په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠١٩

ناڕەزایەتییەکانی عیراق بەرەو کوێ و ئەگەرە مەترسیدارەکان.


ھەژێن

 

ئەوەی داخوازییەکانی خەڵکی ناڕازی ڕەوان و ئەوەی کە پێویستە ناڕەزایەتی خەڵک دژی کۆمپانییەکان و فەرمانداریی و پارتییەکان پشتیوانیبکرێن، بۆ من وەک ئەلف و بێی خەبات و ئەرکی شۆڕشگەرانەیە. بۆ ئەوەی لێکدانەوەی دیکە بۆ گومان و بۆچوونەکانی من نەکرێت و کەسانی ھەستەکی و سۆزەکی ناھوشیار نەکرێنە دەریچە بۆ ھەڵڕشتنی تووڕەیی خۆیان، بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم لە خۆنیشاندانەکانی (الساحە التحریر) ساڵی ٢٠١٢تاکو ئێستا و بە دیاریکراوی لە ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩تاکو ئەم ساتە ھەموو ڕۆژ زیاتر لە ١٦سات لە کاتی خۆم بۆ پشتیوانی ناڕەزایەتییەکانی عیراق و ھاوکات دژی ھێرشی لەشکری دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا تەرخانکردووە و تەنانەت لەنێو ڕێپێوانەکانی پشتیوانی ڕۆژاوا، پلاکارتەکەم دوو بەشە، بەشێکی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی عیراق و بەشێکی ھاوپشتی بۆ خەڵکی جەنگزەدەی ڕۆژاوا. بێجگە لەوەش بەردەوام لە بواری تەکنیک خەریکی کۆمەککردنم بە گرووپ و پەیجە عەرەبییەکانی تایبەت بە خۆنیشاندانەکان و ڕابوونی خەڵکی خوارووی عیراق، بەتایبەت ئامادەسازیی و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ کاتی بڕانی یەکجارەکی ئینتەرنێت و بەستنی پردی پەیوەندی ئینتەرنێتیی لە ڕێگەی تێلەفۆن لە ئۆروپا، تاکو دەگاتە ڕێنێوینی چۆنیەتی خۆپاراستنی چالاکانی ڕابوونەکە و ناردنی ئەو توول-ئامرازانەی کە بۆ شکاندنی فیلتەری سەر سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە بەکارببرێن. خوێنەری ھێژا تکادەکەم، ئەم پێشەکییە بە خودنمایی مەبینن، بەڵکو وەڵامە بەو کەسانەی ناسیونالیست-بوون بە پشتیوانی خەڵکی ڕۆژاوا لێکدەدەنەوە و نا-ناسیونالیست-بوون بە پشتیوانی سۆزەکیی خۆنیشاندانەکانی عیراق لێکدەدەنەوە و لەژێر ئاڵای "اللە ڕکبر"کەوتەکە ھەلەکە سەما!

ڕاستی من لە ساڵی ٢٠١٢تاکو ئێستا بەردەوام ڕادیکاڵبوونەوەی بزووتنەوە ناڕازییەکان و خۆ-جیاکردنەوە لە پارتییەکان و گەنجبوونی [گەنج-بوون بە واتای زۆرینەبوونی لاوان] بزووتنەوەکان دەبینم. ئەوانە ھەموو شایانی دڵخۆشی و دەستخۆشیکردن و پشتیوانیکردنن. بەڵام ھاوکات پێویستە ئەو ڕەوتە ناسیونالیستییە عیراقییەش ببینین، لە لە باشترین باردا (نیشتمان و گەل)چییەتییەکەی حشع بەسەری زاڵە، بەڵام بەداخەوە زۆر جار درووشمەکان بەرەو ڕەیسیزم و سووکایەتیکردن و دەمارگریییەکی ترسناک ملدەنێن. سەرباری ئەوەش ناتوانم، بەس لەبەرئەو ھۆیانە دەستبەرداری پشتیوانی و کۆمەکیی ئەنارشیستانەی خۆم بۆ بزووتنەوە خۆخۆیی و ناڕامیاریی و ناحزبییەکانی عیراق ببم.

بەپێچەوانەی پڕۆپاگەندەی ناسیونالیستە کوردەکان و سەلەفییە پڕۆ-ئێران و پڕۆ سعودیەکان، سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ناڕەزایەتییەکان لە بەغداد خۆبەخۆیی تەقینەوە و دنەدەرانیان "دەستی دەرەکی"و "ڕەوتە شیعە و سوننە"کان نەبوون، بەڵکو سووکایەتیکردنی پۆلیسەکانی دەوڵەت بوو بە دەرچوانی بێکاری دانشگەکان و ئەوە بوو بە چەخماخەی تەقینەوەی ناڕەزایەتییە پەنخواردووەکانی خەڵک، کە پێشتر(ھێنانی داعش بە پلان و سیناریۆی ھێزە داگیکەرەکانی عیراق لە بەھاری ٢٠١٤) بوو بە ھۆی دامرکاندنەوەی ئەو بزووتنەوە بەھێزەی، کە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣فەرمانداریی مالیکی و ھێزەکانی سوپا و پۆلیسی دەوڵەتی بەچۆکھێنابوو و تەنانەت ناڕازییان ئامادەی دەستنیشانکردن و ناردنی نوێنەر بۆ لای فەرمانداریی نەبوون و دەیانگوت "خەڵکی لەسەر شەقام و لەنێو مەیدانی شارەکانە، ئێمە نوێنەرمان نییە و خەڵک خۆی نوێنەری خۆیەتی و ئەگەر مالیکی و فەرماندارییەکەیبەرانبەر خەڵکی ڕاپەڕیو نیازیان پاکە، دەتوانن بێنە ئەو شوێنانە و لەتەک خەڵک گفتوگبکەن/ڕێکەوتنبکەن“.

وەک گوتم بزووتنەوەکە خۆخۆییە و وەک ھەر بزووتنەدوەیەکی دیکەی خۆخۆیی جەماوەر لە سەراپای تەمەنی دەوڵەت. بەڵام ھاوکاتیش نەبوونی خۆڕێکخستنی جەماوەریی لەنێو گرووپ و ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆیی و نانێوەندییەکان و ھاوکات نێوەندییبوونی خۆنیشاندانەکان و نەگۆرانیان بۆ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانی کۆمەڵ، وەک پاژنەی ئاشیل زەمینە و کەلێنی بۆ ھەژموونکردنی خشکەیی ھێزە ڕامیارییە ناسیونالیستیی و دەسەڵاتخوازە نێوخۆییەکان و ھەوڵی تێکدەرانەی ھێزە دەرەکییەکانی وەک سەلەفییە لایەنگرەکانی ئێران و تورکیە و سعودیە و ھەر ئاوا بەکرێگیراوانی ھێزە ھاوپەیمانە داگیرکەرەکان درووستکردووە.

یەکێکی دیکە لە پاژنە ئاشیلییەکانی خۆنیشاندانەکان خۆشباوەڕیییە بە پەیوەستبوونی ھێزە سەرەکوتکەرەکانی دەوڵەت [پۆلیس و سوپا]. ھەرچەندە دەکرێت و درووستە بە پەیوەستبوونی ئەوان دڵخۆش بین و پێویستە بە بەردەوامی ئەو ھێزانە بۆ پەیوەستبوون و تەقەنەکردن بانگەوازبکەین و بگێڕدێنەوە بۆ نێو بەرەی خەڵک. بەڵام پەیوەستبوونی ئەوان وەک ‌ھێزی چەکدار و مانەوەیان وەک ھێزی چەکدار و بڕیاردەر، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر داھاتووی خۆنیشاندان و ڕابوونەکە، ئەوەش لەبەر چەند ھۆ:

- لە ئەنجامی ئەزموونگیریی دەوڵەت و فەرماندارییەکان لە ڕابوونەکانی باکووری ئەفەریکا و خۆرھەڵاتی ناوین ٢٠١٠ - ٢٠١٣دەوڵەتانی ناوچەکە بە پشتیوانی و پلانی زلھێزەکان بەتایبەت سوپای میسر کە بێجگە لە دەزگەیەکی سەرکوتگەر و ئامرازی کودەتا، ھاوکات پڕۆژەیەکی ئابووریی کۆمپانییەکانە و ڕاستەوخۆ لە دەوڵەتی ئەمەریکا ملیۆنان کۆمەک وەردەگرێت.

- ھەر ئاوا، دەستەکانی پشتپەردە لەنێو ڕابوونی خەڵکی تونس توانیان بۆ یەکەم جار ئاڵای دەوڵەت بکەنە ئاڵای خەڵکی ناڕازی و وەک تاعوونێکی ڕامیاریی لە تونس تاکو ئەمەریکای باکووری گرتەوە و خەڵکی ناڕازی ئەو ئاڵایە بەرزدەکاتەوە، کە لەژێر ئەو و بەناوی پاراستنی ئەو دەکوژرێت، ئەوەش تایبەتمەندیی سەردەمی ئاژاوەیە و چەوساوان دەبنە شەکێنەری ئاڵای سەروەریی چەوسێنەرانی خۆیان، بەتایبەت لە عیراق کە ئاڵاکەی زیاتر لە ئاڵای دەوڵەت، سیمبۆڵی ملھوڕیی ئایینی و یەزدانی لەسەرە و بەس لەلایەن کەسانی ناھوشیار ناشەکێتەوە و لە خۆ ناپێچرێت، بەڵکو تەنانەت ئەو چەپانەش کە لە سەرەتای دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بە ئەنتی-ئایین و ئەنتی-ئیسلام دەرکەوتن، کەچی ئێستا چوونەتە ژێر ھەژموونی ئەو ئاڵایە و دەیشەکێننەوە. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم، سەرنجەکەی من لەسەر ھەڵگرتنی ئاڵای "اللە اکبر"لەلایەن چەپ بەس لەو لایەنەوەیە، کە ئەوان وەک ئەنتی-ئیسلام دەرکەوتن و شانازی گەورەیان دژە-ئیسلام-بوون و دژە-ئایین-بوون بوو، کەچی ئێستا وەک ھەر ئیسلامییەکی دیکە چوونەتە ژێر ئەو ئاڵایە و دەیشەکێننەوە و لە خۆیانی دەئاڵینن و بەشانی خۆیان دەدەن.

- بە ئاشکرا زۆرێک لە درووشمەکان و تاکو ڕادەیەک ئاراستەی ڕابوونەکە بەرەو بانگەوازکردن بۆ سیستەمی دیکتاتۆریی سەرۆککۆمار وەک تورکیە و جێگرتنەوەی سیستەمی پارلەمانی بە سیستەمی سەربازیی و جێگرتنەوەی پارتییەکان بە تاکپارتیی و دیکتاتۆریی سەرۆک ملدەنێت.بە بۆچوونی من، ئەوەش دوو ھۆکاری ھەن: یەکەم خەڵکی عیراق بەھۆی نائومێدبوون لە گۆڕانی پۆزەتیڤ، سیستەمە تاکپارتیی و سەرۆککۆمارییەکەی بەعس و سەدام بە باشتر دەزانن و خۆزگە دەخوازننەوە بەتایبەت عەرەبە سوننەکان. دووەم بە ئاشکرا دەوڵەتی تورکیە لە ڕێگەی سەلەفییە سوننەکان و تورکمان-زمانە ناسیونالیستەکان خەریکی سەرنجڕاکێشانی خەڵکە، لەوانەیە ھەوڵدان بۆ نۆژەندکردنەوەی ێیستورانتی تورکی بە پارە و کۆمەکی دەرەکیی لە ڕێگەی ژنێکی دانیشتووی ھۆڵەندە، ئەوەش پێچەوانەی درووشمەکانی سەرەتا "برە برە ایران برە، برە برە ترکیە برە برە، برە برە سعودیە برە،...“ خەریکە بە خشکەیی تێکەڵەیەک لە سیستەمی سەدامی-ئەردۆغانی دەکرێتە خواست و خەونی خەڵک.

لەبەرئەوە، بە بۆچوونی من، دەستە دەستە پەیوەستبوونی ھێزە چەکدارەکانی دەوڵەت و مانەوەیان وەک ھێزی چەکدار لەنێو بەرەی خەڵک، سێ ئەگەری مەترسیداری ھەن:

یەکەم: ئەوەی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی ناردنی پۆل پۆلی ھێزەکانی پۆلیس و سوپا، ناڕازییان بەناو و پاگەندەی پاراستنی "سەروەریی یاسا و دەوڵەت"بکاتەوە بە پارێزەری فەرمانداریی، وێرای ئەوەش حزب‌اللە لە ئێران وەک ئاکپارتیی لە تورکیە و بنەماڵەی آل السعود لە سعودیە ئارەزوومەندی ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پارلەمانییە. بەو جۆرە بە زاڵکردنی سوپا و کودەتایەک بەسەر فەرمانداریی ئێستا بۆ ڕزگارکردنی ھەژموونی شیعەگەرایی خۆی لەسەر فەرمانداریی و سازدانەوەی دەست و پەیوەندەکانی خۆی لەنێو فەرماندارییەکی سەربازیی بە خواست و پشتیوانی خەڵکی ناڕازی، کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ خەڵک نائومێدبکات و مەترسی سەرھەڵدانەوەی بزووتنەوەی ئاوا خۆبەخۆی دووربخاتەوە.

دووەم: ھەوڵدانی سێکوچکەی تورکمانە ناسیونالیستەکان - سەلەفەییە پڕۆ-ئاکپارتیی و پڕۆ-سعودییەکان -لایەنگرانی دەوڵەتی سوننەی ئیسلامی عیراق وەک ئامانجی پاشرەوانی عیزەت-دووری بۆ سیستەمێکی تاکپارتیی، سەرۆکایەتیی و سەربازیی لە چەشنی سەردەمی بەعس .

سێیەم : ھێزە داگیرکەرەکانی ھاوپەیمانان وەک گێڕانەوەی عیراق بۆ ژێر دەستی خۆیان و لێدان لە پێگە ئایینی و سەربازیی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت پاش ئەوەی کە ئامادەیی سەربازیی ئەوان بەتایبەت ئەمەریکا لە عیراق تێکشکا و ھەر ئاوا ئەوەی کەتێکشانی سیستەمە پارلەمانییە پووپەییەکەی* نەیتوانی سنووردارکەری ھەژموونی میلیشیا شیعەکانی پڕۆ-کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت. ئاوا وەرگۆرانێک لە عیراق بەس بۆ ئەوان قازانجی نییە، بەڵکو بۆ ئیسرائیل و پڕۆژە ئابووریی و سەربازییەکانی.

بەکورتی لەم ساتەدا عیراق وەک نێچیرێکی بریندارە لەنێوەندی کۆمەڵێک ئاژەڵی گۆشتخۆر و ھەر یەکە ھەوڵی یەکەم و تەواو قەپاڵگرتنی خۆیەتی. ڕامیارە عیراقییەکان بەتایبەت لۆبییەکانی نێو پارلەمان، کە لەپشت پەردەوە خەریکی ئاراستەکردنن و پڕۆپاگەندەکانی دەستگیرکردنی مالیکی لە سەفارەتی ئەمەریکا و ڤێدیۆ مژدەبەخشەکانی نێو ناوچەکەی سەوز و بەڵێن و ھەر ئاوا ناتوانامانەوەی ناڕازییان لە گۆرینی ڕابوونەکە لە ڕابوونی ڕامیارییەوە بۆ ڕابوونی کۆمەڵایەتیی و پێکھێنانی گرووپ و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان وەک تان و پۆی ڕێکخستنی سەربەخۆ و خۆخۆیی خەڵکی ناڕاز و خۆسەریی کۆمەڵایەتیی، کە بەڕادەی کەم ئەگەر نەتوانێت سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ بخاتە شوێنی سیستەمی ئایینی و خێڵەکیی و پارتیی و پارلەمانیی و سەربازیی، خۆ دەتوانێت ئەوانە لاوازبکات و بیانخاتە ژێر فشاری داخوازییەکانی خەڵک.

ئەو شتانەی لە سەرەوە ئاماژەدران، ھەموو ئەگەرن و بەداخەوە بەڕادەیەک نیشانەکانیان دەرکەوتوون و زۆرینەی خەڵکی ناڕازیی ھەم بە ھۆی دەرگیربوونی ھەر ساتە و ھەر ڕۆژەی خۆنیشاندان و مەرگ، ھەم بەھۆی نەبوونی ئەزموونی خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ئابووریی لە عیراق، توانای دیتن و دەرککردنی ئەو مەترسییانەی نییە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەھۆی بەردەوامیی ناکامی خۆنیشاندانەکان و زەمینەسازبوون بۆ دەستە شاردراوە ڕامیاریی و ئابووریی و سەربازییەکان و ھەر ئاوا ماندووبوون و نائومێدبوون، بە ئاسانی ئەگەری ڕوودانی ئەو مەترسیی و ھەوڵە نیوخۆیی و دەرەکییانە زیاتر دەبێت. بۆ نموونە پاش زیاتر لە مانگێک خۆنیشاندانی بەردەوام و خۆێنڕژان و قوربانیدان و برسیەتی و ماندووبوون، تاکو ئێستا نەتوانراوە مانگرتنێکی گشتیی و سەرتاسەریی وەک گوشاریی ئابووریی بۆ سەر فەرمانداریی عیراق و کۆمپانییەکانی ھاوپەیمانان بەکارببرێت؛ نەتوانراوە گرووپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان وەک ئەڵتەرناتیڤی پارتییەکان پێبکبھێندرێن و نەتوانراوە لە ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی پارلەمانیی و تاکپارتیی و سەربازیی بیربکرێتەوە؛ نەتوانراوە لە ئەڵتەرناتیڤی بیرۆکراتیی دەزگەکانی دەوڵەت بیربکرێتەوە و زۆر شتی دیکە …

ھەڵبەتە پێویستە ئەوەش بگوترێت، تاکو ڕادەیەک ھێشتا درەنگ نەبووە و بوار و ئەگەری ڕادیکاڵبوونەوەی خۆنیشاندان و ڕابوونەکە بەرەو ئەڵتەرناتیڤ ماوە. ئەوەش ڵلێم ھۆکاری سەرەکیی نەبوونی ڕەوت و ئاراستەی دژە-باو و ڕادیکاڵنەبوونەوە بەرەو سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ زاڵیی و ئامادەیی ئاوەزیی و ھۆشیی ھێزە ڕامیارییەکان دەگەرێتەوە، کە لە سوننەی ناسیونالیست و شیعەی عیراق-گەرا تاکو دەکاتە حشع بوونیان ھەیە و کەسی ھوشیار بە ئاسانی دەتوانێت درووشم و داخوازییەکانی ئەوان بناسێتەوە و ئەوە ببینیت، کە چۆن ئەو زاڵییە ئاوەزییەی ناسیونالیستەکان لە پان-عەرەبی تاکو پان-عیراقی بووە بە بەربەستی سەرەکی لەبەردەم ڕادیکاڵبوونەوەی ڕابوونی خۆخۆیی خەڵک و سێبەری نەگریسی ئەوان بووە بە تەلسیمی مردووان بەسەر زیندووانەوە.

بە کورتی و پوختی، بزووتنەوەی خۆخۆیی خەڵکی ناڕازی ٢٠١٢ - ٢٠١٩عیراق لەسەر دووڕییانی: (ملکەچکردنەوە بۆ چەوسێنەران لە ڕێگەی کودەتای سەربازیی و سیستەمی تاکپارتیی و سەرۆککۆماریی) یان(رادیکاڵبوونەوە و شکاندنی دوا قاوخەکانی سیستەمی ڕامیاریی و گۆڕینی خۆنیشاندانەکان بە مانگرتنی گشتیی و سەرتاسەریی و گۆڕینی ڕابوونی ڕامیاریی بە ڕابوونی کۆمەڵایەتیی و ھەنگاونان بۆ پێکھێنانی گرووپ و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە ئاسۆیی و سەربەخۆکان وەک تان و پۆی خۆسەریی کۆمەڵایەتیی و یەکێتی کۆنفێدرالیستییانەی خۆسەرییە ناوچەیی و ھەرێمییەکانی گشت ناوچەکانی عیراق و کۆتاییھێنان بە زاڵیی شیعە لەسەر سوونە، سوونە لەسەر کورد و کورد لەسەر تورکمان و ئاسووریی و ..تد ). ئەگەرنا، سەرەنجام لە گۆڕینی فەرماندارییەک بە فەرماندارییەکی دیکە، یان گۆڕینی سیستەمی پارلەمانی بە سیستەمی تاکپارتیی و سەرۆکایەتی زیاتر نابێت، ئەوانەش شایانی ئەو ھەمووە قوربانیدان و وێرانکردنە نیین.
 

١٣\١١\٢٠١٩

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک