په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٥\٢٠١٢

نەبەز ئەحمەد و عیماد ئەحمەد نەبوون،

دارا ئەحمەد و عماد ئەحمەد بوون پێکەوە پێشمەرگە بوون!


دارا ئەحمەد      

 

نەبەز ئەحمەد نەبوو.. ئەمن بووم - دارا ئەحمەد - پێکەوە لەگەڵ عیماد ئەحمەد لە ساڵی (١٩٨٦ - ١٩٨٨) لەنێو (ئاڵای شۆڕش) پێشمەرگە بووین، لێ پێشمەرگایەتییەکەی من ١١ ساڵ نەبوو بەڵکە ٧ ساڵ بوو - لە ١٩٨٥ تا ١٩٩٢ -. هەرچەند ئەمن سەربەرزم بە پێشمەرگایەتییەکەم چونکە هەردەم لە بەرەی گەلدا بوومە وەلی بمانەوێ یان نەمانەوێ ئەوە خاڵەکی رەشی نێو مێژووی پێشمەرگایەتییمانە کە کەسانی وەک عیماد ئەحمەد لە رێزی پێشمەرگەدا بوون کەچی ئێستا گەورەترین ستەمکار و گەندەڵکاری نێو حکومەت و دەسەڵاتن.. لەبەرئەوە داوای بووردن لە گەلەکەی خۆم دەکەم کە پێشمەرگایەتییەکەی ئێمە هەرچەندە هۆیەکی کاریگەر بوو لۆ وەدەستهینانی ئەو قیچە ماف و ئازادییەی کە ئێستا لە کوردستان هەیە لێ بووە هۆی ئەوەش بە دەیان گەندەڵکار و ستەمکاری لەو بابەتانە پۆستە گرنگەکانی دەسەڵات داگیر بکەن و سواری شانی میللەتەکەمان ببن.

لەو رۆژانە هاوڵاتییەک بە ناوی (نەبەز ئەحمەد) لە پێناو دیتنی (عیماد ئەحمەد)ی هەڵپەرست و گەندڵکار کە ئێستا جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستان (''نێچیر بارزانی''ی گەورە گەندەڵکار)ە.. لۆ ئەوەی باسی کێشەیەکی (شاری ئەوین)ی سلێمانی لەگەڵ بکا کە ئەویش هەر لە کێشەی گەندەڵیی و بێ یاسایی دەسەڵاتی مافیایی سەرچاوەی گرتییە، درۆیەکی کرد و گۆتی ئەمن پێشمەرگەی دێرین بووم و یازدە ساڵ پێشمەرگە بوومە و عیماد ئەحمەد (ئامیر کەرت)م بووە.

باش بوو درۆیەکەی رۆژەکی تێنەپەڕاند پەژێوان بۆوە و بە زمانی خۆی درۆزنیی خۆی وەک داهێنانەکی تازەگەریی سەلماند!!! جا نازانم بە ترساندن و لەژێر گوشاری پیاوەکانی عیماد ئەحمەد و یەکێتیی پەشیمان بۆوە یان لە پێناو بەرژەوەندیی تەسکی کەسیی خۆی بوو؟ هەرچەندە نەبەز ئەحمەد کارەکی زۆر خراپی کرد داوای بووردنی لێکرد لێ هەرکووەک بی وێدەچی کەسەکی هەژار و زەحمەتکێش بی و زۆر لە سەرکردەکانی کورد بێ وەیتر و پاکتر بی چونکە هیچ نەبی بە ئاشکرا لە درۆیەکەی خۆی پەژێوان بۆوە، کەچی ئەو سەرکردانە ئەوە پتر لە ٥٠ ساڵە درۆ لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکەن کەچی نەماندیت رۆژەک لە رۆژان هیچ کەسەکیان راستگۆییانە لە درۆیەکانی خۆیان پەژێوان ببنەوە و واز لە پلە و پایەکانیان بهینن و پەیوەندییە سیخووڕیی و گوماناوییەکان ئاشکرا بکەن و سەرجەمی ئەو دزییانەی کە کردیانە لۆ میللەتی بگەڕێننەوە!

دیارە پێشمەرگەبوون یان پێشمەرگەنەبوونی نەبەز ئەحمەد هیچ لە مەسەلەکە ناگوڕێ، چونکە هەر ئێستا بە سەدان پێشمەرگەی دێرین هەن لەبەرئەوەی سەر بە هیچ حیزب و لایەنەک نین نەک وەک شۆڕگێڕانەکی سەردەمی تەنگانە رێزیان لێ نەگیرایە و پەککەوتە و کەمئەندامبووەکانیان هەژارترین و ناخۆشترین ژیان دەگوزەرێنن بەڵکە لەسەرئەوەی دەیانەوێ راستییە شاراوەکان بە میللەت بگەیەنن و هەموو هاوڵاتییان لە ماف و ئازادییەکانیان یەکسان بن لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دژایەتییان دەکرێ و هێندەکیشیان ناچارکران پەڕاگەندەی وڵاتان ببن.. بە سەدانیشیان لە شەڕە کۆنەپەرستییەکانی نێوخۆی شاخ و شار و پاکتاوکاریی نێوخۆی خودی حیزب کوژران و تیرۆرکران کە هێندەکیان ئێستاکەشی لەگەڵ دابی بە شەهید حیساب نەکراینە و وەک خۆفرۆش و هەڵگەڕاوە ناویان دەهینن! لە بەرانبەر ئەوەشدا بە سەدان جاش کە لەسەردەمی رژێمی فاشیستی ئێراق هاوشانی بەعسییەکان شەڕی میللەتەکەی خۆیان کردبوو ئێستا پێناسەی پێشمەرگەی دێرینیان لە باغەڵە و بە بێ ئەوەی هیچ ئیشەک بکەن لە بوودجە کە قووتی میللەتە مانگانە پارەیەکی موفت وەردەگرن!

هەروا لە لایەکی دیکەشەوە پێشمەرگەبوون یان پێشمەرگەنەبوونی نەبەز ئەحمەد هیچ لە مەسەلەکە ناگوڕێ، چونکە پێشمەرگایەتیی لۆ ئەوە نەبوو تا پێشمەرگە دێرینەکان هاوڵاتیی پلە یەک بن و لەسەر زگی میللەت بلەوەڕێن و هاوڵاتییانی دیکەش پلە دوو بن و سەرکوت و بێ ماف و چەوساوە بن.. بەڵکە بوونەپێشمەرگە گیانبەخشینەکی خۆبەخش و سەختترین و راستترین بڕیار بوو لەو سەردەم لۆ بەرگرییکردن لە گەل و ماف و ئازادییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان.. هەر کەسەک نەیدەتوانی ئەو ئازایەتییە لەخۆراببینی و مەرگی خۆی بخاتە پێش.. ئاخەر هەموومان باش ئەوە دەزانین لەو سەردەم زۆربەی هەرە زۆری میللەتەکەمان بەعسی و سەرباز و چەکداری خۆفرۆشی رژێم بوون و بەشێکی زۆریشی بە تایبەتیی زەنگینەکان ملکەچ و سەرکز ئیشوکاری خۆیان بە هیچ نەدەگۆڕیەوە و کەسانی مەلا و دینداریش نەیاندەوێرا فزە بکەن و لە مزگەفت و وتاری هەینیان بە شانوباڵی سەدام و رژێمیان هەڵدەدا و تەنانەت زۆرەکیان سیخوڕیش بوون... ئەوە راستە هێزی پێشمەرگەش کەسانی هەڵپەرست و خێلەکیی و ژنکوژ و سیخوڕ و دڕندە و سیاسەتبازی تێدا بوو لێ زۆربەیان بە واتای وشە پێشمەرگە بوون و لە ناخۆشترین گوزەران و پڕ مەترسییترین باری ژیان شەڕی پیسترین و دڕندەترین دیکتاتۆریەت و شۆڤێنیزم و فاشیزمیان دەکرد!

ئەمن لەگەڵ ئەوە دام ئەوانەی بە راستیی پێشمەرگەی دێرین بوونە و تا راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ بەردەوام بوونە - کە کۆی پێشمەرگەی هەر هەموو حیزبەکان ١٠٠٠ کەس نەمابووینەوە - وەک (جەنگاوەرە دێرینەکان) رێزی تایبەتیان لێ بگیرێ و بە پێی ماوەی پێشمەرگایەتییشیان کە کاتی کارکردن و ژیانی ئاساییان لە دەست چووە بە یەک جار قەرەبووەکی مادیی چاک بکرێنەوە ئەویش لە پارەی حیزبەکان نەک لە پارەی بوودجە واتە لە پارەی حیزب خۆی نەک لەو پارەیەی کە دەسەڵاتداران بە بێ پرسکردن بە میللەت ساڵانە لە بوودجەی میللەت دەریدەهینن و وەسەر حیزبەکان دابەشی دەکەن کە هیچ جوایەزییەکی نییە لەگەڵ دزیی - لە ئەوروپا هیچ حیزبەک (دەسەڵاتدار یان بەرهەڵستکار) مافی ئەوەی نییە هیچ پارەیەک لە بوودجەی ساڵانەی وڵات دەربکا -، یان باشترین رێ لۆ رێزگرتن لە پێشمەرگەی دێرین و قەرەبووکردنەوەیان ئەوەیە کە راپرسییەکی جەماوەریی بکرێ و میللەت چی بڕیار دا ئەوە جێبەجێ بکرێ نەک بڕیار و یاسای سەرکردە دیکتاتۆرۆکەکانی کوردستان و ئێراق کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبەکانیان بەکاردەهینن و بە دزینی بوودجەی میللەت سوپاگەلەکی ملکەچ و پارێزەری خۆیان بە ناوی پێشمەرگەی دێرین کە زۆربەیان پێشمەرگە نەبوونە پێکدەهینن.. لەبەر ئەوە پێویستە ئەو رێزگرتن و قەرەبووکردنەوە ئەوانە نەگریتەوە: (ئەوانەی بە ناوی پێشمەرگە لە گوندەکان دانیشتبوون.. ئەوانەی لە بارەگاکانی سەرەوە دانیشتبوون و تەنیا کاریان خواردن و نووستن بوو و هەر یەکەو چەند چەورەکیشیان لەدەوروبەر بوو وەک خزمەتکار و رۆژەک لە رۆژان تەقەکیان لە دوژمن نەکرد.. ئەوانەی بە دزیی یان بە ئاشکرا و ئارەزوومەندانە خۆیان رادەستی رژێم کردەوە.. ئەوانەی بە ناوی پێشمەرگە لە ئێران و سوریا دانیشتبوون.. ئەوانەی رووخابوون و ئارەزوومەندانە داوایان لە حیزبەکانیان دەکرد بیاننێرنە وڵاتانی دەرێ و ناردنیانن یان هەر خۆیان تێاندەقوچاند و خۆیان دەگەیاندە وڵاتەکی ئەوروپا).

من و عیماد ئەحمەد.

با واز لە پێشمەرگەی دێرین و پێشمەرگەبوونە درۆیینەکەی نەبەز ئەحمەد بهینین چونکە ئەو سیستەمە مافیاییەی دەسەڵاتدارانی کوردستان ئەوە ماوەی بیست ساڵە مافی هاوڵاتییبوون و ماف و ئازادییەکانی تێکڕای خەڵکی کوردستان پێشێل دەکەن و بە نامرۆییترین شێوە کەسایەتیی دڕندە لەنێو ئەو کۆمەڵەی خۆمان پەروەردە دەکەن.. بە هەزاران (نەبەز ئەحمەد)یان لەسەر ئەو فەلسەفە دژەمرۆیی و دژەگەلییەی ماکیاڤیللیی - کە تێدا زۆر ئاساییە لە پێناو گەیشتن بە ئامانج هەر هۆیەکی ناڕەوا و دژرمرۆیی بەکاربهیندرێ - پەروەردە کردییە و بەرپرسیاریەتیی هەستیاریشیان لەنێو ئەو میللەتە ستەمکێش و داماوە هەیە. ئێستا ئەمن هەرچەندە بە هۆی ئەوەی کە پێکەوە لەگەڵ عیماد ئەحمەد پێشمەرگە بووینە زۆر بەسەرهاتی سیاسەتبازیی ئەو دەزانم لێ تەنیا چەند قلەکیان دەگێڕمەوە چونکە ئەو چەند قلە نموونەیەکە لە یەک خەروار:


یەکەم: یەکەمین جار کە عیماد ئەحمەد ئەمنی دیت بە زمانەکی زۆر لووس گۆتی: ''زۆر خۆشحاڵم بە ناسینت و بە ناسینی هەر شەخسێکی خەلق هەولێر، من بە تەجروبە بۆم دەرکەوتووە خەلق هەولێر زۆر سادق و خۆڕاگر و بە جەوهەرن.. تازە تەواو.. مادام خەلق هەولێر گەورەترین قوەتن لە ناو ئاڵای شۆڕش.. ئیتر ئیمە دەتوانین پشت یەکەتی لە عەرز بدەین و سلێمانییەکان تەفنیش بکەین و...'' نەمهێشت قسەکەی تەواو بکا و گۆتم: ''ئەمنیش شادمانم بە ناسینت.. بەس هەولێریی و مەولێریی لەکنە من ناخوا هاوڕێ گیان، ئەمە لەکنە خۆمان وەیە چەپترین رێکخراوی کوردستانین، کەنگێ ئەوە گرفتە ئەمن هەولێرییم یان ئەتوو خانەقینیی و فلان و فیسار سلێمانیین یان هەولێریی زۆرن یان کەمن لە ناو ئاڵای شۆڕش!؟''، ئیدی دەووپلی تێکئاڵا و هێندەک قسەی دیکەی هەڵبزوڕکاند و نەیوێرا جارەکی دیکە لە لای من ئەو قسانە بکا. جا ئەوە قسەی ئەو کاتی ئەو بووبی.. دەبی لە پاش ئەو هەموو ساڵەی لەنێو حیزبەکی شارچیی و دوو بنەماڵەی (تاڵەبانی - بلە)ی وەک یەکێتیی چی کردبی و ئێستا کە لە بندەستی بنەماڵەی بارزانی جێگری سەرۆکی حکومەتە دەبی چەند بە خەستیی خەریکی ناوچەگەریی و شارچێتیی بی  تا بتوانی پارێزگاریی لە پۆستەکەی بکا!!؟

دووەم: ئاڵای شۆڕش بە هۆی بێ توانایی سەرکردەکانی و هەستی شارچێتیی و خولیای دەستەگەرییانەیان وەسەر کۆمەڵەک ئاراستەی جوداجودا دابەش ببوو کە دیارترینیان پێیاندەگۆتن (سۆشیال ئیمپریال، - خەت مائیل - هێڵی لاری حیزبی شیوعی، سۆسیالیستەکان)، عیماد ئەحمەد کەسەکی هێندە هەڵپەرست و خۆ گونجێنەر بوو تا ئاڵای شۆڕشیش تاواوە و لەنێو یەکێتییان کردەوە هەر خۆی لەسەر هیچ لایەک ساغ نەکردەوە، لە لای وی تەنیا ئەوە گرنگ بوو کە هەر ئاراستەیەک هێز پەیدا بکا و ئاڵای شۆڕش بە بندەستی خۆی بخا ئەوە ئەو خۆی لەگەڵیان رێک بخا بەڵکە بیکەنە یەکەک لە سەرکردەکان، لەبەرئەوە لە لای هەر ئاراستەیەک بە پیک و دووزەلەی ئەوان هەڵدەپەڕی.. تا وەی لێهات دەستەکەی لە لای هەموو ئاراستەکان ئاشکرابوو.. رۆژەک چەند پێشمەرگەیەک - لەو پێشمەرگە دڵسۆز و راستگۆیانەی کە تاکتیکە پڕ لە درۆیەکانی نێو ململانێیە کەسیی و دەستگەرییە ناڕەواکانی نێو حیزبایەتییان لۆ قووت نادرێ - لێی راست دێن و لەسەر ئەو هەڵپەرستیی و بێ هەڵوێستییانەی بە لێدان دەکەونە سەری.. ئیدی پێشمەرگەی هەر هەموو ئاراستەکان ئەوانەی لەوێ بوون تەنانەت ئەو چەند پێشمەرگەیەش کە بە خانەقینچێتیی هەڵیخەڵەتاندبوون بە قۆندەران دەکەونە سەری تا هەموو سەروگێلاکی دەشکێنن. جا ئەوە ئەو کات کە هیچ دەسەڵاتەکمان نەبوو لە کوردستان ئەوها هەڵپەرست و تاکتیکباز بووبی تا بکرێتە بەرپرسەک .. دەبی پاشان لەنێو یەکێتیی چی کردبێ تا بوویتە (ئەندامی مەکتەبی سیاسی) و چ جۆر و شێوە هەڵپەرستییەکی بەکارهینابی تا بوویتە جێگری کارتۆنیی نێچیروان بارزانی!!؟

سێیەم: هەر لەو کاتانەی کە پێکەوە پێشمەرگە بووین، حکومەتی ئێران بڕیارەکی دا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەموو هێزە بەرهەڵستکارەکانی ئێراق ببەستێ تا لە شەڕی ئێراق و ئێران بەکاریانبهینی، هاوڕێیانەکی زۆر دژی ئەوە بووین ئاڵای شۆڕش لەو کۆبوونەوەیە بەشدار ببی و ببیتە کەوا سۆری بەر لەشکری ئێران کە پێمان وەبوو ئەو شەڕەی ئەوان شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان دوو دەوڵەتی دڕندەی سەرمایەدارییە و دژ بە گەلانی هەردوو لایە، کەچی عیماد ئەحمەد کە هەواڵی ئەو کۆبوونەوەی بیستبوو کە بڕیار بوو ببەسترێ کێچ کەتبووە کەوڵی و لەگەڵ هاوڕێ (عادل) و چەند هاوڕێیەکی دیکە کردبوویە شەڕ لەسەر ئەوەی کە هەر دەبی ئەو خۆی بەشداریی لەو کۆبوونەوەیەدا بکا! دیارە ئەو کۆبوونەوەیەش یەکەک بوو لەو زنجیرە کۆبوونەوانەی هێز و لایەنە بەرهەڵستکارەکانی ئێراق لەگەڵ حکومەتی ئێران کە سەرئەنجام بووە هۆی شەهیدکردنی شاری هەڵەبجە! جا کەسەک ئەوە پێشینەی شۆڕشگێڕیی بووبی.. دەبی ئێستا کە جێگری سەرۆکی حکومەتە هەست و بیرکردنەوەی دەربارەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی - وەک خۆیان دەبێژن - بە چ شێوەیەک بی!!؟ بێگومان هەر بەو شێوەیە دەبی کە هەر لەو رۆژانە حکومەتە جوانەکەی بە فەرمیی پرسە و سەرخۆشیی لە حکومەتی دڕندەی تورکیا کرد بە بۆنەی کوژرانی چار سەربازی تورکیا کە لە شەڕی دژ بە کوردەکانی باکوور کوژرابوو، لە بەرانبەر ئەوەشدا بەردەوام داوا لە پەکەکە دەکەن یان راستتر ببێژین بە کارە سیخوڕییەکانیان لۆ تورکیا گوشار دەخەنە سەر پەکەکە تا چەک فڕێ بدەن و خۆیان رادەستی تورکیا بکەن لۆ ئەوەی بازرگانییە قاچاغچییەکەی نێوان (بارزانی و تاڵەبانی - ئەردۆگان) کە بەتاڵانبردنی سامانی خەڵکی کوردستانە بە تەواویی سەربگری!

چارەم: عیماد ئەحمەد لە رووی هزریی و سیاسییەوە زۆر کڵۆڵ و کۆلەوارە، ئەو کاتانەی لە شاخ بووین تووشی بەستەڵەکی بیروباوەڕ ببوو و لە یەک جێ راوەستابوو و گەشەی نەدەکرد، هەر تەنیا هێندەک وتە و قسەی هیشکی سیاسیی فێرببوو کە لۆ ئەو کاتیش بایەخەکی ئەوتۆیان نەبوو چ جای لۆ ئێستا، هیچی نەدەخیندەوە.. لەوە لێی تێکچبوو بە هۆی زمانە لووسەکەی کە دەیتوانی هێندەک قسەی پێ بکا و سەرنجی هێندەک کەسی سادەی پێ رابکێشی ئیدی وەی دەزانی زۆر دەزانی و وازی لەخۆپەروەردەکردن هینابوو، رۆژەک لە پلینۆمەکی (ئاڵای شۆڕش) کە لە ناوچەی (خواکورک) ئەنجام درا.. ئەمنیش تێیدا بەشدار بووم، عیماد ئەحمەد بە شێوەیەکی کرچوکاڵ و پڕ لە هەڵە باسی لە (یەکێتییە سەرمادارییەکان لە رووی ئابوورییەوە) کرد کە دیار بوو زانیارییەکی ئەوتۆی لە بارەیەوە نەبوو، ئەمنیش لە کاتی قسەکردنی خۆم بە بێ ئەوەی هیچ مەبەستەکی ئەوهام هەبی کە بمەوێ بیشکێنم بەڵکە وەک یارمەتییدانەکی وی زانیارییەکانم لۆ راست کردەوە، کەچی زۆر تووڕە بوو لێم و پێی سەیر بوو کە کوو دەبی گەنجەکی وەک من لەنێو ئەو هەموو کادیرە رەخنە لە قسەکانی بگرم کە ئەو ساڵانەکی زۆرە پێش من دەستی بە سیاسەت کردییە، ئیدی لەو رۆژەوە رکی دنیای لە من دەبۆوە تا سەرەنجام لەسەر ئەوە بە یەکجاریی پەیوەندییمان بڕا، لە ئێستاکەشیدا کە جێگری سەرۆکی حکومەتە و جاروبار لە بارەی چارەسەری گەندەڵیی و ئازادیی گۆتن و گێگرتن لە خەڵک قسان دەکا نایبینم رۆشنبیرییە سیاسییەکەی هیچ گۆڕان و گەشەکردنەکی بەخۆوە دیتبی و بە ئاستەکی زۆر نزم و سەرپێیانە هەر رێک وەک کوێخایەکی نێو دیوەخانان دەدوێ و بە پێخواسیی بەنێو باسەکان دەکەوی. جا کەسەک ئەوە فەرهەنگی بووبی و ئەوها بە رەخنە شلەژا بی و بەو شێوازە گێی لە هاوڕێیەکی نێو حیزبەکەی سەردەمی شاخی گرتبی.. دەبی ئێستا لەو پلە و پایەیدا کوو رەخنە و پێشنیار وەربگری و بە چ جۆر و شێوەیەک گێ لە هاوڵاتییان بە تایبەتییش لە گەنجانی سەردەم بگری!
 

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک