١\١٢\٢٠١٣
ناوى
خۆمم بیرچووەتەوە.

هێمن
عوسمان عەبدوڵا
بەیانیان هەستم و،
پەنجەرەى ژوورەکەم بکەمەوە
ئاوى گوڵەکان بدەم
ئاوى ماسییەکان بگۆڕم
گوێ لە میوزیکێک بگرم
بەیانى باش لە کەسێک بکەم
''من وانیم''.
بەیانیان هەڵئەسم و، پەنجەرەى ژوورەکەم ناکرێتەوە
جاڵجاڵکۆکە تەنیویەتى
گوڵەکان وشک بوون و،
ماسییەکان لە بێ ئاوییدا مردوون
گوێ لە میوزیک ناگرم و،
لەم ماڵە چۆڵەدا، کەس نییە سڵاوى لێ بکەم
''من وام''.
پارچەیەک سەهۆڵ لە سینگمدا لێدەدات
پەنجەکانم چلوورەیان کردووە
کەوتوومەتە سەر ئاوێکى سارد.
بە تەنێ هزرم نا
قاچم لە ناو پێلاوەکانمدا
دەستم لە ناو گیرفانمدا
سەرم لە ناو کڵاوەکەمدا
چاوم لە ناو چاویلکەکەدا
بێ تاقەتە.
یەک، یەک، سەرتان بهێننە پێشەوە تا بە گوێچکەتان
بچرپێنم ''شکستى من ئەوەیە تا ئێستایش دەژیم''
ئەمە لاى کەس مەدرکێنن.
لەسەر هەر بستێک زەوى ژیابم
خاکەکەى چووەتەوە خۆى
''خوایە، وەتەن ئاواکەى''
ئێوارەیەک و، بەیانى هەڵنەیەتەوە.
پێمخۆشە بچم بۆ جەنگ، بۆ ریزى پێشەوەى سوپایەک
نەزانم بۆ چى دەجەنگێ
ئاخر من هەمیشە قسەم لە بابەتگەلێک کرووە
هیچم لە بارەیانەوە نەزانیوە.
ناوى خۆمم بیرچووەتەوە
چونکە، لەمێژە کارم پێى نییە
چونکە، لە مردندا باشم
لە ژیانکردندا کارەساتێکى گەورەم.
نیگەرانیی من
بۆ هاوسەنگکردنەوەى ئەو بەختەوەرییە بێ شومارەیە
چواردەورمى تەنیوە
دەنا منیش وەک ئێوە دەزانم پێبکەنم.
لە دوایى هاتنەدونیام، هەوڵمداوە
بە دەرمانى زیانبەخش
خۆ فڕێدانە خوارێ
فیشەک نان بە جەستەوە
لە ناو ئاودا نوقم بوون
لە ژوورێکدا هەڵواسین بە پەتێکەوە
کۆتایى بە گەمەکە بهێنم
ژێوان بوومەوە و
خوێندم و فێربووم
ئاشق بووم و ژیام
لێ مرۆڤى بەختەوەر ئەوە بوو
نەیخوێند و فێر نەبوو
ئاشق نەبوو
ژیـــا.
ماڵپەڕی هێمن عوسمان
عەبدوڵا
|