۆی بەرگەنەگرتنی
ئەم دۆخە نەخوازراوەوە جارێکی تر ئاوارەی وڵاتانی دراوسی بونەتەوە؟
ئێمە لە رێگای ئەم نامەیەوە دەمانەوێت نیگەرانی خۆمان دەربرین بەرامبەر
بەو ھەڵسوکەوت و سیاسەتەی بەرامبەر بە ژیان و ئایندەی پەنابەرانەوە
گرتوتانەتە بەر. ئەوەی چاوەروانەدەکرا لە وڵاتێکی وەک هۆڵەندا رێزگرتن
لە مافی مرۆڤ و لەنێویاندا مافەکانی پەنابەرانی عێراقی بوو، نەک ئەو
مامەڵە ناتەندروست و نەخوازراوە.
داواکاری لە بەریزتان بە چاوێکی بەرپرسیارانەتر لە واقعی ئێستای عێراق
و کوردستان بروانن و ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران ڕاگرن، مافی
نیشتەجێبوون بدەنە قوربانیانی جەنگ وپشێوی کۆمەڵایەتی و نائارامی سیاسی
و ئەمنی.
لەگەڵ سڵاوی دووبارە
دەشتی جەمال
سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی
dashtyjamal@gmail.com
ماڵپهڕی دهشتی جهمال
|