په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٢

نائومێدیەکانی ئه‌مه‌ریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دا.


سەعید عارف باپیر  

١

 

بەپێی دۆکترینی (جیمس مۆنرۆ) ١، ئه‌مه‌ریکا لە ٢دیسامبەری ١٨٢٣وە ، ڕێگای دەستوری نەبو ، بۆ ھیچ دەستێوەردانێک ، لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی .
بەشداریەکی کزو شەرمنانەی لەجەنگی جیھانی یەکەم و ،لەکۆتایی دا ‌١٤خاڵەکەی (ویدرۆوێلسۆن) ‌ڕواڵەتی مرۆڤدۆستانەی شکاندنی (دۆکترینی مۆنرۆ) بو ، لە مێژوی ئه‌مه‌ریکا دا .

لەجەنگی جیھانی دوەمیش دا ، پاش بۆردومانی بەندەری ( پێرل ھاربۆر) لە لایەن ھێزی ئاسمانی ژاپۆنەوە ، ئه‌مه‌ریکا بەسەرو مڕی ھاتە ناو جەنگەکەوە . دوای جەنگیش بە (پلانی مارشاڵ) بەشداری ئاوەدان کردنەوەی ئەوروپای وێرانکراوی کرد، لە پێناوی سەرپێ خستنەوەی بلۆکی سەرمایەداری ڕۆژئاوا ، بۆ بەرەنگار بونەوەی ، ھێزێکی نوێی بلۆکی کۆمۆنیستی ڕۆژھە ڵات .

لەدوای (کۆنفرانسی یاڵتا) ٢ی ساڵی ١٩٤٥وە ،ئەوەی جیھانی تیا دابەش بو بۆ دو بلۆکی خۆرھەڵاتی کۆمۆنیستی بە پێشەنگی روسیای شورەوی و ،بلۆکی سەرمایەداری ڕۆژئاوا، بەپێشەنگی ئه‌مه‌ریکا .

ئه‌مه‌ریکا وەکو خۆی ، جێگای چالاکی لە میراتی کۆڵۆنیالی ھێزەکانی (بریتانیا) و( فەرەنسا)ی لە ژاپۆن و کۆریاو ڤێتنام و ھیندی چینی و ئاسیای دورو ڕۆژەھەڵاتی نێو پەیمانی (سایکس ــ پیکۆ) ٣دا گرتەوە ، لەبارێکی نوێ ی تایبەت بەخۆیدا . بەناوی زامن کردنی ئاسایشی نەتەوەیی یەوە .بە دەرباز بون لە دەرەوەی سنورەکانی ئه‌مه‌ریکا .

جەنگی سارد سەرەنجامێکی کۆنفرانسی یاڵتا بو ، وڵاتانی جیھانی بەسەر دو بلۆک دا ساغ بونەوە . ( جەنگی بریکاری ــ حرب بالوکالە ــ) جۆرێک جەنگی نێوان وڵاتە وابەستەکانی ئەم دو بلۆکە بون ، لەبریتی بەرژەوەندی ئه‌مه‌ریکاو شورەوی دژی یەک جەنگ و ملاملانێکان دەخوڵقان ، دو زلھێزەکانیش دەبونە کۆمەکدەرو پاڵپشت بۆ وڵاتی بریکاری خۆیان .

جگە لەدو شوێنی جیاواز ، ئەوانیش جەنگی ڕاستەو خۆی ئه‌مه‌ریکا بو لە سەرەتای پەنجکانی سەردەمی سەرۆکایەتی ( ھاری ترومان) دا لە (ڤێتنام)ی کۆڵۆنی پێشوی فەرەنسی دا . ئه‌مه‌ریکا بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی کۆمۆنیستی . خۆی لەم جەنگە ڕاستەوخۆیەوە گلاند ، پاش درێژە کێشانێکی ، لەناوەندی حەفتاکان و لەسەر دەمی کۆتای سەرۆکایەتی( ڕیچارد نیکسۆن) دا ‌ ئه‌مه‌ریکا بە تێکشکاوی ، ناچاری پاشەکشە بو . چین و ڕوسیای کۆمۆنیستی ، پالپشتی ھێزی ڤێتنامیە سەرکەوتوەکان بون .


٢
دوەم جەنگی ڕاستەو خۆی زلھێزەکان . داگیرکردنی (ئەفگانستان) لەکۆتایی حەفتا کان دا بو ، لەلایەن ڕوسیای شورەوی بلۆکی خۆرھەڵاتی یەوە .
لەنزیک کۆتایی ھەشتاکان دا بەتێکشکان و پاشەکشەکردنی ڕوسیا کۆتایی ھات ، بەھۆی کۆمەکی بێ قەیدو شەرتی ئه‌مه‌ریکا وە بۆ بەرھەڵستکارە ئەفگانیەکان دژی داگیرکەری شورەوی .
داگیرکردنی ئەفگانستان ، یەکەم درزی شەختەی سەھۆڵینی جەنگی سارد بو ،ئیتر داشیاری شەترەنجی جەنگی سارد ، کەوتن و گۆڕینی تێ کەوت .

ــ ا ــ
شای ئێران بەر زەبری ڕوداوەکان کەوت ، داشی کەوتوی جەنگی سارد بو . پێش تر (جیمی کارتەر) سەرۆکی دیموکراتەکانی ئه‌مه‌ریکا بە ڕژێمی شاھنشاھی ئێرانی دەگوت ؛ یەکەم دورگەی ئارامی دەسەڵاتە لەناو چەکەدا ، بەپۆلیسی کەنداو ناودەبرا . ئه‌مه‌ریکا ھەلسو کەوتەکانی خۆی لەڕێگای شاوە وەکو بریکارێک لە ناوچەکەدا دەپێوا ، بەڵام دوای گرتنی ئەفگانستان ، ئه‌مه‌ریکا وازی لە پاڵپستی ڕژێمی شاھێنا ٤ و تا لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩دا (کش مات) لە شا کرا و ڕژێمی ئاینی ئاخوندی جێگای گرتەوە .

بەکورتی داگیر کردنی ئەفگانستان ، ھەڵدانەوەی (سندوقی پاندۆرا) بو لەڕۆژەھاتی ناوێن دا ، دواتریش دۆڕاندنی ئەفگانستان ،‌ ھۆیەکی گرنگی ڕوخانی بلۆکی ڕۆژھەڵاتی شورەوی بو .
ئەوەش ناوەندی گرنگی باسەکەی ئێمەیە :
ئه‌مه‌ریکا بۆ دەرپەراندنی سۆڤێتی یەکان ، ھەمو ڕێگایەکی شیاو نەشیاوی گرتە بەر ، لەوانە:

* لەروی ستراتیژەوە دەستی لە ڕژێمێکی تەقلیدی بریکاری خۆی ھەڵگرت ، کە ئێرانی شاھنشاھی سێکولاری بو ، ڕژێمێکی تیۆکراتی ئاینی ئاخوندی جێگەکەی پڕ کردەوە .
* پاکستان لەسەر بنچینەی ئاین لە ھندستان جیا بۆتەوە ، ئه‌مه‌ریکا ھەمو یارمەتیە مادی و مەعنەویەکانی ، لەڕێی پردە پاکستانیەکەوە دە پەڕاندەوە بۆ بەرھەڵستکارە ئەفگانیەکان ، پاکستانیەکان ئەجێندا دەوڵەتیەکەی خۆیان لەڕێ ی ئەوکۆمەکانەوە دەبوژاندەوە، لەنێو بەرھەڵستکارە ئەفگانیە ئایندارە سادەکان دا ، کەدوا سەرەنجامی دروست بونی گروپی ئاینی (تالیبان) و ڕێکخراوی ( قاعیدە) ی ئوسامە بن لادن بون ، لەداھاتوە دورەکەیدا .
* بەخشینی چەکی ستراتیژی دژەئاسمانی ، وەکو موشەکی( ستینگەر ) بە بەرھەڵستکارە ئەفگانیەکان ،‌لەو کاتانەدا ئه‌مه‌ریکا نەیدەدا بە وڵاتێکی وەک سعودیەی بریکاری نزیکی خۆی .

ئەم ھۆکارانە بون بەھۆی ، سازاندنی سەرەتای ئاسۆی نائومێدیەکانی ئه‌مه‌ریکا ، بە پێچەوانەشەوە بون بەھۆی گەشانەوەی ئەستێرەی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی ، لەسەر حسابی ھێزی سێکۆلاریزم لە ڕۆژھەڵات دا .
تا ھەنوکە لە ‌بەھاری عەرەبی دا ، ئەو دەسەڵاتانە دەگەن بەکامی خۆیان لەسەرپاکتاو کردنی دەسەڵاتە بەجێماوەکانی جەنگی سارد .

ــ ب ــ

دوای داگیر کردنی ئەفگانستان ، ڕوداوی گرنگ ھەیە ، ناکرێت بازی بەسەردا بدەین ، ئەوەش جەنگی ٨ساڵەی( ئێران ــ عێراق) ە ، لە سەرەتای ھەشتاکانەوە ،بۆ نزیک دەسپێکی نەوەدەکان ، بۆ کز کردنی تەوژمی بزوتنەوە ئاینیەکەی خومەینی ، بەھێزێکی نەتەوەپەرستی عەرەبی ، وەکو بەعسی سەدامی .
دواتر داگیرکردنی میرنشینی کوەیت لەلایەن دەسەڵاتی سەدامی تامەزرۆی جەنگەوە لە ٢ئابی ١٩٩٠دا .
بەدوای دا ئه‌مه‌ریکا لەسایەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان دا ، توانی پێشەنگی چەندین دەوڵەتی جیھانی و عەرەبی بکات بۆ دەرپەڕاندنی ھێزەکانی عێراق لەکوەیت .


ـــ ج ــ

لێدانی عێراق لە ١٩٩١دا ، بڕێکی تر ‌ لاواز کردنی ھێزی سیکۆلاری بو بۆ سودی دەسەڵاتی ئێرانی ئەجیندا ئاینی ، لەسەردەمی جۆرج بۆشی باوک دا وەکو درێژ کراوەی دوانزە ساڵی دەسەڵاتی کۆماریەکان لە سەردەمی (ڕۆناڵد ڕیگن)ەوە .

ــ د ـــ

بەدوای دا لە ساڵی ١٩٩٢و لەھاتنی (بیڵ کلنتن) سەرۆکی دیموکراتخوازەکانی ئه‌مه‌ریکا ، پیادەکردنی سیاسەتی پێچانەوە ( سیاسەتی ئیحتوا) بەرامبەر ئێران وعێراق لە ھەشت ساڵی حوکمڕانی داو بەوەش سەدەی بیست کۆتایی پێھات .
دەکرێت ھەمو ئەو سەردەمانە بە خایاندنی سوڕی گەرم ڕاھێنانی ئەو ھێلکەمارانە بێت ، کە ئه‌مه‌ریکا داینابون ، لە ژێر گەرمایی دەرپەڕاندنی شورەویدا لە ئەڤگانستان .ھێلکەکان تروکان و ، تولە مارەکانی فەراقە بون کەڵبەیان ژەھری پێ گەیشت ، لە ١١ سێپتەمبەر دا دایان بە ئه‌مه‌ریکا خۆیەوە .


٣

کارەساتی ١١سێپتەمبەر ، ھاوتاو جمکی کارەساتی (پێرل ھاربۆر)ە لە سەردەمێکی ترو سەدە ی نوێ دا ، ھەردوڕوداوەکە دو سەدە بەڕوداوی دراماتیکی سەر بە دەرەنجامەکانیان دەنەخشێنن .

داگیر کردنی ئەفگانستان و عێراق لەسەردەمی جۆرج بۆشی کوڕدا ، وەکو پەرچە کرداری کارەساتی ١١ سێپتەمبەر بوو ، دواتریش نیازی زیاتری ئه‌مه‌ریکا بو ، بۆ برەو دان بەسیستمێکی دیموکراتی و ھاوتا و ھەواداری خۆی ، وەکو ئامانجی پتەو کردنی ئاسایشی نەتەوەی ئه‌مه‌ریکا لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی .

ئه‌مه‌ریکا یەکەم پاڵپشتی نویکردنەوە و مۆدێرنیزەکردنی ژاپۆن بو ، لەپاداشتی دا ژاپۆن یەکەم وڵاتە زەبری خۆی لە ناوسنوری ئه‌مه‌ریکا دا دەوەشینێت . بەلێدانی بەندەری (پێرل ھابۆر) لەلایەن ھێزی ئاسمانی ژاپۆنیەوە .

دیسان ئە مریکا، یەکەم پاڵپشتی ئازاد کردنی ئەفگانستان بو ، لە دەستی ڕوسە شورەویەکان . لەپاداشتی دا بۆ دووەم جار ، زەبر لە ناوەندی دارایی و سوپایی ئه‌مه‌ریکا دەدرێت ،لەناو سنورەکانی خۆی دا ، لەلایەن ڕیکخراوی( قاعیدە) ی ھیزی پەنادراوی دەولەتی تالیبانی ئەفگانستانەوە .

ئه‌مه‌ریکا وڵاتێکی چەندە نمەک تاڵە؟!!
ئەمە بۆچونێکی تەنھای من نیە . بەڵکو باری سەرنجی خۆیانە ، لەوەدا( جۆرج ئۆکەر بوش) دەپرسێت :
ــ (بۆ ئەوندە ڕقیان لێمانە ؟!)
ئەوانە دەربڕین و قسەگەلێکن ، دەچنە پۆڵێنێکی مۆراڵیەوە .
بەڵام ئەوەی لێرەداگرنگە ، بارەکانی نائومێدی ئه‌مه‌ریکایە ، جگە لەپیاوانی دەسەڵات و سیاسەت ، ڕۆشنبیرو توێژەرەوەکارانی ئه‌مه‌ریکاش لێی بە پرسیارو پڕ ئەندێشەن .

لەوانە (فرید زەکەریا) وەکو نوسەرو لێکۆڵەرەوەی ئەمریکی بنچینە عەرەب ، لەدوا نوسینی دا دێتە سەرباسی ئەوەی ، ئه‌مه‌ریکا چی ھەوڵیک و خەرجیەکی بێ شوماری لەبەرد داوە ، بۆ بنیات نان و پیادەکردنی دەسەڵاتێکی دیموکراتی ھاوشێوەی ڕۆژئاوایی لە ئەفگانستان و عێراق دا و چی نائومێدیەکی چنیوەتەوە .

ئەو دەڵیت : ئه‌مه‌ریکا تێکەڵی جەنگی ئەم وڵاتانە بوە بە بیرێکی ساکارو سادەوە ، بەوەی نوێکاری و مۆدیرنیزم کردنیان دەبێت بە ھۆی چارەسەر کردنی ئاسایشی نەتەوەییان ، نمونەی زیندوی لێدوانی (میت ڕۆمنی) وەکو پاڵپشتی لێدوانەکەی دەھێنێتەوە ــ بەوەی ئە گەر ھات و دروست کردنی تۆڕی ڕێگاو بانی نوێ و گەیاندنی مۆبایل بەھەمو ئەفگانیەکان و کۆمەکی زیاتری جوتیاران بۆ کشتوکاڵی بەسودو دەسبەردار کردنیان لە چاندنی ڕوەکی(خاشخاش)ی مادەھۆشبەرەکان . دەبێتە ھۆکاری سەقامگیربون ــ بێ ئاگالەوەی ئه‌مه‌ریکا ناتوانێت حوکومەتێکی نیشتمانی پشت بەستو بە ھەمو ئەفگانیەکانی ئەفگانستان پێک بھێنێت ، کە (پشتو) یەکان زۆرینەن ، دەسەڵاتی (تالیبان) ی پشتوییەکان، لەژێر کاریگەری ھێزی ئه‌مه‌ریکاو ھێزەکانی یەکێتی باکور ڕوخێنرا . ھەنوکە سوپا لە( تاجیکی ، ئۆزبەکی ، ھەزارەجات)ەکانی (یەکێتی باکور) پێکھاتون ، جگە لە کلتورو ئاین و نۆرمی وڵاتەکە ،‌نەگۆڕەو ، ھەمیشە وەکو خۆی دەمێنێتەوە .


یان ئەو سامان و ھێزە بێ سنورەی لەعێراق دا خەرج کرا ، سەرەنجام بو بەھۆی ئەوەی دەسەلاتی شیعە پایەدار بێت و ، وابەستەیی خۆی بەئێرانەوە بەئاشکرا پیشان بدات و ، بە نەخشەی داڕیژراو سونیەکان پەراویز و بەرکەناریان بکەن، جگەلەوەی عیراق واچۆڵ دەکرێت لە مەسیحیەکان . کوردەکانیش لەباکور و ،لەشوێنەکانی خۆیانەوە ، دەسەڵاتی تاک حیزبی دابمەزرێنن . ھەردەم ، سەرۆک ئۆباما پەلەی بێت لەکشانەوەی ھێزەکانی لەعێراق و ئەفگانستان دا ، لە کاتی دیاری کراودا .٥


لێرەدا قسەکانی نوسەر تەواو بون ، سیخناخە لە دەربڕینی نائومێدی و ناکامی ئه‌مه‌ریکا .

دەرەنجامێک لەڕوداوەکان:


سەرەنجامگیریەک لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ، جیاواز لە نیگەرانی نائومێدی ئه‌مه‌ریکا ، ئەویش سەلماندنی ڕاستە یەکی بیریاری ئەمریکی (ھانینگتن) و بیردۆزەی ( بەیەکداکێشانی کلتورەکان) ، یان کرۆک کلتور ،سویدی گوتەنی:

سوتاندنی قورئان لە لایەن سەربازانی ئەمریکیەوە لەبنکەی (باگرام) ، ھەڵایەک وناڕەزاییەکی جەماوەری وای لێ بەرپادەبێت ، خۆ ئەگەر سەردەمی جەنگی سارد بوایە ، ئەوا بایی ڕوداوەکانی( سایگۆن) ی ڕاکردنی ئه‌مه‌ریکای لە ڤێتنام لێ پەیدا دەبوو .

لەدوای ٩ نیسانی ٢٠٠٣و ڕوخاندنی دەسەڵاتی بەعسی سەدامیەوە ، ھەمو ڕۆژێکی لاپەڕەیەکی خوێناویە لە ڕوداوەکانی نەگونجانی ھەلسوکەوتی ئه‌مه‌ریکا ی ڕزگارکەر لەگەڵ نۆرم و کلتوری عێراقی یە عەرەبە ڕزگارکراوەکانی ناوەندو خوارودا ، تێ دەپەڕێت . بە سکانداڵەکانی زیندانی ئەبو غرێب و تەقینەوەی شوێنە پیرۆزەکان و دەستدرێژی تری ھێزە ڕزگارکەرەکە بۆ سەر تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کوشتنو ترۆر کردنی کەسەکانی چالاکیە مەدەنیەکانی سەربەڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا ، ھەموی پێکدادانی نۆرمی ئه‌مه‌ریکاییە ھاتوەکان و عێراقی یە دانیشتوانەکان دەگەیەنێت لەڕونترین دەرکەوتەکانی دا ، سەرەنجام ئەو دەزگاو دەسەڵاتەی لێ پێکھاتوە . کە ( فرید زەکەریا) لە نوسینەکەی دا باسی دەکات .

ئەوەی دەمێنێتەوە ( عێراقەکەی تر)ە ، ناوچەی کوردیە لە سێ پارێزگای باکوردا . کورد بەتەنھا بە پرۆسەی داگیرکردنی عیراق دەڵێت ( ئازاد کردن) جیاواز لە خودی ئه‌مه‌ریکا یییەکانیش . شانازی بە سەقامگیری و گونجان و ئامێتە بون دەکات لە گەڵ نۆرمی ئەمریکی و دیموکراتی خۆرئاوایی دا .


بەڵام جیاواز لە ھەمو دوڕوییەکی تری ئەم خۆ پیشاندانەو سەیری دواڕوداوی کوشتنی مامۆستایەکی ئەمریکی بکەین لە م ڕۆژانەدا ، ڕوداوەکە لە قوتابخانەیەکی نمونەیی بەرنامە ئەمریکی دا و لەشارێکی نوێخوازی وەکو سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری دا ، بۆ پێگەیاندنی دەستەبژێرەکانی ئایندەی بەڕیوەبردنی وڵات . ھەرچی لێفەیەکی پیا بدرێت و ھەوڵی سڕینەوەی ڕوداوەکە بدەن لەدەسەڵاتی باڵاو میدیاکانەوە . ناکاتەئەوەی بەڵگەی پاشگوێ خستن بێت ، لە ڕاستی نەگونجانی دو نۆرم و کولتوری بەریەک کەوتو .


ترنگاندنەوەی ڕوداوەکە خەم و کولاندنەوەی تاکە کەسی ھەردو لایەنی لێ قەوماوی لێ دەکەوێتەوە بەڵام کوشتنی مامۆ ستا لەمێژوی شارەکەدا بەدەگمەنی دەمێنێتەوە ، سەرباری خۆ کوشنی قوتابی کەلوتکەی نائومێدی و نەگونجانە ، لەناو پۆلی پەروەردە و قوتابخانەیەکی نمونەیی دەستەبژیر بەرھەم ھێن دا و لەسارێکی مۆدێرنخوازی دا .

وەکو ھەوالەکانی دەسەڵاتی کوردی بڵاوی دەکاتەوە ،کونسڵی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت:
(ئەو کارەساتە ھیچ لە پەیوەندەیەکانی ئه‌مه‌ریکا ناگۆڕێت بەرامبەر بە کوردستان).


بەڵام ئه‌مه‌ریکا بە پێچەوانەی دەسەڵاتی ھەرێمەوە ، زۆر قوڵ و بەئەندێسە تر لە سادەکارو سەراوەکی کردنی ڕوداوەکە بیری لێ دەکاتەوە ، ئەگەر ستراتیژی ئێستای وابخوازێت پەیوەندیەکانی نەگۆڕێت ، بەڵام حسابێکی گەورە بۆ شکست و نائومیدیەکانی ،خۆی دەکات لەھەرێم و ھەمو شوێنە فراوانەکانی تری ڕۆژھەڵات دا.

_______________________________________________
سەرچاوەکان:
١- (دوکترین مونرو )
ــ ویکپیدیا ــ قسمەتی زبانی فارسی

http://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%AF%DA%A9%D8%AA%D8%B1%DB%8C%D9%86_%D9%85%D9%88%D9%86%D8%B1%D9%88
٢- (کۆنفرانسی یاڵتا)
ــ ویکپیدیا ــ
لەکۆشکێکی تزاری لەشاری یالتا ی نێو نیمچە دورگەی قەرم دا ،(وێنستن چەرچل) سەرۆک وەزیری بریتانیا و (تیۆدۆر ڕۆزفیلت)ی سەرۆک کۆماری ئه‌مه‌ریکا ، وەکو یەک بەرە ، (جۆزیڤ ستالین)ی سەرۆکی ڕوسیای شورەوی ، وەکو بەرەی بەرامبەریان ، لەماوەی ھەشت ڕۆژدا ، خەریکی گفتو گۆی سەبارەت بە داڕشتنەوەو دابەش کردنی دەسکەوتەکانیجەنگی جیھانی دووەم بون.
٣- (سایکس ــ پیکۆ)
ــ ویکپیدیا ــ
ڕیک کەوتنێک بو لە ساڵی ١٩١٦دا لەنێوان بریتانیاو فەرەنسا دا بە ڕازی بونی ، ئیمپراتۆری تزاری ڕوسیا بۆ دابەش کردنی میراتی بەجێماوی ئیمپراتۆری عوسمانی ، ڕیک کەوتنەکە بناوی ھەردو وەزیری دەرەوەی بریتانیا ( مارک سایکس) و (جۆرج پێکۆ) ی فەرەنساوە بەکورتی کردنەوەی ھەرود پاشناویان رێکەوتنە کە ناونراوە .
٤- کتێبی (شاو فرەح نھێنیەکانی) نوسینی : فەرەح پەھلەوی (شاژنی ئێران)
وەرگێڕانی : مەجید مارابی
٥- ڕۆژنامەی (ئەلشەرق ئەلئەوسەت)/ ٦مارس

http://www.aawsat.com/leader.asp?section=3&issueno=12152&article=666790

 

ماڵپه‌ڕی سه‌عید عارف باپیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک