په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٣\٢٠٢٦

نەفرینی ڕەش.


ئەرسەلان مەحمود      


هەر جۆرە قسەکردنێک لەسەر نەوت، بێئەوەی بتەوێت ڕاستەوخۆ قسەکردنە لەسەر دەسەڵات. نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ کاتێک تەنها مادەیەکی بازرگانی نەبووە. تەنانەت لەو ڕۆژەوەی دۆزراوەتەوە، هەمیشە هەر ئامرازی سیاسەت و سەروەری بووە. ڕۆژئاواییەکان دەڵێن سامانێکی ستراتیژییە و دەبێت لە ژێر چاودێریی بازاڕی ئازاددا بمێنێتەوە. ناسیۆنالیزمی عەرەبیش دەڵێت نەوت سامانی نەتەوەی عەرەبییە و هێزێکە لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا. بەمەش نەوتی ناوچەکە لە یەککاتدا کراوەتە بابەتێکی ئەمنی و سەربازی و ناسیۆنالیستی.

لە بیری سیاسیی عەرەبیدا عەقڵییەتێک هەیە، لە کەناڵی سوێس ١٩٥٦ بۆ قەدەغەی نەوتی ١٩٧٣ هێشتا هەر خەریکی بەرهەمهێنانی عروبەیە: نەوتی عەرەبی شانازییەکی نەتەوەیییە. ئەم عەقڵییەتە نەوتی کردووە بە سیمبۆلی توانای عەرەبی لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا، بەبێ ئەوەی لە خۆی بپرسێت ئەو سامانە لە کوێوە دێت، یان خودی عەرەب خۆی لە کوێی ئەو توانا سیمبولیکییەدایە، هێشتا ناتوانێ لەوە تێبگات بەشە هەرە گەورەکەی ئەم نەوتە لە خاکی کوردستانەوە دەردەهێرێ. سمير عطا الله ستووننووسی ڕۆژنامەی الشرق الأوسط، لە ستوونێکی تازەیدا بە شانازییەوە داوا لە جیهان دەکات سوپاسی نەوتی عەرەبی بکەن چونکە هەردەم ڕزگارکەری ئابووریی جیهانە. ئەو دیدە نموونەی ئەو عەقڵییەتەیە نەعامەییەیە شانازی بە سامانێکەوە دەکات بە تەعریب و تەبعیس و تەرحیل، بە ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدکردنی نەتەوەیەک دەستیکەوتووە.

تەنگەی هورموز، وەک تاقیگەی چیرۆکەکە.


قەیرانی ئەمڕۆی تەنگەی هورموز، تاقیگەی ئەو چیرۆکەیە. دوای هێرشە هاوبەشە سەربازییەکەی ئەمریکا - ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تەنگەکە داخرا، نرخی نەوت فڕیی، لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانەدا، عیراق ناچار بوو بەرهەمهێنانی گەورەترین کێڵگەکانی رابگری. بەرهەمهێنانیی لە ٤.٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژەکدا دابەزی بۆ ١.٧ ملیۆن. واتا لە دەستدانی نزیکەی ٢٨٠ ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە. بۆچی؟ چونکە ٩٧٪ی هەناردەکانی عیراق لەڕێگەی تەنگەکەوە تێدەپەڕی. سعودیە هەوڵیدا بەشێک لە نەوتەکەی بەڕێگەی بەندەری یەنبوعەوە بنێرێ، بەڵام ئەو بڕە زۆر کەمتر بوو لەوەی بە تەنگەکەدا تێدەپەڕی. ئۆپێک بەرهەمهێنانی زیادکرد، بەڵام ئەو بڕە زیادکراوە لەسەر کاغەزە مایەوە. ئەوەی ڕوویدا ئەوەیە: نەوتی عەرەبی نەیتوانی خۆی ڕزگار بکات، چجای کەسانی تری ڕزگار بکات!!

قەیرانەی ئەمڕۆ - شەڕی ئێران و ئەمریکا، داخرانی تەنگەی هورموز، هەڵچوونی نرخەکان - هەموویان نیشانەی ئەوەن دونیا لەسەر لێواری گۆڕانکارییەکی گەورە وەستاوە. ئیدی پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا نەوت کۆتایی دێت یان نا. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کورد بۆ ئەم کۆتایییە ئامادەن؟ ئایا ئێمە دەتوانین لە گەلێکی قوربانیی نەوتەوە بگوازینەوە بۆ گەلێکی دروستکەری داهاتووی خۆمان؟ وڵامی پرسیارەکە لە دەست ئێمەیە، نەک لەدەست ئەوانەی دەستیان بەسەر نەوت و خاوەندارێتی نەوتدا دا گرتووە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک