په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١١\٢٠٢٠

''نانی پیرۆز''ی رەحیم زەبیحی

لە ''ئیدفا'' گرینگترین فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی جیھان وەرگیرا.

 

مەنسوور جیھانی


فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" لە دەرھێنانی خوالێخۆشبوو "رەحیم زەبیحی" و لە بەرھەمھێنانی "توورەج ئەسڵانی" لە بەشی پێشبڕکێی سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی "ئیدفا"ی ھۆڵەندا وەرگیرا.

فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" دوایین بەرھەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "رەحیم زەبیحی" و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری کورد "توورەج ئەسڵانی" دەرھێنەر و بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی ئەزموونخوازیی سینەمای کوردستان و ئێران، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی سینەمای ئێران، لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە نیوە بڵیندەکان" لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی ئەمستڕدام ـ "ئیدفا" لە وڵاتی ھۆڵەندا نمایش دەکرێت.

بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرھەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای "تسویر گستر الھە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاھە نەوبەخت"ە.

فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ "ئیدفا"، گرینگترین فیستیڤاڵی دیکۆمێنتاریی جیھان دێتەئەژمار، کە ئەمساڵ بە دوو شێوەی ئۆنلاین و فیزیکی و بە نمایشی بەرھەمە دیکۆمێنتییەکانی دەرھێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی "فیلمە بڵیندەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە نیوە بڵیندەکان"، بەشی پێشبڕکێی "دیکۆمێنتە خوێندکارییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "منداڵان و دیکۆمێنت"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی ''رۆشنا''، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی ''چرای پێشەوە'' و ... لە ڕۆژانی ١٦ی تشرینی دووەم تاکو ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ لە شاری ئەمستڕدام لە وڵاتی ھۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.

سینەماکاری کۆچکردووی کورد "رەحیم زەبیحی" ساڵی ١٩٧١ لە شاری بانە لە پارێزگای کوردستان لە وڵاتی ئێران لە دایک بووە و دەرچووی ناوەندیی سینەمای لاوانی مەھاباد و ماوەی ٢٠ ساڵ لە بواریی ھونەرە شانۆییەکان وەکوو دەرھێنەر و شانۆنامەنووس چالاکی کرد و ساڵی ٢٠٠٢ یەکەمین کورتە فیلمی خۆی بە ناویی "ھاوار" ساز کرد کە لە فیستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا لە لایەن کارناسان و ڕخنەگرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و لە درێژەدا، نووسەر و دەرھێنەریی چەندین کورتە فیلمی دیکەی لەوانە؛ "ساتەلایت"، "دەرچوون"، "کۆتایی شەڕ"، "دڵەڕاوکێ"، "پیاوێک کە چوو بۆ سەیران" و ... لە ئەستۆدا بوو.

نمایشی کورتە فیلمی "ھاوار" لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان، لەوانە؛ "کلرێمۆنت فڕاند"ی فەڕەنسا، "ھامبۆرگ"ی ئەڵمانیا، "سائۆ پائۆلۆ"ی بڕازیل، کورتە فیلمی تاران، سۆنی، ئیسفەھان، وارێش، باران و چەندین فیستیڤاڵی دیکە پێشوازیی لێکرا و کاندیدی باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی گرنگی "کلرێمۆنت فڕاند" لە وڵاتی فەڕەنسا بوو.

ھەروەھا فیلمە تەلەڤیزیۆنییەکانی "ساتەکان دەفرۆشرێن"، "تێستێک لە شاردا"، "ئاوابوونی ھەتاو"، "دارێک کە بە با دەخنکا"، "لەو ساتەی کە ئاور بوونی ھەیە"، "رەنج نامە"، "لەو سانەی کە تیغ بوونی ھەیە، قوربانین"، "مەشخەڵان" و ... ھەندێک لە بەرھەمەکانی ئەم دەرھێنەرەن.

زەبیحی لە ساڵی ٢٠١١ فیلمی دیکۆمێنتی "کێلێک بۆ گۆڕیی برا شەھیدەکەم"ی ساز کرد. ئەم فیلمە ٤٠ خولەکییە کاندیدی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "خۆڕاگریی" بوو و لە ٦٥ ناوچەی سنووریی لە ١٦ پارێزگای ئێران و ھەروەھا ٩ وڵاتی جیھان، لەوانە؛ کۆریای باشوور، لوبنان، تورکیا، ھیندستان، مالیزیا، بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، ئەرمەنیستان، کینیا و فەلەستین (غەزە) نمایش کرا.

ئەم فیلمە ھەروەھا لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی ئایینی "رۆیش" لە شاری مەشھەد، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی بەدەستھێنا و ھەروەھا لە شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت"ی تاران لە ساڵی ٢٠١١ توانی پلەی یەکەمی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم ڕووداوە سینەماییە لە بەشی "جەنگ"دا بۆ خۆی مسۆگر بکات. "محەمەد ڕەزا ئەسڵانی" دەرھێنەر و دیکۆمێنتسازی ناودار و بەرچاویی سینەمای ئێران، سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی ئەم خولەی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" بوو.

ھونەرمەند "رەحیم زەبیحی" وەکوو روخسارێکی ناسراو لە بواریی فیلمسازی، ئەندامی لێژنەی دادوەران و لێژنەی ھەڵسەنگاندنی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "ئامێد" لە ساڵی ٢٠٠٥، ئەندامی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی "سلێمانی" لە ساڵی ٢٠٠٤، ئەندامی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی "رانیە" لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو و یاریدەدەری دەرھێنەر و بەرنامەداڕێژی فیلمی سینەمایی "ئەسپ" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "مەھدی ئومێد" بە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی "توورەج ئەسڵانی" لە ساڵی ٢٠٠٥ و ئەندامی گرووپی دەرھێنانی فیلمی سینەمایی "تەنیایی با" لە دەرھێنانی سینەماکاری لوڕ "وەحید مووسائیان" لە ساڵی ٢٠٠٤ بوو.


ناوەرۆکی بابەتەکانی زیاتری فیلمەکانی زەبیحی سەبارەت بە توندووتیژی ژنان و منداڵان و ھەروەھا قوربانیانی جەنگ بوو. ئەم سینەماکارە کوردە لە زیاتر لە ٥٠ رووداوی سینەمایی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا بەشداریی کرد و خەڵاتی جۆراوجۆری بەدەستھێنا.

"رەحیم زەبیحی" دەرھێنەری سێ فیلمی بڵیندی سینەمایی "نیشتمانی ئەفسانە" "بابا نۆئێل گریا" و "رۆژی دواتر" لە کارنامەی ھونەریی خۆیدا بوو کە "نیشتمانی ئەفسانە" بە ڕوانینی مرۆڤانە بە قوربانیانی جەنگ و بابەتی ڕووخانی رژیمی بەعس و محاکمەی بەرپرسانی؛ لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە ساڵی ٢٠١٨ لە بەشی پێشبڕکێی "سینەماکارەکانی سەردەمی ئێستا" لە شەست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "لۆکاڕنۆ" لە وڵاتی سویسڕا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە درێژەدا لە رووداوە گرینگە سینەماییەکانی دیکەی جیھانیش نمایش کرا.

ئەم فیلمسازە کۆچکردووە، ئێوارێی رۆژی ھەینی ٧ی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٨ لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ "کەیوان زەبیحی" برای لە جادەی گوندی "نیزە روود" سەر بە شاری بانە، لە رووداوێکی پێکانی دەستکرددا و سووتانی بە ئەنقەستی ئۆتۆمبێلەکەی، بە شێوەی گوماناویی و دڵتەزێن، زۆر ناجوامێرانە کوژرا.

بۆ زانیاریی پتر:

www.idfa.nl/en/film/e2459a65-4b02-4731-be76-6d55e34bc056/holy-bread


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز"
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک