
ناوەندی چاک
پشتیوانی دەکات لە داواکاری خۆپیشاندەرانی ساڵی 1982 ی کەرکووک.
خۆپیشاندانی ڕێکەوتی 6-5-1982 ی کەرکووک یەکێکە لە لاپەڕە
پرشنگدارەکانی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی شاری کەرکووک دژ بە سیاسەتی
نکۆڵیکردن و سڕینەوەی ناسنامە .
لە دوانیوەڕۆی 6-5-1982 سەدان قوتابی و گەنجی ئەم شارە ، لە گۆڕستانی
شێخ محێدینەوە بانگەوازی نایان دا بە ڕوی دەسەڵاتدارانی فاشی بەغدا،
سەلماندیان کەرکووکییەکان لە خۆشی و ناخۆشیدا بەشێکن لە جەماوەری
کوردستان ، هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەیان پێشێل بکات .
لە کاتێکدا دەبوایا هەردوو دۆسیەی ڕاپەڕینی 1982 و 1987 دوو دۆسیەیەی
گرنگی دادگای باڵای تاوانەکان بونایە و سەرانی بەعس لە پای
ئەنجامدانیان دادگاییبکرابانایا ، وەلێ مخابن بەهۆی خەمساردی
دەسەڵاتدارانی کوردییەوە ، ئەم دوو دۆسیە گرنگەش وەکو دۆسیە گرنگەکانی
دی کورد پشتگوێخران ، ئێستا هەنگاوی ئێوە بۆ کارکردن لەسەر ئەم دۆسیەیە
کارێکی مەزن و هەنگاوێکی گەورەیە و نەتەوەکەمان شانازییان پێوە دەکات ،
ئێمە وەک ناوەندی چاک ، سەرباری ئەوەی خۆمان بە بەشێک لەو دۆسیەیە
دەزانین ، هاوکات بە هەموو توانایەکمانەوە لە پشتان ڕادەوەستین ،
لێرەوە داواکارین :
- لە دادگای باڵای تاوانەکان دۆسیە بۆ ئەو تاوانە بکرێتەوە کە
بەعسییەکان لە ڕیچکەوتی 6-5-1982 لە شاری کەرکووک ئەنجامیان دا ، وەکو
تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سەیر بکرێت .
- مۆنمێنتێک بۆ شەهیدانی ئەو خۆپیشاندانە درووستبکرێت .
- موچە بۆ شەهیدان و برینداران و زینانییەکانی ئەو خۆپیشاندانە
لەسەرئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببڕدرێتەوە ، کەمئەندامان و
نەخۆشانیان چارەسەر بکرێن .
- کۆمەکی ئەو کۆمەڵەیە بۆ کارکردن لەسەر ئەو دۆسیەیە دروستکراوە بکرێت
و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و بارەگای بۆ بکرێتەوە .
- تاوانبارانی ئەم تاوانە " لە پارێزگاری ئەوکات ئەمن و مخابەرات ،
ئەوانەی خەبەریان لە خەڵک داوە و سیخوڕییان کردووە " ئێمە ناوی چەند
دانەیەکیمان لایە " دادگاییبکرێت و سزای خۆیان وەربگرن .
- ڕۆژی 6-5-1982 وەکو ڕۆژێکی گرنگ لە خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستان
سەیر بکرێت.
- ڕوفاتی شەهیدان بدۆزرێنەوە و بگەڕێنرێنەوە بۆ کەرکووک .
- ئەم خۆپیشاندانە بە دۆکۆمێنت بکرێت ، لە بواری هونەریدا تەعبیری
لێبکرێت .
ناوەندی چاک
11-5-2008
|