په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٢\٢٠١٥

ناوی ''دیلەک دۆغان''ت بیستوە؟


وەرگێڕانی: ئازاد نەجم


ناوی دیلەک دۆغانت بیستوە؟ پێموانییە تا ئێستا زۆرێک لە ئێوە ناوێکی لەم شێوەیەتان بەرگوێ کەوتبێ. منیش تا ئەمڕۆ ناویم نەبیستبوو. دیلەک دۆغان کچێکی تەمەن ٢٥ سالە بوو، کوردێکی عەلەویی بوو، خەڵکی شاری قارەمانی ماراش و نیشتەجێی گەڕەکیکی باکوری ئەستەمبووڵ بوو.


دەتەوێ خۆت بێنیتە جێی دیلەک؟ دەتەوێ چەند خولەکێک لە جێی دیلەک بیت؟


لە ماڵی خۆتان واتا لە ماڵی دایک و باوکت ، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەستەمبووڵ نوستویت، نیوەشەوە، بەرەبەیانی یەکشەممە هەژدەی ئۆکتۆبەرە، لەناکاو بەهۆی دەنگی هاتوهاواری چەند پۆلیسێک لەخەو ڕادەپەڕی و دەرگا نیوەکراوەکە ، بەتەواویی دەکەیتەوە، پۆلیسێکی چەک بەدەستی دەمامک لەسەر ، دەیەوێ بێتە ژوورەکەتەوە، پێڵاوەکانی پیسن ، پێی دەڵێی یان دەبێ پێڵاوەکانی داکەنێ یان دەبێ شتێکی تێ هەڵکێشێ بەڵام ئەو هیچ بایەخێک بە داواکارییەکەت نادا و دەیەوێ بەزۆر وەژوورکەوێ. تۆش پێشی پێدەگری، بەڵام لەبەرامبەردا میلی تفەنگەکەت لێ ڕادەکێشێ و دەسڕێژێک دەنێ بە سینگتەوە ، خوێنێکی گەرم لەبن کراسەکەتەوەدەڕژێتە خوارێ...


لەسەر زەوییەکە و لەبن دەرگاکە کەوتویت ، دایکت کە لەتەنیشتت ڕاوەستابوو ، ئێستا بەسەرسەرتەوە ڕاوەستاوە ، دەقیژێنێ و دەکێشێ بە سینگی خۆیدا. براکەت پەلاماری پۆلیسەکان دەدا ، مست دەوەشێنێ و هاوار دەکا: خوشکەکەمتان کووشت ، ئێمەش بکوژن هەی نەفرەتییانە.


دیلەک دۆغان کچێکی ٢٥ ساڵە، ڕۆژی یەکشەممە هەژدەی ئۆکتۆبەر لە ماڵی خۆیاندا کرایە نیشانی فیشەکی ئەو هێزانەی کە ئارامیی تورکییا دەستەبەر دەکەن ، بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی دادوەر و فەرمانی ڕاپێچ کردن و بەبیانوی گرتنی مارکسیست یان گەریلایەکی پەکەکە لەو گەڕەکە ، هەڵیانکوتابوە سەر ماڵەکەی ئەوان. دوای یەک هەفتە لەنێوان مەرگ و ژیاندا ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ئۆکتۆبەر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.


دوێنێ ، دوای نزیکەی دوو مانگ تێپەڕین بەسەر گیانلەدەسدانیدا ، ڤیدیۆی کوشتنەکەی بڵاوبوەوە. پۆلیسێکی دەمامک لەسەری تورکییا ، بە پشتییوانیی ئەو یاسایەی کە ڕێگەی ئەو جۆرە کردەوانەیان پێ دەدا لە دووریی نیو مەترەوە کچێکی گەنج دەداتە بەر فیشەک و دەیکوژێ.


تا ئەمڕۆ ، واتا دوو مانگ دوای کوژرانی دیلەک ، نە پۆلیسێک هەڵپەسێردراوە ، نە بەرپرسێک لەسەر کار لادراوە ، نە وەزیرێک لەشەرمەزراریدا دەستی لە کار کێشاوەتەوە.

فاشیستەکان نە هیچ کاتێ هەڵدەپەسێردرێن، نە هیچ کاتێ لەسەر کار لادەدرێن ، نە شەرمەزاریش دەبن...

دایکی دیلەک ئەوە دوو مانگە دەڵێ هەرچەندە ئەو پۆلیسەی تەقەی لە دیلەک کرد دەمامکی لەسەر بوو بەڵام دەتوانێ بیناسێتەوە. هەرچەندە فاشیستەکان خاوەنی هیچ ڕوخسارێک نین بەڵام سەرباری ئەوەش دایکەکان کوژەری ڕۆڵەکانی خۆیان دەناسنەوە با دەمامکیشیان لەسەرنابێ.


ئەو ، کووژەری کچەکەی خۆی دەناسێتەوە، ڕوخساری دێنێتەوە یاد، چەندین جار بینیویەتی و دەیبینێ ، ئەو هەمان ئەو پۆلیسە بوو کە چەند مانگێک لەمەوبەر تەرمی لوقمان بێرلیکی خستبوە دوای ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی و بەنێو شاری شەرناخدا ڕایدەکیشا...


ئەو هەمان ئەو پۆلیسەیە کە لەسەر تانک دانیشتوە و لەم ڕۆژانەدا بەنێو شارەکانی جزیرە و ئامەد و سلۆپیدا دەگەڕێ و تەقە لە ماڵەکان دەکا. هەمان ئەو پۆلیسەیە کەلە شەرناخ دایکی دوو منداڵی بەرچاوی هەردوو منداڵەکەیەوە کوشت.

کارمەندانی یاسا و پۆلیسەکانی (دیموکراسیی مۆدیرنی تورکیا) ئەو فاشیستانەی کە سێ هەفتە زیاترە چەند شارێکی باکوری کوردستانیان خستۆتە بەر ئاگری تانک و تۆپ و ڕەشاشەکانیانەوە ، کوژەری لوقمان و دیلەک و خوێندکارە چەپەکانی تەقینەوەکەی سوروچ و چالاکە کورد و تورکەکانی تەقینەوەکەی ئەستەمبوڵن...

ئەو کوژەرە هاوشکڵانە ، ئەم بونەوەرانە ، هەمویان هاوشێوەی ئەتاتورک و کەنعان ئیڤرن و ئەردۆغان و داودۆغڵوون.


دایکانی ئاشتیی، دایکانی ڕەنج و ئازار و خۆڕاگریی هیچ کاتێ ڕوخساری ئێوەی فاشیست ، ئێوەی بێ ڕوخسار لەبەرچاویان لاناچێ و هەموو کاتێ دەتانناسنەوە.

 

ماڵپەڕی ئازاد نەجم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک