په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٤\٢٠١٢

لێکۆڵینەوە:

نامۆبوون و دۆزینەوەی خود لە شیعری ژیانێکی رامبۆییانە.


عەلی عومەر      


شیعری ژیانێکی رامبۆێیانە ناونیشانی یەکێکە لە شیعرە دیارەکانی (ئازاد ئەحمەد ئەسوەد)، کە لە گۆڤاری نەوشەفەقی ژمارە (٧٧)دا بڵاوبووەتەوە. ئەمە یەکەم شیعری جوانی ئەم شاعیرە نییە ئەزموونی نووسین و بەرھەمھێنانی شیعری دەگەرێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی حەفتاکان، لە ساڵی (١٩٨٩)دا کۆمەڵەشیعرێکی بە ناوی (بۆنی ئەم خاکەت لێ دێ) بڵاوکردوەتەوە کە یانزە شیعری جۆڕاوجۆڕی لە خۆ گرتووە، ئەمە جگە لەوەی چەندین شیعری لە زمانەکانی تورکی و عەرەبیەوە وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی و لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاویکردوونەتەوە، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم شاعیرە کەمی نووسینە! پێت سەیرنەبێ گەر بە مانگ و ساڵ بە دیار بەرھەمھێنانی تاقە شیعرێکەوە خەریک بێ تا لە رەنگ ودەنگی جیاواز ئەزموونی شیعری جیاواز بەرھەمبھێنێ. لە نیو جیاوازیشدا خوێنەر (وەرگر) دەتوانێ مانای جیاواز بۆ دەق دروستبکات زەمینە بۆ سیماکانی جوانی دەق فەراھەم بکات . ھەر لە سەرەتاوە شاعیر توانیویەتی پەرژین و ڕووبەری ھۆنراوەکەی بپارێزێ ولە گرنگی ھۆنراوەکەی کەم نەکاتەوە، ، لە نیوان تیمەی ھۆنراوەکەو ناونیشانەکەیدا ھاوشێوەبوونێک دروستبکات، کە دەکرێ چەندین خۆێندنەوە ولێکدانەوەی بۆ بکرێ، چونکە چەمکی خۆێندنەوەی ھەر دەقێکی ئەدەبی دیسپلین کردنی ئاسۆکانی ھزرە بۆ وەڵام دانەوەی ھەستە جیاوازەکانی مرۆڤ، بۆ دۆزینەوەی مەبەست، لەنیو جەستەی ھەر دەقێکی ئەدەبیدا دەکرێ بە تاوتێکردنی ماناوە بچینە نیو تێزی کۆمەڵێ رەھەند و بیر و بۆ چوونی جیاواز کە بەھاو ھەڵوێست دەستەبەردەکات، ئەویش لە سایەیی بەشداربوونی وەرگر کە خۆی تێدا بەدی دەکات ھەر وەک(دیڤید بڵیچ) سەیری دەقی ئەدەبی دەکات بەوەی کە جۆرێک بێ لە ئاوێنە خوێنەران خۆیانی تێدا دەبینن)....٢ ھەست و تێڕوانینی وەرگر لە بنیادی دەقی ھۆنراوەکەدا پاژ بە پاژ جۆرە پەیوەندییەکی پتەو دەرەخسێنێ بۆ وەڵام دانەوەی کەندوکەلەبەری ئەو پرسیارانە کە گیان و جەستەی ھۆنراوەکە رەھێڵەدەکات و لە گەڵ ئاسۆی چاوەروانیدا یەکیان دەخات، بۆ چوونە ناو جیھانی ھۆنراوەکە ھەنگاوی یەکەم دەبێ لە ناونیشانی ھۆنراوەکەوە دەستپێبکەین چونکە ناونیشان سەری ھۆنراوەیە(سوورەیای دەقە)....٣ کلیلێکی ئەفسووناوییە دەتوانێ سەرجەم دەروازەکانی دەق واڵابکات.


لە رووی فۆرمەوە ناونیشانی ھۆنراوەکە لە دوو بڕگە پێکھاتووە، بڕگەی یەکەم(ژیانێکی رامبۆییانە)یە دەستپێک و سەرەکییە شووناسێکی جیھانیە کەشفکردنی تەرزێکە لە پیادە کردنی ژیان، بڕگەکە دەوەستێ و تەواو دەبێ بە مەبەستەوە بۆشایی و شۆێنی نەفەسێک لە لاپەرەکەدا بەجێدەھێڵت ئەمەش بەڵگەیە بە بوونی دالەیەک کە مەدلوولی بیرکردنەوەو تێڕامان و پرسیار دەورووژێنێ لە پیادەکردنی ئەو جۆرە ژیانە . دێتە دێری دووھەم کە پاشگرە بۆ دیسپلین کردنی ئەو چەقبەستنەی بڕگەی یەکەم کە ئاراستەی کۆمەڵێک کەسی دەکات، بە ھاورێ ناوییان دەبات و لەشۆێنێکدان پێیدەڵێن(شەقامی جمھوری)...٤


ناونیشانەکە ستایلی نامەیەکی کراوەی لە خۆگرتووە پابەندنییە بە داخرانی زەمەنەوە، زەمەن تێیدا کراوەیە و دیاری کراونییە بە پێچەوانەی شوێن کە تێیدا داخراوە و دیاریکراویشە، بە کرانەوەی زەمەن و داخران و وەستانی شوێن (شەقامی جمھوری) دەتوانین بگەینە خاڵێکی سەرەکی کە پەنتایی ھۆنراوەکەی لەسەر بنیادنراوە، ئەویش ھەستکردن بە تێپەربوونی زەمەن و گۆڕانکارییەکانی ھزرو خوێندنەوەی نوێ و گەشەکردنی ئەزموونەکان بەرانبەر بە چەقینی شوێن و مانەوەی وەکو خۆی یەکەمین دیاردەکانی نامۆبوونمان چنگدەکەوێت کە (شەقامی جمھوری)یە و لە قەرەبڵغترین شوێنی کەرکووکە.

ئاوێتەکردنی ھەستی نامۆبوون لە دەروونی شاعیردا بە ژیانێکی رامبۆییانەوە ڕِیتمێکی ڕۆمانسیانەی ھێمائامێز دەگرێتەبەر سەرنجی خوێنەر رادەکێشێت نەک ھەر لە سەرئاستی کەرکووک دا بەڵکو لە سەر ئاستی کوردستانیشدا ، ئاوێتەبوونی ئەم نامۆبوونە وا رەنگی ڕشتووە و چەسپیووە کە کاڵبوونەوەی کارێکی سەخت و دژوارە وەک لە بیرکردنی شاری کەرکووکی زادگای، ناونەھێنانی شار مەبەستم لەشاری کەرکووکە ئاماژەیەکی زەق و دیارە بە نەبوونی ناسنامە و دابڕینی بەشە لە گشت، کەرکوکە لە ھەرێم، دڵە لە جەستە، فەرامۆشکردن و خەمساردی وپەراوێزکردنی خەون و ئاوات و داواکانی ھەر تاکێکی کوردە بە گشتی و ھینی کەرکووکە بە تایبەتی، نەگەرانەوەی پچران و دابرانە، تۆراندن و نەگەرانەوەی خودە بۆ بابەت، زەمەنە بۆ شوێن، یاخیبوون و نەگەرانەوەی شاعیرە بۆ زێدی خۆی ، گومانی تێدانییە دەرھاویشتەی ئەم پچران و دابرانە نامۆبوونی بەرھەمھێناوە کە کەرکووک بووەتە سەنتر بۆ خود و بنەمایەک بۆ پێکھاتەی کەسایەتی شاعیرە کە لە راستیدا (گرنگترین شێوەکانی نامۆبوون جیابوونەوەی کەسە لە خود)...٥


پەرچەکرداری نامۆبوون تێزی خۆسەپاندن و ھاوشێوەبوونێک لای شاعیر دروست دەکات، بەرامبەر بە ھاوڕێکانی وەک ئاکامێک پێشنیاریان دەکات، دەست پێشکەرییەک نیشاندەدات، بە مەحکومکردنیان بە ووریا بوونەوە بارگاوییان دەکات و لاگیرییان لێدەکات، پیادەکردن و تۆکمەبوونی ھەستی نامۆبوون، دەکرێ قەوارەێکی گەورەتر وەرگرێ و بچێتە ناو خانەی ئەندێشەو چاوەڕوانییەوە، چاوەڕوانییەکی بێتام و بێسنوور چەشنی (چاوەروانی گۆدۆ)، دەشێ لە دۆخێکی تردا بە جۆرێکی دی ھەڵتۆقێ و بەرجەستەبێت و ببێتە ھاندەڕ بۆ حاڵتی جۆرێک لە ئاوارەبوون، ھەڵکەندنی مرۆڤـ لە زێدی خۆی دابڕانی لە نیشتیمان سنوورەکانی ئاوارەبوون دیاریدەکات، زەمینە بۆ ھەستێکی شڵۆق و ناجێگیر خۆشدەکات کە لە ناخی شاعیردا یەق دەداتەوە ، شاعیر ڕاشکاوانە ناتوانێ خۆی لە ھاوکێشەی کەرتبوون و ئەو نامۆبوونە قووتاربکات کە بە ووریاییەوە خۆێندنەوەی بۆ دەکات، ھاوکێشەکە فرە لایەن و ئاڵۆزە و فەرامۆشکردنی ھەروا ئاسان نییە، کێشەکە پابەندە بە بوون و خۆ دۆزینەوە، ھەر لە سەرەتای ھۆنراوەکە لە چەند ئاستێکدا زەق و زیندو دەبێتەوەو بەرەو تراژیدیایەکی ئینسانی ڕاپێچماندەکات....

 

گەورەترین کارەساتی شاعیر ئەوەیە بە ھەست و نەست و کەلەپوورێکی ڕۆژھەڵاتیانە مامەڵە لە تەک داکەوتی شارستانییەتی نوێی ئەوروپادا دەکات، ئەو کاتە بە زەقی درک بەجیاوازیی و لێکدابڕانی نیوان ئەم دوو شارستانییەتەدەکات، کارەساتەکە لێرەوە چڵە پۆپە دەگرێ و شاعیر دووکەرتدەکات، پاش نیشتەمەنی ئەزموونەکانی لە مەڕ شارستانی ڕۆژئاوا شاعیر دژوارە بتوانێ ھەڵبکات یاخود بگەرێتەوە بۆ شوێن و مۆڵگەی یەکەمی، بۆ زێدی خۆی بۆ نیشتیمان بۆیە دەبینین دەچێتە ھەر شوێن و جێگایەک ھەر شارێک بە(فلاش باک ) بیرەوەریەکانی گەنجێنی و ژیانی ڕابردووی لە ئیستادا بەرھەمدەھێنێ وتێھەڵکێشی ئیستای دەکات یاخود بە پێچەوانەوە ئاوێتەی یکتریاندەکات، بۆ گوزارشتکردن لە گەرانەوەی سۆزو خۆشەویستی رابردوو بۆ ئیستا ھەرجارێ تەرز و شێوازێک دەگرێتەبەر...

 

لێرە وێنای ژیانی ڕامبۆ دەکات و لەلایەکی دیکەوە خۆی دەچێتە دەرەوە نەخشەو ھێڵکارییەکانی ناوەوەی خودی خۆی لە گەڵ ڕیتمی ژیانی ڕامبۆدا بەراوورد دەکات، بێگومان بە م کردەیە دەیەوێت جۆرە ھاوشێوەبوونێک بدۆزێتەوە، دەتوانین بە جۆرێکی دی بڵێین لە ئاستی یەکەمدا نامۆ بوون بەھای خود و بیرو ئاوەزە بەرانبەر بە شوێن وەلێ لە ئاستی دووھەمدا نامۆبوون بەھاکانی شوێنە جیاوازەکانە بەرانبەر بە بەھاکانی خود و بیر، لە لایەکی ترەوە دەکڕێ بڵێین فاکتەری قووڵبوونی ئەم نامۆبوونە دەرئەنجامی واژووی تەنگژەی دوو شارستانییەتە، دوو داب و نەرێتە، دوو کەنارە دەریایەک نیوانیانە ئەمەش جیاوازییەک بە دوای خۆیدا دەھێنێ کە بە دوایی ھەبوونی خۆیدا وێڵە و دەکۆشێ تا بوونی خۆی بسەلمێنێ و فەراھەمی بکات، کەواتە دەکرێ بڵێین کێشەکە کێشەیەکی ئەنتۆلۆژییە و گەڕانە بۆ دۆزینەوەی خودی خۆی( بۆ خۆم دەگەرێم )...٦ ، لە گەڵ بڕینی سنووری ھۆنراوەکە بۆمان دەردەکەوێت کە لە ھەڵبژاردنی کارکتەری ڕامبۆ دا ھەماھەنگییەک ھەیە لە نیوان ژیانی شاعیرو ژیانی ڕامبۆدا، سەنتەر خودی شاعیرە کە وێنەی شیعرەکانی تێدا ڕەتووشدەکات و ڕووداوی زیندوو لە دوو ئاستدا بەرھەمدەھێنێ، لە ئاستی یەکەمدا بوونی شوێن وەک بەشێک لە خودی شاعیر شووناسە بۆ رەنگدانەوەی ئەو ھەستانەی کە بە گاسنی نائارامی ناخی دەکێڵن بوونی لەت و پەت دەکەن ھەرەشەی فەنایبوونی دەکەن، نیشتەمەنی ئەم تڕسە کەڵەکەبووە. ...ھەستکردن بەم جیاوازییە لە ناخیدا ھەر جارێ بە جۆڕێک و لە شوێنێکی جیادا ڕۆحی لە نیو جەستەی کارکتەرێکدا بەرجەستە دەبێت، لە ھەندێ شوێندا لە نیو جەستەی ئاژەڵێکدا دۆنادۆن دەبێت، ئەم حاڵەتە کە ئاماژەمان پێیدا لە دواییدا لە نیو جەستەی ھۆنراوەکەدا ئاشکرا دەبێت، لە ئاستی دووھەمدا ھەڵبژاردنی کاراکتەری ڕامبۆ کە جۆڕێک لە پیادەکردنی ژیان بە دەستەوە دەدات یەکەم لەسەر ناوونیشانی ھۆنراوەکە کە ئەویش ژیانێکی ڕامبۆیانە ، ئەم ژیانە پیوەندی ھەیە بە بیرەوەری و ئەزموونەکانی شاعیر کە لە چینە قووڵەکانی نەستیدا جێگیربوونە ، کە لە سەر شێوازی ئەم جۆرە ژیانە دەگاتە ئاخاوتن ھەڵوێستێکی دیاریکراو و ھاوشێوەبوونێک نیشاندەدات کە پەیوەندی بە ستایلی ژیانیەوە ھەیە، چییە و چۆنە لە نیوان ژیانی ڕامبۆی شاعیر و ژیانی ئازاد ئەحمەد ئەسوەدی شاعیردا، ئەو خاڵ و جەمسەرانە چین کە پێکەوە گرێیان دەدات و بە یەک چارەنووسەوە دەیانبەستێ، بە بەراوورد با بزانین ھەوێنی ئەو ھەستانە چییە کە لای شاعیر دەرکەوتووە.


١ ـــ ڕامبۆ لە شەقامەکلنی( شارڵڤیڵ) قیت و قۆز پیاسەی دەکرد بێ ئاوڕدانەوەی ڕاست و چەپ ئامیر ئاسا شەقامەکەی تەی دەکرد، ئازاد ئەحمەد لە شەقامی جمھوری
٢ـــ ڕامبۆ لە گەڵ ھاورێیەکانیدا ئەم شەقامەیان دەبڕی بۆ پەیمانگای شارەوانی، ئەمی شاعیر لە گەڵ ھاورێکانیدا شەقامی جمھورییان دەبڕی بۆ ئامادەیی پیشەسازی
٣ـــڕامبۆ لە ٢٩ی ئابی١٨٧٠ بۆ یەکەمجار تامی ئاوارەبووندەکات دوایی دەخرێتە زیندانەوە، ئەم لە ١٩٧٩ بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ خۆێندن دەچێتە شاری بەسرە و غەریبی ونامۆبوونی رەگ دادەکوتێ لە دواییدا دەکرێ بە سەرباز و ئینجا ھەڵدێ و دەبێت بە پێشمەرگە زیندانی دەکرێ
٤ ـــ ڕامبۆ بۆ جاری دووھەم ھەڵدێ و لە بڕوکسڵ دەگیرسێتەوە، ئەم لە پاش زیندانی بۆ جاری دووھەم ھەڵدێ و ئەوجا دەچێت بۆ تورکیا و لەوێوە بۆ ھەتاھەتایی ھەڵدێ لە بەریتانیا دا دەگیرسێتەوە.
٥ ـــ ژیان بە پەروازەیی و تەنیایی و وونبوون و بێ پارە و پوول بەسەردەبەن ڕامبۆ لە پاریس ئەمیش لە تورکیا و یونان و ئیتالیا
٦ ـــ ھەردووکیان ژیانێکی دەربەدەری بەسەردەبەن، خەونیش بە دنیایەکی دیکەوە دەبینن دنیایەکی تلیسماوی پرشنگدار...٧
_______   _______   _______
( ژیانی مرۆڤــ لە کەنارێکی بێ ھیوایی ترەوە دەستپێدەکات ) ..٨

لێرەوە ھەوڵدەدەین بچینە نیو فەزای ھۆنراوەکەوە ئەو ھەسارانە بدۆزینەوە کە لە خولگەی ئەو تێزانەدا دەسورێنەوە کە لەمەوپێش ئاماژەمان پێیدا، ھەوڵی سەلماندنیان دەدەین و تیشک دەخەینە سەریان تا زیاتر ڕوون بێتەوە .

ئەم ئیستانبوڵە
نە گۆری وەلی دێوانەی لێیە
نە بۆنی جامانە چڵکنەکەی ناڵی لێ دێ
لە کەناری مەڕمەڕەدا ئەڕوانمە ئەو کەشتییە بزورگانەی
نیگاکانی ئۆرھان وەلییان پێوەیە ... ٩


شاعیر زیرەکانە توانیویەتی زمان بخاتە گەڕ تا ڕووپێووی مەبەستەکەی لە ڕووبەری شیعریدا بەئەنجام بگەیەنێ، پەیامێکی ھونەری ڕەنگڕێژبکات، لە ڕێگای وێنەوە ئەو ھەستە جیاوازانەی بیرو ھزری بەڕاشکاوانە ڕاڤـە بکاتەوە، بە ئەوینەوە مامڵە لە تەک ووشەکاندا بکات و لە جێگای خۆیدا بەکاریانبھێنێ، داکەوتە بابەتییەکان لە وێنەوە بگوازێتەوە بۆ پەیڤی زیندوو چونکە (شیعر لە نیوەرێی ھونەرو زماندایە پەیوەندی شاعیر بە زمانەوە، پەیوەندی وێنەکێشە بە بابەتەوە)...١٠ شاعیر بە زمانێکی پاڕاو و بێ گرێوە دێتە نیو فەزای ھۆنراوەکە بۆ خوڵقاندنی فانتازیا وێنەیەکی ئەدەبی لە پانتایی ھۆنراوەکەدا ڕتووش دەکات و ھاوشێوەبوونێک لە نیوان خود و بابەت دا دەستەبەردەکات ، ئەوەی دیارو ئاشکرایە نامۆبوونی خودی شاعیرە کە لەمەو پێش ئاماژە مان پێیدا و بووەتە سەنتەری ھەموو ئەو جیاوازییانەی کە لە نیوان دوانەی دوو شارستانیەتدا دروست بووە ، بێگومان دەکرێ جێکەوتی ئەم نامۆبوونە شێوەیەکی ئاسۆیی وەرگرێ، لە سەرەتاوە با شاری( ئیستانبوڵ) دەستپێک بێ. . . . شاری ئیستانبوڵ ، لە رووی جوگرافیەوە دەریایی مەرمەرە شارەکە دەکات بەدوو کەرتەوە کەرتێکیان لەرۆژھەڵاتە و لە بەشی ئاسیادایە وئەویتریش لە ڕۆژئاوا لە پەڕی ئەوروپادایە... شارەکە وەک خودی شاعیر لە نیوان دوو کەلتوورو ھزری دوو شارستانیەتدا کەرت بووە پردێکی ھەڵواسراو، دۆخێکی نامۆبوون کۆیاندەکاتەوە و بە یەکیان دەگەیەنێ، ئاسیا بە ئەوروپا، ڕۆژھەڵات بە ڕۆژئاوا، ئیستا بە ڕابردووە وە دەبەستێ. ھەڵبژاردنی شوێن لە وێنەی شیعریدا ڕەنگدانەوەی ئەندێشەو ھزری شاعیرە، دەلاقەیەکە نەفسی خۆی تێدا دەبینێ و گوزارشتی لێدەکات چونکە (دەنگی نووسەر لە نەفسییەوە دێ)..١١ شاعیر لە نیوان نەفسی خۆی و دەرەوەی خۆیدا جۆرە پەیوەندییەک دروستدەکات، پەیوەندی ئەمی بەرھەمھێنەری شیعر لە تەک شاری (ئیستانبوڵ) دا، نەفسی شاعیرو ئیستانبوڵ دوو ڕووی دراوێکن، ئیستانبوڵ بە دوو فاقی شارستانییەتییەکەی و ئەمی شاعیریش بە دوو فاقی ئیستاو رابردووەوە، ناو ھێنانی وەلی دێوانە و نالی گەمەو یاریکردنە بە کات و لەق بوونی شوێن، ئاماژیە بە ئەشقی وەلی دێوانە و سەرھەڵگرتنی نالی وەرگێرانێکی زیندووی کایەی نامۆبوونەکەیەتی، لێرەدا شوێن گرنگی خۆی لە دەستداوە کاتیش لە بیرەوەریدا دەتوانێ رابردوو لە ئیستادا بەرھەمبھێنێ، شوێنەکان بۆ ئەم چۆنیەکن و نابنە ئاستەنگ و فلاش باک ھیچ جیاوازییەک لە شوێنەکاندا دروست ناکات ، نەبوونی گۆری وەلی دێوانەی شاعیر لە ئیستانبوڵ خامۆش کردنی عەشق نییە لە ناخدا و لە بارچوونی عەشق نییە لە حزووردا، بەڵکو بە پێچەوانەوە زیندووکردنەوەو بەسەرکردنەوەی عەشقێکی عوزری پر لە ئازارو ئەشکەنجە لەلای شاعیردا بەرھەمدەھێنێ کە بە یەک نەگەیشتن ئاکامییەتی، لێکدابران و ھەناسە ساردی و بێھیوایی ناسنامەیەتی بۆ درێژەپێدان و مانەوە لە لێوارەکانی ژیانێکی نادیار و کراوەدا...لە سۆنگەی ئەوەی عەشق لە مردن گەورەترە مرۆڤـ بە شێوەیەکی فسیولۆژیانە دەمرێت و عەشق وەک ڕۆح دەمێنێ، ئیتر ئێمەی بێ ناسنامە چ پێداویستیەکمان بە ئاساواری گۆر و مردنە ، عەشقی شاراوە نھێنیمانە و نادیار شوناسمانە، جا با گۆری وەلی دێوانەی شاعیر لە ئیستانبوڵ نەبێ و لە سەیدسادق بێ بۆ ئەمی شاعیر چۆنیەکن چونکە نەخوێندنەوەی ئەم عەشقە ئاماژەیە بۆ نەخوێندنەوەی خود، لە بەرامبەردا بوونی گۆڕی نالی شاعیر لە گۆرستانی (ئەسکۆدار)ی...١٢ شاری ئیستانبوڵ بەڵگە و شوێنەوار و ھیمایە بۆ سەلماندن وچەسپاندنی زوڵم و ستەم و دەربەدەری و ئاوارەبوونی تاک و سیڤیـڵی کورد بە درێژایی مێژوو، نەبوون و درک نەکردنی بە بۆنی جامانەکەی نالی، نەخوێندنەوە و ھەست نەکردنی ئازارو ئەشکنجە و ژان وژۆی مرۆڤـی کوردە لە مێژوودا ئیستاشی لە گەڵدابێ. . . شاعیر بە ڕاشکاوانە بۆ دەربازبوون لە تاو تەلەزگەی نامۆبوونەکەی کە دِرکی پێدەکات و وەک پەرچەکردارێک دەکەوێتە تێرامان و بە دوای ھاوشێوەبوونێکدا دەگەڕێت کە خودی خۆی تێدا بەدیبکات و تەسکێنی و ئومێدێکی پێببەخشێت، ساتێ دەبینێ چۆن ڕۆحی کەرت بووی دەیەوێت وەک کەنارەکانی دەریای مەرمەرە سنوورەکان بسرێتەوە دووجیھانی جیاوازی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا بەیەک بگەیەنێ، ئەم لە کەنارێکەوە دەڕوانێت و چاوەرێی ئەم ھاوشێوەبوون و ئەم توانەوەیەیە کە لە نیگاکانی( ئۆرھان وەلی) ی ...١٣ شاعیردا بەدیدەکات دیوەکەی تری خۆی تێدا دەبینێ، لە لایەکی دیکەوە ھەژموونی ئەم ڕوانین و چاوەروانییە ئەوە دەسەلمێنێ کە ھەستی نامۆبوون مەرج نییە پەیوەست بێ بە پێگەو شوێنێکی غەوارەی دوورە ووڵات، بەڵکو دەکرێ لێکدانەوەیەکی گەشتری بۆ بکرێ، بەوەی کە شاعیرێکی ھاوچەرخی گەورەی تورکی وەک ئۆرھان وەلی لە سەردەمێکی تردا لە مۆڵگەی خۆیدا وەک ئیستای ئەمی شاعیر ھەست بە نامۆبوون دەکات ، بەمەش دەگەینە خاڵێک کە شاعیر و ھونەرمەند لە ھەرکۆمەڵگایەکدا دا بن ھەمیشە نامۆن و ھەستیارن و پێش وەخت پێشبینی لە دیاردەکان دەکەن و لە گۆشە نیگاییەکی ئینسانییەوە ڕاڤەی بۆ دەکنە، ھەر ئەوەش وا دەکات کە شاعیر بروانێتە ھەموو ئەو ئامرازانەی کە ھەڵگری ھەمان خەم و ھەمان ئازاری ئەمن،وەک جوانی ئەندێشەکانی ئۆرھان وەلی، عەشقە ئەفسووناوییەکەی وەلی دێوانەی و سەرھەڵگرتنەکەی نالی ، کە سەرجەم ڕەنگدانەوەی ئەمانە بوونەتە ھاندەرێکی سەرەکی لە پێگەیاندنی کەسایەتی شاعیر ئەمە بێجگە لە ڕامبۆ لە نیو دوو کەوانەدا، کە بەر لە کۆتایی ھۆنراوەکەش دەبینین چۆن یەسینین و مارکیز و شێرکۆ بێکەس خاڵی کۆدەتا لای شاعیر دروستدەکەن.

بە رۆژ پەرەسێلکەیەکی ژێر پردە رووخاوەکەی فاتیحم
شەوان ئەبمە لاشەیەکی بەر باران، چەقەڵ و کەمتیار تێمدەئاڵێن
من بە ھەڵە رێم کەوتە سەر ئەم گۆی زەوییە ـــ
بۆ ھەسارەیەکی تر، گەردوونێکی تر ئەچووم ....١٤


شاعیر ڕاستگۆیەو پەردەپۆشی لە ھەستکانی ناکات بۆیە بە ئەمەکەوە لە سیاقی ھۆنراوەکەیدا ئاشکرای دەکات کە چۆن ھەستی نامۆبوونەکەی شۆربووەتەوەو بە جۆرێک ڕەگی داکوتیوە کە ھەرجارەی بە شێوەیەک و لە شوێنێکی جیاوازدا گوزاریشت لە حاڵی جیاواز دەکات، بۆیە ھەرجارێ لە شێوەیەکدا خۆی دەبینێ، دۆنادۆن و ھێڵکارییەکانی خۆی تێدا بەرجەستەدەکات، ھەمیشە لە کۆششی پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە ترسناکە جەختدەکات کە گیانی گینگڵ دەدات و پرسیارلە دوای خۆی بەجێدەھێڵێ....بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ھەر کەرەتی خۆی لە قاڵبێک و جەستەیەکی نوێدا دەبینێ، دەچێتە شێوە و رووخساری بوونەوەرێکەوە... لە زۆربەی جارەکانیشدا دوانەی ھاودژ، دوو بەرامبەر بەکاردەھێنێ، بەمەش بزاڤی بەردەوامی و ھێزی پارسەنگی دەپارێزێ، بە دیوێکدا گەر رۆژ بێت ئەم وازەن دەکات پەرەسێلکەیەکی داماوە و بێدەسەڵاتە، لە نیو ھەناوی مێژوودا بەجێماوە بۆیە ھێشتا ئاساواری ئەو داگیرکاریی و نەھامەتییەی پێوە دیارە کە بەسەریدا سپێنراوە، ھەر ئەمەش وادەکات کە ڕەوتی گەشەکردنی شارستانی مێژووی لە ڕۆژھەڵاتدا مەحکووم بێ بە شکست و بە دۆراندن و بە نەگەیشتنی مەبەست، لە گەڵ ئەوەی محەمەد فاتیح لە قۆناغێکی مێژوویدا پردەکەی دروست کرد، وەلێ بە ئەنجامگیری پردەکە رووخا وە و ناگاتە مەبەست و پەیامی پەرینەوەکەی بۆ جیھانی رۆژئاوا نسکۆدێنێ، لە سۆنگەی ئەوەی پردەکە پردی داگیرکردنە نەک پردی بەیەکگەیشتنی دوو شارستانییەت و پردی ئاوێزەبوونی دوو ھزر، پردی ئاشتی و خۆشەویستی و لە یەکگەیشتن نییە بە قەد ئەوەی پردی سرینەوەی ئەوەی دییە، ھەر وەک چۆن ھەڵبژاردنی ڕۆژ نەفی کردنی شەو بە دوای خۆیدا دەھێنێ، ئەوا ئەمیش بە شەو ھەست بە سرینەوەو مەرگەساتی خۆی دەکات، و بووەتە لاشەیەکی بەر باران، سەیرکەن وێنە چۆن دەتوانێ مەبەست بپێکێ، ئومێد و بەرەنگاربوونەوەی تێدا بروێنێ، دیمەنێ سینەماییە لاشەیەک لە بەر بارانەو چاوەروانی ھەڵسانەوەی لێدەکرێ، کات شەوە دوژمن و ناحەزەکان خەسڵەتی ئاژەڵی درندەیان وەرگرتووە، لە ژێر پردێکدا دەوری دەدەن و تێیدەئاڵن، دیمەنەکە درێژبوونەوەی تێدایە بۆ ھەنووکە، ھاوکێشەکە کراوەیە لەنێو ئەم ھاوکێشەیەدا، بە داب و نەرێت وتێزی ناشارستانی بە پیادەکردنی توند و تیژی مرۆڤ بەرانبەر بە مرۆڤ ، شاعیر بەرامبەر بەم جۆرە ژیانە نارەزایی دەردەبرێ و پاشەکشێ دەکات پەشیمانە لە ھاتن و بەشداریکردنی لە بنیادنانی ئەم جۆرە ژیانە، بۆیە ئاوات دەخوازێ بۆ گەردوونێکی تر بچێت لە ھەسارێکی دیدا خەونەکانی ئاودات، ئەمش روویەکی دیکەی نامۆبوونەکە دەستبەردەکات، مامڵە لەگەڵ ئەو داکەوتە ناکات کە ھەیە ، بەرەتکردنەوەی ئەوەی ئەم دیخوازێ و خەونی پێوەدەبینێ و بۆی دەسگیرنابێ، بە بوون و ئامادەیی ئەم داکەوتێکی تر و ھەسارەیەکی دیکە ئامادەبوونی دەبێ، گەر بە خەیاڵ و خواستیش بێ ئەم بەرجەستەی دەکات و بانگەوازی بۆ دەکات وبە دڵنیاییەوە پێی لێدەنێت کە ئەمی شاعیر بە ھەڵە ھاتووەتە ئەم گۆی زەوییە... رەتکردنەوەی زەوی و ئامادەبوونی ھەسارێکی دیکە گەردوونێکی دیکە بەرھەمدەھێنێ، گەر لە نێو خوودیشدا بێ جۆرێک لە نامۆبوونەکەی تۆخ دەکاتەوە و دەیسەلمێنێ.


لە ژیانی رابردووما سەگێکی لەڕ و لاوازی دوورە دێیەکی ھیندی بووم
بۆیە ئیستا ھەموو لەشم جێ برینی قەڵماسینگە
چۆلەکەێەکی ناو قووڵایی دارستانێکی تاریک بووم
بۆیە ئیستا لە گەڵ ھەر خشپەیەکدا دائەچڵەکێم
ئاسکێکی شەلی ساراکانی ئەفریقابووم، کەوتمە بەر کەڵبە و چڕنووکی چەند پڵنگێکی
برسییەوە
بەر چاوم تاریک داھات، تاریکتر...
مریشکێکی نەخۆش بووم ، مرۆڤێکی پێ بەرازو لمۆز درێژ، زمانی مار ئاسا دەرھێنا و
لووراندی و، بە بەرچاوی بێچووەکانمەوە چە قۆی بە ملمدا ھێنا
قالۆنچەیەک بووم، پێڵاوێکیزل شێلامی و فرێی دامە مەنھۆڵێکی کەنار رێگا
مشکێکی ئاووس بووم : لە کون ھاتمە دەر، فرکەی نەعەلێک ھات ، فلیقاندمییەوە
پشیلەیەکی رەش بووم ........١٥


رەنگ رشتنی دۆخەکانی شکست لە سەر نەستی شاعیر رەنگدانەوەی ئەزموونەکانی ژیانی رابردوویەتی، بازنەی ئەگەرەکانی خوێندنەوە و راڤە کردن فراوان دەکات، بۆ سەلماندن و خەفەکردنی زامەکان، شاعیر ھەر جاری بە شێوەیەک و بە رووخسارێکی جیاواز خۆی دەنوێنێ، بە پێوەری ئاکارو خەسڵەت ھەرجاری مانایەک بەرجەستە دەکات، لە ھەموویشیاندا بە یەک ئاکامی تراژیدی رابردوو بە ئیستاوە گرێ دەدات.کارەساتی دابرانیش لە جیھانی دەرەوە شۆربوونەوەو گەرانەوەی شکستە بۆ نێو خود، پەنابردنە بۆ رابردوو، ئاوێتە بوونە لە گەڵ ئەفسانە ودابەزینی بۆ ئەو پەری سرانەوەی خود بۆ حاڵەتی (مسخ) و لێکچواندنی مرۆڤـ بە گیانلەبەری جۆراو جۆر. چ تراژیدیا و نەھامەتییەکی گەورەیە مرۆڤ وەک مرۆڤ تەماشای خۆی نەکات و خەونی ئایندەی نەبێ، خەونەکانی یەکانگیری پێدراوەکان نەبێ بە بەراوورد لە نیوان رابردوو و ئیستایی ھەنووکەدا، کۆست وتەلەزگەی مرۆڤ لەوەدایە کە بگاتە ئاستی بێ بەرنامەیی و چاوەروانی و بەرتەمایی لە فەرھەنگیدا نەبێ، دیسپلین کردنی ئەگەری مەحاڵەکان خاڵێک فەراھەم دەکات کە چیتر نە لەسەروو یا لەخوارووی خۆیەوە وەک مرۆڤێکی ئاسایی ئەو وێنە و سیمبوولە شک نابات کە خودی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە، ئەمەش گەیشتنە بە پنتێکی شپرزە ، دەکرێ بڵیین بکوژی ھەموو جوانییەکانە و سرینەوەی بوون و مانەوەیەتی، شووناسە بۆ گشت خەم و ئازارەکانی ، نەھامەتییەکە بە گاسنی (مسخ) کردن ناخی دەکێڵێ و ئیدی چیتر نابێتەوە بە خۆی و ناتوانێ گوزارشت لە شتە جوانەکانی ژیان بکات. ئەوەی ھەیە و سەوز دەبێ بەری ئەزموونە تاڵەکانییەتی شکست و دەربرینی ھەستەکانی ناخییەتی، بیرکردنەوەیە لە دۆنادۆن و گەرانەوەیە بۆ ئەفسانەی دێرین و درک کردن بە ژیانی رابردوو لە شێوەو رووخساری جیاواز و داماڵین و رووتانەوەیە لەوەی کە ھەیە، چوونە نێو شێوە و فۆرمێکی ترەوە، خۆ حەشاردان و بە کاربردنی خود بۆ ئاست و شێوە جیاوازەکان، کە ھەر جاری لە وێنەیەکدا بەرجەستە دەبێ بەمەش سنووری بابەتە راستەقینەکان و رۆڵی زەمەن دەبەزێنێ . بۆ ساغ کردنەوەی قسەکانمان و پتەو کردنی فەزای تێڕوانینەکانمان ھەوڵدەدەین شقڵی مەبەستەکانیش زیاتر روونبکەینەوە بە لەبەر چاو گرتنی بەھاکانی شوێن، ئاکام یەک ئاکامە کە لە ئیستادا خۆی دەنوێنێ بەوەی رابردوو زۆرلێکراوە، ئایندە زۆردارە، شوێن بێلایەنە.


رابردوویەکی زۆرلێکراو شوێن بێ لایەن ئاکام، (سەگێکی لەرولاواز) ئاماژەیە بە بێدەسڵاتی، دڵسۆزی، ئەمەک)، (چۆلەکەیەکی ناو قووڵایی) نیمچە سەربەستییەکی کەم و بێکارەو کارتۆنییە تێنگەیشتنە لە چەمکی سەربەستی راستەقینە، (ئاسکێکی شەل) پرۆژەیەکی ئاسان و بندەستە بۆکوشتن و راوکردن، (مریشکێکی نەخۆش) بچوککردن و ئاسانکاریکردن نا بۆ راوکردن کە پلەیەکی لە پێشتری دەستەمۆکردنە، پرۆژەیەکی فراونترە بۆ کوشتن و سەربرین. (قالونچە) بێبەھا و بێنرخکردن و سرینەوەیە بە ھەموو مانایەک، (مشکێکی ئاوس) ترۆپکی نامۆبوون دارووخانی بەھاکانی مرۆڤە، قۆرخکردنی مرۆڤە بۆ پرۆژەیەکی سیکسی و کورتکردنەوەی بەرتەماییەکانی مانەوەی تەنیا لە بۆتەی زاوزێ و بەس (دوورە دێیەکی ھیندی) مەبەست لە نەخوێندنەوەی زێدە لە سەر نەخشەی سیاسی،فەرامۆشکردنی دەزگاکانی راگەیاندنیش دەگرێتەوە، (دارستانی تاریک) چەپاندن و نەبینینی داکەوتەکانە، دوور لە گەشەکردن و رووناکییە، تاریکییە، (ساراکانی ئەفریقیا) کیشوەری رەش ئاماژەیە بۆ چەوساندنەوە و دواکەوتنی ژیاری .... سەرنج بدە رووبەر چۆن گەورە بووە لە دێ وە بۆ دارستان بۆ سارا لە ئەفریقیا، (مەنھۆل) داپۆشین و شاردنەوە شتەکان و چەواشەکردنی شتەکان، (کون) ئاماژیە بە گرتەیەکی سیکسی بە ترزێکی ناشرین و بێزاندن و بێنرخکردن و ئەتەککردنی سیکسە و بێحورمەت کردنی ماڵە بۆ کون، (جێ برینی قەڵماسینگ) سزای دەروونی و ئازاری جەستەیی دەگرێتەوە، (داچڵەکیم) سەرەتایە، بەرکەوتە بۆ نیشانەکانی ترس لە ئازادی و بەو پێدراوەی کە چاو شکێن بووە، (کڵپە وچرنووکی چەند پڵنگێ) سزاکان گەورە بوونەتەوە ھەم بە ھەژماردن و گەلەکۆمەکردنی زۆردارەکان و گۆرینی ستراتیژییەتی ھێرشکردنیش بە پێی شوێنەکە گۆراوە، (چەقۆی بە ملمدا ھێنا لە بەر چاوی بێچووەکانمدا) دەتوانین بیکەینە ھیمایەک بۆ پرۆسەی کوشتنێکی بێئینساف، (پێڵاوێکی زل شێلامی) بەکارنەھێنانی کەرستە بۆ مەبەستی خۆی و گۆرینی بۆ ئامرازی کوشتن، (فرکە نەعلێک فلیقاندمیەوە) کە مرۆڤـ ببێ بە کارگەیەک و ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی سیکس و وەچەنانەو ، و ھیچ بەھایەکی نەمێنێ،مردنەکەشی بەھاو رێز دەدۆرێنێ خەسڵەتی فلیقاندنەوە بە دەستدەھێنێ، رستەی (بەرچاوم تاریکتر داھات، تاریکتر) ناوبرێکە بۆ گواستنەوە لە شکستییەکەوە بۆشکستییەکی گەورەتر تەنانەت گیانلەبەرە ھەرە بچوکەکانیش دەگرێتەوە وەک (مریشک، مشک، قالونچە).


لە کونجی گۆرەوە ئەروانم
..شۆڕەی میزی جەنراڵێکی شەری ناوخۆی .. تریقەی سۆزانییەک
.. نووزەی سەگێکی پێکراو
لە کونجی گۆرەوە ئەروانم :
ئەم رێیە ، ئەچێتەوە سەر شاری کاوبۆیان
پشتی ئەو چیایە : کامپی شۆرە سوارانی سەدەکانی ناوەراستە
کۆتاییی ئەم تونێلە، چەتەکانی دەریا بە گوریس بە گوریس ھەڵئەکوتنە سەر کەشتییەکی دی
لە کونجی گۆرەوە ئەروانم :
پیرەمێردێکی نوورانی لە ئاسمانەوە ئەروانێتە شەری رەنگەکان ........ ١٦


گوزارشتکردن لە ماناکانی ژیان و لێکدانەوەی ھۆیەکانی مانەوە و راڤە کردنیان مەرج نییە لە خوودی خۆش گوزەرانی و بێئاگایی و بە سادە سەیرکردنی ھۆکارەکانییەوە پەیوەست بکرێ، چونکە ھەمیشە ھۆیەک ھەیە بۆ مانەوە و بەرگریکردن، ئومێدێک ھەیە بۆ پرکردنەوەی بۆشاییەکان، پێوانەیەک ھەیە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان . بێگومان چۆن خودی پرسیار بوونیادێکە بۆ پرکردنەوەی بۆشاییەکان کە سەقامگیری وەڵام بە دوای خۆیدا دەھێنێ، ئاواش رۆح بونیادێکە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ھزر و بۆ پرکردنەوەی ویست و بۆشاییەکانی جەستە، بەڵام لە گەڵ مەرجی جیاوازییەکدا کە جەستە سنووردارو داخراوە پێچەوانەی رۆحە کە ھەمیشە لە تازەبوونەوەی خۆیدا بەردەوامە و بە دوای وەڵامە راستەقینەکاندا وێڵە و ھەوڵدەدات بگات بە ھەقیقەت، لە سەر بنەمای رووداوەکانی رابردوو دەتوانێ لەئیستادا پێشبینی لە ئایندەبکات.. کاتێ جەستە ملکەچی شکۆمەندی بەھاکانی رۆح دەبێ ئیتر ئەو ناوەندە بزردەکات کە دەبێتە لەمپەرێک یاخود سەنتەرێک بۆ سەرکوتکردنی پرسیارە نەمرەکانی رۆح و تێروانینەکانی ھزر لەمەر ھەنووکەو ئایندەدا، قوتاربوون لە گرێی جەستە رزگاربوونە لە ماکی ترس و خۆ پاراستنە لە تەڵەزگەی رۆح و لە بێ ھوودەیی ژیانی بێمانا، چونکە جەستە خۆی لە خۆیدا گۆرەو رۆح تێیدا بەندە(جەستە گۆرستانی ڕۆحە، ڕزگاربوون لە نێو مردندایە ).... ١٩ باوەرھێنان بەم لۆژیکە باوەرھێنانە بە ھەقیقەتێکی رەھا و فەرامۆشکردنی مردنە و جۆرێکە لە ئیمانداری و پاراستنی شکۆمەندی رۆحە، ئەوەی شاعیر و پیرەمێردێکی نوورانی (رۆحی) پێکەوەگرێدەدات، سەروبنی مەبەستەکە کڵۆمدەدات، دەتوانین لە چەند خاڵێکدا ڕەچاوییان بکەین، بەکارھێنانی ئاوەڵناوی پیرەمێرد زیاتر خەسڵەتێکی نوورانی دەبەخشێت، بەمەش مانایەک بە دەستەوەدەدات وەرگر دەتوانێ خوێندنەوەی رابردوویەکی پاک و بێگەردی بۆ بکات، وەک دانایەک و ئەزمووندارێک و شایەد حاڵی قۆناغێکی مێژوویی خاوەن دیدە وبۆ چوون و لە روانگەیەکی پیرۆزەوە مامڵەی لە تەکدابکات بەوەی کە زاھیدە و بوونەوەرێکی ڕۆحی و ئاسمانییە، لە راستگۆیی پتر بەرژەوەندییەکی دنیایی تر بوونی نییە بۆیە شاعیر لە گەڵ رۆحی خۆیدا ئاوێتەی دەکات تا ریچکەی رووداوەکانی پێ پشتراست بکات و دەروازەی ھەقیقەتەکان واڵابکات، پیرمێرد دەبێتە شاھید و لە رەھەندێکی بەرفراوانی بێسنوور و رەھای وەک ئاسمانەوە دەروانێتە سەر زەوی و سەرنجە تیژەکانی دەخاتە سەریان، رەش لە سپی، ئیستا لە رابردوو، شەر لە ئاشتی جیادەکاتەوە و بەم پێیەش شەری برا کوژی لە نیشتیماندا ڕیسوا دەکات ، رۆحی شاعیریش لە کونی گۆرەوە لە سەر جەستەی زەوییەوە بە ویژدانەوە قسە لەمەر بەسەرھاتی شەرە رەنگی حیزبەکان دەکات و شەری ناوخۆ مەحکوم دەکات کە لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا روویانداوە، گەر بە دیوێکی دیکەدا سەرنج بدەین دەبینین ئەوەی لێرەدا دێتە لێدوان و قسەکردن گیانی نامۆبوونەکەی شاعیرە جارێکی دیکە بە شێوازێکی دیکە لە قاڵبێکی نوێدا گوزارشت لە خۆی دەکات بە پەراوێزکردنی داواکانی منی بگۆ خۆی لە جەستە و غەریزە دادەبرێ، تەنیا وەک رۆح مامڵە لە گەڵ داکەوتەکاندا دەکات، پیرەمێرد لە ئاسمان و رۆحی شاعیر لەسەر زەوی ھەردوکیان بە جووتە زاھیدن و بە دوایی ھەقیقەتدا وێڵن، یاخود وەک خاوەن ئەزموونێک خۆی دەسازێنێ و بێ پەردەپۆشی و چاونوقاندن کرۆکی ھەموو شتەکان بە دەستەوەدەدات بەمەش دەلاقەی پاکانە و بێگوناھی بۆ خۆی مسۆگەردەکات بەوەی کە ئەمی مرۆڤ بەشێک نییە و نەبووە لە دروستکردن و خوڵقاندنی تان و پۆی ئەو دۆخە قێزوەنەی کە بووەتە ھۆی ئەوەی رۆح لێرە دابێ و بە تاوگیرییەوە سۆسەی نیشتیمان بکات و بە ناچاری تەراوگەش بکاتە گۆرێک و لە دوورەوەرا لە نیو ئاە و حسرەتەکانی ئەزمووندا یادەوەرییەکانی نیشتیمان بیسووتێنێ... لەم روانگەیەشەوە ئەمی شاعیر دەبێ بە دوو جۆر ھەستی نامۆبوونەکەی ڕتووش بکات و بەربەستەکانی قەدبڕ بکات:

 

یەکەم: ھەستی نامۆبوونی رۆحی و ماناگەرایی.

دووھەم: ھەستی نامۆبوونی شوێنگەرایی، بە شێوەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین ھەستی نامۆبوونی خوودگەرایی و ھەستی نامۆبوونی بابەتگەرایی(نیشتیمان) ئەمە جگە لە فەراھەم بوونی ھاوسەنگییەک بە مەرجی دوو تای پێوەرەکانی ئاسمان و رێسمان پارسەنگ بکات بەبەکارھێنان و تەیار کردنی گەواھی پیرەمێردێکی نوورانی کە دەکرێ ھیمایەک بێ بۆ پێمێردێ یان بە تەلیسمی ھێزێکی بەدەر لە ئاوەز، بۆ پشتگیریکردن لە واتاو قسەکانی شاعیر و داپاچینی ھەر پاساوێک بۆ ئەنجامدانی شەری ناوخۆ و ریسواکردنی پێدراوەکانی وەک ئەوەی کە ھەیە, بۆ نموونە کاتێ ھەڵدەستێ بە گەمەی روونکردنەوەی ھاوکێشەکان و لێکدانەوەیەکی ئەکتیڤیان بۆ ئەنجامدەدات، بێ ڕتوش دایاندەشۆرێت و دوو وێنەی ناشرین و دزێو لە ئەرشیفی یادەوەرییەکانیدا بەرجەستەدەکات، سەرنجە تیژەکانی دەخاتە سەر جەنەراڵێکی شەری ناوخۆ کە چۆن بە جۆرێکی قێزوەن لە گەڵ دەسەڵاتدا گرێبەندو ھاوپەیمانەو تەواوکەری یەکترن، جەنەراڵ.. نوێنەری دەسەڵاتە لە ژێر فشاردایە، فشار زوری بۆ ھێناوە خۆی بۆ ناگیرێ رووە راستەقینەکەی دەردەکەوێت، خۆی بەتاڵدەکات و ، دیارە بە پێوەیە بۆیە شۆرەی دێ، دەنگ لیوە ھاتنی میز بەو جۆرەو بە پێوە ئەوپەری بێرێزی و ناشرینکردنی سروشت و رێگایەکی سەرتایی و ناشارستانییە، ئەم بە ناشرینکردنە ھەموو دەسکەوتە جوانەکانی سروشتی بە تاڵ دەکات، کە ئەم بەو شێوەیە خۆی بەتاڵ دەکات ئەوی تریش وەک سۆزانییەک بەپێوەری گڵۆپە سوورەکان رەحەت دەبێ و دەتریقێتەوە، گەمارۆدانی ھەست و نەست بە بەلەزەت کردن و گەورەکردنی رووەکانی غەریزە و چەواشەکردنی ھزری ئینسانی بەم ستایلە و ڕۆچوونی کار بەم ئاقارو ڕەوشە یاریکردنە بە چارەنووسی خەڵکی و چینێکی شڵۆق و نامۆ وبزاوتێکی بێ ئامانج بەرھەمدەھێنێ ، کە ئاکام گوێ بیستیان دەبێن و سەگ ئاسا لە نووزەیەک بەولاوە ھیچی تریان لێنابیستین، ئایا لێرەوە تراژیدیا نابێتە دەستپێکی نەھامەتییەکانی ئینسان و چەمکی تێروانین لای شاعیر فراوان ناکات، فەزای ھۆنراوەکەی لە گشت دەرکەوت و قۆناغەکاندا بە مۆرکێکی رەش بارگاوی ناکات، چەمکەکان یەکن بە گوێرەی سەردەم و شوێن و تەنھا ناوەکان گۆراون، لێرە شاری کاوبۆیانە، لە پشتی چیا شۆرە سوارانی سەدەکانی ناوراستن، لە دەریاش چەتەکانی دەریان ،چەمک یەک چەمکە ئەویش چەمکی ھێزی عەسکەرتارییەتە کە ھەموو بوارو لایەکانی گرتووەتەوە.

حەفتاکان لە ترسی خاڵەکانی پشکنین لە ناو پێڵاوەکانما ئەشارمەوە و رێی ئەفسانە و
قەدیسە کۆنەکان ئەگرمە بەر :
ھێڵی ئاسنینی بێکۆتایی، تونێڵە تاریکەکانی یونان کۆڵ بە پشت و کیسە خەو و پێڵاوی
سێ حەرفەکە، فیقەی شەمەندەفەری سەدەی بیست:
کالیمێرا ئەسینا:
ئەچمە سەر گۆرستانی خواوەندە دێرینەکان، لە پاڵ دینگەکانی ئەکرۆپۆڵس دا، لە گەڵ
پەیکەر فەلەسوفەکان سەمای زۆربایانە ئەکەین
شەوان خۆم بە بارێکی ھەرزان یاخۆ ماڵێکی گڵۆپ سووردا ئەکەم، لە پارکێکی
ساردو سردا کارتۆنێ مقەبا بە خۆما ئەدەم. ئەم ئەسینایە
نە چاخانەی مەچکۆی لێیە
نە گەرەلاوژەکەی شێخەڵا ........... ١٨


شاعیر رەھەندەکانی زەمەن دەستەمۆدەکات لە ھەناسەیەکی قوڵتردا خەستیان دەکاتەوە، جەستەی ھۆنراوەکەی بە دوو زەمەنی جیاواز بارگاویدەکات و ھێزو توانای مانەوە فەراھەم دەکات، زەمەنی یادوەرییەکانی نیشتیمان لە ساڵەکانی حەفتای سەدەی رابردوو بە سەدەکانی رابردووە وە تێھڵکێش دەکات، ھەوڵی ھاوشێوەبوونێک دەدات، تەرزەکانی چەوساندنەوەی مرۆ بە درێژایی مێژوو ئاشکرادەکات ، لە حەفتاکانی سەدەی بیست دا لە خاڵە دروستکراوەکانی گرتن و سەرنگومکردندا چۆن تەکنیکی شاردنەوەی ئامرازەکانی مانەوە و بەردەوامبوون گرێدەدات بە رەوتێکی مێژووییەوە کاتێ دۆگمای راستییەکان خود رەنگرێژدەکەن، خود لە خاوەنەکەی جیادەبێتەوە و نامۆبوونەکەی فەراھەم دەکات ، بۆ رزگارکردنی خۆی لەو قەیرانە ناچار دەبێ وەک پەرچەکردارێک ھاوسەنگییەک ئامادەبکات لە نیوان داکەوتەی خاڵی پشکنین کە باڵادەستە و ئەم بندەستە، ئەوان دەسەڵاتن... ئەم بەرانبەریان پێڵاوەکانی دەکاتە سەنگی مەحک، بۆ شکاندنی رێساکانیان رێگە دێرینەکەی ئەفسانە و قەدیسە کۆنەکان دەکاتە ئەلتەرناتیڤ بۆ ئیستای ئامادە، بە ھەمان شێوە بە گەمەی شاردنەوە بوێریی دەبێتە ئەلتەرناتیڤی ترس، ترس لە شکستە یەک لە دوایەکەکانی، و درک کردن بە نەخوێندنەوەی شوناسی کورد و تاکی کورد گەر لە دیدەیەکی ئەنترپۆلۆگییەوە سەیربکەین دەبینین ھەر ھێزی ترسە وەک پێداویستییەکی ھیراریشیە بۆ پرکردنەوەی نادیار و نەزانراو، تێرمی ئەفسانە و قەدیسە کۆنەکانی بەرھەمھێناوە، ئەمەش دەمانگەێەنێتە خاڵێکی سەرەکی لە زانستی ئەفسانە کە(بە پێی ھەندێ لە توێژەران لە دێرزەمانێکی دووردا مێژوو نەبووە بە نووسین رووداوەکانیش بە سەرزارەکی لە ناو نەوەکاندا گوێزراونەتەوە بە ھۆگەلی جیاواز و ئاڵۆزوە نەتوانراوە ھەواڵەکان راستەوخۆ بگوێزێتەوە، بۆیە پەنایان بردووەتە بەر سیمبوڵ و نواندن)......١٩ بەم پێیەش بەلای کەمەوە یەکێک لە مەبەستەکانی شاعیر ئاشکرا دەبێ ، پێش ئاگایی دەکەوێت و بە نەلکاندنی رووداوەکان بە مێژووی نەتەوایەتیمان دیاری دەکات، یا ن بە دابرانی تاکی کورد لە مێژوو لە سۆنگەی نەنووسینەوەو بە دۆکیمێت نەکردنی مێژوو لە بەر ھۆکاری جیاوازو ئاڵۆز کە ئەمەش رەنگدانەوەی خۆی ھەیە چ لەسەر تاکی کورد، چ لە دیدەو بۆچوونی شاعیر دا، درککردن بەم نەھامەتییەی کە درێژەی ھەیە و دەبێتە بەشێک لە ناسنامە و شوناس و بە رادەیەک فشار دەخاتە سەر کەسایەتییەکەی تا لە تاراوگەشدا رەنگدانەوەی خۆی ھەیە و برانەوەی نییە، خەسڵەتی تاریکیی ھەیە، بەکارھێنانی ھێڵی ئاسنیین دەکرێ ئامرازێک بێ بۆ دەرباز بوون، رێگایەک بێ بۆ پێداچوون و رۆچوون و رامکردنی رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی تاک مانایی و بوون و دەرچوون بێ لە گۆشەگیری، شکاندنی دوورە پەرێزییە بە ھەموو رێساکانییەوە، جێکەوتی داپچرانێک بێ لە ئەفسانەو خەیاڵ، کوژانەوەیە، دوورخستنەوەی یوتوبیایە، ئاشکراکردنی نادیارە کە شاعیر بە برینی تونیلە تاریکەکان وێنایدەکات جا با شوێن لە یونانیش بێ گرنگ نییە ، بە نامۆ بوونی شاعیر شوێن کاڵبووەتەوە و ناتوانێ بەرھەڵستی گۆرنکارییەکانی ناو خوودی بکات لە ئاست ھەستی تەنیایی و نیگەرانی بەرابەر بە روانگەکانی کرانەوە کاتێ پابەند دەبێ بە فرە بۆچوون و فرە رەھەند گەر وێناکردنی تونێل کۆتایی دالەیەک بێ، ووریابوونەوە و تێپەرکردنی ماکی نامۆبوونەکەی، ھەرەس ھێنانی نەھامەتییەکەی لە ئەوروپا و یونان دا، ئەوا مەدلوولەکان لە رۆژھەڵاتی ناوین دا بە ستایلێکی دیکە دادەرێژێ و رووخسار و سیمای لە کەسایەتییەکەیدا بە(پشت کۆڵ وکیس و خەو وپێڵاوی ھەر سێ حەرفەکە) شوناس دەکرێن، دەشێ مەبەست لە پێڵاوی سێ حەرفەکە ئەو پێڵاوە شاخاویە بێ کە لە کوردستانی باکوردا بەناوبانگە و گەریلاکانی پەکەکە بەکاریدەھێنن ، ھەروەھا زۆربەی کات بەکاردێت لە لایەن ئەو کوردانەی کە بە رێگای قاچاخەوە لە تورکیاوە دەچنە ناو خاکی یونان، یان دەشێ مەبەست و دروشمێکی سیاسی بە دواوە بێ ھەرکامیان بێ لێرەوە لە قاڵبێکی شپرزەدا، لە وەستانێکدا کە سینبوولە لە سەر ئاستی ھۆشھاتنەوە بۆ بەرجەستەکردنی گووتەزای (ئیدی بەسە) کە لە فیکەی شەمەندەفەرەکەدا خۆی دەنوێنێ زەنگی کرانەوە بە دیوێکی جیاوازدا دێتە بیستن ، بە مانای گەیشتن و سەلماندن و دۆزینەوەی بنەرەتی/ چییەتی بوون بەوەی چیدی پێداویستەکانی دۆزی مرۆ بە دروشم و ئەفسانە چارەسەرناکرێت، ئەمەش پێشھاتەکانی سەدەی بیستە و رەمۆکی بەردەوامە لە گۆرانکارییەکانی ھزر و بزاوتی رەوتەکانی ئینسان لە سەر بنەمایەکی زانستی کۆدیتایەکە و موژدەیەکی خۆشە بۆ ڕەووینەوەی تاریکی و دەرچوونە لە تونیلەکانی ئەفسانە، کاتێ شاعیر بە ئاشکرا و بە راشکاوانە گوزارشتی لێدەکات کاتێ بە سادەیی و بە ناسکیەوە دەڵێت بەیانیت باش( ئەسینا) یی پایتەختی دنیای ژیاری، لێرەوە دەتوانین خوێندنەوە بۆ زمانی سێھەمی بکەین کە گووتاری ھۆنراوەکە دەشکێنێ لە قاوغی نامۆبوونەکەیدا سەر دەردەھێنێ، پێگەیەکی نوێ پەراکتیزە دەکات لە خاڵی وەرچەرخاندا مۆڵەق دەبێ، ھێز بە بوونیادی ھۆنراوەکە دەبەخشێ، باھۆزێکە ئاسۆی ھێمنی دەق دەخاتە لەرز،کۆدیتای ناوەوەیە لە سەر دەرەوەدا، پشت راستکردنەوەی یوتوبیایە، باوەرھێنانە بە مامڵە کردنە لەگەڵ ژیاندا بە شێوازێکی پراکتیکی ، پەرچڤەکردنی ئەو ھەستانەیە بۆ کردار، کرانەوەیە بە رووی ژیاندا، گیانی مانەوە و ھێزی زیندووبوونەوە دەخاتە بەر پەیکەری فەیلەسوفەکان وەک کارێکتەڕێکی ئەکتیڤ و زیندوو سەیریان دەکات و مامڵەَیان لە تەکدا دەکات بەوەی کە ھزری فەلسەفی نەمرە و تەنیا راستی بەرھەم دێنێ (زۆربا) ئاسا بە زمانێکی نا نەتەوایەتی بە جەستە و ئاماژە بە زمانی سەما دەتوانێ پەیامەکەی بگەیەنێ و لەیەک بگەن، یەکتر بخوێننەوە، ماناکانی گریان و پێکەنین و تووڕەبوون بگۆرنە سەر زمانێکی دی، گوزارشت لە سەرجەم ھەستە راستەقینەکانی مرۆڤ بکەن، بە جوڵە و سەما ھەموو سنووڕەکان بسرنەوە و ھەموو زمانە جیاوازەکانی دنیا لە یەک نزیکبکەنەوە، زمانێک فەراھەمکەن کە کۆی ھەموو زمانەکان بێ ئەویش زمانێەکە کە زۆڕبا بە ھۆیەوە دەتوانێ ھەستەکانی وەرگێرێتە سەرجووڵەو سەما، زمانێکە ئەوەندە لە گەڵ ویست و ئارەزووکانیدا کۆک و تەبان کە ھیچ رێگڕێک ئاکاری حەزە غەریزەکانی گلناداتەوە، خاکییە ھیچ حەشارنادات، تەنیا پاساویش بۆ ئەم بارە دەروونیە قوتار بوونە لەو تەنگژە ئەنتەلۆگییەی کە بەرھەمی ئەوینێکی تاری دوورەدەستە و لە سەردەمی گەنجێتیوە چەپێنراوە لە ناخیدا پەپکەی گرَتووە ئیستا وەک پەرچەکڕداڕێک بە ھەمان تینی عەشقەوە سزای خۆی دەدات تۆڵەی ئەو نەبوونە و محرومیە دەکاتەوە، ھەر چۆنێ بێ بە ھەر نرخێک بێ دەیەوێت تەوژمی ئەو ئەوینە سەرشێتەی کەنارەکانی دڵی ھێمن بکاتەوە، پاش بگڕەو بڕدەیەکی زۆر و کێشمە کێشی دەروونی دەکەوێتە نێو تۆری داوەکانی جەستەوە لە گەڵ رۆح و دڵیدا ناپاکی دەکات لە سۆنگەی ئەوەی ھەمیشە لە دادگای ئەویندا بێ داکۆکیکردن وەک تاوانبارێک خۆی ھژماردە دەکات حیرسێکی مات بوون قۆرخیدەکات و بە بێدەنگی لە ھەناویدا دەتەقێتەوە و بە ساردییەکەوە دەخزێت و داوێن پیسی ئەنجامدەدات تا وا ھەستبکات چیدی شایستەی ئەو ئەوینە پاکە نەبووە نابێ کە لە تافی لاویدا بۆ یەکەم جار ھەستی جیاواز و رەگەکانی نامۆبوونی تێدا چاند ھەر وەک فلۆربنتینۆ ئەریتا پاڵەوانی رۆمانە نەمرەکەی گابڕێل گاریسیا مارکیز(خۆشەویستی لە زەمەنی کولێرە )... ٢٠، کە بەڕدەوام راناندەکات بۆ ھەڵاتن و خۆدزینەوە لە سزای دۆزەخی ئەو ئەوینە و دەیەوێت خۆی لەبیربکات، بە مەی کاس و مەست دەبێ و لە ئامێزی سۆزانیە بێ دڵەکاندا چاوی بێ ئۆقرەیی دەنوقێنێ و شەودەکاتەوە، وەلێ پەرینەوە بۆ شوێنگای ئەو ھەموو سۆزانیە و زامی گڵۆپە سوورەکان لەزەتی گیانەڵابوونی خەونە دێرینەکەی بەیەکگەیشتن بەسە بۆ ئەوەی گیانی یەکەم ئەوین، یەکەم ھەستکردن بە رەگەزەکەی تر بە مانا ئینسانییەکەی کاڵبکاتەوە؟

 

ئەم پرسیارە بە کراوەیی بۆ شاعیر بەجێدەھێڵین، لە دواجاردا دەبینین خۆی چۆن پێی لێدەنێت و بە چ جۆرێک گوزارشتی لێدەکات.......... رۆچوون و ھەڵوەشاندنەوەی دینامیکی پەیوەندیە مڕۆییەکانی ھەردوو رەگەز تا ئەو ئاستەی سیکس پەڕۆشی و جوانی لەدەستدەدات ، ئیدی ئەو کارە چ تین و گەرمییەکی تێدانامێنێ، ئەو ئامرازە باوانەی کە نێڕ و مێ لە جێگای نوستندا کۆدەکاتەوە بایەخ و ماناکانی دەدۆرێنێ و رەنگدانەوەی بێنڕخ و سووککردن بە سەریدا زاڵدەبێ بۆیە لە بڕی بەتانی و لێفە وەک تۆڵە و سووککردنی خۆی کارتۆن و مەقەبا بەکاردەھێنێ و بە خۆیدا دەدات . لە نێو ئەم دووڕیانەدا، لەم زیندەخەوەدا جارێکی دی شاعیر ووڕیادەبێتەوە لە گڵۆپە سوورەکانی ئەسینایی پایتەختەوە ئاوات دەخوازێ بێَتەوە کوردستان مۆڵگەی ئەوینی دێرین بێتەوە بۆ بنەما، بۆ رەگ وریشە، لە بڕی دینگەکانی ئەکرۆپولیس و پیکەری فەیلەسوفەکان بچێتە چایخانەکەی مچکۆ کە زیاتر شوێن و دیدگای رۆشنبیرانە ، چایخانەکەی مچکۆی پێباشترە لە دینگەکانی ئەکرۆپولیس یان حەزدەکات بچێتە بازاری شێخەلڵا ، شوێنی وونبوونی دەنگەکان ، کە بازاڕێکی میللی ھەمەرەنگ و ھەمەدەنگە، لەنێو ئەو ھەڕاو زەنا و دەنگەدەنگە جاڕێکی دی شاعیر لە مۆڵگا و نیشتیمانی خۆیدا ھەوڵی خۆ دۆزینەوەی وا بەباشتر دەزانێ وەک ژیان بەسەربردن و وونبوون لە ئەوروپاو لە یونان . ئەمەش پارادۆکسێکە لە ھەڵوێستی شاعیر لە گواستنەوەی چەمکی وونبوونەوە بۆ خۆ دۆزینەوە لە چەمکی رۆمانسیی رۆژانی رابردوودا.
_______   _______   _______
(کەسێک لە بەر دیدەی چاوەکانتدا ووندەبێ.....
گێتی لە چواردەورتدا لێدەکەوێت) ....٢١

ئەگەڕێمەوە حەفتاکان،
لەبەردەم ئامادەییدا، لاوێکی رەشتاڵە و کچە ھاورێکەی، بۆرد و حەرف تییەکەیان
بە سینگەوە نووساندووە و چاوەڕێی پاس ئەکەن، لێیان نزیک ئەبمەوە و دەمەتەقێ
رۆمانسییەکەیان لێ ئەبڕم
ـــ ئەمناسیتەوە؟ ...................... ٢٢


کرانەوەی ھەستی جوانی دڵداری شتگەلێک نییە بە ئاسانی لە نەستی شاعیردا کاڵبنەوە، رەھەندەکانی ئەو پەیوەندییە ئینسانییە بەتین و ووڕدەکارییەکانیەوە ئامادەبوونێکی زیندووی ھەیە بە ئەندێشەو خەیاڵی تازەوە ھەمیشە لە گەڵ رەوتە جیاوەزەکانی زەمەندا لە نوێبوونەوەدان ، کاتێ خوودی شاعیڕ لە جەستە جیادەبێتەوە لە ئەندێشە و زیندەخەونەکانیدا خود بەڕجەستەی کەسایەتی شاعیڕ دەبێت و وێنای دڕامی خۆی لەناو تراژیدیای ئەو پەیوەندییەدا دەکێشێت، چەند بە ناسکی و شاعیرانە مامڵەی لە تەکدا دەکات، ساتێ دەبینێت چۆن خود لە نێو پڕۆسەی دڵدارییدا ھەست بە نامۆبوونی خاوەنەکەی دەکات ، وەک ئەوەی کەسێکی دیکە بێ، تێڕامان لە وێنەگرتنی تاسەو حەزی لاوێکی رەشتاڵە کە شاعیر خۆیەتی لە گەڵ دولبەرەکەیدا ، گەواھی خوود جێکەوتی یەکەم کەوتنی شاعیرە لە بوونیادی یەکەم ژووانی دڵدارییدا، سەرەتای ئاوێتەکردنی رەنگەکانی نامۆبوونە لەتەک درک کردن بە تام وکام و بۆن و بەرامی رەگەزە کەی تر، بروا ناکات ساتەکانی چاوەڕوانی و باڕستایی زەمەن چۆن خود لە خۆی جیادەکاتەوە، پیرۆزکردنی ساتەکانی رۆمانسیەت و راڤە کردنیان چۆن رەھەندی ئەو ھەستە قووڵانەی نەست بە لە یەک نزیکبوونەو و بە چەند ووشەیەکی کەم و لەیەکپچڕاو تێکدەشکێت، دەستەواژەی (دەمناسیتەوە) ئاماژەیە بۆ شکاندنی رەگەزی نێرینە بەو ھەستە خەفەکراوەی رەگەزی مێینە کە لە ئەویندا بەرجەستەبووە، لە ھەمان کاتدا بە سەڕسامییەوە پڕسیارێک بەجێدەھێڵێ، بۆ کرانەوە لە تەنگژییەکان و خۆدۆزینەوە یارمەتی لە بەڕامبەر دەوێت تا تێزی ئەو دیالۆگە ئەنجامبدا کە نەھاتە بەر و لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیدا ھەروا مایەوە، و یادەوەڕی پێداچوونەوەی تام و بۆی مەستبوونی لە ساڵانی ھەنووکەدا رادەگەیەنێت ، پەیوەندی شاعیر بە ئەوینەوە پتر پەیوەندییەکی بوونگەرایی تاک رەوە و لە نەستیدا جێگیرە، دابڕاوە لە پیادەکردنی فاکتەرە زیندووەکانی، پەرچڤەکردنی ئەو نەست و ھەستە و بە ووشە گوزارشت لێکردن و بەیان بۆ لە دەستدان و بەتاڵکردنی خەم و ئازاری عەشقی عوزری کە ئەمی شاعیر حەزلە پاراستنیان دەکات، بە مانایەکی دیکە حەزکردن لای ئەم حەزکردنێکی پاکیزەیە و پەرۆش و تینووە، کراوەیە و ساڕێژنابێ، زەمەن نایسڕێتەوە، پەیوەندییەکی ئاسۆیی رەھایە، ھەڵگڕی خەمێکی قووڵی خنکاوە لە ژێڕ فشاری ئەتمۆسفیری یادەوەری و رۆمانسیەتدایە، بنبەستبوونی حەسرەتەکانی گەنجێنی دێرین لە ھەنووکەدا، ھەستکردن بە تەنیایی لە غوربەتدا کەفیلە بە ئامادەبوون و جوانکردنی وێنای ئەو نەفی کردنەی کە ھەرگیز شاعیر نایەوێت کاڵبێتەوە، پێداچوونەوەی مەستییەک، حەوانەوەیەک دەبەخشێ کە تافێکی ژیانی شاعیر ئاشکرادەکات کەکاتێ لە کۆتایی حەفتاکاندا قوتابی بووە.

ئەگەرێمەوە حەفتاکان؛
لە چایخانەیەکی خواڕ قەڵادا دەنگی ھابە
لە تۆپ قاپی، حیلەی ئەسپەکەی ئاشوور بانیپاڵ......
ئێوارەیەکی یەسینینی بوو، چرووت بە دەستێ لە مارکیز ئەچوو، لە بەردەم کتێبخانەی
ئاسۆدا وەستابوو، ووتیان ئەوە شێرکۆ بێکەسە، تەمێ ڕژایە ئەو ناوە، پەڕ و توکی فریشتە
بارییە سەر شان و ملمان.........٢٣


دووپاتکردنەوەی ساڵەکان دەرنەچوونە لە خوولگەی ئەو بیرەوەرییانەی کە بەشێکن لە پێکھاتەی کەسایەتی شاعیر، شکۆفەیەکە بۆ خوێندنەوەی ئیستایی، تاسەیەکی پر حەسرەتە بۆ رۆژانی بەسەرچووی تافی بێگوناھی کە ھەوێنی خەمێکی رۆمانسی خەست دەگرێتەوە، خەمێکی ھەرزەکارانەی شیرین لە رابردوودا ، دەکرێ ریشەی ئەم خەمە بکەینە بەشێکی گشتی لە پێکھاتەی خەمی بنەرەتی لە کەسایەتی کورددا، بەم پێیە دەتوانین لە چەند ئاستێکی جیاوازەوە لە مەبەستی شاعیر بکۆڵینەوە و لێکدانەوەی بۆ بکەین؛ لەبەر ئەوەی تۆبۆگرافیایی کەرکوک پێدەشتە و تەختاییە دەبینین چۆن ڕۆحی مێژوو لە سەر جەستەی جوگرافیادا شوێن پێ جێدەھێڵێ و برینداری دەکات و تا ئیستا خوێنی لێدەتکێ و ساڕێژ نەبووەتەوە، چۆن ھەستی نامۆبوون مووتوربە دەکرێ و دەسەپێنڕێتە سەر رووە راستەقینەکەی شاڕی کەرکوک، کە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی شێواندنی دراوە ، بۆ بڕینی پارچەیەک لە جەستەی جوگرافیا، چۆن چاوبەستی دەکرێ لە ڕۆحی مێژوو، لە رووی شوێنەوار و کەلەپوورەوە ھەر لە حیلەی ئەسپەکەی(ئاشور پانیپاڵ) ەوە ھەوڵی گۆرین و سرینەوەی سیمای شارەکە کە لە دەروازەی تۆپ قاپی قەڵاوە دەستپێدەکات تا دەگاتە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە چەند سەدەیەک حوکمی کرد و کاری راستەوخۆیکردە سەر ھزرو کەڵچەری گشتی، دەرھاویشتەی ئەم بارودۆخەی شاری کەرکوک ئاوێتەی خەمێکی کوردی کە دەنگێکی تورکمانی بەرھەمھێنا کە لە لاوانەوە و مەقاماتی (ھابە)ی ...٢٤ سترانبێژدا ِرەنگ دەداتەوە، پووکانەوەی کایەی مێژووی کەرکوک لەوەوە دەستپێدەکات کاتێ شار لە بەرزی قەڵاوە کە ھۆڕییەکانی باووباپیرانی کورد دایانمەزراندووە، دێتە خوارەوە و دەبێتە چایخانە. سەرەتا قەڵا شاربووە ..

 

لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا شار دەبێتە چایخانەیەکی پەرپووت، لە مێژووی تۆکمەوە بۆ جوگرافیای چایخانەی ھەمەڕەنگ و ھەمە دەنگی و فڕە نەتەوەی بێ سەروبەرە ، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا شاعیر نارەحەتدەکات و ماکی نامۆبوونەکەی قورستردەکات تووشی شۆک و پەشێویدەکات، تەنگژەی شاعیر ژییارییەو لە پێناویدا شەڕدەکات، شەڕی کەڵچەڕ و جەنگی کەلەپووردەکات، داکۆکی لە دەنگی مانەوەدەکات، وەستاندنی لێشاوێکە لە شێواندن کە دەیەوێت سیمای رەسەنی شارەکە بگۆرێت، بە دەڤەری گەرمیانیشەوە ، سەدای ھاواڕێکە بۆ گەرانەوە کەرکوک بۆ سەر ھەرێم، (ھەر وەک لە سەرەتای نووسینەکەماندا ئاماژەمان بۆ کردوە) ، بۆ دەروونی خۆی، شاعیر ھەر زوو پێش وەخت جڵەو بۆ یادوەرییەکانی خۆش دەکات تا بە ھێمنی پەردە لەسەر ئومێدێک ھەڵگڕێ و تۆزێ داساکێت، کاتێ خەمێکی ھەستیار دەڵەمەی خەونێک دەکاتە سینبولی ئێواڕەیەکی نامۆ ، دەیەوێت خۆی لە نێویدا بەدیبکات ، دابڕانی ناوی شاعیرێکی گەورەی رووسی وەک یەسینین بە ساتە وەختی ئێوارەیەکی کەرکوکەوە رەھەندێکی ئینسانی زیندووی پێدەبەخشێ، ھەروەھا ئاماژەیەک دیاری دەکات بە خەسڵەتەکانی نامۆبوون و کایەکانی وونبوون چونکە سێرگی یەسینین ناسراوە بەوەی (نامۆیە بە جیھان بە خێرایی وا کە بە بیری کەسدا ناچێت و دەچێتە قۆناغی وونبوون) .....٢٥ ، کەرکوکێ تەنیا و ئێوارەیەکی یەسینینی بەرخوازی شاعیرێکی نامۆ لە ئیستای ھەندران و لە رابردووی نیشتیمان ، شاعیر گیرانەوەی یادەوەری دەکاتە ڤیزای داھێنان چونکە (گێرانەوە جۆرێکە لە جۆرەکانی داھێنان و خوڵقاندنی مانا ناسانە)...٢٦ ، کات ساڵی حەفتاکانە...

 

سەرەتای چاوکردنەوەی شاعیرە لە دونیای شیعردا، چەکەرەکردنی ھەستەکانی گەنجێنییە، فراوانیە دنیای خەیاڵە بە ناودێرکردن و دیاریکردنی ئێوارە بە ناوی یەسینین ئەوە دەگەیەنێ کە تا چ رادەیەک شاعیر سەرسامەو خودی خۆی لە نامۆبوون و وونبوونەکەی یەسینین دا دەدۆزێتەوە، چۆن کایەی نامۆبوونەکی خۆی دەگوازێتە دەرەوەو دەیلکێنێ بە ئێوارەیەکەوە، سکاڵای دەروونی ناشارێتەوە، ھەوڵی خۆ دۆزینەوەدەدات. چۆن یەسینین سەرسام بووە بە (پۆشکین، لیرمنتۆڤ، بلۆک) ئەمیش بە ھەمان رادە سەرسامە بە (شێرکۆبێکەس)ی...٢٧شاعیر، چۆن بۆ خۆ دۆزینەوە و ھێزی مانەوە شیرکۆ دەکاتە ئەلتەرناتیڤی یەسینین چۆن نایچوێنێ بە گابڕێڵ مارکیز گاریسیا نووسەری(خۆشەویستی لە زەمەنی کولێرە) پتر پێیلێداگرین خاوەن کەسایەتی(فلۆر بنتینۆ ئەریپا) کە پێشتر سەلماندمان کە چۆن شاعیر خودی خۆی لەو کەسایەتیەدا بەدی دەکات، ئەگینا چی ناوی رۆمانووس دەھێنیتە ناو شاعیران، ناو ھێنانی مارکیز ھەروا گۆترەنییە، لێکدانەوەی فراوانتردەسەپێنێتە سەر بۆچوونەکانمان....... ئەو پنت و پێگانە چین کە دیدگای شاعیریان دروستکرد لە وێناکردن و لێکچواندنی شێرکۆ ومارکیز، وەلی دێوانە و ئازاد ئەحمەد(فلۆر بنتینۆ ئەریتا)، نالی و شیرکۆ(مارکیز)، نیگاکانی(ئۆرھان وەلی) و ئێوارەی (یەسینین) ی. چی وایکرد کە شاعیر ھەڵوێستەبکات و لە ھاوکێشەیەکی وادا خۆی ڕەچاو بکات، چی ئەمانە بەیەکەوە کۆدەکاتەوە، دەرھاویشتەی چ خاڵێکی ھاوبەش لای شاعیر دەخوڵقێنێ؟

 

ئازاد ئەحمەد بە نەھێنی و بە ھاوکێشەیەکی شاراوە لە رێگای ئەم ناوانەوە لە گەڵ گوتاری ھۆنراوەکەدا گەمەی خۆی دەکات ژێر بەژێر ھێزی مانەوە فەراھەم دەکات و لە دۆزینەوی خودیشدا سازش ناکات، بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەیەش زیرەکانە توانیوەیەتی سەرەتای ھۆنراوەکە پەیوەستبکات بە کۆتایی ھۆنراوەکەوە و قفڵی بکات، ئەویش بە پۆلین کردن و گواستنەوەی پاژەکانی ھزر و گەورەکردنی دیدەی بەھاکان و قۆرخکردنی نامۆبوونەکەی لە رەھەند و مەبەستێکی پیڕۆزدا، ئەویش چەمکی مانەوەیە بەرابەر بە چەمکی گواستنەوە ، پێشتر گووتمان کە چۆن شاعیر خودی خۆی لە (فلۆر بنتینۆ ئەریتا) دا دەدۆزێتەوە لە ھەستیدا لێکچواندنێ فەراھەم دەکات، ھەوێنی ئەو ھەستکردنە چۆن لە نەستی شاعیردا ماوتەوە و دواجاریش دەبێتە داینەمۆ لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکەیدا کە لە سەر بنەمای نامۆبوون و عەشقەکەی بەندە، بەم پێیەش لە ئیستادا مارکیز(فلۆر بنتینۆ ئەریتا) ھەڵدەبژێرێت، وەلێ ئەو عەشقەی (فلۆر بنتینۆ ئەریتا) لە رووی نامۆبوونەکەیەوە ئەلتەرناتیڤی عەشقەکەی وەلی دێوانە نییە لە رابردوودا کە لە سەرەتای ھۆنراوەکەدا ئاماژەی بۆ کردوە، کەواتە وەلی دێوانە سەرەتایەو (فلۆر بنتینۆ ئەریتا) ئەنجامە، بۆیە رێکەوت نییە گەر لە ھزری ھەناوەکی شاعیردا پێگەیەکی نەبێ بۆ بەراوورد ناڵێت مارکیز لە (شێرکۆ) دەچێت، ئەی ئەوە ئازاد ئەحمەد نەبوو کە خۆی لە(فلۆر بنتینۆ ئەریتا) مارکیزدا بینی، ھەر ھێزی ئەو سیحرە نەبوو کە ناوی مارکیزی ھێناو چوواندی بە شێرکۆ ، ئەی ئەوە خۆی نییە لە دەرگای مارکیزەوە دەچێت لە پشتی شێرکۆوە دەوەستێت، لێرەوە بۆ ئێمە دژوار نییە ئەوە ئاشکرابکەین کە (شێرکۆ)یش ئەلتەرناتیڤی (نالی)یە بەوەی ھەردووکیان لە رووی نەتەوایەتییەوە ھەڵوێستی دیاریان ھەیە یەک لە ئیستای کوردستان دا ئەوی تریش لە ئیمارەتی بابان، بۆ پێداگرتنێکی زیاتر لە روونکردنەوەی مەبەست لە گووتاری ھۆنراوەکە، دەکرێ بڵێین شاعیر بۆ بەدەستھێنانی چەمکی مانەوە کردەی گواستنەوە بەکاردەھێنێ، ھەر لە سەرەتای ھۆنراوەکەوە کاتێ دڵدارییەکەی وەلی دێوانە دەکاتە نموونە و لە خودی خۆیدا بەرجەستەی دەکات، بەوەی باس لە ئەگەری ئەوە دەکات گەر کەسێک لە پێناو نسکۆی ئەوینی ئافرەتێکدا نیشتیمان جێبھێڵێ، ئەوا نەک نیشتیمان بەڵکو ئاساوارو گۆڕیشی نابێ، گەر کەسەکە لە ناو دوو کەوان ئازاد ئەحمەد نەبێ بەڵکو وەلی دێوانەی شاعیریش بێ ھەر بە ھەمان شێوە و ھەمان چارەنووس نە بە جوگرافیا گۆری دەبێ نە بە مێژوو شوێنەواری دەبێ.


ئەی ئەوە لای شاعیر چەمکی گواستنەوە نییە کە لە ئەوینێکی ھەرزەکارانەوە پەل دەھاوێت بۆ ئەوینێکی کامڵ و ھەراش و تۆکمەتر، بۆ ئەوینی نەتەوە کە (نالی)ی شاعیر دەبێتە نوێنەری.... ئەی رەھەندی ئەم تێزە بە جۆرێک لە جۆرەکان پێمان ناڵێت کە ئەشق لە ئافرەتەوە سەرچاوەدەگرێ و لە نەتەوە یاخود لە نیشتیماندا کۆتایی پێدێ، ئەی پشتکردن لە جوگرافیا شکستی مێژوو بە دوای خۆیدا ناھێنێ، ئەی ئەوە برینی قۆناغێک نییە لە دیدەو بۆچوونی شاعیر کاتێ نالی ھەنگاوێک دەخاتە پێش و دەبێتە ئەلتەرناتیڤی وەلی دێوانە و بەوەی ئەوین لە بەشەوە دەگوازێتەوە بۆ گشت، لە ئافرەتەوە بۆ نەتەوە و بۆ نیشتیمان، لە سەرەتاوە بۆ ئاکام، بەڵام سەرھەڵگرتنەکەی نالی بۆ دەرەوەی کوردستان ، ئیشنەکردنی لە سەر چەمکی مانەوە و گەرانەوە نالی دەخاتە خانەیەکی نەگێتیڤەوە بۆیە لە ھەندرانیشدا بۆنی جامانەکەی نایە. ئەی ئەوە ئازاد ئەحمەد نییە کە ھەڵوێست وەردەگرێ و ڕاستەوخۆ دەچێتە بەرەی پۆزیتیڤەوە و شێرکۆ دەکاتە ڕێناس بە دەستەواژەی(ووتیان ئەوە خۆیەتی) ئاماژەی بۆ دەکات، ئەمەش شتێکی شاراوەمان بۆ دەردەخات کە شاعیر ھەر لە سەرەتای شیعر نووسینیەوە لە رێگای بیرەوەرییەکەوە بەھەستی نامۆبوونەکەیەوە سەرسامبوونی خۆی بۆ شێرکۆ و بۆ شیعرەکانی دەردەبرێت.. گووتاری مانەوە ھەڵدەبژێرێت، شێرکۆ لە شێوەی مارکیز دا، نامۆبوون و وونبوونەکەی یەسینین لە ئێوارەیەکی کەرکووک دا بەرجەستەدەکات، لە بەردەم کتێبخانەکەی(ئاسۆی کاک جەبار) دا ..٢٨ خودی خۆی و نامۆبوونەکەی لە نێو ئەواندا دەدۆزێتەوە. ئەی ئەمە چەمکی ئامادەبوونی ئەوان فەراھەم ناکات بۆ ئیشکردن لە سەر چەمکی لابردن و مردنی بیری ڕۆمانسی دێرینی(وەلی دێوانە، نالی، ئۆڕھان وەلی و یەسینین) کاتێ مەرگی ئەوان دەبێتە تەم ودنیای رۆَشنبیری و کتێب و جیھانی شیعر دەگرێتەوە وئەوان بە فریشتە ناودێردەکات ، پەڕ تووکەکانیان دێتە سەر شان و ملی خۆی و شێرکۆ، مانەوەی ئاساری ئەوان لە سەر شانو ملی ئەمان ھیمایەکە بۆ سەرکەوتنی ئەوان بە (سەرکەوتنێکی داخراو)..٢٩ بەمەش ئەرکی مانەوە و بەردەوامبوون چووە ئەستۆی ئەمان، گەیشتن بەم ئاکامە بێ بنەما نەھاتووە چونکە شاعیر لە پێش ئەم گواستنەوەیە ئاماژەی بۆ کردووە کاتێ بەرەی قەدیسە کۆنەکان چۆڵدەکات و دەچێتە پاڵ فەیلەسووفەکان و لەوێوە درک بە دۆزینەوەی خودی خۆی دەکات، خۆشییەک دەیگرێ و بە سەمایەکی زۆڕباویانە گوزارشت لە خۆی دەکات و پەیامەکەی بە جیھان رادەگەێەنێ.


ماوەتەوە بڵێم ئەم ھۆنراوەیە بە یەک نەفەس نووسراوە، ئەوەی جێی سەرنج و تێڕامانە ئەم ھۆنراوەیە بەبێ ناو ونیشانەکی ١٣٧ دێرە بێ ھیچ وەستان ناوبرێک، ژیان ئاسا خەسڵەتی مانەوە و بەردەوامی بۆ خۆی ھەڵگرتووە و ھەڵیدەگرێت، چونکە (ھەموو گەرانێک بە دوایی شیعردا، گەرانە بەدوایی خۆڵەمێشا نەک ئاگر).. ٣٠
____________________________________________________
ژێدەرەکان:

١ـ بۆنی ئەم خاکەت لێ دێ ــ ئازاد ئەحمەد ــ چاپەخانەی الحوادث ــ بەغدا ـ١٩٨٩ کۆمەڵە شیعر.
٢ـ رێبازەکانی ڕەخنەی ئەدەبی ـ وەرگێرانی ـ عەتا قەرەداخی ـ سلێمانی ل ٧٢.
٣ـ ئەزموونی خوێندنەوە چەند لاپەڕەیەکی ڕەخنەیی ــ نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد ـ سلێمانی ـ ٢٠٠٦ ل ٧٥.
٤ ـ شەقامێ سەرەکییە نزیک بازاری ئەحمەد ئاغایە لە شاری کەرکووک.
٥ ـالاغتراب ـ ریتشارد شاخت ـ ت ـ کامل یوسف حسین، مۆسسە العربیە للدراسات والنشر ل١٨٨.
٦ ـ ھەمان سەرچاوەی پێشوو (الاغتراب) ووتەی ھیراقلیتس ل ٢٤.
٧ـ گۆواری نەو شەفەق ـ ژ ٧٥ سوودم بینیوە لە ووتارەکەی کامەران تاھیر(ڕامبۆ دەمریت) ل٣١.
٨ـ الاغتراب ـ سارتر ـ لە زمانی لوریست لزیوس ل ٥٣.
٩ـ گۆواری نەوشەفەق ــ ژمارە ٧٧ ـ شیعر ـ ژیانێکی ڕامبۆیانە بۆ ھاورییانی شەقامی جمھوری ـ ل ٨٢.
١٠ـ دەنگی بلورینی دەق رەخنەو لێکۆڵینەوە ـ عەبدولخالق یەعقوبی ـ٢٠٠٥ ـ ووتەی (لیڤی شتراوس)ە.
١١ـ ژ ٤١ گۆڤاری گەلاوێژ(ئەدەبی پۆست مۆدیرن و سەرھەڵدانێکی تر) ساڵەح سوزەنی ـ ساڵ ٢٠٠٦.
١٢ ـ دیوانی نالی و فەرھەنگی نالی ـ مارف خەزنەدارـ ١٩٧٧ دار الحریة للطباعة بغداد ل٩.
١٣ـ شاعیرێکی بەناوبانگی ھاوچەرخی تورکی.
١٤ـ ، ١٥ ، ١٦ ، ١٨ ، ٢٢، ٢٣ ، ھەمان سەرچاوەی پێشوو ژمارە ٩.
١٧ ـ الاغتراب ـ ھەمان سەرچاوەی ٥ ل ٢٢.
١٩ ـ عد ٥٤ سنە ١٩٧٩ الاسطورة ـ د نبیلە ابراھیم ـ الموسوعة الصغیرة ل٩.
٢٠ ـ حب فی زمن الکولیرا ـ غابرییل غ . مارکیزـ روایة ـ ت عن الاسبانیة صالح علمانی ١٩٨٦.
٢١ ـ انثی ضد الانوثة ـ جورج طرابیشی (لامارتین )ـ دار الطبعة بیروت ١٩٨٤ ل١٣١.
٢٤ ـ سترانبێژیکی میللی تورکمانیە بە نەژاد کوردە خەڵکی کەرکووکە ناوی عەبدولوەھابە ناسراوە بە ھابە.
٢٥ ـ یسینین قصائد مختارة ، نقلھا عن الروسیة حسیب الشیخ جعفر ـ دار الرشید للنشر ل ١٥.
٢٦ ـ پۆل ریکۆر، لە( کتێبی زمانی گێرانەوە) ، ھەمان سەرچاوەی ژمارە ١٠.
٢٧ ـ لە ساڵی ١٩٤٠ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە یەکەم ھۆنراوەی لە ساڵی ١٩٥٧ لە رۆژنامەی ژین دا بڵاَوکردووەتەوە یەکێکە لە دامەزرێنەکانی ڕوانگە کە پێکھاتبوون لە (ئەنوەر شاکەلی ، لەتیف ھەڵمەت ، جەلالی میرزا کەریم ، عەبدوڵا پەشێو، جەمال شارباژێری).
٢٨ ـ کتێبخانەی ئاسۆ لە شەقامی جمھوری کە کاک جەبار خاوەنییەتی ، مۆڵگەی رۆشنبیران بوو لە کەرکووک، لە ناوه‌راستی ھەشتاکاندا لەلایەن رژێمەوە دەسگیرکرا لە دواییدا چوو بۆ ووڵاتی سوید.
٢٩ ـ ھەمان سەرچاوەی ژمارە ٢٥ سەرکەوتنی داخراو واتا (مردنی خاوەنەکەی و نەمری بیروباورەکەی) ل٩.
٣٠ ـ موسوعة مصطلح نقدی: تێویر و خیال، ت عبدالواحد لولوة بغداد ١٩٧٩ ل١٣.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک