په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠٢٤

خوێندنەوەی پەرتووک:

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕوانگەی کۆمەڵێک توێژەرەوە.

هەڵۆ محەمەد       

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕوانگەی کۆمەڵێک توێژەرەوە.
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
چاپی مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و ھوشیاری
سلێمانی - ٢٠٢١. بەرگی - ١ - ٥٤٤ لاپەڕە

- بەشی دووەم -


٤- پێنج قۆناغ بۆ بنیاتنانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا.

م. ھاکان یاڤوز.


نووسەر توێژەرێکی تورکە لە زانکۆی یوتای ئەمەریکا وانەبێژە.


پرسی کوردی بەتایبەت لە باکوور- ئەو تورکیای نووسیووە - لەڕووی مێژووییەوە لەنێو کایەی سیاسی و یاسایی رۆشنبیریی تورکیا و کوردا باس دەکات.. شارەزاشە لە پرسی ئیسلام دا... دەیەوێ باس لەناسنامەی کولتووری کورد بکات لە پرۆسەی بە سیاسیبوون و ھەنگاو نان بەرەو مۆدێرنە.. لەم رووەوە ٤ قۆناخی بۆ بەسەرکردنەوەی لە مێژووی کوردی ئەو بەشە دیاریکردووە بۆ نووسینەکەی و شەنوکەویان دەکات . قۆناغەکانیش بریتین لە ساڵەکانی:
١٨٧٨-١٩٢٤،١٩٢٥-١٩٦١،١٩٦٢-١٩٨٣،١٩٨٣-١٩٩٨


دوا قۆناخیش لە گرتنی ئەبدوڵا ئۆجەلانەوە تا ئەو کاتەی نووسینەکەی تێدا نووسیووە.. واتە دوایی ١٩٩٩... وە دەبینین سەرەتاوە لەدەوڵەتی عوسمانی تا روخانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە دەگرێتەوە.. قۆناخەکانی تریش ھەموو سیمای خۆیان ھەیە و تژین لە ڕووداوی مێژوویی و سیاسی گرنگ. ئەم کارەیشی ماندووبوونی زۆری پێوە دیارە و دەیەوێ لەم رێگایەوە بچێتە ناو باسی گەڵاڵەبوون و فراژبوونی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە..

نووسەر باس لە پارچەپارچەیی ناسنامەی کوردی دەکات و لە ڕووی زمان و ئاین و ئەلفوبێ و ناوچەییەوە.. ئەم بۆچوونانە چەند ڕاست و ئازاراوین بەڵام وەک دەبینین بەتەنیا کورد لە دۆخەکی وادا ناژی! ئەوەی ئەم دیاردەی لای کورد قوڵ و گرێیاوی کردووە بێ دەوڵەتییە.


لە میانەی ئاماژەدان بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک و پلانی بەرەنگاربوونەی کورددا ٣ پلان دەخاتە ڕوو:


 ١- سیاسەتێکی تێکەڵکردن بە تێکشکاندنی پەیکەربەندی و سترۆکتووی خێڵەکی کە باعادەت یاخیبوونی چەکداریی لێکەوتۆتەوە.
 ٢- سیاسەتی بەشداریپێکردنی سەرۆک عەشیرەتەکان بە مەبەستی کۆنتڕڵکردنی ئەو ناوچە لاسار و ناجێگیرانە.
 ٣- سیاسەتی پەرت بکەوزاڵ بە ڵە ڕێگەی بەکارھێنانی عەشیرەتێکەوە دژ بەوی تر.


 ئەم سێ میتۆدە سیاسییە زۆرێکی تری داگیرکەرانی کوردستان بەکاریان ھێناوە! ئینگلیز لە ئیرلەندە و لە ھیندستانیش بەکاری ھێناوە!... تورک بە دڕندانەترین شێوە پێڕەوی کردوەە.. چ تورک و چ ئەوانی تریش ھێشتا نەیان توانی کورد لەناو بەرن!

پاشان دێتە سەر ڕۆڵی ھێزە ئایینی و سێکۆلارەکان دەکات چ ڕۆڵێکیان لەداڕشتنی شوناسی مۆدێرنی کوردیدا گێڕاوە.. ئیسلام پەیوەست بە پرسی بە ھێزێکی دولایەنە دادەنێ واتە یەکخەر و دابەشکار! دادەنێ .. وەک کوردی ئیسلامی سووننە و لەولاشەوە کوردی عەلەوی یەکەی دژ بە سیاسەتی ئەتاتورک و دووەم لایەنگری ڕیفۆرمەکانی ئەتاتورک لەسەر ئایین!... عەلەوییەکان ھەنگاوێکی تریش لە کوردایەتی دوور کەوتوونەتەوە و بوونەتە پاڵپشت و قەڵای ڕێبازی چەپ لە تورکیادا!


ئەم دابەشکارییە لە رووی ئاین و ئایدۆلۆژیاوە گەورەترین کۆسپی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردییە .. دەسەڵاتی ناوەندی نەتەوەی باڵادەستیش بە ئارەزووی خۆی دندەی داوە و بەنزینی کردووە بە ئاگرەکەدا و برینەکەی قوڵتر کردۆتەوە!.. دەنا بە حوکمی چی کوردێکی عەلەوی دوای کۆمەڵکوژی دێرسیم و لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و قارەمانەکاتر لەسەردەستی ئەتاتورکدا دەچنە سەر ڕێبازی ئەم بکوژە؟!... وەک چۆن ھیچ جوویەک نییە چووبێتە سەر ڕێبازی ھیتلەر!..

لە بەشێکی تری نوسینەکە باس لەشۆڕشی شێخ عوبەیدوڵا دەکات لێرەشدا پەیوەندی توندی ئیسلام و ناسیۆنالیزمی کوردی بەدەردەخا.. نووسەد دەیەوێ بەزۆر ئەوە بسەلمێنێ ناسیۆنالیزمی کوردی ئاوێتەیەک ئیسلامییی پێوەیە، ڕاستە بەشێکی زۆری رابەرانی کلاسیکی کورد سەر بەئاینی ئیسلام بوون، بەڵام ئەوانەی بوونەتە قوربانی ئامانجە نەتەوایەتییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشاون نەک بۆ دامەزراندنی خەلافەت و دەوڵەتێکی ئیسلامی!


 تورکیا کە لەسەر داروپەردووی دەوڵەتی عوسمانی دامەزرێندرا، نەیدەتوانی پێڕەوی سیاسەتی فرەنەتەوەیی لەو وڵاتەدا درێژە پێ بدات! بەڵکوو نکۆڵی بوونی ھەر نەتەوە و کەمەنەتەوەکی لەدەرەوەی تورک لە تورکیادا کرد. دروشمی یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە و یەک زمانی گرتە بەر!

باس لەھەوڵەکانی شەریف پاشا بۆ کورد دەکات و دێتە سەر ئاماژەدان بەشۆڕشەکەی شێخ سەعید و دامەزراندنی کۆمەڵە سیاسی و کولتوورییە کوردییەکان.. ئەوەی جێی سەرنجە نووسەر دەنووسێ" کۆمار نکۆڵیی لە بوونی کورد نەدەکرد ، بەڵکوو گوتارێکی نوێی پەرەپێدابوو بۆ قسە و باسکردن لە بارەیانەوە بێئەوەی وشەی - کورد- بدرکێنن بەواتا ئیتنۆ- نەتەوایەتییەکەی". ھۆکارەکەشی بۆ ئەو تێڕوانینە دەگێڕێتەوە کەوا کورد کۆنەپەرست و دواکەوتوو و مەترسیداربوون بۆ دەوڵەتی تازە تروکاوی مۆدێرن و سێکۆلاریتێتی!!!

خۆ گەر لەڕووی مێژووییەوە تەماشای ئەم دەربڕینە بکەین رابەرانی کۆمەڵە و گرووپە مۆدێرنەکان بەشێکی زۆریان کوردبوون! کوردێکی زۆریش دۆستی ئەتاتورک و دۆست و ھاوکاری بوەن! کەواتە کوردیش گۆڕانکارییە جیھانییەکانی بە ئەندازەی خۆی وەرگرتووە پێ خۆشبووە!


 ئەتاتورک دەیویست ھەموو جیاوازییەکانی سەردەمی عوسمانی تێکھەڵشێلێ و بیکاتە تاقە ناسنامەیەک بۆ تورک و کردیشی!

تا سەرەتای ساڵانی ١٩٦١ پرسی ناسیۆنالیزم لە کۆنتێکسێکی ئیسلامیدا دەخارە ڕوو، لەدوای ئەم مێژووەوە ئیدی نۆرەی سۆسیالیزم و چەپایەتی دێتە ناو رەوتی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە!.. رۆڵی کوردە عەلەوییەکان لەم بوارەدا زۆر کاریگەربووە و لەناو پارت و کۆمەڵەکانی تورکیا گەورەترین ھێز و گرووپ بوون و دەستیان بەدەرکردنی گۆڤار بە زمانی تورکی و کوردی و باس لەو ستەمەکراوە کە لەسەر کوردە..


ئەم ھەڵمەتە وا دەکات پارتی کاری تورک لە کۆنگرەی چواری خۆیدا ددان بنێ بە بوونی گەلی کورد لە رۆژگەڵاتی تورکیادا، واتە نەک لە کوردستان دا؟! ھەڵبەت ئەمە ھەنگاوێکی ئەرێنی باش بووە. کۆمەڵەی تریش دادەمەزرێن و نووسەر دەڵێ " بزووتنەوەی چەپڕەوی لەتورکیا ھەمیشە دەیویست پێگە و بنکەی خۆی فراوان بکات لە ڕێگەی جەختکردنەوە و پێداگرتن لەسەر مەسەلەی کورد و عەلەوییەکان" .. باسی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی شۆڕشگێڕی ڕۆژھەڵات ددکۆ دەکات کە چەند لەگەڵ چەپی تورکدا ئاوێتە بوون!..

ئەوجا باس لەوە دەکات کە (شەرەفەدین ئاڵچی) وەک وەزیرێکی حکومەتی ساڵی١٩٧٩ ی تورکیا کاتی رایگەیاند کوردە ئابڕووی حکومەتی تورک چوو، کە بانگاشەی دەکرد جگە لە تورک کەسی تر لە تورکیا نییە!..


نووسەر باس لە قۆناخی دوای کودەتای ١٩٨٠ و دامەزراندنی پ ک ک دەکات پێی وایە:" ھیچ رێکخراوێکی کوردی بەئەندازەی پکک کۆنتڕۆڵی ئەقڵ و توانای کوردی نەکردووە". ئەمەش ڕاستە و ھەروەھا ئاماژە بە خاڵێکی یەکلاکەرەوە لەسەر دەستفی رێکخراوی ناوبراودا دەدات ئەویش کۆتایی پێھێنانی پەیوەندییەکانی ئیسلام و خێڵ و ناسیۆنالیزم بە قازانجی ناسیۆنالیزم. ھەر لەدرێژەی ئەم باسەدا روونی دەکاتەوە کەوا پکک زیاتر ڕەخنەی لە ناسیۆنالیزمی تورکی گرتووە تا سیاسەتی دەسەڵات!.. واتە لەبری شەڕی دەوڵەت کەوتە پەلاماردانی ناسیۆنالیزمی تورکی و ئەم وەرچەرخانە بووە ھۆی لە سەرھەڵدانی جیاوازیان لەگەڵ بزووتنەوەی چەپڕەوی تورکیادا.

بەخێرایی بیوگرافیای ژیانی ئۆجەلان و مێژووی دامەزراندنی پکک دەخاتە ڕوو. پێی وایە ئامانجی سەرەکی بریتیی بووە لە تێکشکاندنی ستارکتوور و پێکھاتەی کۆمەڵگەی کوردی و دروستکردنی دەوڵەتێکی سۆسیالیستی کوردی !.. ئەوە باسی سەرەتاکانی ئەو پارتە دەکات! ھەروەھا پانۆڕامایەکی شەرو ھەرا و کوژراوی نێوان کورد و تورکیا دەخاتەر بەرچاوی خوێنەر .. ئەوجا کە خەباتی چەکداری پکک گەشە شەکات و ئۆجەلان لە سووریاولوبنانەوە سەرکردایەتی ئەم شۆڕشە دەکات، تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ و پەیوەندیی باشی بە ئیسرائیل و ئەمەریکاوە و دەوڵەتێکی بەھێز لە ناوچەکەدا ھەڕەشە لەسووریا دەکات و ئۆجەلان دەردەکرێ و ئۆجەلان دەچێتە مۆسکۆ و لەو داڵدەی نادەن و دێتە رۆما و لەوێش ڕاناگیرێ یان خۆی دەڕوات و دواتر لە١٦.٢.١٩٩٩ لە نایرۆبی دەگیرێ و لە زینشدنی ئیمڕاڵی زیندانی دەکرێ!

ئۆجەلان لە دادگا باسی خزمەتی دەوڵەتی تورک دەکات و پێشاگری لەسەر دیموکراتی دەکات بۆ چارەسەری پرسی کورد و ئیدی بەدواتی ئەوەدا شتی سەیروسەمەرەمان دی کە بەناوی ئۆجەلانەوە بڵاوکراوەتەوە..


دیارە ناوبراو زیندانییە و کەس ناتوانێ جارێ ڕاستینەی قسە و بۆچوونەکانی بسەلمێنێ! چونکە لەخۆیەوە نەیان بیستووە.

نووسەر بەوردی باسی گۆرانکارییەکانی بیروبۆچوونی ئۆجەلان و سیاسەتی پکک دەکات بەرانبەر بە تورکیا..


 بە هەموو پێوەرێک پکک و ئۆجەلان لە پێش و پاشی گرتنەکەش کێشەی گەورەیان بۆ تورکیا لەسەر ئاستی ناوچە و جیھان دروست کرد..پرسی کوردیشی بردە قۆناخێکی گەورەترەوە.. و پرسی دیموکراسی لە تورکیا خستە ژێر پرسیارەوە!.. ھەر بۆیەش نووسەر دەڵێ:" پرسی کورد شرینقەتەکی کوشندە و لەناکاوە لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەوروپادا".

تورکیا بە شەفەندەفەرەوە بەڕێ کەوتبوو بێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ئەم دۆخە و ھەندێ پرسی تریش بۆی بووە کۆسپ و تا ئیستا وەرنەگیراوە! لەناو ھێزە سیاسییەکانی تورکیا بە دەسەڵات و ئۆپۆزتنیسیۆنەوە ململانێ و گرژییەکانی قوڵتر و زیاتر کرد!.. ئەو ھەوڵ و تەقەلایانەی لەلایەن دەوڵەت و گووشاری ئەوروپا بۆسەر دەوڵەت و ھەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن و تەرحەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد بووە باسی رۆژ!!

لەدوا بەشی توێژینەوەکەیدا بە ناوی ئەنجام، نووسەر وەک زۆری تر لە زانستکار و ئاکادیمستە تورکەکان تەنگ پوختە ی بیروڕاکانی خۆی دەخاتە ڕوو:


١- کاتێ ئیمپراتۆری فرە ئێتنیکی عوسامنی دەروخێ و ڕژێم باشتر وابوو بنووسێ دەوڵەت! لەسەر بناخەی ئێتنیکی دادەمەزرێ، شوناسی کوردی بەم ھۆیەوە ڕادیکالانە بەسیاسی دەبێ .
٢- ئەم ناسیۆنالیزمە کوردییە ڕادیکالە خۆی ھۆکارە کە ناسیۆنالیزمی تورکی بە سیاسی و میللی کردووە.
٣- ئیمڕۆ ھۆشیاری کوردی لە ھەڵکشاندایە، لەبەرانبەردا یەکگرتن کەمە بەخۆی ڕکابەری و نادڵسۆزییەوە.
٤- پێویستە کورد تێبگەن دەرفەتێکی ھەرێمی و یان سیاسی لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا نییە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان.
٥- پێویستە لەسەر تورکیا دان بە مافە کولتوورییەکانی کورددا بنێ، ئاخر کێشەی کورد تەگەرەی دروست کردووە بۆ مافی دیموکراتی و گەشەکردن و بەرەوپێشچوونەکانی تورکیا بەرەو ئاراستەی ئەوروپا!..

دەکرێ یەک بەیەکی ئەم دەربڕین و بۆچوونانە شیتەڵ بکەینەوە، بەڵام بابەتەکە زۆر درێژ دەبێتەوە.. بەکورتی و کرمانجی نابراو کێشەی کورد لە پرسێکی کولتووریدا دەبینێ نەک دۆزێکی نەتەوەیی سیاسی دا!.. کورد نائومێد دەکات کەوا دەرفەتی بەدەوڵەتبوونی نییە! و لەپەرۆشی ئەوەدا بەو مێتۆدە سیاسیە تورکیا ناگاتە ئەوروپا.


خوێنەر ئاگادارە کەوا زانای گەورەی تورک د. ئیسماعیل بێکشچی بە تێزەکانی لەمێژە وەڵامی زۆری ئەم جۆرە بۆچوونانەی ئەم نووسەرە و دامودەزگا فەرمییەکانی تورکیا داوەتەوە!..

زۆر رۆیشتنی بەندە لەسەر ئەم بابەتە پەیوەستە بە ھەڵکەوتی پرسی کورد لەم بەشەدا، بەھۆی ئەوەوەیە مێژووی نزیکەی چەند سەدەیەک دەوڵەتی عوسمانی و سەدەیەکیش تۆڕانێتی ئەتاتورک و ئەوانی دوای ھاتوون تا سوڵتانەکەی موسڵمان ئەردۆغانی ستەمکاری ئێستا و و رەنگە ھی پاش ئەمیشی بگرێتەوە!


 بە پەراوێزەکانەوە ئەم توژیێنەوە چڕەی پرۆفیسۆر م. ھاکان یاڤوز نزیکەی٦٠ لاپەڕەی گرتۆتەوە.

__________________________________________________

بەشی یەکەم: https://emrro.com/nasyonalizmikurdiy1.htm
 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک