ناردنەوەى
پەنابەران و پشتى پەردەى هەوڵەکانى حکومەتى مالیکى و بەریتانیا.
دەشتی جەمال
دوای ئەوەی ڕۆژی پێنج شەمە 15-10 40 یەکەم وەجبەی پەنابەری عێراقی کە
زۆربەیان کورد بوون لە فرۆکەخانەی ستانستید بەزۆرملی بە فرۆکەیەکی
ئیتالی دیپۆرتی فرۆکەخانەی بەغدا دەکرێنەوە، پاش چەندو چوونیکی زۆر
تەنها 8 پەنابەر وەردەگرنەوە و 36 پەنابەرەکەی دیکە ڕەوانەی بەریتانیا
دەکرێتەوە. لەو بارەیەوە هەردوو وەزیری کۆچ و پەنابەری عیراقی و ووتە
بێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو چەواشەکردنی ڕاستیەکان وەک
هەمیشە کەوتنە بڵاوکردنەوەى کۆمەڵێک پرۆوپاگەندە وگوایە حکومەتەکانیان
"هیچ پەنابەرێکی بەزۆر نێراوە وەرناگرنەوە "وەیان"ئەو پەنابەرانە
جەزائیر بوون بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری بە بەڵگەنامەی ساختە خۆیان
کردۆتە عێراقی"!
هەڵرشتنی ئەم پرۆپاگەندانە لەلایەن حکومەتەکەی مالیکی وحکومەتی هەرێمی
کوردستانەوە بۆ بەردەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی خەڵکی عێراق
وکوردستان، جگە لە مەرامێکی سیاسی بۆ بەکارهێنانی کارتی پەنابەران لە
گریبەستی بازرگانی و داننان بە دەسەڵاتە میلیشایییەکەیان ناتونرێ هیچی
تری لێ سەوز ببێت.
وەرنەگرتنەوەی ئەو 36 پەنابەری دیکە لە فرۆکەخانەی بەغدا هەروەک
حکومەتی بەریتانیا خۆشیان ئاماژەیان پێداوە بەهۆی کێشەیەکی ئیداریەوە
بووە لەلایەک و وەلەلایەکی تریشەوە بەهۆی ناڕەزایەتی وئاماژەکانى
ڕێکخراوەی نەتەوەیەگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران بووە کە ڕۆژێک بەر
لەناردنەوەیان لە دانیشتنێکی نێوان نەتەوەیەکگرتووەکان وحکومەتى
بەریتانیدا هەردوو لا رێکەوتن لەسەر راِگرتنى ئەم وەجبەیەى دیپۆرتى
پەنابەرانى عیراقى. ئەم ڕاستیەش لەڕاگەیاندێکی رێکخراوی نەتەوە
یەکگرتووەکاندا هاتووە و دەڵێت: " ئێمە حکومەتی بەریتانیامان
ئاگادارکرادۆتەوە کە ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران لە ئێستادا بۆ
ناوەراست و باشوری عێراق رابگرن چونکە کاریکى ئاوا ئاماژەیەکى خراپە بۆ
سوریاو ئەردەن و ووڵاتی دراوسیە کە پەنابەرانی عیراقی زۆری لێیە
ودەستیان ئاوەڵا دەبێ بۆ ناردنەوەیان".
پەنابەرانی عێراقی چۆن دەتوانن باوەر بەو پروپاگەندانەى بهێنن
کەلەلایەن هەردوو حکومەتى عیراقى و هەرێمە سەبارەت بەکۆمەکنەکردنى
دەوڵەتانى ئەوروپایى بۆناردنەوەى بەزۆرى پەنابەران بڵاویان کردۆتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کەهەردوو ئەم حکومەتە لەماوەی ئەم دووساڵەدا بە
ئاشکراو بەنهینی چەندین ڕێکەوتن نامەیان لەگەڵ ووڵاتەکانی وەک سویدو
دانیمارک وبەریتانیا نەرویج وفنلاندو...وڵاتە کانی تردا بەستوە تا
ئەوەی سیاسەت وپرۆژەى حوکمڕانى لەعێراقدا وکوردستاندا بەحاڵەتێکى
دیموکراسى و ئارام و ئاسوودە بەسەر ڕاى گشتىداسەپێنین. تەنانەت هەردوو
ئەم حکومەتە ئامادەش بوون بەتەواوى تواناوە کۆمەک وهاوکارى
بخنەخزمەتەوە تا ڕێگا خۆشبکەن پەنابەران دیپۆرتی عێراق بکرێتەوە.
لەمەش زیاتر ووتەبێژی باڵویزخانەی بەریتانیا لە بەغدا هەر زۆر زوو ئەو
ئیدعا پووچانەی حکومەتى عێراقى وهەرێمى وەڵام دایەوە بەوەی
کە"گەڕانەوەی ئەو پەناخوازانە بۆ بەریتانیا بە هۆی کێشەی ئیداریەوە
بووە ،هەوڵیش ئەدەین چارەسەر بکەین"هەمان ووتە بێژی وەزارەتی ناوخۆی
بەریتانیا وەرگرتنەوەى ئەو 8 پەنابەرەشى لەو پەنابەرانەی تر بە
حاڵەتێکی ئیجابی وەسفکرد وڕاشیگەیاند بەردەوام دەبن لەسەری.
جەنابانى حکومەتەکانى مالیکى وهەرێم، ئێوە خەریکن ئەو ڕاستیە پەردەپۆش
دەکەن کەدیاردەى پەنابەریتى خەلکى عێراق و کوردستان، بەرهەمى سیاسەتى
چەوت وکارنامەى ڕەشى ئێوە و ئەو کارەسات و موسیبەتە گەورانە بووە
کەکردوناتە نسیبی هاووڵاتیانى بندەستان و ئەمرۆش خەریکن بازرگانى
سیاسەت و بازاڕى خۆتانى پێدەچەرخێنن.
سیاسەتی دوورووی ووڵاتانی ئەوروپا و دەزگاکانى ڕاگەیاندنیان ئەوەى تیا
جێدەبێتەوە، ئەم پروپاگەندە چاوەشەکاریانەى ئیوە بگرێتەخۆى بەتایبەتى
کاتێک باس لە عێراق و دەوڵەتی مالیکی و حکومەتی هەرێم وەک دوو نموونەی"
دیموکراسى و ئارامی " دەکەن. لەولاشەوە ئەوەى ڕاستی حاشا هەڵنەگرە
ئەوەیە کەحکومەتەکانى ئێوە جگە لە دەسەڵاتى ئەحزابى میلیشایى
وتایەفەگەرى و قەومى ودینى شتیکىترنیە. هەوڵى ووڵاتانى ئەوروپاش
بۆروسپىکردن ونیشاندانى دیموکراسى ئەم دەسەڵاتانەیە.
لە ڕووی مەنیق و بنەما ئینسانیەکانەوە حکومەتەکانی ئەوروپا ئەوپەری
بەرپرسیارێتیان لەسەر شانە بەرامبەر ئەو هەڵومەرجە مەرگەساتە کە
ڕوولیان بووە لە خولقاندنیدا ، ولەسەریانە باجەکەی بدەن.
ئێوەش کە تەبلیغات وهەراوهوریای چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە ، لەکاتێکدا
کە لەدووساڵی ڕابردوودا بەردەوام هەرسێ فرۆکەخانەی بەغداوسلێمانیو
هەولێر پێشوازیکردوە لەوەرگرتنەوەی پەنابەرانێک کە بەزۆرە ملی لە سویدو
دانیمارکو بەریتانیاو بەلجیکداو سویسراو .. دیپۆرتکراونەتەوە ،بەڵگەو
ڕاستیەکان سەنگی مەحەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئیداعاکانتان.
جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە پەنابەران کاڵای هەرزان بەها بازاری سیاسی
ئێوە نین بۆ ساتو سەودا مامەڵەی سیاسی خۆتان بەکاریان بهێنن ،داهاتوو
ریسوای بۆ دۆژمنانی پەنابەران ، و سەرکەوتن بۆ هیزی یەگرتووانەی
پەنابەران ورێکخراوە ئینسانی و پەنابەری وبەرگریکەرانی مافە
ئینسانیەکانی پەنابەران دەبێ.
dashtyjamal@hotmail.co.uk
|