په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١٢

ناڕەزایەتی گشتیی و ھەڵوەشاندنەوەی ئێران.


تەوار شەریفی      

 

لە مێژووی ھاوچەرخی ئێراندا و ھەر لە کۆتاییھێنان بە دەوڵەتەکانی قاجاڕ و پەھلەوی ١ و ٢، کردارێکی مەدەنییانە و جاروباریش ھەڵکشان بەرەو کاری نیزامی رۆڵی بینیوە. ئەم کردارەش "ناڕەزایەتی گشتی" بووە کە توانیویەتی رێگا بۆ رووخانی دەسەڵاتەکانی رابردوو خۆش بکات.


کۆماری ئیسلامیش فشارەکانی بۆسەر خەڵک زیاد کردووە، چونکا ئاستی ناڕەزایەتییەکان زۆر بووە.


لە پاش دروستبوونی جموجۆڵەکانی ناوچەکە و رووخانی چەندین دیکتاتۆری گەورەی وەک موبارەک و قەزافی و بن عەلی و شەقبوونی وڵاتی سوودان و سەربەخۆیی بەشی باشوورەکەی لەگەڵ دروستبوونی جموجۆڵ و دابەشکاری و ھێڵکاریی تازە لە خۆرھەڵاتی ناوین و بە گشتی دنیای پاشکەوتووی رۆژھەڵات و تەشەنە کردنی ئاگری مافخوازیی گەلانی خۆرھەڵاتی، کۆماری ئیسلامیش ھەست بە مەترسییەکی جددی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتەکەی دەکات.


لەگەڵ ئەوەیدا ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ئێران، لە ھیچ چەشنە کردارێک بۆ سەرکوتی جووڵانەوەی نەتەوە و کەمایەتییەکانی ئێران خۆی نەبواردووە، بەڵام بە ئاگرکەوتنەوە لە سووریا و دەوروبەری حیزبوڵڵای لوبنان، ھەستی بە نزیکبوونەوەی مەرگ کردووە و بۆیەش بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵ دەدات – بە دوو بواری جیاواز و دژبە یەکیشدا بێت، کە یەکەمیان دیپلۆماسی کاتکوشتن و دووھەمیش خۆتەیارکردن بە چەکی مەترسیداری ناوکییە – ئەم بارودۆخە قەیراناوییەی ئێستای بە دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنیی تازە و کاراتر لە جاران تێپەڕ بکات.


ئەمساڵیش بە پێچەوانەی ساڵان، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و ئەو شوێنانەی وەک بەلووچستان و ئەحواز کە خەڵکێکی جوامێر و ئازایان ھەیە، فشارەکانی گەیاندووە بە لووتکە و ھەر لە چەند رۆژی رابردوودا دەیان کارەساتی خولقاندووە. کەسایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی خستوەتە ژێر فشارەوە و چەندین کەسایەتیی ئایینیی لە ناوچە بەلووچنشینەکان تیرۆر کردوە، ئەو سیاسەتەی لە کوردستاندا و بەرانبەر کەسە ئایینی و نەتەوەییەکان گرتوویەتەبەر، ئێستا گەیاندوویەتی بە لووتکە.


تیرۆر و ئازاری سەرکردەکانی جووڵانەوەی بەلووچ و عەرەبیش وەک جووڵانەوەی کورد مەبەست و ئامانجی کۆماری ئیسلامییە.


شێوازی لەسێدارەدانی نھێنی گەیشتووە بەو ئاستەی کە بۆ شوێن ونکێ، دەیەوێ زیندانی گەورە و پڕ مەترسیی "ئێڤین" لە تاران بکات بە شوێنی گەشتوگوزاری و باخچە و سەوزایی و مرۆڤەکانیشی بە ھەموو شێوەیەک لەسەر جوغرافیا بسڕێتەوە کە زۆربەیان زیندانیانی سیاسیی گەورەی کورد و ئێرانین و ھیچ باجێکیان بە دامودەزگاکانی رژیم نەداوە. ئەمەش پەیامێکی تازەی بۆ ڕای گشتی پێیە: قەتڵە زنجیرەیییەکان دەست پێدەکاتەوە و لە ئاستێکی ئێجگار بەرفراواندا ئەم پیلانە بەڕێوە دەچێت، چونکا ئێمە لە بۆکان بینیمان کە کرداری دزێوی دامودەزگاکانی رژیم وای لە خەڵکی ئەو شارە ھەمیشە قارەمان و ئازایە کرد، بیر لە شکانی کەرامەتیان بکەنەوە و بڕژێنە سەر شەقامەکان و ھەمووی ئەم کارانەش دەستە نھێنییەکانی رژیم کردیان کە نموونەیان ئێستا لە سووریادا زۆر پڕکارن و بە ناوی "شەبیحەکانی ئەسەد"ەوە خەریکی تیرۆری پان و بەرینی کۆمەڵکوژانەن.


لە پێوەندی لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگادا ھەست بەوە کراوە کە رژیم نایەوێ ھیچ مافێک بە خەڵک بدات، بەڵکو دەیەوێ ئەو باجانەی لە ساڵانی رابردوودا بە رۆژئاوا و وڵاتانی رووسیا و چین – ی داوە بگەیەنێ بە ئاستێکی زیاتر، بە ڵام رازی نابێت مافەکانی خەڵک دابین بکات.


دەیەوێ ھەموو گرووپەکانی تیرۆر و فشار بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی پەرە بستێنن، بەڵام حازر نییە لە ژێر چەتری ئەودا دیمۆکراسییەکی لاوازیش دەسەڵاتی ھەبێت.


خۆیان و گرووپ و دارودەستە مافیایییەکانیان بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ دەرەوەدا خەریکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و نەوت فرۆشتنن بەڵام ئامادە نین کۆڵبەرێکی کورد بە سانایی ٢ سندووق چایی لە سنوورەکاندا ئاڵووێڕ پێبکات و سزای ئەم کاسبکارە بێکارکراوە بە پێی یاساکانی ئەوان مردنە.


لە بەناو ھەڵبژاردنەکانیاندا زۆر بە ئاسانی تەزویرات دەگاتە لووتکە و لە شارێکی گەورەی وەک ئیلام بۆ پەەپێدانی کردەوەی دەستکاریکردنی دەنگەکان لەگەڵ خەڵکەکەشدا بەگژ یەکتردا دەچن، بۆ ئەوەی دیمۆکراسیی خۆیان جێگیر بکەن.


لە سەرانسەری کوردستانیشدا برسیکردن و نانبڕینی ئاشکرای خەڵک بە داخستنی کارگە و کارخانەکانی کوردستان دەستی پێکردووە، ئەمەش بۆ کشانی پتانسییەلی کاری کوردستانە بۆ تاران و ناوچە دەوڵەمەندە فارس نشینەکان، کە چەند مەبەستی سەرەکیی بەدوادا دێت و بە قازانجی رژیم دەشکێتەوە:


١- بە نەمانی ھێزی ئەکتیڤ و ناندەری کۆمەڵگا لە شارە کوردییەکاندا، گرووپە مافیاییەکانی خۆیان دەخەنە گیانی وەچەکانی ئەو ھێزە و باشترین پێشنیاریش بۆ راکێشانیان، دانی بڕێکی پارەیە کە ھاوکارییان بکەن.
٢- بڕبڕەی پەرەوەردەی نەتەوەیی کوردان کە باوکان و دایکانی کوردن، بە ئاستێک بگەیەنن کە لەبەرانبەر نەوەکانیاندا ھەست بە لاوازی بکەن و ئەمەش سەرەتایەکە بۆ دروستبوونی باوکی دووھەم لە بنەماڵەکاندا کە باوکی مافیای دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامییە.
٣- ستاندنەوەی کەرامەت و ویژدان لەو ھێزانەی دەیانەوێ سەرکێشانە دادپەروەری و رزگاریی کۆمەڵگاکەیان تاقیبکەنەوە و ھەوڵی رزگاری لە بندەستیی داگیرکاران بدەن کە گەنجانی نیشتمانپەروەری کوردن.
٤- دروستکردنی ئۆپۆزیسیۆنی دەسکردی خودی رژیم بە چەندەھا شێواز کە خۆی لە داوای (بێجگە لە نەتەوایەتیدا) پێناسە بکات. نموونەکەشیان ھێزی توندئاژۆی تالیبان خۆشەویستە، کە چەندەھا تاکی کوردی لە ئەفغانستان بەکوشت داوە.
٥- پەرەپێدانی لۆمپەنیزم لە کۆمەڵگادا و دابینکردنی ئامرازەکانی، کە یەکێکیان فرۆشی مادەھۆشبەرەکان و بڵاوکردنەوەیان لە کۆمەڵگادایە و ئەمەش سەرەتا و بیانوویەکە بۆ لە خشتەبردنی لاوانی کورد، کە لە رێکخستنەکانی خۆیاندا جێگەیان بۆ بکەنەوە.
٦- دروستکردنی ھێزی تێڵاوەشێن، کە بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر کەڵکیان لێوەربگرن. ئەمەش بۆ کاتە ھەستیارەکان دەیانەوێ و بۆ دەسەڵاتی خۆسەپێنی وەک کۆماری ئیسلامی پێویستن.

ئەم دیاردانە و دەیانی دیکەش لە حاڵێکدا سەریان ھەڵداوە کە ئیتر ناڕەزایەتیی گەلی گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوە و لەم ماوەیەی رابردوودا چەندین نموونەمان بەدیکردووە.


کاتێک ٤ کۆڵبەری کورد بە تاوانی کاسپیکردن لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانی رژیمەوە دەکوژرێن، خەڵک لە گوندەکانی "ماراغان" و"شێخەسور" ی ناوچەی سەردەشت رادەپەڕن.


ھەر لەم رۆژانەدا کەسێک لە ناوشاری سەردەشت دەکەوێتە بەرپەلاماری ھێزەکانی رژیم و لە کاتی گرتنیدا، خەڵک دێنە دەست و رزگاری دەکەن.
لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت ئێرانیشدا، دەنگۆی ناڕەزایەتی و لە ھەمانکاتیشدا فشارھێنانی دەسەڵات بۆسەر خەڵک بە مەبەستی وازھێنانیان لە داواکانیان زۆرە.


لە رۆژانی سەرەتای مانگی "مەی"دا کرێکاران و زەحمەتکێشان کەوتنە بەر ھەڕەشە و پەلاماری ھێزەکانی رژیم و دەیان چالاکی کرێکاری دەستبەسەرکران و تەنانەت رێپێوانی ھێمنانەی خەڵکی سنە"یان لەبەر یەک بڵاوکردەوە. ئەویش بە گازی فرمێسکرێژ، کە تاکو ئەم دوایییانە لە ئێراندا کەمتر بینراوە و دیارە رژیمیش بە حاڵی خۆی زانیوە و نایەوێ وەک ھێزەکانی ئەسەد بکەوێتە گەمارۆیەکی قووڵەوە و بە سەرکوتکردنی ئەم ناڕەزایەتییانە دەیەوێ وەک سووریا بەو قۆناغەدا تێپەڕ نەکات، کە مومکین نیە لەم چەند ساڵەی داھاتووشدا رژیم ئەو فشارە نێوخۆیی یەش بەرەڕووی خۆی نەبینێتەوە. چونکا رای گشتی جیھانی و ناوەندە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانیش باس لە ئێرانی پاش رووخانی ئەسەد دەکەن، کە دەبێتە قەیراناویترین وڵاتی خۆرھەڵاتی ناوین، کە ناڕەزایەتییە نەریتییەکانی ئەم وڵاتە، کۆماری ئیسلامیش لێک ھەڵدەوەشێنن.
 

 

ruk.party@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک