١١\٩\٢٠١٣
ناسکیی
ناخم.

ده‌ریا
١
ئه‌ی چاره‌نووس،
لێمگە‌ڕێ
پشووێک بده‌م
با شه‌پۆڵە‌کانی ناخم
بۆ خۆشبه‌ختیی و
ئازادیی مرۆڤایه‌تی بێ
با هه‌ناسه‌م
له‌سه‌ر که‌شتیی دادپه‌روه‌ریی بێ
نامه‌وێ تیژڕه‌و بم
له‌و کاتانه‌ی ناسکیی ناخم
ده‌نگی باڵنده‌یه‌ک ده‌بیستێ
حه‌ز ده‌که‌م
به هه‌موو جیهان په‌رت ببم
بۆ ئاسوده‌یی و ئازادیی
مرۆڤه‌کان.
٢
له ناخمدا...
مه‌شخه‌ڵێکی ئاسمانیی هه‌یه
دڵۆپه‌کانی خوێنم
ده‌سوتێنێ و
ته‌واوی ترپه‌کانی دڵم
نوێژێکه
له پێناوی ئازادیی مرۆڤایه‌تی.
٣
هه‌موو رۆژێک
له‌به‌ر ده‌رگا ده‌وه‌ستم
حه‌ز ده‌که‌م
گوڵی سه‌ربەستیی
له سینه‌ی
مرۆڤی ئازادییخواز بده‌م
عه‌تری دونیا کۆکه‌مه‌وه
جیهان به خۆشه‌ویستیی و ئازادیی
مه‌ست که‌م
ده‌نگی مرۆڤی ئازاد
له هه‌موو ماڵێک به‌رزببێته‌وه و
ئاسمان پڕ بێ
له ئازادیی و خۆشه‌ویستیی
ئه‌و کات...
ده‌ستی تۆ ده‌گرم و
وه‌ک باڵنده
به‌رز ده‌فڕین و
ده‌گه‌ین به خۆری ئازادیی.
٤
بێده‌نگ نابم
له ئاست زولم و سته‌م
وا دەبینم
ئه‌و دایکانه‌ی،
ده‌ستیان خستۆته سه‌ر دڵیان
چاوه‌ڕوانن جه‌نگ ته‌واو بێ و
کوڕه تاقانه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه
هاوار ده‌که‌م
من شه‌پۆڵی ده‌ریای گه‌لم
یاخی ده‌بم
کەشتیی زولم و سته‌مکاران
سەرەوژێر ده‌که‌م
تاقانه‌کان ده‌هێنمه‌وه و
خۆشه‌ویسته‌کان شاد ده‌که‌مه‌وه
ئازادیی بۆ مرۆڤه‌کان ده‌سێنمه‌وه
ئا منم ده‌ریا.. گه‌ل و نیشتمان
سنووره‌کان تێکده‌شکێنم
ئاگری شه‌ڕ کپ ده‌که‌م و
خۆشبەختیی ده‌به‌خشمه‌وه
به ته‌واوی ماڵه‌کان.
٥
ناڕۆمه‌وه و
چرکه‌کانی جه‌نگ ده‌ژمێرم
زوڵم و سته‌مه‌کانتان ده‌پێچمه‌وه
گریانی منداڵه‌کان
له زیندانی چاوه‌ڕوانیی
ده‌ردێنم و
به‌سه‌ر پشتی ''با''وه دێم
ئازادییتان بۆ دێنم
له‌گه‌ڵ باران ئاوێته ده‌بم
زولم و سته‌م
به شه‌پۆڵی فرمێسکه‌کان
دەڕووخێنم
یاخی ده‌بم
ده‌مامکی زالمه‌کان
هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه
ناوی نیشتمان ده‌گۆڕم
به ناوی دایکی میهره‌بان.
٦
هه‌موو کات
تکا له خودام ده‌که‌م
له نێو پێخەفەکهم نه‌مرم
زۆر حه‌ز ده‌که‌م
له مه‌یدانی جه‌نگدا
خوێنم لێ بچۆڕێ
بۆ ئازادیی و خۆشه‌ویستیی
با ته‌مه‌نم کۆتایی بێ
شکۆمه‌ند بم
به ئارامیی و ئاسووده‌یی
له رێگای ئەشق و ئازادیی.
٧
ئەی چارەنووس
تۆ پێم بڵێ
مردنێکی وا شکۆمه‌ند
چاوه‌ڕوانییم ده‌کات
یاخود
به شێوه‌یه‌ک ده‌مرم
پێخەفەکهم
لێم بێزار بێ؟!
٨
بێده‌نگ نابم
هه‌ر دێمه ده‌نگ
دژی جه‌نگ و زولم و سته‌م
گه‌ر ئێواره‌یه‌ک
وه‌ک مه‌سیح
به‌ره‌و
له خاچدانم به‌رن
په‌شیمان نابم
با له خاچم ده‌ن
شکۆمه‌ندم
سه‌ربه‌رزم
گه‌ر له رێگای ئازادیی و
مرۆڤایه‌تی بمرم!
کەنەدا
/ ئه‌لبێرتا
ماڵپه‌ڕی دەریا
|