په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٣\٢٠٢٠

ناتۆش پاڵپیشتی تیرۆریستان دەکا.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


ئاشکرایە لە ھەر کوێ شەر روویدابێت کوردو کوردستانیان بە ھۆی وڵاتە ‌داگیرکەرەکانی کوردستان دووچاری گرتن و کوشتن بوونەتەوە و ھەروا لە ناوبردنی سامان و دارایی ھاوڵاتیانی و خاپورکردنی خاکەکەی و ئەوەتا تورکیا چەندین ساڵە شەرێکی خوێناوی بە نەخشەو پلانێکی دارێژراوی توکمە دژ بە کوردانی باکووری کوردستان ھەڵگیرساندووەو، سەدان ھەزار کەس لە سڤیلی بێ دەسەڵات دووچاری گرتن و زیندانیکردن و کوشتن بوونەتەوە لە سەر خاکی باوپاپیرانیان دەرکراون و ماڵ و سامانیان تاڵانکراوەو باخ و بێستان و رەزو دارستانەکانیان سووتێنراوەو، وئاوایی و گوندو شارەکانیان وێران کراوە.


بۆ زیندوکردنەوەی خەلافەتی عوسمانلی مردوو پێچووە چارەدێزەکەیان رەجەب تەیب ئەردۆگان ھەڵپە ھەڵپیەتی و دەست بۆ ھەموو لایەک ئەبات و، تەنھا لە سوریا بە ناوی کۆنترۆڵ کردنی سنور دەستیگرت بە سەر شارۆچکەی جەرابلوس و پاشان گرتنی شاری عەفرین و، لە دواییدا، لە ئوکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ ھێرشی زەمینی و ئاسمانی سوپای تورکیا و گروپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستیپێکرد. سەرەڕای دژایەتی و ھەڵوێستی توندی جیھانی بەڵام تورکیا بەردەوامە لە داگیرکاری و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنییان کردۆتە ئامانج و بەو ‌ھۆیەوە کوژراو برینداری زۆری لێکەوتووەتەوە.


ئەمرۆ لە شاری ئیدلب شەر گەرمە لە نێوان تورکیاو سوریاو، ئیدلب شارێکی سوریایەو لە سەرەتای راپەرینی خەڵکی سوریا دژ بە رژێمی بەشار ئەلئەسەدو بە پاڵپشتی حکومەتی ئیخوان ئەلموسلمینی تورکیاوەو بەھۆی لاوازی حکومەتی سوریاوە لە ساڵانی پێشوو کەوتەدەست توندرەوە تیرۆریستەکان ولەلایەن تورکیاوە بەرێوەئەبراو، لەمرۆدا حکومەتی سوریا بە پاڵپشتی روسیا ئەیوێت شارەکە لە چنگی ئەردۆگان و تیرۆریستان بسێنێتەوە.

تورکیا ھەموو ھەوڵ و تواناکانی خستووەتەگەر بۆ ئەوەی ئیدلب لە ژێر رکێفی بمێنێتەوەو ناوچەیەکی ئارامی لێدروست بکات و، لەم رێگاشەوە ئەتوانێت لە کورد بدات گوایە کوردەکان مەترسین لە سەر بارودۆخی تورکیا بەڵام لە راستیدا ئیدلب لە رووی ستراتیژی جۆگرافیاوە بۆ تورکیا گرنگییەکی زۆری ھەیەو لەوانە : یەکێکە لەو ناوچانەی لە سەرەتاوە لە شۆرشی خەڵکی سوریا بەشداری کردووەو، ناوچەیەکی ستراتیژییەو تورکیا لەو باوەرەدایە پاراستنی ئیدلب ریگا نادات دەستی دوژمنان بگاتە خاکی تورکیا و، ریگا خۆشکەرەیە بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەراست { دەریای سپی} و، نزیکە لە شاری لازقییە کە بە دڵی رژێمی سوریا ئەژمێردرێت و ئەوەش بایەخی ستراتیژییەکەی زیاد ئەکات و، ھەروا نزیکە لە شاری ریحانییەی ویلایەتی ھاتای و، ئیدلب شاریکی گەورەیەو زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو خەڵکی لێیە و لە شارەکانی ترەوە بە تایبەتی شاری حەڵەب روویان لەوێکردووە.


شەر گەرمەو سوپای سوریا بە یارمەتی روسیاوە پێشرەوی کردووەو بەشێکی فراوانی لە خاکی ئێدلب رزگارکردووە و، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا ھەرەشە ئەکات و، ئەیەوێت سوریا بکشێتەوەو، بە پێچەوانەشەوە ئەڵێت ئێمەش ھێرش ئەکەێن و دەست ناپارێزین وبۆردومانی ناوچەکانی تریش لە دەرەوەی سنوری ئیدلب ئەکەین.


بە ھۆی شەری زەمین و ئاسمانییەوە، تۆپباران و فرۆکەی دوو وڵات تورکیاو سوریا خەڵکی سڤیل بەرەورووی لەناوچوون بوونەتەوەو نان و ئاویان لێبراوەو، دوور نییە ئەم شەرە زیاتر پەرەبسێنێت و ببێت بە شەرێکی گەورە بە تایبەت ھێزەکانی سوپای سوریا لەلایەن روسیاوە یارمەتی ئەدرێن و، لە سەرەتای ئەم ھەفتەدا زیاتر لە ٣٣ سەربازی تورکیاو ٥٠ سەربازی سوریا کوژراون و، ئەم شەرە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی زیاتر ئەبات و، ئەگەر تەشەنە بکات بە تەواوەتی ئەتەقێتەوەو لایەنی تریش ئەگرێتەوە.‌


ئەردۆگان زۆر ھەوڵیدا وڵاتانی پەیمانی زەریای باکوری ئەتلەنتێک ( ناتۆ) رازی بکات بەوەی ناوچەیەکی ئارام و دابراو لە خاکی سوریا دروست بکات بەڵام ئەو وڵاتانە گۆێیان پێنەداو، روسیا توانی ئەو بۆشایە پر بکاتەوەو پشتگیری لە سوریا ئەکات و، بە ھۆی سوریاوەو لە سەر بانگھێشتنی حکومەتی بەشار ئەلئەسەد روسیا جێپێی لە ناوچەکە قایم کردووە.


نووسەرێک لە شیکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە بە ناوی مارتن شۆلۆڤ ئەنووسێت و ئەڵێت : ئێستاکە دەستی روسیا لە کێشەو گیروگرفتی لە گەڵ تورکیادا بڵندەو، ئەوە سێ ساڵە سەبارەت بە باکوری سوریاوە مشتومریانە بەڵام مشتومرەکە لەم دواییەدا گوازرایەوە بۆ پێکدادانێکی ترسناک لە نێوان دوو لایەن یەکەمیان سوریا و روسیا و دووەمیان تورکیا و تیرۆریستان.


ئەردۆگان جارێکی تر زەلیلانە رووی کردە ناتۆو داوای یارمەتی کردو، بە پێی نووسین و پەرەگرافەکانی یاسای ھاوپەیمانی ناتۆ ئەبێت ئەو وڵاتەی ئەندامی ناتۆیەو تووشی شەر بێت لەلایەن ناتۆوە یارمەتێبدرێت و پشتگیری لێوە بکرێت بەڵام لەم حاڵەتەی تورکیا ئەندامەکانی ناتۆ وتیان ھێرشکردنە سەر سەربازانی تورکیا ھەرەشە لە تورکیا ناکات و، بەوتەی ئەو ئەندامانە ھێشتا شەر گەرم نییەو، لە بەرامبەردا ئەردۆگان ھەرەشەی لە یەکێتی ئەوروپا کرد بەوەی رێگا لە بەردەم کۆچبەران واڵا ئەکات بەرەو ئەوروپا برۆن و ھەرەشەکەی جێبەجێ کردو ھەزاران کۆچبەر روویان لە بولگاریاو یۆنان کردووەو لەلایەکی ترەوە پۆتین سورە لە سەر کۆتاییھێنان بە جەنگ لە رێی ھێرشی ئاسمانییەوەو شارەکە بخاتەوە ژێر رکێفی سوریاو، بەو ھەنگاوەش روسیا لە ناوچەکە جێگیر ئەبێت و، بەرژەوەندییەکانی تورکیا تەماوەییە و بە روونی دیارنییە و لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٦ پشتگیری لە ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری کردو ھەموو ھیواو مەرامەکانی تورکیا ئەوە بوو کورد لە سنورەکانی دووربخاتەوەو لە ئێستادا ھەردوولا (تورکیاو سوریا) شەریان ناوێت و ھەوڵی ئاگربەس ئەدەن.


پێویستە رەجەب تەیب ئەردۆگان پشوویەک بدات و بە خوێدا بچێتەوەو واز لە سیاسەتی داگیرکردنی خاکی وڵاتێکی تر بێنێت و، ھەروا بە شێوازێکی دووفاقە ھەڵسوکەوتنەکات ، لەلایەک یارمەتی تیرۆریستان ئەدات و، لە لایەکی ترەوە ئەیەوێت لە گەڵ فلادیمیر پۆتین نزیکبێتەوە و، پیویستە ئەردۆگان لە جەنگی سوریادا وانە فیربێت و، وانەزانێت چوونە ناوی خاکی وڵاتێکی تر گەشتوگوزارە و، دیارە پرۆژەکەی تورکیا بەرەو نەمان مل ئەنێت.

ژمارەیەک لە سەربازانی لاو بە خۆشحاڵییەوە چوونە ناو خاکی سوریاو، بە پێی ئاخافتنەکانی ئەردۆگان و خۆھەڵکێشان و راگەیاندنەکانی لەو باوەرەدا بوون ئەمان بەھیچ شێوەیەک تووشی زەرەروزیان نابن بەڵکو تەنھا سورییەکان زەرەر ئەکەن و، نەیان ئەزانی جەنگ گاڵتەی مناڵان نییەو، لەکاردانەوەی زیانەکانی بە فەرمانی ئەردۆگان تۆرەکانی ئەنتەرنێت لە شارەکانی تورکیا پچراو پێجەکانی فێسبوک داخران بۆ ئەوەی زەرەروزیانەکانی لە خەڵک بشارنەوەو، لە شارەکانی ئەنکەرەی پایتەخت و ئێستەنبول خۆپیشاندان دژ بە ئەردۆگان و جەنگەکەی ئەنجامدراو ئەگەر ئەردۆگان لە سەر رەفتارەکانی بمێنێتەوە دوور نییە لە ھەموو شارەکانی تورکیا خۆپیشاندان دژی دەستپێبکات.


ئەردۆگان داوای لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ( ناتۆ) کرد لە پرسی سوریادا یارمەتی بدەن، بە کردار نەوەک تەنیا بە قسە یارمەتی تورکیا بدەن بەڵام ناتۆ ھیچ یارمەتییەکی پێشکەش نەکردو، ئەمجاریان ھانا بۆ مۆسکۆ ئەبات و بریارە رۆژی ٥ ی ئازار لە مۆسکۆ چاوی بە فلادیمیر پۆتین بکەوێت و، سەرەرای تێکشکاندن و دۆراندن ئاکار خەلوسی وەزیری بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکی پر لە درۆ باسی لە جەنگی ئیدلب کردو وتی ھێرشەکانمان دژ بە سوپای سوریا بە سەرکەوتوویی بەرێوەئەچێت.


ناتۆ لە سەر زاری سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ ''یێنس ستۆلتێبێرگ' پشتیوانی رێکخراوەکەی بۆ تورکیا دەربری رایگەیاند ھاوپەیمانان ھاوخەمیی خۆیان بۆ کوژرانی سەربازە تورکەکان دەرئەبرن و داوای لە روسیاو سوریای کرد ھێرشەکانیان بوەستێنن و، قسەکانی ستۆلتێبێرگ یارمەتییە بۆ توندرەوە تیرۆریستەکان. ھەزاران کورد بە دەستی ئەردۆگان و تورکیا کوژران بەڵام رۆژێک لە رۆژان ناتو دەنگی بەرز نەکردەوەو ھاوخەمی ئەندامەکانی بۆ گەلی کورد دەرببرێت و داوا لە ئەردۆگان بکات ھێرشەکانی بۆ سەر شارو دیھاتەکانی کوردستان بوەستێنێت و لەمرۆدا ئەستێرەی ئەردۆگان سەرەوخوار ئەبێتەوەو عەفرین و شارو دیھاتەکانی تریش ئازاد ئەکرێن و، دووریش نییە شورشێک دژ بە ئەردۆگان بەرپا بێت.

 

٤\٣\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک