٩\١\٢٠١٧
نامۆیی، مەترسی
تێکچوونی ئەزموونی کوردە لەباشووردا.
ئارام وریا
یەکەمجارە لە مێژووی بوونی کورددا دەبینین کە بەشێک لە وڵات(باشووڕی
کوردوستان) ئازادە و خۆی بەڕێوەدەبات. لەوێ و بە بەشداری نوێنەرانی
ناسراوی وڵاتان باسی سەربەخۆیی لە ئارادایە و لە کاتی نووسینی ئەم
دەقەدا واتە ١٥.١٢.٢٠١٦ لە زانکۆی ئەمریکا لە دھۆک کۆنفرانسی سەربەخۆیی
بە بەشداری نوێنەرانی نێوخۆ و دەرەوەی کۆردستان بەڕێوە دەچێت.
بۆ نموونە ھەر لەم کۆنفرانسەدا، زەڵمای خەلیلزادی نوێنەری ئەمریکا
دەڵێت: لەمەو بەدوا کورد دەبێت قسەی تایبەتی خۆی ھەبێت. و بەرنارد
کوشنێری فەرەنساش باس لەوەدەکات کە: رێککەوتنی سایکسپیکۆ بایەخی نەماوە.
دەشڵێت، کورد دەنگێکی باشی لە ناوچەکەدا ھەیە و ئێستا کاتی ئەوەیە قسەی
خۆی بکات. وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت "ھیچ شتێک نییە
بەناوی کاتی باش و خراپ، کات کاتە، دەبێت ئێوەی کورد لەکاتی پێویستدا
قسە بکەن. ئێستا کاتی ئەوەیە کە قسەی خۆتان بکەن؛ بۆچوونەکانتان بڵێن و
سڵنەکەنەوە. ئێوەی کورد دەتوانن باسی سەربەخۆیی خۆتان لەگەڵ وڵاتانی
دیکە بکەن".
لێرەدا پرسیارێکی گرینگ بەرانبەر ئەو نوخبە و تاکانەی کورد دروستدەبێت
کە زۆربەیان لە دەروەی کوردستان و لە شارستانێتیی ڕۆژاوادا، پێشتر وەک
پەنابەری سیاسی کورد و بەناوی پارت و حیزبی سیاسیی کوردستانیەوە ژیاون.
و چاوەڕواندەکرا لەو دەرفەتەدا، توانا و ھۆشیاری مروڤانەیان گەشەی
بکردایە و ببوونایەتە سەرچاوەی مروڤانە بۆ ڕزگاری ئەم بەشە لە
مروڤایەتیی(کورد). کەچی بەشی زۆریان، پیاوەنیان بە بۆینباخ و خانمان بە
بەرگی جوانی ڕۆژئاواوە، بە ڕواڵەت لە ھەموو پسپۆڕان و مافخوازانی
ڕۆژاوایی شارستانیتر و مروڤدۆستتر دەردەکەون! لێ وادیارە ھەنووکە
ئەلفوبێی ئازادی و بەھای مروڤانە، کە سولیداریتی و دیالۆگە نازانن و بە
ناشرینترین شێوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی یەکتر (شەڕەگەڕەکێ)، گەمە بە
چارەنووسی خۆیان و خەڵکی کوردستان دەکەن و !وەھا چەوسێنەر لە ناخیاندا
ماڵی کردووە، کە زۆر زەق و ئاسان و، بێسڵکردن لە ئەرکی مێژووی و
مروڤانەیان سازی گەرانەوە و کۆیلایەتی بۆ باوەشی عێراق لێدەدەن.
عێراقێک کە بۆخۆی بوونی نییە و ئەوەی تا ئێستا ھەیەتی و ھیشتوویەتەوە،
بەشێکی زۆری بەدەستی شۆرشگێڕانی دوێنێ و پارتەکانی ئەمڕۆی کوردستان و
بەخەرجکردنی بەھای مروڤانەی: ژیان، بوون، گیان، خوێن و بەتاڵانبردنی
خاک و سەرچاوەکانی ئەم نەتەوە چەوساوە مەیسەرکراوە. بەداخەوە کەسیش
ناتوانێت لەوە بگات کە لە بەرچی خەریکن ئەم تاکە ئۆمێد و ترووسکە
ھیوایەی ئەزموونی باشوور، کە ھەر بۆخۆشیان دەتوانن تا سەر بەخۆیی
تەواوی بەرن، بەدەستی خۆیان بیخنکێنن؟
سەرنجڕاکێشە کە ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە خۆ بەڕێوەدەبەن
و گەشە و توانایان، خۆیان نەبێت، لەجیھاندا بە باشی باسی دەکرێت و
بارودۆخی ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییان لە ھەموو داگیرکەرانی
کوردستان و بگرە لە زۆربەی وڵاتانی تری جیھانیش باشترە.
ئێمە دەزانین ھەموو وڵاتانی سەربەست و سەربەخۆی جیھان کە وەک کوردستان
بێدەوڵەتیش نین، لە قۆناخگەلێکی مێژوویاندا قەیرانی دارایی سەخت و
دژواریان بەڕیکردووە و ھیچیان ھیچکات بۆ گوزەرانی ڕۆژانە وازیان لە
کەرامەتی خۆیان نەھێناوە و خۆیان ڕادەستی داگیرکەرانیان نەکردووە.
بۆنموونە ئاڵمانی دوای شەر یان ژاپۆن و زۆر وڵاتی دیکە.
خۆ ئەگەر ڕامیاران و بەڕێوەبەرانی کورد، بیانەوێت بەھەڵسەنگاندنی
نموونەکانی دەوروبەریان لەوە بگەن کە سەرەڕای قەیرانە داراییەکانی
ھەنووکەی کوردستان، کێشەکانمان بایی ئەوە نییە کە بە بیانووی ئابووری و
مووچە، واز لە بەھای مروڤانەمان بھێنین، نموونە زۆرن!
ھەر لەم کاتەشدا کە ئەمانە سازی گەڕانەوە بۆ عێراق لێدەدەن، ئەگەر وەک
نموونەیەکی دیاری بەردەست، سەرنج بدەنە بارودۆخی ئابووری، سیاسی و
کۆمەڵایەتیی ئێران کە لەبەر چاوی ھەمووانە، بە ھەڵسەنگاندنێکی زۆر
ئاسانی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەوێ و باشووری کوردستان، بەزەقی
بۆیان دەردەکەوێت کە ستانداردی ژیانی خەڵکی باشووری کوردستان بەو ڕێژە
سەرنجڕاکێشەی مووچە خۆریشەوە! تەنانەت بەو چارەکە مووچەش کە لەکاتی
نووسینی ئەم دێڕانەدا دەدرێت، زیاتر لە دوو ھێندەی ستانداردی ژیانی
خەڵکی ئێران باشترە.
کەچی ڕووناکبیرانی ئەوان سەرەڕای ئەوەی کە چەندین ھەزار ساڵە خاوەن
کیان و وڵاتن و مەترسی سرینەوەشیان لەسەر نییە و، بە پێچەوانەی باشووڕی
کوردستان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش نەیاریانە؛ لەو دەسەڵاتە سیاسییە
داخراوەی ھەنووکەیاندا و بە وانە وەرگرتن لە شۆرشی خستنی دەسەڵاتی
پاشایەتیی پێشوویان، کە دەست کەوتەکەی گەڕانەوە بووە بۆ دواوە، دژواری
دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیان ناکەنە ئامرازی تێکدان و لێکپچڕانی گەل و
نیشتمانیان. و لە پێناو بەرژەوەندی گەلیان و بۆ پێشکەوتنیان باس لە
سازان لە گەڵ یەکتر دەکەن و بە جیاوازی مێژوویی، ئایدئۆلوژی و
بیروبۆچوونی جۆراوجۆری نێوانیانەوە، تێدەکۆشن و کەوتوونەتە دیالۆگ بۆ
ئەوەی خۆیان لە بەناو شۆڕش و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی بەدووربگرن و
خەبات دەکەن کە بە نەرمی و بێ ئاژاوە خۆیان لە قەیران ڕزگار بکەن و
وڵاتیان پێشخەن.
بەڵام بە پێچەوانەوە، جێگەی سەرسووڕمانە کە کۆمەڵێک پارلەمانتار،
ڕووناکبیر، میدیا و ڕاگەیاندنی کورد، لە کاتێکدا کە گەلی کورد سەربەخۆ
نییە و ئەوانیش بیانەوێ و نەیانەوێت لەم قۆناخەی مێژوودا، بەرپرسیاریتی
داھاتووی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانیان دەکەوێتە ئەستۆ. چۆندەوێرن
بەردەوام بە بیانووی جۆراوجۆری وەک نەبوون یان کەمبوونی مووچە، یان
گۆڕینی سەرۆک پارلەمان، سەرۆک پارت، سەروک ھەرێم و دەیان بیانوویتری
لەم چەشنە، بەرژەوەندی ھیچ بەھا وسنوورێک نەناسن. و بە ناوی ئەم پارت ،
گەل بدەنە بەر پەلامار و بۆ یەکتر سرینەوە و ئەو تاقمەوە گەمە بە ھەستی
برینداری ژێردەستەیی گەلی چەوساوەی خۆیان بکەن و لەیەکیان دابڕێنن و
ببن بە بەربەست و مەترسی بۆ یەکگرتن و یەکڕیزیی گەلەکەیان و لە گەیشتن
بە ئازادی و کەرامەتی مروڤانە بێھیوایان بکەن!؟ بەمەرجێک کە دەتوانن و
دەبێت لەم کاتەدا لە پێناو سولیداریتی و یەکپارچەییدا دەستبدەنە
دیالۆگێکی ڕاستینە و بە بەشداریی گەل و پێکەوە، بەرخۆدانێکی مەزن بۆ
گەڕاندنەوەی گەورەیی کەسایەتی و بایەخی مروڤانە، گەل و نیشتمانی کورد
ڕێکبخەن و لەپێناو ئەم بەرخۆدانەدا باس لە لەخۆبوردەیی بکەن نەک ھەر بە
مووچە تانانەت بە گیان. ھەر وەک پێشتریش گەڵ درێخی نەکردووە و گیانی
ڕۆڵەکانی لەنێو ئەم حێزب و پارتانەدا بەناوی ڕزگاری کورد و کوردوستان
لە بەرەنگاربوونەوەی رژێمەکانی داگیرکار و شەڕی نێوان حیزبەکانیدا
بەختکردووە ودەیکات.
ڕاستیی کام ڕێبەر، شۆڕشگێڕ یان ڕۆشنبیری ڕاستینە لە دۆخێکی قەیراناوی و
لە وڵاتێکی ژێردەستە و داگیرکراوی وەک کوردستاندا، بە بیانووی
دابینکردنی مووچەی چەن مانگێ، گەلی خۆی دژ بە دەسەڵاتی سنووردار و تاکە
ھیوای بوونی، دێنێتە سەر شەقامەکان و بەرامبەری یەک دەیانوەستێنێ و بە
سووککردنیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ھانیاندەدات بانگ بدەن بۆ وازھێنان
لە سەربەخۆیی ئابووریی کوردستان و تێدەکۆشن لەداخی یەکتر بەرژەوەندی و
دەستکەوتەکانی کوردستان کە بۆ خۆشیان ھەوڵیانداوە بۆی، ڕادەستی عیراقی
بکەن؟
عێراقێک کە بۆخۆی دۆخی ئابووری و سیاسییەکەی تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ
ئەم دۆخە قەیراناویەی کوردستاندا چەند ھێندە خراپترە و بەقەرزی وڵاتان
بەڕێوەدەچێت. و ھیچکاتێ، ئارامی و خۆشگوزەرانی کوردی نەویستوە و
نایەوێت و، بەشێکی ھەرە زۆری ئەم گرفتانەی کوردستانیش، ھەر ئەوان وەک
داگیرکەری کورد و بە پەیبردن بەم لاوازییەی کورد، بەمەبەست و بۆ
تێکشکاندنی ئەزموونەکەی و ئەو سەربەخۆییەی کە لێی نزیکبووەتەوە،
دروستیان کردووە.
بەڕاستی گەلۆ ئەمە نامۆیی نەبێت چییە کە وادەکات کە ئەم "دەمڕاستانەی"
کوردستان، نەتوانن ئەم ڕاستییانە بخوێننەوە و نەکەونە نێو گەمەی
نەیاران و دژ بە خۆیان نەوەستنەوە؟
سەرنجڕاکێشە ئەم نامۆییە وای کردووە کە لە باسی وڵاتپارێزی و
نیشتمانپەروەریشدا، ھەموو وڵاتانی دنیا لە سەرووشیانەوە ئەمریکا و
زلھێزەکانی دیکە، بەردەوام لە خوێندنگە و میدیا و ھەموو دەرفەتەکاندا،
باس لە خۆشەویستیی وڵاتانی خۆیاندەکەن و تاکەکانیان ھاندەدەن کە بە
پیرۆزی وشانازیەوە چاو لە خاک و وڵاتیان بکەن و لە پێناو بەرژەوەندی
خاکیاندا ئامادەی بەخت کردنی ماڵ و گیانیان بن. کەچێ ڕووناکبیر و بڕێک
لە پارتە سیاسییەکانی ئێمە، داوا و خواستی سروشتیی دامەزرانی دەوڵەتی
سەربەخۆ دەکەنە تانە و سووکایەتیی بۆ گەل و ئەو نیشتمانپەروەرانەی کە
خەبات دەکەن بۆ سەربەخۆیی کوردستان و، بە خەو و خەیاڵ و شوورەیی
دەناسێنن و دەڵین باوی نەماوە و بە زانایی یان لەڕووی نامۆییەوە
ھەوڵدەدەن جەماوەر و شۆرشگیرانی بەلاڕێدا بەرن.
پرسیارەکە ئەمەیە ئایا ڕێبەران و پارلەمانتاران و پارتە سیاسییەکانی
کورد بەگشتی و باشوور بەتایبەتی، لەم قۆناخەدا لەم سەرلێشێواییە
ڕزگاریاندەبێت و دەستدەدەنە رێکخستن و یەکگرتنی کورد بۆ گەیشتن بە
ئازادیی؟ ئایا لەوە تێدەگەن کە ئازادی و بوونی ڕاستینە و سەربەخۆی
مروڤانە، بەنرخترێکە لە ژیانی کۆیلایەتی، چەوساندنەوە و خۆ
بەدەستەوەدان بۆ سواڵی مووچە؟ ئەویش لە بەغدا و عێراقێ کە لەم کاتەدا،
بووجەی بەشی زۆری نیاز و پێداویستییەکانی لە بانکی نێو دەوڵەتی
وەردەگرێت و عێراقی پێ قەرزدار و ھەژار کردووە، یان بە ئامۆژگاری داگیر
کەرانیان دژ بەیەک دەکەونە کێبڕکێ و گەل و نیشتمانیان بەرەو کۆیلایەتیی
مودێرن دەبەن؟
ڕاستی ئەوان ڕواڵەتی شارەکانی باشووریان نایەتەوە بیر کە لە ٢٠٠٣دا چۆن
بوون؟ ناتوانن بیبینن ئەگەر ئەم ئەزموونە "بەگشتی" سەرکەوتووەی
کوردستان نەبوایە، ئایە ئێستە ئەوان لە بەغدا دەبوون و، لە
بەرچاوی ئەنفالچیان و وێرانکەرانی کوردستاندا دژ بەیەک دەوستانەوە و
نەیارانیان شاد و گەلی خۆیان خەمباردەکرد و، ئاوەدانی کوردستانیان
دەبینی؟ ھەر بۆ نموونە ئایا بە ٢٠٠ ساڵی تریش لە سایەی ژێردەستەیی ئەو
ئێراقەی کە دادی بۆ دەبەن، کوردستان یەک فڕۆکەخانەی تێدا دروستدەکرا؟
یان بێئەوەی خۆیان بزانن، وێنای داگیرکەر دەکەن و بە پەلاماردانی
یەک و بوون بەداردەستی داگیرکەران، باشتر لەوان گەلی کورد کە لە
ئێستادا لە باشوور ھیوایەکی بۆ سازبووە لە یەکدەترازێنن و بە شێوەی
مودرن و ڕواڵەتی شارستانی، زیاتر لە پێش، دەیکەنە کۆیلە و قوربانی بۆ
داگیرکەر و زۆرتر لە ھەمیشە نامۆی دەکەن و تا وەرگرتنی مووچە لە باتی
ئازادی، بەدەستی خۆیان سووک و نەوی دەکەن؟
بەھیوای ھەوڵدان بۆ تێگەیشتن و وەلامی ئەم پرسیارانە و بەیارمەتی
لێکدانەوە زانستییەکەی (پائولۆفریری) بە ناوی «پەروەردەی چەوساوەکان»،
گەڕانێکی سنوورداری بچووک بەدەروونی تاکی کورددا دەکەین با بزانین
خۆمان و ڕێبەرانی شۆڕشمان و نوێنەرانی سیاسیمان چەن لە ژێرکاریگەریی
ھەژموونی پەروەردەی بارودۆخی داگیرکاری و ژێردەستەییدان و چەن لە
کاردانەوەی ئەو پەروەردەیە لە سەر ھەڵسوکەوت و دروستکردنی جیھان و
بوونی ژێردەستەیی خۆمان و گەلی کورد ئاگەدارین. فرێری دەڵێت:
''کێشەیەکی ھەرە تایبەتی چەوساوەکان دوو جۆری کەسایەتییانە. کە
داکەوتەکەی، مروڤێکی پر لە دژبەری دەروونی و دابەشبووە کە لە
بارودۆخی ژیانی ژێردەستەیی و توورەییدا دروست دەبێت".
بەم مەبەستە و لە ڕووی توێژینەوەکەی فرێریەوە، دەبینین کە لەلایەکەوە،
لەناخی ئێمەی کۆرددا بەپێی سروشت، وەک مروڤ، بوونێکی ڕاستینە و
دەوڵەمەندی بایەخی مروڤانە ئاواتمانە، کە بەدڵنیایی خواستی
سەربەخۆیی خاک و وڵاتیش بەشێکی گرینگە لەم بوون و بایەخە مروڤانەیە.
لەلایەکی ترەوە چۆنکە بە درێژایی مێژوو و بەھۆی پەروەردەی
داگیرکارانەوە، حاشا لە خواست و مافمان کراوە، ئەو بڕوامان لا دروست
بووە و چەسپیوە، کە ئێمە بەشێکین لە وڵاتانی داگیرکەری خۆمان و. بە
ئاشکراش ئەمە لە ھەموو پارچەکانی کوردستان زەق و بەرچاوە و ئەگەر لێیان
پرسی خەڵکی کوێن؟ زۆر زەحمەتە لە شارێکدا ئەوەی لەڕێوە بڵێت
خەڵکی کوردستانم، ژمارەکەی لە پەنجەکانی دەست تێپەڕێت. کە واتە لە
نێوان ئەو ٢ جۆریە دژبەرەدا، کە لایەکیان بەسروشتیی داوای
بوونی لێدەکات و لاکەی تر بوونی دەسڕێتەوە و داگیرکاری، تێدا جێگیر
دەکات، دەبێت لە دەروونی تاکی کورددا چی ڕووبدات؟
فرێری پێیوایە لە ھەلومەرجی دوو جۆری وەھادا، بە کردەوە کەسایەتیی
پارچە دەبێ و "نامۆیی" ئاکامی ئەم لەتبوونە دەروونییەیە. بەم پێیە بۆ
ئێمەی کورد, کاریگەری ئەم نامۆییە پارچەبوونی دەروونێکی پڕ لە ناکۆکییە
.کە بۆ دەربازبوون لەم ناکۆکییە و بەپێی ئامانجی پەروەردەی سەردەست کە
وامان لێدەکات بەرامبەر بە بوونمان ڕەخنەگر و بەرپرس و بڕیاردەر نەبین،
ئاسانترین کار ئەوەیە مڵ بەم نامۆییە بدەین و بخزینە ئەو قاڵبەی کە
ئەوان بۆیان دروستکردوین. واتە بەتەواوی حاشا لە خۆمان دەکەین و
داگیرکار لەخۆماندا جێگیر دەکەین و خۆمان بەوانەوە پێناسەدەکەین, کە
فرێری پێیوایە زۆرێنە ئەمە دەکەن و بەم شێوەیە لە ئازادی ھەڵدێن. واتە
ترسێکی ناڕاست لەئازادی لە لایان دروستدەبێت، کە پێیانوایە خواستی
وخەبات بۆ ئازادی، گۆڕانی جێھانیان واتە ھەلومەرجی بەڕوالەت جێگیری
ھەنووکەیان دەخاتە مەترسیەوە. بەم جۆرەش چاو لە گەشەکردن و مافەکانیان
دەپۆشن و مل بە چەوساندنەوەی زیاتر دەدەن و ھەوڵی گێڕانەوی بایەخە
مروڤایەتیەکانیان نادەن.
لێ بڕیک لە تاکەکانی کۆمەلگەی ستەملێکراو بە تێگەیشتن لە دۆخی
ھەنووکەیان و بۆ دەربازبوونی ڕاستینە لەم ناکۆکی و پارچەبوونە
دەروونیە، جیھان و بوون و ژیانی نامۆییان دەخەنە بەر ڕەخنە و لەگەڵ
یەکتر دەکەونە دیالۆگ، و بە یەکڕیزیی بەشداری دروستکردنی جیھان و
بوونێکی دەوڵەمەند و پڕ بایەخی مروڤانە دەبن و بە بەرخۆدان و ڕێکخستن،
بۆ چارەسەری لەمپەر و گرفتەکانیان دەگەڕێن و لە گەشەی بەردەوامدا دەبن.
فرێری پێیوایە کە ئەوە ڕێبەرانی ڕاستینەی شۆرشن کە دەستدەکەن ، بەم
ئەرکە ھەڵدەستن، واتە لەڕێگەی دیالۆگ و بەشداریی چالاکەنەوە بە
دەرخستنی ڕاستینەی ھەلومەرجی بوونی خۆیان و چەوساوەکان. واتە
ڕێکیاندەخەن و لە ھەموو قۆناخەکانی خەبات واتە تێگەیشتن، گەشەکردن،
سەرکەوتن، گۆڕان، دستەڵات و بەرێوەبردندا بۆ دەستەبەرکردن و
دەوڵەمەندکردنی بایەخی مروڤانەیان تێدەکۆشن.
مەرجی گەیشتن بەم ئامانجەش یەکێتی و سولیداریتیە و، بە وتەی فرێری کاری
ڕێبەرانی شۆرشە کە بە دووریکردن لە درووشم و درۆ، لێ بەکردەوە، متمانە
بە گەلی خۆیان بکەن و ڕیکیانبخەن و لە ھەموو قۆناخەکانی تێکۆشین و
خەباتی ڕزگاریخوازانەدا بەشدار و بەرپرسیان بکەن و وەک داگیرکار و
چەوسێنەر، بە گێژ و نەزان و ئاژەڵیان دانەنێن و خۆشیان بە تاکە دڵسۆز و
شوانی ئەوان نەزانن. پێویستیی بنەڕەتیش بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لە
سەرەتادا یەکخستن و نەھێشتنی ٢ جۆری کەسایەتی خۆیان و دەربازبوون لەم
پارچە بوونەیە. ئەگینا بێ دەربازبوونی رێبەران لەم ٢ جۆریە، تەنانەت
ئەگەر دەسەڵاتیش بەدەستەوە بگرن، بێئەوەی خۆیان بزانن وێنای چەوسێنەر
دەکەن. واتە بەناوی شۆڕش و بەدروشمی قەبە و ھرووژاندن و بەکارھێنانی
گەل، دەبنە جێگرەوەی چەوسێنەری پێشوو.
بە پشتبەستن بەم روانینە زانستانەیە، پرسیاری سەرەکی ئەمەیە، ئەگەر
چالاکانی نێو پارتە کوردییەکانی باشوور، شۆرشگێڕی ڕاستینەن و حەزدەکەن
بە تەندروستی و لە بەرژەوەندی گەلدا لە کێبەرکێدا بن، بۆچی لەباتی
پاڵدان بە داگیرکەرانی کوردستانەوە، گەڕاندنەوەی بایەخی مروڤانەی تاکی
کورد و پێشبڕکێی سەربەخۆیی کوردستان و دابڕان لە کۆیلایەتی ناکەنە
پڕێنسیپ و رەوتی خەبات بۆ خۆیان؟ لێ ھەرجار و ھەرکات کە ئەم شێرپەنجەی
نامۆیی و خۆویستیە لایان سەر ھەڵدەدات، ھەریەکەو، بۆ لاواز کردن و
نەھێشتن و لەناوبردنی ئەویتریان ڕوو لە داگیرکەرێک دەکات.
ئەنجام و داکەوتی ئەم تراژدیای خۆکردەش، بەداخەوە، دابڕان و
بەیەکدادانی گەلێکی ٤٠ ملوێنی لێکەوتووەتەوە کە نامۆیە بە بوونی خۆی و
وڵاتی، کە لە باری سروشت و سەرچاوەکانییەوە دەوڵەمەندە و دەتوانێت بە
دەربازبوون لە نامۆیی و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی ھەر تەنیا
بەسەرچاوەکانی ئاوییەوە، لە ھەر چوار وڵاتی داگیرکەری ھەنووکەی
کوردستان، خۆشگوزەرانتر و بەختەوەرتر بێت.
مێژووش داوەرێکی ڕاستینەیە و کورد بۆ ھەمیشە لە خەو و خڵەفاندنی ئەوان
و داگیرکەرانی کوردستاندا نامێنێتەوە و بەرپرسیارەتی خەیانەت و
خڵەفاندن و لە ڕێگەلادانی ئەم گەلە، وەک تاوانە و لە ئەستۆی تاک و
پارتی دڵخۆش بە داگیرکەر ناسڕێتەوە.
لە کۆتاییدا ئاشکرایە کە ھەموو لەوە دەگەین کە ناکرێت ونابێت، دەرخستنی
کێشەی ژیانی ئابووری خەڵک و کەم وکووڕی و گەندەڵی و درۆ و دروشمی،
بەڕێوەبەران بشاردرێتەوە یان وازی لێ بھێنرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە:
''ئایا، پاڵدان بە داگیرکەر و سووککردنی یەکتر بە ئامانجی پێشبڕکێێ
دەسەڵات بە ھەر نرخێ، ڕێگەی چارەسەری ئەم کێشانە و کێشەی نەتەوەیی ڕەوا
و مروڤانەی گەلی کوردە، و دەبیت ئەم گەلە ببێتە قوربانی بۆ ئامانجی
پاوانخوازی ئەم یان ئەو تاقم لە کوردستاندا؟'' یان دەکرێت بۆ
دەوڵەمەندکردنی خەباتی ئازادیخوازانەمان ، لە ڕیگەی یەک قبووڵکردن،
یەکێتی و دیالۆگی بەرپرسانەوە، زۆر ئاسانتر و بەتواناتر و بە
بەھێزکردنی یەکتر، گەڵ رێکبخەین و بە ھەموومانەوە ببینە ھێزیکی گەورە
بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کێشانەدا. بێ ئەوەی بە لاواز کردنی خۆمان ببینە
ھۆی زاڵبوونی زیاتری داگیرکەرانمان بە سەر گەل و وڵاتدا.
sirwan.kawsi@gmail.com
|