کورتە چیرۆک:
نانخواردن.

نەوزاد بەندى (نەوزاد
ئەحمەد حسێن)
ئەوە پیشەى یەکەمجاریان نەبوو ، بەڵکو ئەتوانرێت یان ئەتوانرا بووترێت
یان بووترایە (ئەمە بۆ ئەوەى ئەو مامۆستایانەى ڕێزمان لە یاد نەکەین کە
زۆرجار ساڵەهاى ساڵ لەسەر ئەلفێک مشت و مڕیانە و پاشان کورت و موختەسەر
ئەیکەنە شەڕە جنیو ) ئەگەڕێمەوە و ئەڵێم بووترایە ئەو حاڵەتە بوبوە داب
و نەریتێکى ڕەسەن ، ئیتر لەو جێگایانەى کە ناتوانن شتێک بەرهەم بێنن ،
داب و نەریت و تەڵاق و سوێند و سەنگەرلێدان و جڕت و فیکە و دەست
بەدیوار و نوشتە و چاوپیسى و سیخوڕى و قسەکردن بازاڕیان ئەوەندە گەرمە
نەبێتەوە ..
جا ئێمە حەقمان چیە ؟؟
-(هیچ !! )
هەمیشە وایان ئەووت : ( هیچ ) ئەوەندەى وشەى هیچ بەکار دەهات ووشەیەکى
تر زاتى نەدەکرد داواى ژمارەیەکى پێوانەیى بکات لە ئاخاوتنەکانیاندا..
هەموویان پێڵاوەکانیان دادەکەند و لە تەنیشت سینیەکەوە بە دوورى
هەنگاوێک یان ئەوپەڕى دوو هەنگاو ڕیزیان دەکردن یان هەندێک جار بە
تێکەڵ و پێکەڵى بڵاویان دەکردنەوە ، ئینجا دادەنیشتن و چاویان دەبڕیە
سینیە فافۆنەکە کە بریقەیەکى دڵتوندکەرى هەبوو ..هەموویشیان بۆنى
پێڵاوەکان دەچووە لوتیانەوە کە بە کورتى کارلێکى نێوان گۆرەویەکانیان و
چەرمى پێڵاوەکانیان بە یارمەتى عارەقى نێوان پەنجەکانیان کە بۆگەنێکى
واى لێ دروست دەبوو ڕەنگە بڵێم لە کەلاکێکى بۆگەن دەچوو ..
جا چیە ؟؟
-(هیچ !! )
ئەوان داب و نەریتیان جێ بە جێ دەکرد ، هەریەکەیان پەلامارى قابلەمەى
نانەکەی ئەدا و نانێکى لەسەر ئەژنۆى چەپى دادەنا ، نانەکە بە دوو قەدى
لەژێر مەچەکى چەپیاندا زیندانى بوو ، تەنها ئەو کاتانە ئازادى دەبینى
کە بۆ ماوەى چرکەیەک مەچەک بەرز دەبۆوە بۆ ئەوەى دەستى ڕاست پارچەیەکى
تر لێبکاتەوە و ئاڕاستەى ماستەکەى بکات کە بە حیساب لە ناوەڕاستى
سینیەکەدا دانرا بوو ، لە ناو چینیەکى گوڵشینى شیریدا .. بەڵام ئەو
قاپە ماستە بەردەوام بە حوکمى پەلامارى ئەملا و لا دەچووە کەنارەکان و
جۆرە تەقە تەقێکى لێهەڵدەستا وەکو دەنگى قاچى ئەو سەماکەرانە وابوو کە
پێڵاوى تەختە لە پێ دەکەن بۆ ئەوەى تەقەیەکى رەِق پێشکەش بکەن ، ئیتر
نازانم ئەوە چ خۆشیەکى تێدایە ؟؟
-(هیچ !! )
ئەوان وایان دەووت و ئامادەیش نەبوون سەیرى یەکترى بکەن ، چونکە تۆ
دەڵێیت(هیچ ) و تەماشاى کەسێک دەکەیت ، ڕەنگە ئەو کەسە بیباتەوە سەر
خۆى و بە کورتى ببێ بە شەڕ ، بە تایبەتى ئەوان کە هەموویان شت بوون ،
ئیتر هیچ بەکارهێنان بە تایبەتى بەو ژمارە زۆرە لێزانینێکى زۆرى گەرەکە
، وەکو ئەوەى یان ڕاستتر وەک ئەوەى چونکە ئەو (و) وە بەڕاى ئەوان زیادە
مەسرەفیە ، ئینجا بزانە چەند زەحمەتە قسەکردن لەگەڵ ئەوەى قسەکردن
زۆرترین چالاکى بوو لەوێندەر ..
یەکێکیان ووتى :
-( ئۆباما لەوە دەچێ زۆر تاقەتى نەبێت و هێزەکانى بکشێنێتەوە )
-(ئەرێ ئەوەندە ماستمان خوارد ناوسکما بۆیاخى سپى وەرگرت )
-( مارادۆنا خەون بەوەوە ئەبینێت هەڵبژاردەى ئەرجەنتین بگەیەنێتە
پاڵەوانێتى باشوورى ئەفریکا )
-(ماوەیەکە هەست دەکەم مریشکى شامى لە ژێر پردەکەدا کەم بۆتەوە یان
ڕاستتر نەماوە )
-(ئەرەوەڵڵا هەر لەسەر سنوور نەیانهێشت داخیلى ووڵات بێ .. ئەو نەگبەتە
، سەرۆکى هیندوراس )
-( ئەڵێن ئەم گۆشتەى لە بازاڕدایە بە جۆرە هۆرمۆنێک پەروەردە کراون کە
دەبێتە هۆى دروستکردنى کیس لەسەر هێلکەدانى خانمان )
-(ئەشەوبیلا شوتى ئەمساڵ گاڵتەى پێناکرێت )
-( ئەڵێن سوعاد حوسنى نەمردووە و لە لادێیەکى دوورە دەست ئەژى )
-(فەریکە نۆک هەر لاى خۆمان ئەخورێ )
-(جاران بە قەڵەمێکى ڕەساس مانگیک وەزیفەمان ئەنوسیەوە کەچى ئێستا .. )
-(باشە با جان فاڵجان ئەو نانەى نەدزیایە ؟ باشە تۆ بڵێى فیکتۆر هیگۆ
لەوەوە ئیلهامى وەرنەگرتبێ کە ئادەم و حەوا سێوێکیان لە بەهەشت دزى
ئیدى ڕۆمانى ژیان و بوون هاتە ئاراوە ؟ )
-( کاکە گیان ! ..کنگر ئەگەر هەموو دڕکەکەیشى نەتاشى ، هەر دەخورێ ،
چونکە تۆ ئەیکوڵێنى )
-( ئەڵێن 40 ساڵى تر ئەم ووڵاتە ئەبێ بە بیابان )
-( جا بە ئێمە چى ؟؟ )
هەموویان وتیان : ( هیچ )
ئەمان داب و نەریتیان جێ بە جێ دەکرد.
nawzadbandy@yahoo.com
|