په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١١\٢٠١٣

''نەفرەت لە دۆستۆیڤیسکى'' رۆمانێکى نەفرەتیی و لێوانلێو لە ''تاوان و سزا''.

"نەفرەت لە رۆح نەفرەت لە جەستە نەفرەت لە ژیان نەفرەت لە بوون نەفرەت لە پەرتووک نەفرەت لە نەفرەت".

رانانى: بەنگینە پیرۆت نورى
 

(دەزانیت کۆمۆنیستەکان دە ساڵ هەوڵیان دا خەڵک لەخوا دور بخەنەوە،نەیانتوانى،کەچى ئیسلامییەکان بەساڵێک ئەوەیان کرد)."عەتیق ڕەحیمى" لە ڕۆمانى " نەفرەت لە دۆستۆیڤسکى " دا لە زمانى کابرا پیرە وە وا دەڵێت. دۆستۆیڤسکى لە ڕۆمانى برایانى کارامازۆڤ لە زمانى ئیڤان کارامازۆڤەوە ئەویش دەڵێت " ئەگەر خودا نەبوایە،مرۆڤ هەموو تاوانێکى دەکرد. ل ٦ " منیش لاى خۆمەوە دەپرسم لە ئەفغانستاندا، کە هەموو باوەڕیان بەخوا هەیە،ئەم هەموو کوشتنە بۆ لەئارادایە؟ ل ٦ " ئەم ڕۆمانە "نەفرەت لە دۆستۆیڤیسکى" کاک ئازاد بەرزنجى وەرگێرى بەتوانا، لە دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم،کە لە عەرەبیەوە کردویەتى بە کوردى،وەک وەرگێڕانەکانى تر لە نمونەى رۆمانى "خاک و خۆڵًەمێش"ى هەمان رۆماننوس،ڕۆمان و وەرگێڕانێکى نایەبە،لاپەڕەکانى جادوى بەهێزە،هەم خوێنەر بەزووى پەلکێشى روداوەکانى ناو ڕۆمانەکە دەبێت هەم ڕۆچون و تێڕامانى خوێنەر لەسەر چیەتى ژیان دەبوژێتەوە،هەم بەئازارە ڕۆحیەکانى ڕەسوڵ و ڕەسوڵەکانى تر ئاشنا دەبێت،هەم لەگەڵ ژانى گەلانى ئەفغانستان ئاوێتە دەبێت. بەبڕواى من خوێنەرى بەسەلیقە ئەو کەسانەن کە پەرتووک ناسن بەتایبەتى خوێنەرى ژانەرە ئەدەبیەکان،کە شارەزایەکى باشیان هەیە لە هەڵبژاردنى پەرتووک بۆ خوێندنەوە،چونکە ئەوان نەک هەر لە نوسەر و وەرگێر و چاپخانە،بەڵکو لە بەرگ و لاپەڕەى یەکەمەوە لە ناوەرۆکى ڕوداو و چیرۆکى ناو رۆمان باش تێدەگەن. ئێمە خوێنەرى پەرتووکى ئەدەبى،بەپەرتووک ناس دامانە قەڵەم،بۆیە ئەگەر ئەو پەرتووک ناسانە کەمێک کاتى خۆیان بدەن بەخوێندنەوەى وەرگێڕانەکەى کاک ئازاد،دەردەکەوێت ڕۆمان و وەگێرانەکە چەند بەهێزە،مرۆڤ چ پێناسەکى لۆژیکى بۆ کراوە،کە مرۆڤ چ بونەوەرێکە و بۆ ئەوە نەهاتۆتە سەر زەمین شەڕ بکات و شەرىِ پێ بکەن و جوانییەکان بشێوێنێت و پێى بشێوێنن،بەڵکو ئەوەتەى بەرى درەختە قەدەغە کراوەکەى ناو بەهەشتە فەنتازیاکەى یەزدانى خواردوە،بەرنەفرەتى سزادانى شەیتانەکەى ناو ڕۆحى خۆى کەوتوە بۆیە واى بەسەر دێت و بەسزادانى وەڵامى کردەوەکانى خۆى پێ دراوەتەوە. کە نەدەبوایە ڕۆحى مرۆڤ لەسەر زەوى ئاوا بکەوێتە بەرنەفرەتى خوداوە؟ چونکە مرۆڤ نەخشى خودا خۆیەتى و لە قورئانیشدا خودا خۆى دەڵێ بە فریشتەکانم ووت:بەڕاستى من دەمەوێت لە زەویدا جێنشینێک دابنێم "بۆ ئاوەدانى و دیندارى" فریشتەکانیش وتیان :ئایا کەسێکى تیادا دەکەیتە جێنشین کە خەراپە و تاوانى تیادا بچێنێت و خوێن ڕێژى تیادا ئەنجام بدات؟"* کێ ناڵێ هەر ئەوێ رۆژێ مرۆڤ بەر نەفرەتى خودا نەکەوتوە!


ئەگەر خوا بوونى نەبوایە مرۆڤ دەیتوانى هەموو شتێک بکات؟ بێگومان نەخێر،لەبەر ئەوە ئەگەر خوا بوونى نەبوایە مرۆڤیش بوونى نەدەبوو چ جاى هەموشتێک بکات،خوا بەدیهێنەرى مرۆڤ و هەموشتێکى مرۆڤ و دەوروبەرى مرۆڤە،ئەى کێ بەدیهێنەرى خوایە؟ کەس نازانێت تەنیا خوا خۆى نەبێت. بوونى خوا ئەبەدیە و بەدیهێنەرى بوون و نەبوونیشە،خوا بەدیهێنەرى پێغەمبەرەکان و دروستکەرى زەوى و ئاسمانیشە،خوا بەبێ ئێمەى مرۆڤ و گەردون بونى هەر دەبێت و دەش مێنێت،بەڵام ئێمە بەبێ بونى خوا نە دەبووین و ناش بین، ئێمە ئینکارى بوونى خوا ناکەین هەروەک کانت دەڵێ: کاتێک ئێمە لەدایک بووین خودا هەبوو. بۆیە من وەک نوسەرى بابەت بەرپرسیارى ئەو پرسیارە نیم هزر لەڕێگەى هزرى قەڵەم دەنوسێت: ئەگەر خوا لەخواتى خۆى غافڵ نابێت بۆچى لەخواردنى بەرى درەختێک لەبەهەشت لەلایان مرۆڤ،لەمرۆڤ غافڵ بوو؟ ئایا ئەوە هۆکەیەتى کە ئێمەى مرۆڤ ئاسان دەکەوینە ناو داوى تاوانەوە؟ بەبێ ئەوەى خوا دەستى لە تاوانەکەدا هەبێت! ئایا خوا لەکوێى بوونى ئێمەیە تا ئێمەى مرۆڤ تاوان نەکەین؟ بۆچى هەر تاوانێک کە مرۆڤ دەیکات خوا سزایەکى بۆ داناوە بەبێ بونى هیچ پاداشتێک بۆ هەر چاکەیەک کە دەیکات؟


بۆچى دواى خەراپە خوا بۆ سزادان بوونى هەیە پێش خەراپە بوونى نیە بۆچى؟ ڕۆحى مرۆڤەکان هەمیشە هەڵپەى ڕا کردنیانە،بۆ کوێ و بەکوێدا، بۆچى و لەچى ڕا دەکات؟ دەیەوێت بۆ هەمو شوێنێک بچێت و لە هەموشتێکیش ڕا دەکات، تەنها ناتوانێت لەبونى خوا و بوونى خۆى ڕا بکات.


ڕۆحى مرۆڤ ئەگەر خاڵى بوو لە بوونى خودا،جگە لە بەڕێگادا ڕۆیشتنى جەستەیەکى شەکەت و گەڕانى قاچەکان بەسەر زەمین و چێژتنى ساردو گەرمى، ماندو بوونى چاوەکان و هەڵمژینى هەواى بۆگەنیو و هەڵگرتنى جەستەیەکى بێ کەڵک،مانایەک بۆ ڕۆح نامێنێتەوە.خوا چۆن لەناو ڕۆح و جەستەیەکى ئاوادا پشو بدات کە خەراپە بوونى هەیە؟ ڕۆح چۆن دەتوانێت لەناو جەستەیەکى خەراپدا پشو بدات کە خاڵیە لە بوونى چاکە؟ ئایا جەستە هەڵگرى ڕۆحى مرۆڤە یان ڕۆح هەڵگرى جەستەیە؟ لەکاتێکدا هەر دووکیان ئەوەندە ماندون،ئەوەندە وەڕەز و بێزارن مانایەک نەماوەتەوە بەدیلى ئەویتر بێت. کەواتە ئێمە دەپرسین ئایا ڕۆح و جەستەى مرۆڤ،خاڵین لەبوونى خودا؟ ئەگەر جەستە وا لەڕۆح دەکات خەراپە بەمرۆڤ بکات بۆچى ڕۆح هانى جەستە نادات بۆ چاکە؟ ئایا چاکە کردن خەراپە؟ ئەگەر وەڵام نەخێر بێت دەپرسین بۆچى خەراپە سەبەبى چاکە کردنە؟ ئایا خوا لەکوێى بونى خەراپە و بونى چاکەیە؟ خوا بۆیە خۆکوشتنى لە مرۆڤ حەرام کردوە تا هەمیشە سەبەبى مردن بەدەست خۆى بێت.


خۆکوشتن جۆرێکە لە کردەیەک کە مرۆڤ نازانێت لە خەراپە و چاکە کامیان موسیبەتە یان سەبەب.بەبێ گەڕانەوە بۆ سەبەب و موسیبەتى خوا. جومانە حداد دەڵێت: ئەگەر خۆکوژى تاوانە،ئەى مەرگ تۆ ناو بنێم چى! ،کەواتە ئایا خۆکوشتن بۆ حەرامە؟ لەکاتێکدا"خۆکوشتن تەسلیمکردنى ڕۆحە، بە بێ سوپاسگوزارى و پێزانین ل١٦٨ " "کەس ناڵێت هۆى خۆکوشتنەکەت ئەوەیە بەکۆتاى گەیشتویت و پرسیارەکانت بێ نیشانەى پرسیار ماونەتەوە ل ١٦٩" کەسیشمان ئاگاى لەوە نیە کە دۆستۆیڤسکى ووتویەتى :بۆیە خوا هەیە تا مرۆڤ خۆى نەکوژێت ل ١٧٠".

 
لەناو جیهانى ڕوداوەکانى رۆمانەکە، بەسەر دیالۆگێکدا کەوتم،کە ئێستاش زۆربەمان هەروەک ئەوان پێمان وایە ئێمە لە ئەوانى تر بەهرەدارترین بۆیە بەم شێوەیە بیر دەکەینەوە و بەبەرامبەرەکەشمان دەڵێین"ئەم دنیایە بەبێ تۆ بەتاڵ نابێت،بەڵکو لەتۆ بەتاڵ دەبێت ل ١٥٤ " لەکاتێکدا کەسمان بەهرەیەکى وامان نیە دنیامان پڕ لەخێر و خۆشى کردبێت. لە کاتێکدا ناخى زۆربەمان لە ژەنەڕاڵەکانى ناو ڕۆمانەکە دەچێت.


ئەوەى لەم رۆمانەدا سەرنج راکێشە،دڵدارى نێوان ڕەسوڵ و سۆفیا یە لەژێر رەشماڵى چڕە دوکەڵ و بۆنى باروتدا،لەزەمەنى شەڕو وێران بوونى وڵات و تێکشکاندن و وێران بونى هزر و ڕۆحى مرۆڤ، بەڵام دڵدارى کردنى مرۆڤ لەگەڵ نیشتیمان و لەپێناو خۆش ویستنى نیشتماندا،لەدڵدارى نێوان دوو مرۆڤ گرنگتر بووە و هەمیشە دڵدارى بووە لەگەڵ خودى نیشتمان خۆیدا. کەسى وا هەیە خۆشى دەفرۆشێت تا نیشتمان لەدوژمن بکڕێتەوە،هەیە بەمشتێ پارە خیانەتى لێ دەکات، هەشە دەڵێت"تاوانم پێ لەخیانەت پێ باشترە ل ٧٣" چونکە عەدالەتێک هەیە لەتاوانى مرۆڤەکان خۆش بێت، بەڵام گەورەى خیانەت مانا بۆ دانانى یاسا ناهێڵیتەوە مایەى لێ خوش بوون بێت.بەم شێوەیە روداوى ڕاستەقینە لەلایان قەڵەمى زیندو لەڕێگەى ڕۆمانەوە دەنوسرێتەوە کە هەستیارن بەئازارەکانى مرۆڤ و نیشتمان.


کارەکتەرێک بەناوى"راسکۆلین" لە ڕۆمانى "تاوان و سزا"ى دۆستۆیڤسکى،لەپێناو پارەدا پیرەژنەکەى کوشت،ڕەسوڵیش لە ڕۆمانى "نەفرەت لە دۆستۆیڤسکى لەپێناو ئەڤیندارەکەى نەنەعالیەى کوشت. یەک جۆر مەرگ و دوو جۆر روداوى جیاواز پێکهاتەى نوسینى هەر دوو ڕۆمانەکەیە بەڵام هەردووکیان لەسەر یەک شت نوسیویانە ئەویش تاوانە. ئێمە ئەوە لەبیر ناکەین کە خۆشەویستى جارى وایە نیشتمان لەبیر دەباتەوە بۆیە لەکۆتاى لاپەرەکانى رۆمانەکەدا "نەفرەت لە دۆستۆیڤسکى" رەسول دەبێتە قوربانى ئەو تاوانەى لەپێناویدا دەچێتە بەرپەتى سێدارە، ئەویش خۆشەویستى و خۆش ویستنى کچێکە، نەک خۆشەویستى نیشتمان و دزینى پارە،بێگومان ئەوە ڕاستە خۆشەویستى نیشتمان لەبیر مرۆڤ دەباتەوە، بۆیە ئەوەى لەم رۆمانەدا ڕۆماننوس وەک زۆرشتى دەگمەن قسەى لەسەر دەکات خۆشەویستى یە،ئەو خۆشەویستیەى مرۆڤەکان لەنمونەى ڕەسوڵ لەپێناو خۆشەویستى و خۆش ویستنى کچێکیدا،خۆشەویستى نیشتمانەکەى تاماوەیەک لەدەست دەدات و پاشان خۆى دەبێتە قوربانى خۆشەویستى ڕاستەقینە نەک بەدەستى بێنێت.
____________________________
* سورەتى بەقەرە ئایەتى ٣٠ - تەفسرى ئاسان.

 

چوارقورنە

ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک