٥\٣\٢٠٢٢
ناساندنی پەرتووک:
" کێوەکان تاقە دۆستی ئێمەن".
- پێگە و
رۆڵی شەھیدان:
ملازم حەمەشەوقی و نوری حەمەعەلی لەم مێژووەدا -

هەڵۆ محەمەد
نووسەر: تورد ڤالسترۆم وەرگێڕانی لە سوێدییەوە
حاتەمی مەنبەری.
چاپخانەی ئاراس ٢٠١٣ کوردستان ٢٣٢ لاپەڕە.
ساڵانێکە بزاڤی وەرگێڕان ھەنگاوێکی گەورەی ناوە و گەلێ بەرھەمی
جۆراوجۆری بێگانە کراونەتە کوردی. دیارە چەم بێ چەقەڵ نابێ و ئەم
دیاردەیەک بێ کێماسی و ڕەخنەلێگرتن نییە. لەگەڵ ئەوەشدا خۆشبەختانە
پەرتووکخانەی کوردی پڕە لە پەرتووکی وەرگێڕدرا، کە نووسەرانی بێگانە بە
باش و خراپ لەسەر کوردیان نووسیووە.
بەشێکی ئەو نووسەرانە لەڕووی زانستی و بابەتییەوە و لەبەر ڕۆشنایی
تیۆرییەکدا بەرھەمەکەیان ئەنجام داوە... بەواتایەکی تر بێ ئەوەی واقعی
کوردستانیان دیبێت و تێیدا ژیابن، وەک وشکە تیۆریی ، قسە لەسەر مێژوو و
جوگرافیا و . فەرھەنگ و دۆخی سیاسی کوردی کردووە، یان لە چاوی حیزبە
کوردییەکانەوە بینیوویانە.
جیاوازی ئەم بەرھەی دەمانەوێ بە ئێوەی بناسێنین، لێرەوە دەست پێ دەکات،
کە نووسەرەکەی بۆخۆی زوو دەستبەرداری ئەم ئەقڵێت و بیرۆکەیە بووە و بۆ
ئەوەی واقیعەکە ببینێ و شارەزای بێت و تێدا بژی، دوای سێ و دوو کردنێک
لەگەڵ خۆیدا،لە دۆخێکی سەختی شەڕی قورس و گران دا، بڕیاڕ دەدات سەردانی
کوردستان بکات.
لە ساڵی ١٩٧٤ دا،لە گەرمەی شەڕی یەکلاکەرەوەی شۆڕشی ئەیلوول و
داگیرکەری عێراقی دا، لەنزیکەوە بەچاوی خۆی دەبینێ چ شەڕێکی سەختە لە
کاتێکدا کە: ئەو ڕۆژانەی عێراق و بەعس نکۆڵی ئەوەیان دەکرد، کێشەیەک
ھەبێت لە عێراق دا بەناوی کێشەی کورد. ھەربۆیەکا زوو بە زوو ئەم باسە
لای دەبێتە جێی پرسیارێکی سەرنج ڕاکێش!
نووسەر وەک ڕۆژنامەنووسێکی پرۆفیشیۆنال و خاوەن ئەقڵێتێکی ئەوروپایی،
بەر لەوەی یەک ھەنگاو بەرەو ئامانجەکەی بنێ،جارێ بە زانین و زانیاری
خۆی چەکدار دەکات و پێداویستی سەرەکی و گرنگی گەشتە چاوەڕوانکراوەکەی
دابین دەکات. ھەر بۆیە بەرلەوەی بێتە کوردستان، دەچێ بیروڕای سیاسی و
دیبلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لەمەڕ کوردەوە، سۆراخ دەکات!. کاتێ ئەوان بە
زمانی دیبلۆماسی و سیاسییانە وەرامی پرسیارەکانی دەدەنەوە، ناڕاستەوخۆ
پێیان دەڵێ: کەوا دەیەوێ واز لەوە بھێنی ھەر وەک ڕۆژنامەنووسێک
دەزکاکانی ئاژانس ھەواڵ و زانیاری بدەنێ و ئەویش بەخەیاڵی خۆی
دایانڕێژێتەوە.
ئەمە ھۆکارێکی دیاری ھاتنەکەی دەبێت بۆ کوردستان و ڕاست و ڕەپ لەم
ڕووەشەوە دەڵێ: « تۆ ناتوانی لە شتێک بگەی ئەگەر بەچاوی خۆت نەیبینی".»..
وەک ئێستا دەزانین "جەمال عەلەمدار" نوێنەری شۆڕش، یارمەتی دەدات بۆ
ھاتن بۆ کوردستان و ، کارەکەی بۆ ڕێک دەخات. لە تارانەوە بۆ کوردستان
...ڕێنوێیی دەکات و نامە و ناونیشانی کەسانێکی پێ دەدات...
دکتۆر "رەمزی" ناوێک لەتاران پێشوازی لێ دەکات و دەیبات بۆ کوردستان.
سەرەتا بەناو شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دا دەگەڕێنەوە. لێرەدا
سەرنجێکی ورد تۆمار دەکات، کاتێ دەبینێ لەبەردەم دەروازەی ھەرشارێکی
ئێران و کوردستان دا پەیکەرێکی گەورەی شا دانراوە دەنووسێ:" ئەگەر ڕۆژێ
بێت و ئەم ڕژێمە بروخێ، خەڵکی ئێران ئیشێکی زۆریان لەبەرە،ئەم پەیکەر و
وێنانە وردوخاش کەن و بیان سووتێنن ".ل٢٠
شایانی باسە شۆفێرێک ھەردووکیان دێنێ بەرەو کوردستان. ھەردوو گومانی
لەسەر دروست دەکەن،کە یارۆی شۆڤێر! سەر بە دەزگای ساواک بێت و دوور
نییە زمانی عەرەبی تێ بگات و ڕەنگە ئینگلیزیشی بزانێت!!. ئاخر دکتۆر
رەمزی کە ئەو کاتە بە کاروباری شۆڕش لە تاران بووە، ئێرانییەکان
ناسیوویانە و زانیویانە کوردی دانیشتوی بەغدا و فەیلییە. ئەگەرێکی زۆرە
ھەر بە عەرەبی قسە بکات!...
کاتێ دەگەنە مەھاباد ئیدی ھەناسەیەکی قوڵ ھەڵدەکێشن و چیرۆکی کۆمار و "پێشەوای
نەمر" پێشوازیتان لێ دەکات. نووسەر ئامانج و مەبەستی ڕاستەقینەی خۆی بۆ
گەشتەکەی دەدرکێنێ و دەڵێ:" دیارە من لەم سەفەرەدا ھەوڵ دەدەم لەسەر
پێشمەرگە بنووسم ، چونکە ئەوان بڕبڕەی پشتی شۆڕشن". ل ٣١
کەواتە ئامانج لەوە پیرۆزتر نییە، لەو ڕۆژگارە سەختەی بێ کەسی کورددا،
بێگانەیەکی ئەوروپایی بێت و باسی پیرۆزی و خەبات و زەحمەتی پێشمەرگە،
کوڕانی ھەژار و زەحمەتکێشی کوردی سووتەمەنی شۆڕش بکات.
نووسەر.. تا دەگاتە گەڵاڵە چاودەگێڕێ و پرسیار دەکات و زانیاری
کۆدەکاتەوە. دواتریش زۆر بەرپرسی گەورەی شۆڕش دەبینێ و دەناسێ و
دەدوێنێ..ھەر خۆی بەچاوی خۆی بۆمبارانی فرۆکە "سیخۆ و تۆپۆلۆڤ"ەکان
دەبینێ، گوندی سوتاو و کاول بوو، خێزانی ئاوارە، خاوەن پێشمەرگەی شەھید
و بریندار،دەناسێ. نووسەر بۆ خۆی لە مەیدانی ڕاستەقینەی ڕوداوەکانە و
نزیک لە کاراکتەرەکانە،بۆیە خێراتر واقیعە تێدەگات و دەگاتە بیروڕای
گەڵاڵە بووی و دەنووسێ:" من تەنیا شەو و ڕۆژێکە لێرەم بەڵام ھەر لە
ئێستەوە تێ گەیشتووم کە کوردستانی عێراق ڕاست وەک وڵاتێکی سەربەخۆ کار
دەکات ، چۆن ئێوە تەنیا باسی ئۆتۆنۆمی دەکەن؟ ڕاستی مەسەلەکە وا نییە
کە ئێوە پێتان خۆشبێ، خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆتان بن" ..ل ٤٢-٤٣
کاری ڕۆژنامەنووس و نووسەری لێھاتوو ئەوەیە، سۆراخکردن گەڕان بکات
بەدووی پرسیارە شاراوەکان و شتە دیار و نادیارەکانەوەیە. "تەحسین بەگ"
ی میری ئێزیدییەکان یەکێک دەبێت لەوانەی دیداری لەگەڵ دەکات و ئەم
ھەڵوێستەی لێ دەگێڕێتەوە:" من بڕوام بە بناخەکانی ئەم شۆڕشە ھەیە،
بەڵام ئەمە ھیچ پێوەندیی بە ئاینەوە نییە، "من کوردم ھەموو ئێزیدییەکان
کوردن بۆیە من تێکەڵی ئەم شۆڕشە بووم چونکە شۆڕشێکی کوردیتە" ل٤٧.
لە شوێنێکدا ئاماژە بەخاڵێکی تریش دەکات کە دەیسەلمێنێ شۆڕش، شۆڕشی
میللەت/ میللی بووە نەک ھی حیزب و دەستەوتاقمێک:
پرسیار لە ھاوڵاتییەک دەکات دەربارەی ھەلومەرجی تەندروستی و بارودۆخی
نەخۆشخانەکانی شۆڕش! پێی دەڵێن: پێش ھەڵگیرسانی شۆڕش / ڕەنگە مەبەستیان
شەڕی١٩٧٤ بێت، تەنیا ٢ دکتۆر لە کوردستاندا بوون، ئێستا ٩٥ ھەیە. یاخود
دەچێتە گوندێکەوە لە پرسیار و سۆراخدا بۆی دەردەکەوێ کەوا ٧٠ کەسی /
پیاوی گوندەکە پێشمەرگەن..
لە گەڕانەوەدا ئەحمەد/ وەرگێرەکەی من دەبات بۆ شوێنێک لەحاجی ئۆمەران
لەوێ کۆمەڵێک ھونەرمەندی کورد لەسەر پارچەیەکی گەورە خەریکی کێشانی
وێنەن،لە وێنەکاندا ھەندێک پێشمەرگەی چەک لە شان و کۆمەڵێک گوندی
وێرانکراوی ژێر بۆمبا دەبینرێن.لەگەڵ وێنەکانیشدا دروشمی شۆڕشگێڕانە
نووسراوان. لە یەکێک لە وێنەکاندا لەیلا ـ ئەو کچەی لە بەغدا ھەڵواسرا
دەبینم. ل ٤٢
بۆ ئەوەی ستراکچەری شۆڕش بناسێ و نیشانی جیھانی بدات، بە ئاقڵانە و
ھۆشیارییەوە دەچێتە سەردانی توێژێکی تری بەشدار بووی شۆڕش و بۆمان
دەگێڕێتەوە:
"بەشی ڕاگەیاندن لە دۆڵێکی خوارەوە لەنێوان چۆمان و حاجی ئۆمەران دا
ھەڵکەوتووە ھەر بەشە و تاقمە چادری خۆی ھەیە و لە پاڵ چادرەکانیشدا چاڵ
و کونی فراوان ھەن تا کاتێ ھێرشی فڕۆکە خۆیانی تێدا بشارنەوە. لێرە
بەشی زۆری ڕوناکبیران و کەسانی خوێنەوار کە دوای ١١ی ئادار و
دەستپێکرانەوەی شەڕ بە لێشاو ھاتن بۆ کوردایەتی و لەناو شۆڕشدا
گیرساونەتەوە و ڕەھەندێکی تریان بەم بزووتنەوەیە زیاد کرد.ئیدی ئەم
شۆڕشە شەڕی تاقەت پڕووکێنی کۆمەڵێک دڕندەی کێوی نییە، ئامانج و
ئیدیۆلۆجیی ڕوون. من لەناو ئەم چادرە سەوز و بۆرانەدا چاوم بە کۆمەڵێک
پرۆفیسۆر و پیاوانی تری شەھادە بەرز کەوت، کە بێگومان ھاوتایان لە
دنیادا نییە، من دکتۆر کەمال مەزھەر دەبینم کە پسپۆڕی مێژووی کوردە".
ل٥٩
ھەر ھێندە نا، بەڵکو توێژێکی تری گەرنگ لە توێژەکانی کۆمەڵگەی
کوردەواری، ئەوانیش بە چالاکی و دڵسۆزی خۆیان ئامادەن و نووسەر ئەوانیش
بەسەر دەکاتەوە، وێنە ڕاستەقینەکەی شۆڕش و پێکھاتەکانی بەدیار دەخات و
بەھەقەت شۆڕشەکە ناسنامەی میللی بەدەست دێنێ.
لە ڕیگای گەڕانەومان لادەدەینە گوندی " واوسان" .... تووشی کۆمەڵێک
ھونەرمەند دەبین لەناو باخەکانی ئەم ئاواییەدا،خەریکی کاری مۆسیقان
گرووپێکیان پێک ھێناوە بەناوی " گرووپی مۆسیقای شۆڕش" ھەموو ئەمانە
دوای دەست پێکردنەوە شەڕ لە ١١ی ئاداردا تێکەڵی شۆڕش بوون. من لەگەڵ
یەک لەم ھونەرمەندانەی بەناوی " خالید ئەحمەد" کەمانچەژەن و خەڵکیت
سلێمانی قسە دەکەم. ل ١٦٨ـ ١٦٩
لە سەراسوێییەکانی بۆ وەرگرتنی زانیاری، پێی ڕادەگەیەنن کە شۆڕش یەک
ئامانجی ھەیە،ئەویش "کوردستان یان نەمان". خاڵێکی تری ھەستیار باس لە
دیلەکانی شۆرش دەکات و دیلە عەرەبەکان دەدوێنی درۆی دەوڵەتی عێراق
ئاشکرا دەکات، کە کورد دڕندانە مامەڵە لەگەڵ دیلدا دەکات. ئەوجا گەشتێک
بەرەوە دەڤەری بادینان دەکات، بەشێکی بە جێبی لاندگرۆزەر و بەشێکی بە
وڵاخ/ ھێستر. لەوێدا سەرسوڕمانی خۆی بە ھێستر دەدەبڕێ کەوا چۆن
بەبارەوە بەو شاخ و داخ و ڕێگا ھەڵەمووت و دژوارەدا دێ و دەچێ دەنووسێ:
ئەمە بەڵگەی« سەرکەوتنی سرووشتە بەسەر تەکنیکدا»واتە ھێستر بەسەر جێبی
لانگرۆزەردا!. پاشان ددان بەوەدا دێنی ھەرگیز لە ژیانیدا ھێندەی ئەم
گەشتەی بۆ کوردستان میوەی خۆش و بەتامی نەخواردووە.
لەم دەڤەرە موسڵمان و ئێزیدی و کریستیانی/ کاتۆلۆکی ڕۆمی دەبینێ،
دەمودەست باوەڕ بە ھەبوونی توانای پێکەوە ژیانیی ڕاستەقینە لە
کوردستاندا دێنێ...
ئەو ڕۆژگارە و تائیمڕۆش چەکی سووکی دەستی پێشمەرگە کلاشینکۆڤە، ئەویش
باش دەزنێ ئەمە بەس نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تانک و تۆپ و فرۆکە مەرگ
چێنەکانی ڕژێم و لەشکری بێشوماری ڕاھێنراوی دەوڵەت. ئیدی لە ئاکامی ئەم
شەڕە نابەرانبەرەدا، ھەر ئەوە دێتە کایەوە، کە ستایشی بێ بڕانەوەی
ئازایەتی و لێھاتوویی پێشمەرگەی کورد بەدەردەکەوێ...
ھەموو شۆڕش خاوەنی پێنج جێبی دژەتانکی ئەمەریکییە. کە بە رۆکێتی
دژەفرۆکە تەیار کرابوون.. ئەم چەکە مۆدێرنە کاریگەریی لەسەر شەڕ و
یەکلاکردنەوە ھەبووە..
"محەمەد شەوقی ،کە بەرپرسی بەشی دژەتانکی ھەموو ئەم بەرەیەی
شەڕە،پەرتووکێکی ئینگلیزی کە باسی فڕۆکە دەکات دەردێنێ و جۆری ئەو
فڕکانە پێشانی من دەدات،کە دەوڵەتی عێراق دژی کورد بەکاریان دێنێ و
بریتین لە تۆپۆلۆفی ٢٢،فڕۆکەیەک کە یەک کەمەودایی زۆر دەفڕێ و کاری
ناسینەوەیە.سوخۆی ١١ کە یەک کەس ھەڵدەگرێ و بۆھێرش بەکار دێ.
ھەلیکۆپتەرێکی گەورە کە ھەر لەسەرەتای شەڕەوە ھەیانبووە و ئێممە تا
ئێستە دووانمان لێ خستووە. شەوقی٢٧ساڵی بووە و بە وتەی خۆی نیازی
بەشداریکردنیشی لەسوپای عێراق ئەوە بووە ببێتە خاوەن توانست وزانیاریی
سەربازی بۆئەوەی لەخەباتی رزگاریخوازانەی کوردستاندا بەکاری بێنێ.
شەوقی داوادەکات داوەتی بکات".ل ١٤٥
ئێمە بۆئەوەی زیاتر ئەم ڕۆڵە قارەمانەی کوردایەتی بە ئێوە بناسێنین،
لێرەدا لەدەرەوەی دووتوێی ئەم پەرتووکەدا شاکارە شیعرێکی مامۆستا شێرکۆ
بێکەستان بۆ ڕادەگوازین، کە لە ستایشی گەورەیی و گرنگی کەسایەتی شەھیدی
ناوبراودا ھۆنیویەتەوە.
لە یادی" حەمەشەوقی" دا.
کوردایەتی قیبلەی ئازادییە و عاشقانی ئەو رووەش شەھیدانن.ئەو کەڵە
مێردانەی لە مێژووی ئەرخەوانی
ئێمەدا زامی دەم بە ھاواری سەربەستی و بەردەوام گەلاوێژئاسا ئەجریوێنن...
ئاوڕێ لەو رووبارە سوورانە بدەنەوە،ئاوڕێ لە تاڤگەی خوێنمان،ئاوڕێ لە
ئەوینی بێ گەردی وەک ھەتاوپاک.
وەک ڕنوو بەفری لوتکەکان...لە ھەر کوێ ئەوەستن بپرسن...
لە گەرووی کێوەکاندا،لەبەر کەوی بناردا،لە زەرد و ماھی چیاکاندا
لە شەقام و لە کۆڵان و لەبەر دەرگای ھەر ماڵێکدا...ئەوەستن.بپرسن،گوێ
رادێرن...بۆ چیرۆکی مەرگی
گوڵەگەنم و مەرگی کانی و مەرگی دارستان و مەرگی ھەزاران ھەزار
گوڵەبەرۆژەی
دڵخوازی
خۆری ئەم وڵاتە جەرگ سووتاوەمان.
ھەموو بنچکێ سەرگورشتەی مەلێکی شەھیدی لایە...ھەموو گەڵایەک جێ پەنجەی
خەناوی
قوربانییەکی پێوەیە..
ھەموو بن بەردێ شیعری جوانەمەرگێ...ئەخوێنێتەوە...ھەموو ئاوێنەی پێ
دەشتێ
رووناکی خۆبەختکردنێ ئەنووسێتەوە..
ئێمە و شەھیدان و خۆشەویستی و ئازادی ...لە یەک نابینەوە
ئەم کوردستانە....ھەمیشە سک سووتاوو بووە...
(حەمە شەوقی) چاوی ئەستێرەی برژانگ درێژی خوێنگەرمی
گیان پاک و رۆح سووکی ئەم شارە ئازیزە..
کوڕی داربەڕووی پیرەمەگروون... کوڕی دەم بە خەندەی گوێژە
وەختێ وەک کەڵێکی چاو قەترانی ...یان وەک ئەسپێکی یاڵ گڕ تێبەربوو...
بە تیری عەشقی کوردایەتی گرفتاربوو...
ئازادی بانگی کرد....سەنگەر ھاواری لێ کرد..ھەژارانی ئەم وڵاتە ئەنجن
ئەنجن کراوە
بەردەرگای ویژدانی ئەویان گرت...
نەیتوانی روو نەکاتە قیبلەی کوردایەتی و بۆی نەجەنگێ
وەک ھەموو دڵدارێکی راستەقینەی کوردستان..گوڵی لاوێتی خۆی دا بەدەم
گەردەلوولی شۆڕشەوە..
چووە ناو تەندووری ئاگرەوە...چووە ناو مەرگەوە..
بۆ ئەوەی ژیان...ژیانی کەسانی دی خۆش بکات و گەردنی خۆی بکا بە مۆمێکی
کافووری و لەسەر
تاشەبەردی نەمری دایبگیرسێنێ...
ئەو دەم، (حەمەشەوقی)لە گوڵ خەندەدارتر(حەمەشەوقی)لە گوڵەباخ رووگەشتر
لە "مەم" قۆزتر...لە "سیامەند"بە جەرگتر... رووی کردە شاخ
ئەو دەمە لە وڵاتی ترس و بیمدا..لە وڵاتی چەقۆ و پەتی سێدارە و دۆزەخی
بەعسییاند
لە تاریکستانی دوای ھەرەسی ئەیلوولدا...پێشمەرگە لە کەوی سپی کەمتر بوو...
وەک پەپوولەسلێمانکە ناو بەناو ئەبینران،
ئەودەمەی (حەمەشەوقی)سواری ئەسپی زریان و ...سواری پشتی مەرگ و
چارەنووسێکی نادیار بوو..
کەم کەس ئەی وێرا..لە ماڵی خۆشیا بە دەنگی بەرز بدوێ..کەم کەس ئەیوێرا
نەھێنی دڵی خۆی لای سینەی خۆشی بدرکێنێ..ئا لەو رۆژگارە تووش و چاوچاو
نەبینەدا..
(حەمەشەوقی)بۆ کوشتنی نەھەنگی بەعسییان..رووی کردە سەرچاوەی گیراو..تا
ئاوی ئازادی
بۆ شاری تینوو بەردات...لەبەر خۆشەویستی بەندەن و داروبەرد و... لەبەر
ئەوینی سەربەخۆیی
لەبەر مانگی ئازادی ئەم نیشتمانە...بووکی تازەی ھاوسەری جێھێشت و
گەیشتە...
ئەشکەوتە تاریک و توونەکان و...لەوێ بوو بە پلوسکێکی بەفراوی تری ئەم
کوردستانە
بوو بە رەگێکی تر بۆ سەرفرازیمان..بوو بە چرایەکی تر بۆ رێ و بانمان....لەو
رۆژگارە مەترسیدارانەدا
(حەمەشەوقی)..بۆ ئێمە..بۆ منداڵ..بۆ ئاشتی.. بۆ ئایندە و بۆ دەغڵ و دان..
بوو بە ئەستێرکێکی چاورەش. بوو بە بارانێکی سەوز و بوو بە ئاسۆیەکی
سیماگەش.
بوو بە گۆرانی و بەستەی ژیان..
ھەموو شوێنێ لەم وڵاتە زامدارە..خوێنی ئێمەی لێ پژاوە..
سنوورەکان: گوێزانی سەر لەشی ئێمەبوون..سنوورەکان: کێڵگەی خوێن و شیری
سەر ملی ئێمەبوون
مەخفەرەکان و پادگاکان..داسی سەری ئێمە بوون..
لەو ئاستانەدا..لە بەردەمی ئەو مێردەزمە و دێو و درنجانەدا،
لە تەلبەندی دڕکاوی ئەو بۆسە و کەمینانەدا
سەدان: ئەستێرەمان کوژران...سەدان: رووبارمان خنکان...سەدان: گلێنەمان
ھەڵوەرین
سەدان: ووشەمان سەربڕان...سەدان، سەدان ئاوێنەمان وورد و خاش بوون..
(حەمەشەوقی)یش یەکێک بوو لەو ھەڵۆیانەی...لەوێ لە پشتەوە پێکراو
لەوێ پەلکەڕەنگینەی تاڵی ھەڵوەری.
بڕۆ سەر گۆمی زرێبار..دەم و چاوی ئەو ببینە...بڕۆ سەر لوتکەکەی شاھۆ
مانگی رووخساری ببینە
بڕۆ سەر شانی ئاڵوەکان...ھەڵاڵەی خوێنی ببینە.
ئەگەڕێمەوە..بۆ دواوە..ئەگەڕێمەوە...بۆ جاران...
پایزێ بوو لە خەزاندا یەکمان بینی،یەکمان ناسی! ئەویش..عاشقی شیعری
جوان و شەمی تەڕ بوو،
ئاوێزانی وردەکاری و ھونەر ئەبوو..بەرانبەر یەکتر دانیشتین،
ئەت ووت گوڵێکی سەرچڵی گەردن بەرزە، خوێنی گەرمی قوڵپی ئەدا..
رۆحی سووکی..لە شنەبای کوێستان ئەچوو، دەم بە بزە، وەک گزنگی سەر چیمەن،
دڵی ئاگردانێکی عیشق بوو بۆ کوردایەتی و...بۆ رزگاری و بۆ پاشەڕۆژ.
چاوانی گەشی!! پڕ لە پرشنگ،پڕ لە ئەوین، کانی سیحر،کانی زرنگ و ووریایی
و
ھۆشیاری بوون...
ھەموو ئەندامێکی لەش،پەنجەکانی،تەوێڵی،بازووی،دەفەی شانی،لە ئاگرێکی
بزێوی(بزۆزی) جێ بەخۆ نەگر...ئەچوون...ئەو پرسیار بوو...منیش وەرام،
ئەو سۆراخ بوو،منیش شیعر و خەفەتێکی بەردەوام...
رووباری ساڵ ھات و رۆیی..چەمی خەممان ھەر زیاد ئەبوو،سەری ئەکرد..ھەر
یەکەمان پەڕینە ناو توتڕکێکی ژیانەوە..ھەر یەکەمان بووین بە سێبەری
پەرت پەرتی شاخ و داخێ...
من لە تاراوگەی سەر فورات...لە رۆژاوا و... لە بیابانی مەنفا بووم
کە بۆکرووزی ھەواڵی...مەرگی ئەوم گەیشتە لا!...لەگەڵ شەپۆلدا بۆی
گریاین...
لەگەڵ فورات دا پرسەمان بۆ ئەو دانا...ئەوا ئێستەیش ئازادییە و
کوردستانێکی بێ بەعس...
ئەوا ئێستەیش زەماوەندە و کوردستانێکی بێ ترس...وەکو ھەموو شەھیدانمان...
زامی گەورەی (حەمەشەوقی)یش بووە بە گوڵەباخێک و کچی مێژوومان..
داوێتی لە قژی و لە تەوقی سەر...چاوی گەشی (حەمەشەوقی)بوو بە ئەستێرەی
سەر
باڵای رێکی (حەمەشەوقی)بوو بەدار ھەناری گوڵ کردوو...گەردنی بووە بە
چرای زەماوەندمان
چۆغەی بووە...بە ئاڵامان
.((بێشێ)) تاقە کوڕەکەشی... بە یادگاری سپی بەرچاوان...
((حەمەشەوقی))وەک گۆیژە زیندووە...((حەمەشەوقی)) مان وەک نێرگز
لە گوڵدانی گیان ھەڵگرتووە..*
****
ئەمە پۆترێتێکی شیعریی کەسایەتی و مێژووی حەمەشەوقی لەدایکبووی ١٩٥٢،
ئەفسەری ھەڵکەوتووی کوردە. وەک دەبینن لەو ھەلومەرجە سەختەی کوردستان و
شەڕی قورس و گرانی بەرەیی زەمینی و ئاسمانیدا، ئەو سەرچاوەی ئینگلیزیی
لە کنە و نیشانی بێگانەکانی دەدات. بەواتای ئەوە چەند بەئاگا و ڕۆشنبیر
و تاقانەیە. ناوبراو لە ڕیزەکانی سوپای عێراقیدا شارەازیی پەیدا کردووە،
بەنێتی خزمەتی شۆڕشی کورد. دواتر بووە بەرپرسێکی سەربازی و سیاسی گەورە
و بەرچاوی نێو ڕیزەکانی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک. ھەموو دڵسۆزیی
بێ سنوور و گیانبازی و خۆبەختکردنی ئەم فەرماندە دیار و ھەڵکەوتووە،
ڕەنگدانەوەی سەرچاوەی بیرە پیرۆزەکەی کوردایەتی بوو، کە بژێوی ڕۆح و
گیانی بوو. ھەرچی بۆ کورد و کوردستان بکردایە، بە ئەرکێکی سادەی
سەرشانی خۆی دەزانی. شەوقی ڕۆشنبیرێکی گەورە و دەستی شیعر و
خوێنەوارێکی دیار و شارەزای جیھانی فیکر بوو. تا لە ڕۆژی ٦،٥،١٩٨٠ دا
بەدەستی داگیرکەریئ ئێرانی،لە نزیک شاری بانە شەھید کرا.
نووسەر باس لە دیمەن و کەسایەتییەکی ھێجگار گرنگ و بەرچاوی ئەو
ڕۆژگارەی شۆڕش دەکات و سەرنجێکی ورد لە کەسایەتی ئەم ڕۆڵە ھەرە دڵسۆز و
ئازا و قارەمانەی شۆڕش دەگرێ و بە دیمەنی ڕێزی لەناو شۆڕش و پێشمەرگەدا،
باسی کەسایەتی پێشمەرگە و فەرماندەی بەجەرگ و قارەمان و گیڤارای
کوردستان، " نوری حەمە عەلی" مان بۆ دەکات:
" لەو کاتەی کە ئێمە دانیشتووین و قسە دەکەین و پێشمەرگەکان بە
بەردەماندا دێن و دەچن و ھێندێکیشیان تاوێک دادەنیشن تا پشوویەک بدەن و
یەکێک لەو پێشمەرگانە لە لایەن فازڵ و شەوقییەوە جیاواز و زۆر بە گەرمی
پێشوازیی لێ دەکرێ . فازڵ دەبێژێ:
ئەمە کاکە " نوری"ییە،ئەو و پێشمەرگەکانی ھاتوون بۆ یارمەتیدانی ئێمە .کاک
نووری لەناو ئێمەدا بۆ ئازایەتی و قارەمانەتی بەناوبانگە. نووری نە
جامادانەی لەسەرە و نە لەو پشتوێنە درێژەش کە پێی دەڵێن" شوتوک؟ .
سەراپای جەستەی بڕوا ،ھێز و توانایەکی لە بڕان نەھاتووی لێ دەبارێ.
چاوی چکۆلە،برۆی پڕوڕەش،ھێندێک گرنج لە تەوێڵی کەوتوون و زنج و ڕوومەتی
بە ڕدێنێکی ڕەش داپۆشراوە. فازڵ دەڵێ:
کاک نووری بە ٩٠ پێشمەرگەوە کێوی " گۆڕا"ی لە دوژمن وەرگرتەوە. ئەمە
سەرکەوتنێکی مەزن و لە ڕاستیدا بۆخۆی شاکارێک بوو. نووری لە ١٩٦٢ دەوە
تێکەڵی شۆڕش بووە و تا ئێستە بەشداریی خەبات و خزمەتە. بەڵام ئەو زۆر
کەم قسەیە و حە\ز لە گێڕانەوە و تاریفکردنی شتێک ناکات،کە خۆی ئەنجامی
دابێت. ل١٤٥
" ھێرش و پەلامار و داگیرکارییەکەی دوژمن رۆژی ١٦ی ئاب بووە، لەبەر
گرینگی و ستراتیجیەتی " کێوەکە دەبووایە بە ھەر نرخێک بووە لە دوژمن
بستێنرێتەوە. ئەم ئەرکە دژوارە بە کاک نووری سپێردرا. ئەو ٩٠ پێشمەرگەی
بۆ ئەم مەبەستە ھەڵبژاردن و چەکی ئەم چەکی ئەمانەش ھەر کلاشینکۆف بوو.
شەڕ و ھێرشی پێشمەرگە سەعات ٦ی بەیانی دەستی پێکرد.بەیارمەتی تۆپخانەی
شۆڕش تا لووتکەی شاخ چوون.لەشەڕێکی دەستەویەخەدا لەگەڵ سوپایەکی ٥٠٠
کەسی دوژمندا دەستی پێ کرد. زیاتر لە ٢٠٠ سەرباز و ئەفسەری دوژمن
کوژران و ئەوانی تریان ھەڵاتن. لەم شەڕەدا ١٣ پێشمەرگە گیانیان سپارد و
٣٥ بریندار بوون.... ئێستا کاک نووری بە ٢٠٠ پێشمەرگەوە نێردراوە بۆ
یارمەتی ئێمە تا بەرگری لە "گەرووی عومەرئاغا؟ بکەین. ئەو لە
سلێمانییەوە ھاتووە و لەوبەرەیەشدا شەڕی دژوار لە ئارادایە،بەڵام بەرەی
باڵەکایەتی گرنگترە بۆیە کاک نووری پێویستە لێرە بێت". ل ١٤٦
من لە کاک نووری دەپرسم دۆخی پێشمەرگەکانی جۆنە،ورەیان، بڕوایان؟
ووەڕام ھەموو پێشمەرگەیەک بۆ خۆی قارەمانێکە،ھەمووان شەڕوانی ئازا و
نەترسن. بەڵام من پێم وایە پێشمەرگە گەنجەکان باشتر شەڕ دەکەن تا بە
تەمەنەکان،ھەموو پێشمەرگەکانی ھاوڕێی من گەنج و کەم تەمەنن". ل ١٤٦.
" نوری ھاتووە بۆ یارمەتیدانی مستەفا نیرۆیی بەرپرسی دەڤەرەکە. کاک
نووری پێی وایە دەبێت ھێرش بکەینە سەر دوژمن و دۆڵی ڕەواندز پاکیان
کەینەوە. ئەو خۆی ئامادەیە پلانەکە داڕێژێ و بۆ خۆیشی فەرماندەیی
ھێرشەکە بگرێتە ئەستۆ". ل ١٤٧
ئازایەتی و دڵسۆزیی و لێھاتوویی و خاکەڕایی نوری حەمە عەلی بۆ خۆی
داستانێکە و کەس نییە نەیزانێ و نەیبیستبێت. ئەم ڕۆڵە ھەڵکەوتووەی کورد
لە ساڵی ١٩٦٢ ەوە بۆتە پێشمەرگە و گیانبازی کردووە بە ژیانی خۆی لە ڕێی
کورد و کوردستان دا. بەوپەڕی پابەندی فکریی و ڕەوشتی و مۆڕاڵی بێوێنەی
بەرزەوە پێشکەش دەکات. گرنگی ئەم فەرماندەیە لەوەدا بووە، لەدەڤەری
سۆرانەوە، دەچێتە ناوچەکانی دیکە بۆ بەھانەوە چوونی ھەڤاڵانی شۆڕش و
گرتنە ئەستۆی ئەرکە ھەرە تایبەت و مەترسیدار و قورسەکان.
نوری حەمەعەلی، لە ھەر بستۆکەیەدا بوو بێت، جێ دەستی دیارە و مێژووی
گەورەی لەدوای خۆی تۆمار کردووە. نوری حەمەعەلی، گەلێ بەڕێز و
خۆشەویستی نێو شۆڕش و پێشمەرگەکان بووە. بۆ خۆی ھەمیشە بەشدار و لە
سەنگەری ھەرە پێشەوەی شەڕدا بووە. چەندین جار گوللەی دوژمنی پێدا چزاوە
و لە مەرگی ڕاستەقینە گەڕاوەتەوە. فەرماندەیەک بە ڕۆحی پێشمەرگە بووە،
خاکەڕا و دڵسۆز، تا ئەوپەڕی کەوشەنی سادەیی. دژی فشەوفیشاڵ و زۆربڵێی و
پێداھەڵگوتنی بێ تام و لەخۆڕازی بوون بووە. ئەم خەسڵەتەیشی دەگەڕێتەوە
بۆ سەرچاوەی بیرە پیرۆزەکەی کوردایەتی، کە سەرچاوی باوەڕ و ھێز و
مەشخەڵی دەستی بوو.
بەڕاستی مەگەر تیۆریستی سەربازی بەناوبانگی ئەڵمانی Carl von
Clausewitz زیندوو بکەینەوە بێت، شرۆڤەی ئەقڵی ستراتیژی سەربازیی "
نوری حەمە عەلی"مان بۆ بکات. بە گووتەی کلاوزەڤیتز:
{بێ ئازایەتی و لە خۆبڕاوی پیاو ناتوانێ لە شتی گەورەدا،ھیچ بکات،
مەترسیش لە ھەموو لایەکەوە ھەیە} . یاخود دەڵێ{ بارودۆخێک ھەیە تێیدا
باڵاترین بوێری و ئازایەتی، ئەوەیان بەرزترین حیکمەتە}. ئەمانە کتومت
لەگەڵ مێژوو و خەباتی نوری حەمە عەلی دا جووت دێنەوە.
بەداخی ھەرە سەوز و گرانەوە، زۆر بێتاوان لە ڕۆژی ٢٠/٩/١٩٨١ دا لە شاری
سلێمانی بە غەدر شەھید کرا!. ھەربۆیە کوشتنی ئەم ڕۆڵە ھەڵکەوتووە بە
زوویی ناڕەزاییەکی جەماوەری فراوانی دانیشتوانی سلێمانی و کوردستانی
لێکەوتەوە. توڕەیی خەڵک بەوە گەیش ماتەمینی تەنانەت بکوژەکانیشی گرتەوە.
جا بنۆڕە!! کارەسات و چارەنووسی وا تراژیدیایی و خەمناک و تاڵ لە
مێژووی ھیچ میللەتێکی تردا بەرچاو ناکەوێت. ئەفسووس بۆ خۆخۆریی و
دڵڕەقیمان بەرانبەر بەیەکتر!!. ئەم دیمەنە نەفرەتییە ھەزارجار
دووبارەوە بووە پرسیاری گەورەی(بۆ)ی لە مێژووماندا خوڵقاندووە؟؟!
ئەم گەشمردەیە تا لەناو شار بوو، دوژمن ھێندە لێی تۆقیبوو، دەبوو زوو
زوو بچێتە دامودەزگاکانی ڕژێم و بوونی خۆی بسەلمێنێ، دەنا بەرەو ڕووی
مەرگ دەبۆوە.
بۆ شەھید نوری حەمە عەلی.
برینم ئاگرە شاڵاوە خوێنم
سەرینم پڕ لە پشکۆیە شوێنم
لە ڕووی ڕۆژا بە بەرگی ئەرخەوانی
لە توێی نووسراوە نووریم ھەر ئەمێنم
ئەمێنم چونکە ڕۆڵەی سووری پشکۆم
برووسکەی ئاڵو واڵای دەوری ئاسۆم
لەناو دڵدام لەناو خوێن و دەمارام
ھەتا کوردێ بمێنێ من لە شارام
حەمە ساڵح دیلان
شێرکۆ بێکەسی گەورەش بە پارچە شیعرێک لەسەر ئەم ڕۆڵە بێھاوایەی
کوردایەتی بەشداریی لە ناساندن و ستایشی گەشمردە نوری حەمە عەلی دا
دەکات.
لە کانێسکان ھەر لە سەرکانیە جوانەکەی لەناو ڕەوە
کەڵ و ئاسکەکاندا کێم بینیەوە؟ ئای خودایە! خۆ ئەوە
"نوری حەمە عەلی" یە، ڕانکەچۆغەی گوڵی ژاڵە و
پشتێنەکەی لە گێلاس و سەروقژی گوڵەباخ و جووتێ کڵاشی
ھەورامیش، کردبوونی بەسەر پێوە و ئەویش ھەر سوور!
ئاڵان. ئای نووری گیان! سەتاپات سوور ئەچێتەوە و
بووی بە یاقووت ، لەکوێوەبۆ کوێ نوری گیان؟!
نوری وتی:لە نادیارەوە بۆ نادیار، بەڵام تۆ لەوەیان گەڕێ
باش بوو دیمیت، پرسیارێک ھەیە و شەو و ڕۆژ ھەر لەگەڵما
ئەگەڕێت و ئەویش بۆتە مەراقێکی سوور و خەوی سوور و
لەسەرما ئەسووڕێتەوە. پرسیارەکەم ھەر ئەوەیە: بۆ منیان کوشت؟! بۆ؟ بۆ؟
بۆ؟من
خەریک بوو شتێک بڵێم.
لە پڕێکدا ھەرچی
کەڵ ئاسکەکانە ھاواریان کرد: غەدر،غەدر،غەدر
ئیتر ھەموویان لەگەڵ " نوری" دا وەرچەرخان و
لەسەر جادەی ناوگردان و لە چاو ونبوون!
شێرکۆ بێکەس
نووسەر لە بەشی کۆتایی پەرتووکەکەی دەمانگێڕێتەوە بۆ مێژووی کورد لە
عێراقی عەرەبیدا و حکومەتەکانی دەوڵەتی ناوبراو و ھەڵوێستیان لەسەر
کورد و سیاسەتی دوژمنکارانەیان تا باسەکانی ستراکچەری بەعس و
ئایدۆلۆژییەکەیان و سەرەتاکانی ھەڵگیرسانی شۆڕش و پێش ڕێکەوتنی ئازاری
١٩٧٠ ھەوڵە تیرۆرتستیەکانی کوشتنی" مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی"...
دەڵێ: لەگەڵ ئەوەشدا مافی ئۆتۆنۆمی دراوە بەکورد کەچی لە ٨٠
سەفارەتخانەی دەوڵەتی عێراقی، کورد تەنیا یەک سەفیری ھەیە ئەویش "موحسین
دزەیی"...
دیداری "ئیدریس و مەسعود "بارزانیش دەکات و بەگرنگەوە سەرسامی خۆی بۆ
ئیدریس دەدەبڕێ و لە پاش ماوەیەک بەدیداری "مەلامستەفای بارزانی"ش
دەگات.. تۆوی گوڵی بۆ ھێناوە وەک دیاری پێشکەشی دەکات... مەلا مستەفاش
گوایە زۆری حەز لە گوڵ بوو، خۆشحاڵی خۆی بۆ دیاریتەکە نیشان دەدات..
ئەم بەرھەمە، لە شێوازی ڕۆمانێکدا نووسیوە و شایانی ئەوەیە ببێتە دەقی
دراما یاخود فیلمێکی کوردی سەرکەوتوو. بەداخەوەو نووسەر بۆی نەڕەخساوە،
تەواوی دەڤەرەکانی کوردستان و بەرەکانی شەڕ بگەڕێ و ببینێ، دەنا
جیھانبینی فراوانتر دەبوو. ھاوکات شتی بەپێزتر و ڕەنگین تری پێشکەش
دەکردین.
ئەم بەرھەمە شایستەی خوێندنەوەی پێگەیەکی تایبەتییە لە پەرتووکخانەی
کوردیدا، چونکە تۆمارێکی زیندووی بێگەردی باس و خواست و ڕووداوەکانی
ڕژگاری مەزنترین شۆڕشی کورد ـ ئەیلوولی مەزن ـ و سەردەمە
ھەستیارەکەی،ساڵی ١٩٧٤ە.
سڵاو لە گیانی پاک و ڕۆحی بەرزەفڕی گشت شەھیدانی ڕێی ڕزگاری و
سەربەخۆیی کوردستان و ئازادیخوازانی جیھان.
سڵاو لە نووسەری ئەم پەرتووکە نایابەش. دەستخۆشی بۆ کاکی وەرگێڕ.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|