٤\١٠\٢٠١١ نامۆبوونی مرۆڤ!
نامۆبوونی ئەدەبیش دەتوانین ئەلبیر کامۆ بەنموونە بهینینەوە کە کتیبیک هەیە لەژێر ناوی نامۆبوون لەئەدەبی کامۆ دا،لەراستی دا زۆربەی قارەمانەکانی ئەلبیر کامۆ لە نامۆ بوون دا دەژین ،نامۆبوون بەرانبەربەبوون، نامۆبوون بەرانبەر بەزەمەن،نامۆبوون بەرانبەر دووبارەوچەند بارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی رۆژانە،لەرۆمانی نامۆبوون لای کامۆ قارەمانەکە لەدونیای تایبەتی خویدا دەژی هەروەک تووشی شیزۆفرینیا هاتبێ ،لەکاتیکدا دایکی دەمرێ بەڵام پشوو دان و چوونە سەر دەریا لەخوی تیک نادا لەنیو ئەم رۆمانە نامۆ بوونیکی دیکە خوی حەشار داوە ئەوێش دەرخستنی تیئاتری بەدحاڵی بوونە ،بەرای من ئەوانەی لەقوڵایی ئەدەبی دا دەژین هەست بەنامۆبوون دەکەن بەرانبەر بە دەوروبەر ،بەرانبەر بە گەردوون ، بەرانبەر بە سەفەری کورتی سەر گۆی زەوی ،بەڵام ئەوەی زیاتر مەبەستی من بێ نامۆبوونی سایکۆلۆژی یە ،ئەم جۆرە نامۆبوونە وەکو پاڵتۆ وایە هەموو دیاردە نامۆبوونەکانی لەخۆ گرتووە ،بۆ نموونە هەژار نامۆبوونی هەیە بەرانبەر بەدەوڵەمەند ،رۆژهەڵاتی نامۆ بوونی هەیە بەرانبەر بە رۆژئاوایی (هەرچەندە من لەناخی مرۆڤی رۆژئاوایی ئاگادار نیم لەوانەیە ئەوانیش لەهەندی رووەوە نامۆبوونیان هەبێ لە بەرانبەر لایەنە رۆشنەکانی کەلتوری رۆژهەڵات ).
ئەگەر دیاردەی نامۆبوون لەرووی سایکۆلۆژی یەوە ئەنالیزە بکەین ،ئەوە بۆ گریی کەم بوون دەگەرێتەوە ،گریی کەم بوونیش لە یەک حاڵەتدا خوی بەرجەستە ناکا ،بۆ نموونە تۆ زمانیکی دیاریکراو نازانی لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئەو زمانە کە دوو کەس قسەی پێ دەکەن ،تۆویش دەستەپاچە راوەستاوی هەست بە کەمی دەکەیت یان هەندی جار گریی کەم بوون وابەستەیە بەهەقیقەتەوە ،بۆ نموونە خەڵکی شار لە بەرانبەر خەڵکی لادی دا پێ یان وایە هەقیقەتی پیشکەوتن لای خویانە یان شارە گەورەکان بەرانبەر شارە بچوکەکان ،بەرای من لەسەر ئەم بناغەیە کێ بەرکی یەکی شارستانی هەیە لەهەناوی کۆمەڵگا ،ئەم کێ بەر کێ یانە گریی کەم بوون و نامۆبوون دەهێنێتە کایەوە ، کاتی کەتۆ زانیارییەک نازانی بەرانبەر یان ئەوی دی دەیزانی دیسان ئەمە دیاردەی نامۆبوونی لێ پەیدا ئەبێ کە پێ دەڵین نامۆبوونی مەعریفی ،بەڵام لەرووی هومانیزمەوە مرۆڤ مرۆڤە بەدەر لەشوێن وزانیاری وئاستی مەعریفی بۆیە ئەگەر مرۆڤ ئینتمای بۆ ویژدانی دەستەجەمعی کۆمەڵگا هەبێ ئەم تەقسیم بەندی یە ناهێنێتە ئاراوەو خەڵکی بەرانبەر دووچاری دڵەراوکێ و سەر ئیشەو شەری دەروونی ناکا!
زۆر خەڵک هەیە شکستی دەروونی یان خواردووە لە ئەنجامی ئەو ململانیانە ،بەتایبەتی لەنێو حزبە سیاسیەکان ئەم کایە دەکری دژ بە ئەندامەکانیان ، لەوانەیە لایەنی پۆزەتیڤی هەبێ بۆ وشیارکردنەوەو بێدارکردنەوەی خەڵکی کاڵفام بەڵام دەبێ بزانی زەمینەی میشکی ئەو کەسە لەبارە ئەوجا دەتوانی ئیشی لەسەر بکەی،لەوانەیە جوڵاندنی گریی کەمبوونی کەسیک هەستی بریندار بکات بۆ ماوەیەک پێ بتلیتەوە. بەڵام فروید بە شیوەیەکی روونتر باسی نامۆبوون دەکا تەنانەت لەنیوان خوشک وبرا لەتەمەنی مناڵی ،کچ بەمناڵی ئیرەیی بە ئەندامی زاوزێ براکەی دەبا لە بیرکردنەوەی خوی دا دەڵی بۆ چی منێش هەمان شتم نیە! بەشیوەیەکی تر بڵیم چەند ئافرەت نامۆبوونی هەیە بەرانبەر بەپیاو بەهەمان شیوە پیاویش نامۆبوونی هەیە بەرانبەر بەئافرەت ،لەراستی دا هەر ئافرەتە پیاو تووشی حەپەسان ونامۆبوون دەکا ،لەبەر ئەوەی پیاوی تینووی ئافرەت پێ وایە نهینی بەختەوەری لای ژنە! هەرچەند دەڵین ئەم دووانە یەکتر تەواو دەکەن بەڵام هێزی مۆتیڤ و بزوێنەر لای ئافرەتە ،گەر چی ئافرەت بەکردەوە دەستپیشخەری ناکا بەڵام بە نیگاو بە دەنگ وبەجوڵە ئامادەیی دەنوێنێ!
کەواتە نامۆبوون لەئەنجامی لیکدانی دوو جەسەرەوە دێتە کایەوە کە پروسەیەکی کۆمەڵایەتی ئامادەی دەکا وەک تاک وتاک ، تاک وکۆ ،تاک وسروشت ،بۆ ئاگاداری مرۆڤ لەپەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی دایە لەگەڵ سروشت بۆ نموونە خۆر ،با ،باران ،رۆشنایی ،تاریکی کاریگەری کۆمەڵایەتی بەسەر زەینی مرۆڤ بەجێ دێڵن. بۆ نموونە پایز وەرزێکە لە رووی زانستی یەوە نامۆبوون لەگەڵ خوی دێنێ، لەدەست دانی هاوینیکی ئاسان و پیشوازیکردن لەوەرزیکی سەنگین وەک زستان ،نامۆ بوون و دڵەراوکێ دروست دەکا،گەردەلوول و توفان هەرەشەیەکی نادیارن بۆ مرۆڤ ،بەئاسانی بوی دەستەمۆ ناکرێ بۆیە لەبەرانبەریان دا مرۆڤ هەست بەنامۆبوون دەکا،کەواتە نامۆبوون هەستیکە لای خەڵکی بێ دەسەڵات سەر هەڵئەدا ،پەنا بردنە بەر خوداو ئاین بەشێکە لەم رەفتارە ،کاتی مرۆڤ نامۆ بوو بەرانبەر بەدیاردەکانی دەوروبەرونهینی سەر هەڵدانیان پەنا دەباتە بەر هیزیک لە خوی گەورەتر ،پەناگایەک رازی دڵی خوی تیا بکاتەوە ،ئیستاش لە کڵیساکانی رۆما چەند ژووریکی بچکۆڵانەی تەختە هەیە ، هەر دانەو قەشەیەکی تیدایە خەڵکەکەش یەک یەک دەچن لە تەک ژوورەکان رازو دەردی دڵی خویان دەرێژن بەمەبەستی ئەوەی لەگۆناهەکانیان پاک بنەوە ، لیرەدا پرسیاریک دێتەکایەوە ئەگەر مرۆڤ نامۆ نەبێ بەرانبەر خودی خوی ناچێتە ژێر ئەو بارەوە کە دەردی دڵی خوی بۆ یەکیکی تر باس بکا گوایا نوێنەری خوایە لەسەر زەمین!
|