٣\٣\٢٠١١
ناڕەزایەتی بە
ناوی کێ و بەرەو کوێ؟!
سەلام عەبدوڵا
ئایا ناڕەزایەتی رێکخراو، حیزب و گروپ و کەسایەتییانە کە لە دەرەوەی
بازنەی ئۆپۆزیتسیونی ناو پەرلەمان چالاکن و رۆڵی لەبەرچاویان هەیە،
جیاوازییان لەگەل ئۆپۆزیتسیونی ناو پەرلەمان(ک.ی.گ)هەیە؟ دەتوانن رۆڵی
خۆیان ببین بۆ بەرەوپێشبردنی مێژووی نوێ؟
(کیگ) هاوپەیمانی ئیسلامی-لیبراڵی پێکدەهێنن و بۆ دەرچوون لەم قەیرانە
بانگەشەی حکومەتی تەکنۆکراتی دەکەن. ئەمە لە باشترین حاڵەت
رێگەچارەیەکی راستڕەوانەیەو ئیدیالەکان بەکاردەهێنن بۆ یاریکردن بە
هەست و سۆزی زیانلێکەوتووانی سیاسەت و ئابووری بازاڕی ئازاد و زەحمەتە
لایەن و کەسایەتی و رێکخراوە چەپەکان بە نوێنەرانی خۆیان بزانن.
ئەزموونی(ئاپۆ) لە ئەڵمانیا و بزووتنەوەی
خوێندکارانی فەرەنسا 1968.
لە کۆتایی ساڵانی شەستی سەدەی رابردوو لە ئەڵمانیا و فەرەنسا(ئاپۆ
کورتکراوی-Ausserparlamentarische Opposition )، واتە ئۆپۆزیتسیونی
دەرەوەی پەرلەمان، لەلایەن بەرگریکەران لە ژینگە، بزووتنەوەی ئاشتی،
رۆشنبیران، هونەرمەندان، خوێندکارە چەپەکانەوە درووست بوو و لەلایەن
فەیلەسوفەکانەوە(ئێرنست بلوخ، ئەدۆرنۆ، مارکۆزە، سارتەر)پشتیوانی و
رابەرایەتی دەکرا. ئەم بەرەیە لە غیابی ئۆپۆزیتسیونێک درووست بوو کە
نەیتوانی دەربڕی هەڵویست و داخوازییەکانیان بێت. ئەم ئۆپۆزیتسیونە دژ
بە مانەوەی(بەرپرسە فاشیستەکان)بوون لە دەسەڵاتەکانیان، وەک چۆن لای
خۆمان دژ بە بوونی(جاش و موستەشار و پیاوانی رژێمی بەعس)لە ناو ئیدارە
و حیزبەکان پێ قبووڵ نییە. هەروا دژ بە یاسا تایبەتەکان (قەدەغەکردنی
هاتووچوو، پشکنین و بازگە و هەڵکوتان بەسەر ماڵان)خەباتیان دەکرد. ئەم
رەوتە فرەلایەنە داوای پەیڕەکردنی یاسا دەستوورییەکان لەبارەی(ئازادی
بیروڕا، چاپەمەنی و کۆبوونەوە)یان دەکرد. بزووتنەوەی ئاپۆ پشتوانیان لە
بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی ئەو سەردەمە دەکردو رۆڵێکی بەرچەستەیان
هەبوو لە خەبات دژ بە شای ئیران، ڤێتنام...هتد و لەم پێناوەدا
قوربانیشیان دا، وەک(بینۆ ئۆنەزورگ) کە لەلایەن پۆلیسەوە کورژرا و
هەوڵی تیرۆرکردنی رابەرە بەناوبانگەکەیان(رودی دوتشکە)کە بەهۆی
برینەکەی لەچالاکی کەوت و لە1979 گیانی لەدەستدا.
لە کوردستان.
لەدەرەوەی ئۆپۆزیتسیونی(کیگ)، چەندین حیزب، رێکخراو، کەسایەتی، خەڵکی
چەپ، رۆشنبیر، رۆژنامەنووس، نووسەر، هونەرمەندی سەربەخۆ چالاکن و هەر
یەکێکیان سەنگی خۆیی هەیە، بەڵام ناڕەزایەتییەکانیان لەدەروەەی ویست و
ئارەزووی خۆیان لەگەل(کیگ)تێکەڵ دەبێ و قووتیاندەدەن.
ئەم هێزە تا ئێستا نەیتوانیوە خۆی لەناو هاوپەیمانی یان لە چوارچێوەی
بەرنامەی لایەنی کەم دیاری بکات و خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤ بناسێنێ. ئەمە
تەنانەت وای کردووە رۆژ بە رۆژ هەوڵی بێ ئەعتباری و پەراوێزکردنی دەدرێ.
چی بکەین؟
ئەم نووسینە هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ خۆناساندن وەک(بەرەی چەپ)
یان(ئۆپۆزیتسیونی دەرەوەی پەرلەمان) و رزگاربوون لە پەرتەوازی و
پێشنیاردەکەم:
کات و رۆژ و شوێنی کۆبوونەوەی گشتی رێکبخرێت و بەبێ موزایەدەکردن،
درووشملێدان و خۆزلزانی، بەشداری بکەین بۆ دیاریکردنی سەقفی داخوازی و
بەرنامەی لانی کەم و بەرنامەرێژی کارو چالاکییەکانی داهاتوو.
ئایا زەمینە لەبارە بۆ ئەم خۆرێکخستنە؟ دەمانەوێ یان دەتوانین ئەم
ئەرکە بەئەنجام بگەیەنین؟
سبەی خۆرهەڵدێت و ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئومیدبەخشەو ناڕەزایەتییەکان
بەردەوامن...ئێوەش وەک رێکخراو، کەس و لایەنی چەپ بە رەخنە، پێشنیار و
تێبینی بەشداری بکەن لە دیاریکردنی چارەنووسی ئەم پێشنیارە!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|