نانیان مەبڕن، پڕۆتۆکۆڵ ببڕن..!!
لەم ماوەیەش بۆ چەندین جار شۆفێرى لۆریە بارهەڵگرەکان دەستیان کردەوە بە مانگرتن و نەچوونەوە سەر کار، ئەمەش دەنگدانەوەیەکى لە کەناڵە راگەیاندنەکان لێکەوتەوە، ئەوان هۆکارى مانگرتنەکە دەگەڕێننەوە بۆ پەیڕەو کردنى سیستەمى ترانزێت، ئاخر خۆ مەرجى سەرەکى بوونى سیستەمى ترانزێت وەک شارەزایەکى بوارى ئابوورى گوتى" دەبێت ئەو کاڵاو شمەکەى بە شێوەى ترانزێت هاوردەى کوردستان دەکرێت نابێت لە ئێرانەوە بێت، بەڵکو دەبێت ئەو بارەى کە بە ترانزێت دێت خاکى وڵاتێک ببڕێت و دانەبەزێت" ئاخر کەى ئەوە ترانزێتە؟ ئەمە بەرنامەیەو پڕۆتۆکۆڵێکى نێوان چەند کۆمپانیایەکەو بەس، شۆفێرێک دەیگوت" ئەگەر ئەو کاسبیەمان ببڕن، لەوانەیە مەترسى لێبکەوێتەوە" ئاخر خۆ ئەو هاوڵاتیە راست دەکات، کەسێک بەبەردەم ماڵى تۆ تێبپەڕێت و کاسبى تۆ دەست بەسەردابگرێت و تۆش هیچ کارێک نەکەیت و لێتنەگەڕێن، دڵنیابن کارەساتى لێدەکەوێتەوە و لەوانەیە بەرەو توند و تیژى بچێت. زۆرینەى ئەو شۆفێرانەى لەم سنوورە کاردەکەن هەموویان ماڵ و منداڵیان لە ئەستۆدایەو هەر لۆریەک دوو سێ خێزان بەڕێوە دەبات و بە چەند کەسێک لۆریەکیان هەیە کارى پێ دەکەن.
بۆچى لایەنى پەیوەندیدار بۆ پەیڕەو کردنى پرۆتۆکۆڵێک کێشە بۆ ئەم خێزانانە دروست دەکات؟ ئاخر هەر لە گەرمیان لەبەر بێکارى بوو کە هاوڵاتیان دەستیان لەگەڵ تیرۆر تێکەڵ کردبوو وەک کە لە گۆڤارێک بەدواداچوونى بۆ کرابوو هاوڵاتیەکى گەرمیان وتبووى" تیرۆر بۆتە مۆدێل بۆیە لەبەر بێکارى هەموو کەسێک دەیکات بۆ بەدەست هێنانى بڕە پارەیەک" لە رۆژنامەیەکى دیکەش نووسرابوو" هاوڵاتیانى کەلار لەبەر بێکارى هانا دەبەنە بەر تیرۆر" ئەگەر بە عەقڵانەش بیر بکەینەوە باڵەکایەتى ناوچەیەکى سنووریە، ئایا بیر لەوە نەکراوەتەوە هێزێکى سیاسى توندڕەو بێتە سەر سنوورەکان و هاوڵاتیانى ئێرەش بەمجۆرە دەستیان لەگەڵ تێکەڵ بکەن بۆ بڕە پارەیەک بۆ منداڵەکانیان؟ بۆچى بەزۆر دەیانکەن بە دوژمن و بە هەڵسوکەوتى نابەجێ کاردانەوەى نێگەتیڤیان هەبێت بۆ بەرامبەر؟
ئاخر هەمیشە وڵاتەکانى دراوسێ بۆ مەرامە گڵاوەکانیان و نانەوەى کێشە لەنێو ئەو کوردستانەى ئێستا ئارامگەى ئێراقە درێخیان نەکردووە، ئەى ئەگەر وەک وڵاتى"پیرۆ" کە هاوڵاتیانیان بۆ دەربڕینى ناڕەزایى خۆپیشاندانێکیان ئەنجامداو شەقامى سەرەکیان پڕ کردبوو لە بەرد و دار هەرچى دام و دەزگاى میرى هەبوو لە ناوچەکە تێکیان شکاند! ئەى ئەگەر ئەوانیش ئەم هەڵسوکەوتەیان نواند؟ ئاخر لە وڵاتێکى دیموکراسى ئەم کارانە ئەنجام دەدرێن، چونکە راى بەرامبەریش بە پۆزەتیڤ وەردەگیرێت بۆ چارەسەر کردنى ئەو کێشەگەلانەى کە ڕووبەڕووى هاوڵاتیان دەبنەوە. دەبوایە لایەنى پەیوەندیدار چارەسەرى ئەم کێشانە بە ئەرکى سەر شانى خۆیان بزانن، نەوەک وەکو بەرپرسێکى باڵا لەم ماوەیە وتبووى من 10 تەکسى کوردستان دەنێرم بۆ هێڵى حاجى ئۆمەران-سۆران بۆ ئەوەى نەفەر بار بکەن، تاکو ئەو کاسبیەى هەیانە نانبڕى بکات !!
لێرەدا یەک شت گرنگە کە لایەنى پەیوەندیدار
ئەنجامى بدات: سیستەمى ترانزێت ئەگەر بە هەموو مەرجەکانیەوە کارى
پێدەکرێت پەیڕەو بکرێت، ئەگینا با لەو خەڵکە بگەڕێن کاسبى خۆیان بکەن و
ماڵ و منداڵى خۆیان بەخێو بکەن، با بۆ بەرژەوەندى تاک و بەدەست هێنانى
بازرگانى و کۆکردنەوەى ماددە و واژۆ کردنى پڕۆتۆکۆڵ نەبینە هۆکارى
شێواندنى کۆمەڵگاو دوایى پەشیمانى دادمان نادات، ئەو بازارەى کە ئێستە
ئەو شۆفێرانە بارى لێ بار دەکەن هەر بمێنێت، بۆ ئەوەى لە هەموو لایەک
سەقامگیر بوونى کوردستان لە ئەستۆ بگرین و هەموو تاکێکى ئێمە هەست بە
بەرپرسیاریەتى بکات بەرامبەر بە خاک و مەملەکەتى خۆى.
چۆمان
|