په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٤

 نان و ئازادیی.


بەنگین پیرۆت نورى   


هێشتا ماندووە لە چاوەڕوانیدا چاوەکانى پشویان نەدابوو نیوە خەوتو نیوە بێدار بوون. هەر بەم حاڵە، شڕە بەتانیەکەى کە نیگارکێشێک خەونى برسیەکان نیگار بکات هەمە چەشن نەخش و وێنە کرابوو.


لەسەر جەستە شەکەت و تێکشکاوەکەى لایدا،بەدەم باوێشکەوە هەناسەیەکى قوڵى هەڵمژى،سەرماى بو،پێدەچو لە دوێنێ وە هیچى نەخواردبێ دەنگى هەڵبڕى گڕ و ناخۆش بو سکى قوڕە قوڕى دەهات بۆنى ناو دەمى ناخۆش بوو. بابە برسیمە ئاى بابە تۆ لەکوێى برسیمە،چ دەنگێک جگە لە بێدەنگى وەڵامى نەدایەوە،سێ بارە و چەند بارە وەڵام هەر نەبوو.


کە سەیرى ئاسمانى بێکەسى خۆى دەکرد،هەورێکى بۆر غەزەبى برسیەتى زیاتر دەکرد کە بە سوارى گالیسکەى ڕەشەبا،سەرماى وشک بەدواى خۆیدا ڕادەکێشێ. ئازارى برسیەتى واى لێکرد سکە بەژانەکەى بداتە بەر ئەو خۆرەى لەقلیشاى پەنجەرەوە هەمە جۆر خۆى دەنواند و دەهاتە ژورە سارد و سڕەکەى،وردە وردە گەرمى بۆوە، شریتى خەیاڵى نان و خۆرى گەرم لەپڕێکدا پچڕا. هەرکە هەستایە سەر پێیان کەوشە هەریەک لەڕەنگەکانى لەپێى قاچە تەزیوەکانى کرد،موچڕکى سەرمایەکى سڕ و تەزیو لەبنى پێیانى ڕۆچو لەتەوقى سەرى دەرچوو.


هەناسەسارد و بێ ئومێدانە بە هەنگاوە قورسەکانى ڕێى دەبڕى و بەدەم هەنگاوى رێِگەوە دەیوت:بابە نان بابە نان" ئەو وشە تەزیو و بێ وەڵامانەى بەگوێى شوستە و درەختە سەرما بردوەکانى بێدەنگى دەچرپاند.


لە دوورەوە دەنگى خەڵک ئاوازێکى غەمناک بوو،بۆیە پێیەکانى وەکو لەسەر پشتى مانگا بێت زەوى نەدەگرت و بە نزیک بونەوەى،ئاپۆراى خۆپیشاندان ئەو ئاوازە غەمناکە وەکو هاژەى شەلالێک وابوو. چ جۆرە خەڵکێک جێگەى پرسیار بو،زەرد و لاواز و بنێس،گالیسکەى غەزەبى برسیەتى نانى ئەوانیشى ڕفاندبوو،بەقاچ و دەست و دەمو چاو و لێوە قەلشیوەکانیان لە مرۆڤى مردوى ناو گۆرستان دەچوون،هۆروژمى ئەو بارو دۆخە نالەبارە تا دەهات تەوژمى زیاتر دەبو،لەو ساتە جەنجاڵ و ئاڵۆزەدا پروشە بەفرى چیاکان لەسەر باڵى بەهار هەڵى گرتبوون مژدەى توانەوەى ئازارى ستەمى برسیەتى و زستانى ئەدا. خەڵکەکە لێکڕا یەک دەنگ هاواریان دەکرد "نان و ئازادیی" "نان و ئازادیی" هاژە هاژێک وەک شەپۆلى دەریا کەس گوێى لەدەنگى کەس نەبوو. منداڵە برسى و زەبونەکە کەوتە ژێر پێیە شقار شقاربووى خەڵکە برسیەکە، هەر جارەى شوێنێکى جەستەى دەکەوتە بن پێیەکان.نەدەسرەوت هەر هاوارى دەکرد "بابە نان بابە نان" باوکى ناڵەى ناسۆرى نەبیست نان و ئازادیی بۆ بێنێت، جا کێ ناڵێ باوکى پێش ئەم نەبۆتە قوربانى نان و ئازادیی.
 

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک