١٧\٢\٢٠١٤ نێچیرڤان مەرگی خۆی یان هی مەسعود بارزانی لە تورکیاوە راگەیاند.
ئەو وڵاتانەی کە تازە بە تازە دەیانوێ دەستبخەنە ناو کاروباری باشووری کوردستان و عێراقەوە دەرگای میهرەبانیی دڵی خۆیان بۆ مەسعود بارزانی واڵا کرد بەڵام ئەمەریکا وەک حاکمێکی رەها لە عێراق و باشووری کوردستان هەستی بە مەترسی سیاسەتی نێچیرڤان بارزانی کردووە هەر بۆیە ئامادە نەبوو کە ڕازی بێ مەسعود بارزانی سەردانی ئەمەریکا بکا.
مالکی و دارودەستەکەی باش تێگەیشتوونە کە ئەگەر پاڵپشتی ئەمەریکایان نەبێ ناتوانن لەسەر ئەو دەسەڵاتە بمێننەوە هەر بۆیە پێشنیاریان بۆ نێچیرڤان بارزانی کردووە کە داهاتی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا و مەسەلەی پارەکەی لە لایەن بانکێکی ئەمەریکاوە ئەنجام بدرێ بەڵام نێچیرڤان بارزانی بەمە ڕازی نەبووە هەر بۆیە مالکی پشتی قایمە لە پشتکردنە هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی بەم سەردانەی بۆ تورکیا بە دەستی خۆی تابووتی مەرگی خۆی و مەسعودی مامی و بنەماڵەکەی لە تورکیا داتاشی چونکە لەم دوا دیدارەی نێچیرڤان لەگەڵ ئەردۆغان دوپاتی کردۆتەوە کە مەسەلەی پارە و داهاتی نەوت لە باشووری کوردستانەوە بۆ تورکیا دەبێ لە ڕێگای بانکی (هەلک)ی تورکیاوە بکرێ نەک بانکە ئەمەریکییەکەوە، لەوانەیە نێچیرڤان بارزانی ڕاست بکا پێویستە وا بکرێ چونکە وەسێتی مستەفا بارزانی باپیرێتی کە وەسێتی بۆ کردوون بە هیچ شێوەیەک پشت و تفەنگەکانتان مەکەنە تورک، بەڵام مەسعود هەست بەو مەترسییە دەکا کە ئەمڕۆ ئەوەی ئەوانی لە گۆڕەپانەکە هێشتۆتەوە ئەمەریکایە نەک تورکیا.
من پێم وایە هەموو ئەمانە کە لە سیاسەتی ئەم بنەماڵەیەدا گوزەر دەکەن دەگەڕێتەوە بۆ کێشمەکێشی ناوخۆی بنەماڵەی بارزانی.. بەم شێوەیە لەم شەڕەدا ئەو تابووتەی باسمان کرد یان دەبێ نێچیرڤان تێیدا بنوێ یان مەسعود و بنەماڵەکەی.. بە لای منەوە ئەگەری یەکەم زەحمەتە بەڵام بۆ نێچیرڤان بارزانی لەو باوەڕەدام بەم زووانە چارەنووسی وەک عەدنان خەیروڵای لێدێ.
|