٢٩\٤\٢٠٢٣
ناڕەزایەتیی کرێکارانی فەرەنسا و
پێشڕەوییەکانی!

نوری بەشیر
ناڕەزایەتی ملیۆنی ئەم دەورەیەی کرێکارانی فەرەنسا لەبەرانبەر
زیادکردنى تەمەنى خانەنشینى لە ٦٢ ساڵیەوە بۆ ٦٤ ساڵ دەستیپێکردوە و
پێیناوەتە سێهەمین مانگەوە. لەناو ئەو ناڕەزایەتیانەدا تەنیا لەمانگی
جەنیوەریدا لە٢٤٠ ناوەندی جیاوازدا خۆپیشاندان لەسەراسەری فەرەنسادا
ئەنجامدراوە. لە ٧ی مارسدا فەرەنسا خۆپیشاندانی سێ ملیۆن و نیوی
بەخۆیەوە بینی. ئەوەی بەرچاوبوو لەم ناڕەزایەتیانەدا ریزی یەکگرتووی
سەرجەم یەکێتیە کرێکاری و سەندیکا و کۆنفدراسیۆنە کرێکاریەکان و
مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران بوو کە بەگشتی لەدەوری بانگەوازی
یەکێتیە کرێكاریەکان کۆبوونەتەوە و هەتا حزب و لایەنە چەپەکانیشی
خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بەگشتی فەزای کۆمەڵگا و ناڕەزایەتیەکان
ڕوخسارێکی رادیکال و سۆسیالیستی پێوەدیارە لە دروشم و خواستەکان و
داواکاری رۆشتنی ماکرۆن و حکومەتەکەی و وتنەوەی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ
لە ناڕەزایەتی ملیۆنیدا. هەروەها لەمانگی جەنیوەریدا بەپێی راگیریەک
کرابوو لە ٧٥٪ خەڵک لایەنگری ئەم ناڕەزایەتیانە و بەدژی سیاسەتی
دەوڵەتن. ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئێستا بۆ بۆرژوازی و چینی کرێکاریش
مەیدانێکی شەڕی چینایەتی گەورەیە کە پریشکەکەی ئەوروپاشی گرتۆتە و هەر
زوو کاریگەریەکەی گەورەترین ناڕەزایەتی کرێکارانی بەشەکانی خزمەتگوزاری
و رێگاوبانی ئەڵمانیای بەدوای خۆیدا هێنا کە لە سی ساڵی رابردوودا
بێوێنەبووە و کاریگەریەکانیشی لەسەر ناڕەزایەتیەکانی ئیسپانیا و
بەریتانیاش و وڵاتانی تریش ووردە ووردە دەردەکەوێت.
ئەم ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریە بەرفراوانە بەدوای ئەو سیاسەتە
دژی کرێکاریەی ماکرۆندا دێت کە لەسەرەتای ئەمساڵدا بێئەوەی بگەڕێتەوە
بۆ حکومەت و پەرلەمان بڕیار لەسەردا بەزیادکردنی تەمەنی خانەشینی. ئەم
ناڕەزاتیانە ئەگەرچی سەرەتا لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاری و
سەندیکاکان دەستی پێکرد، بەڵام هەرزوو لە کۆمەڵگەدا تەقیەوەو بووە
بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان و زۆربەی کۆمەڵگای گرتەوە.
بەجیا لەم هێرشەی ماکرۆن لە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی کە هێرشە بۆسەر
هەموو کۆمەڵگا، بەردەوام لە دەورەی رابردوودا بۆرژوازی فەرەنسی و
حکومەتەکەی هێرشێکی فراوانی بۆسەر کۆمەڵگا بەشێوەیەکی سیستماتیک و
رێکخراو دەستپێکردوە کەبەشێوەیەکی سەرەکی خۆی لەزیادبوونی نرخی شتومەک
و پێداویستیە رۆژانەییەکان دەبینێتەوە بەدوای قەیرانی دەستپێکردنی
جەنگی ئۆکرانیا. سەرباری ئەوە حکومەتی ماکرۆن دەستی داوەتە هێرش بۆسەر
لاوان و بێکاران و پەنابەران و کۆچکردوان و کردەوەی راسیستانە
بەرامبەریان. سەرباری کردەوەی توندوتیژی پۆلیس دژ بە خەڵك و
خۆپیشاندەران. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەساڵی
رابردوودا ١٥٠٠ حاڵەتی توندوتیژی پۆلیس تۆمار کراوە، هەموو ئەمانە
کۆمەڵگەی فەرەنسا زۆر بە فراوانی وشیارن پێی و هەستی پێدەکەن.
هەواڵەکانی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئەم دەورەیەی فەرەنسا، لەگەڵ
هاتووهاوار و تۆمەت هەڵبەستن و پڕوپاگەندەی ئاژاوەگێڕی و دەستی دەرەکی
لەپشتەوەبوون لەلایەن باڵەکانی بۆرژوازی و میدیاکانیانەوە نەیتوانیوە
نەك هەر ناڕەزایەتیەکان پاشەکشە پێبکات، بەڵکو نەیتوانیوە رێگربێت
لەوەی پشتیوانی جەماوەری و گشتی بۆ ناڕەزایەتیەکان بەرین و فراوان
بێتەوەو ببێتە مەسەلەیەکی گرنگی میدیای ناوخۆی فەرەنسا و ئەوروپا و
هەتا جیهانیش. گرنگی ئەم ناڕەزایەتیانە؛ تەنیا لە مانگرتنە
سەراسەریەکان و خۆپیشاندانی ملیۆنی و ئیدامەکاریەکەیدا نیە، بەڵکو
بەجیا لەوانە روخساری میلیتانتی هەبوو لەبەرامبەر هێرش و توندوتیژی و
سەرکوت و رشتنی گازی فرمێسک رێژ و دەستگیرکردنەکانی پۆلیسدا.
خۆپیشاندەرانیش بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە وەڵامی پۆلیسیان
داوەتەوە و هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکانی سەرکوتی بۆرژوایی و لە
ناوەندەکانی شارە گەورەکاندا رێگاکانی هاتووچۆیان گرتووە و مانگرتن و
خۆپیشاندانەکانی کرێکاران ئیستگاکانی هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان و پاسەکان
و بەنزینخانەکان و زانکۆکان و زۆر شوێنی تری دەوڵەتی پەکخستووە…
خەسڵەتی ناڕەزایەتیە ئیدامەکاریەکەی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەتی
فەرەنسا ترسێکی زۆری لەسەر هەموو بۆرژوازی دەسەڵاتدار داناوە، بۆیە
باڵی توندڕەو و راستڕەوی فەرەنسا داوا لە ماکرۆن دەکەن کە بەهەر
شێوەیەک بووە ئەو ناڕەزایەتیانە پاشەکشە پێبکات. بەمە مەیدانی کێشە
چینایەتیەکەی نێوان بۆرژوازی و کرێکاران رۆشنتر بووە و کرێکاران سورترن
لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکانیان بۆ داواکاریەکانیان و پاشەکشەی ماکرۆن
و حکومەتەکەی لە سەپاندنی ئەو یاسا نوێیەدا.
رێشەی ئەم ناڕەزایەتیانەی فەرەنسا لە گەورەیی و مەزنیەک کە هەیەتی
کاریگەری مێژوویەک لە شۆڕش و دەوروجێگای چینی کرێکارە لەو وڵاتەدا کە
هەیبووە لەوانە شۆڕشی فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریسە کە وەک دەرس و
دەستکەوتێکی چینایەتی گرنگ کاریگەری بەسەر کۆمەڵگاوە هەیە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو پێشڕەویانەی چینی کرێکاری فەرەنسا لەم
ناڕەزایەتیانە و جەماوەری بوونەوەی لەئاستی هەموو کۆمەڵگادا و
هاتنەمەیدانی چینایەتی و شۆڕشگێرانە و وەستانەوە لەبەرامبەر سیاسەتی
سەرکوتگەرانەی بۆرژوازیدا نیشانی داوە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە لاوازیەکی
گەورەی هەیە لەڕووی ڕێکخراوبوونی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیی چینی
کرێکارەوە، کە بتوانێت ناڕەزایەتیەکانی ئێستای چینی کرێکارو جەماوەری
ناڕازی فەرەنسا بەرەو سەرکەوتن و بەرێت و پاشەکەشەیەکی جدی بە حکومەتی
بۆرژوازی فەرەنسا بکات و هاوکات چینەکە ئامادەبکات بۆ شەڕی کۆتایی
لەگەڵ بۆرژوایدا کە ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر چینی کرێکاری پاریس یەکەم
ئەزمونیان کرد و نمونەیەکیان لە شۆڕشی چینایەتی پرۆلیتاریا بە
کرێکارانی جیهان نیشان دا. ئەرکی سەرەکی کۆمۆنیستەکانی چینی کرێکار لە
فەرەنسا ئەوەیە کە ئەم ئەرکە مەزنە مێژووییە وەڵام بدەنەوە.
نیسانی ٢٠٢٣
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|