٢٩\٦\٢٠٢٠
نەژاد
عەزیز سورمێ؛
تەمەنێک لە سەلیقە و پیشەییبوون و
بەردەوامیی.

ئاری محەمەد سابیر
نەژاد
عەزیز سورمێ، تەمەنێک لە سەلیقەوپیشەیبوون
و بەردەوامیی، ٤٠ چل ساڵ لە کایەی ڕۆشەنبیری و سەلیقەی ھونەری و ئەدەب و
ڕۆژنامەگەریی کوردی و شیعرو وەرگێران و حەزی ھونەری وشێوەکاری وکولاژ
بەردەوامی لە ڕۆیشتن ھەردەم وزەو تواناوشانی خۆی دەداتە بەر
کاروبەرھەمە ئەدەبیەکان ھەرچەند قورسیش بێ ھەڵوێست و بۆچوونی خۆی ھەیە
. لای نەژاد ئەدەب و رۆشەنبیری وھونەر کات بەسەربردن و شتێکی تایبەتی
نییە بەڵکو بۆ مرۆڤایەتیە و خزمەتێکە بۆ پیشەکەی و نەتەوەکەی .
فەرھەنگی کوردی و وشەی کوردی و رۆشەنبیری کوردی سوودی زۆری لێدەبینێت و
ھەگبەی ھونەرو رۆشەنبیری کوردی دەوڵەمەند کردووە. نەژاد عزیزسورمێ
زۆربەدیقەت و ھەستیارو وردە کە ئەوەیان نیشانەی سەرکەوتوویی
ودەوڵەمەندی بەرھەمەکانییەتی لە ژیانی ئاسایی وسرووشتی خۆیشی ھەروا
دێتە بەرچاو . من خۆم بەسەرنج و تێبینیە تایبەتیەکانی و سەرنج و
تێبینیەکانی ھونەری و رۆشەنبیریم بە جیاوازم بینیوە . بە ئەستێرەیەکی
گەش لەنێو ئەستێرەکانی تر شاعیر شاعیرە ، رۆژنامەنووس رۆژنامەنووس و
سەرنووسەرو ھونەرمەندی شێوەکاری و کۆلاژ پێشەنگە خاوەنی زیاتر لە (٣٠ )
کتێبە زۆر گرنگی بە کتێب دەدات دیارە کتێبیش بڕوانامەی باڵای ھەر
نووسەرێکە . شەرعیەتدانە بەنووسەر لەڕوویی پیشەیی و دانپێنان ، ھەروەک
شاعیری گەورەمان ( عەبدوڵا پەشێو ) دەفەرموێ ( گرنگی کتێب لەوەیە کە
خواش کتێبی ھەیە ) ئێمە دەمرین و ووردوخاش دەبین بەڵام کتێب ھەردەمێنێ!
مژاری پیاوماقوڵان لە دیوەخانان!
پێش ئەوەی و بێ ئەوەی من بیڵیم (نەژاد عەزیز
سورمێ) کێیە؟ بەھرەوپیشەکەی ولە چ بوارێکی رۆشەنبیری وئەدەب
ھونەری دەست وپەنجەی نەرم کردووەوسەنگەری داناوە و چۆن باسکراوە
لەوچاوپێکەوتن وگفتوگۆیانە بەدیاردەکەوێت کەلەگەڵی کراون لە زۆر لەو
رۆژنامەو گۆڤارانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەن وکەسایەتیە ئەدەبی و
رۆشەنبیرەکان لەگەڵی ئەنجامیان داوە بە نموونە:
گۆڤاری کاروان ساڵ (٢٠٠٠) - نەژاد عەزیزسورمێ ، شاعیرورۆژنامەنووس وشێوەکاری
کۆلاژ.
گۆڤاری ڕامان ساڵ (٢٠٠١) سازدانی ئازادعەبدول واحید نەژاد عەزیزسورمێ،شاعیری
نوێخوازە ،وەرگێڕە،رۆژنامەنووس
پتر لە سی ساڵە لەنێوان ژان وھەژانی وشەی گەوارای کوردیدا دەژی و
دەتوێتەوە .
گۆڤاری ھەرێم ساڵ (٢٠٠٦) سازدانی فۆاد سدیق نەژاد،شاعیرانە ژیاوە بەڵام بە
شیعر نەوەستاوە کاری وەرگێران وشێوەکاری وڵێکۆڵینەوەی قوڵی رۆژنامەوانی
.
رۆزنامەی (نداء الرافیدین ) ١٩٩٦ ، سازدانی ئەحمەد البو رشادە - الاستاژ (نەزاد
عزیزسورمی) ،من الممپقفین الکرد متعدد المواھب فھوشاعر و ێحفی وباحپ لە
اھتمامات فی فن تشکیل و مترجم.
گۆڤاری ھەنار ساڵ ٢٠١٠ سازدانی حەمەکاکەڕەش نەژاد عزیز سورمێ، سەرەتا بەشیعر
دەستی پێکردو دواترھاتە سەر وەڕگێران و لە وێنەکێشاندا کاری گەڵێک
سەرنج ڕاکێشی لە کۆلاژ کردووە .
دەرچوونی رۆژنامەی کوردی رۆژانە خەونی من بوو!:
نەژاد رۆژنامەوان ولێکۆلینەوی رۆژنامەوانی و کتێبی بەنرخی رۆژنامەوانی
زۆر پیشەیانەو شارەزای رێساو یاساکانی رۆژنامەوانی شیکردۆتەوە لە رووی
تەکنیک وھونەری وئاداب وئەتەکێتی رۆژنامەوگۆڤار،رۆژنامەگەریی
بینراوبیستراو لە رابردوو ئێستادا لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردی نەژاد
رۆژنامەوان پیاسەومیوانی ھەمووکوچەوکۆڵان وجۆگەورووباری رۆژنامەگەریی
بووەو شارەزایە بەدانانی چەندین کتێب لە بواری رۆژنامەگەریی
ولێکۆلینەوی رۆژنامەگەری بەگشتی و رۆژنامەگەری کوردی بەتایبەتی
وەبەتایبەتیش لەدوایی ڕاپەڕینی (١٩٩١) زۆر لەخەمی رۆژنامەگەریی کوردی
بووە بە نووسینی ئەو وتارو لێکۆلینەوە رۆژنامەگەریانەی بڵاوی کردۆتەوە.
لەڕێی رۆژنامەورۆژنامەگەریەوە زۆر خەمی زمانی کوردی بووە دەیەوێت
خزمەتی زمانی کوردی بکات بە ھەموولایەک خەمی لێ بخۆن ،ئەوەش ناشارێتەوە
رۆژنامەگەریی کوردی لەڕیی سیاسیەکان وحیزبەسیاسیەکان دەستی
پێکردووەوگەشەی کردووە ھەر ئەوانیش بەلاڕێیان دابردووە لە بێلایەنی و
سەربەخۆیان دوورخستۆتەوە ھەروەک(نەژاد) لە وتارێکی رۆژنامەوانی خۆی لە
رۆژنامەی ( خەبات ) بەناوی ( میدیای کوردی لە بازنەی گەمەکانی سیاسیدا)
دەڵێ:( سیاسەتوان ورۆشەنبیری کوردی بەچاوی خۆت لە سەرێکەوە ئەوھەموو
قوربانی وچیانشینی وبرسیەتی وکڵۆلیەی بینی لە پێناوکوردوکوردستان کەچی
زمانەکەی خۆی لای گرنگ نەبێت کەیەکێک لە ھەرە کۆڵەگەکانی
ناسنامەوگەشەسەندن و پەرەدانە بە بزافی رۆژنامەگەری ومیدیا بە گشتی )
ھەروەھا دیسان لەو وتارە دەڵێ ( من وەختی خۆی لە کۆرێکدا لە یەکێتی
نووسەران لە ١٩٩١ لە شەقڵاوە ، گوتم: لای سیاسیەکانی ئێمە زمانی عەرەبی
بزانن و ئەگەر شڕە ئینگلیزیەکیشی لە پاڵ بێ گرینگ نییە کوردی بزانی !
کەچی یەکێک لە کۆڵەگەکانی بوونی ھەرنەتەوەیەک زمانە تکا دەکەم پێم
نەڵێن کۆنەپەرست وناسیۆنالیست).
نەژاد زیاتر لە ھەشت (٨) کتێب داناوەو بڵاوکردۆتەوە لە بواری
رژنامەگەریی کوردی و رۆژنامەگەریی بە گشتی، دیارترینیان ( رۆژنامەگەریی
کوردی ورۆژنامەنووسی کورد ساڵی( ١٩٨٤) ، ( ئاژانسی دەنگوباسی کوردستان
- ئاداک - ١٩٩١)(برایەتی یەکەمین رۆژنامەی کوردی ساڵی ١٩٩١)، (درەختی
بنکۆلکراو - پەنجەنوومایی رۆژنامەنووسیانە - ساڵ -( ١٩٩٥) نەژاد
عەزیزسورمێ ، ھەردەم بۆچوون و ھەڵوێستی خۆی ھەبووە بەرامبەر
ئەوناماقولیانەو شاشیانەی بەرامبەر رۆژناگەریی کوردی دەکرێت و
بەڕاشکاوی بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت لە سەر میدیایی کوردی و میدیا
ئەھلیەکان کە باوی سەندووە لەم رۆژگارە کەدەبێتە ھۆی ناشرینکردنی میدیا
بە گشتی،ھەروەک لەو وتارەی رۆژنامەی خەبات لە ساڵی ٢٠١٨، دەڵێ (ئەو
میدیا ئەھلیانە کەخۆیان ناساندووە لەو کەناڵانە کە بە کوردی پەخش دەکەن
نەیانتوانیوە بێلایەنی خۆیان بپارێزن ، میدیایی کوردی ھەرچی بکات
نەیتوانیوە لە ئاڕاستەی باربووکەر بێتە دەرەوە کەسیش ئامادە نییە بە
پارەی خۆی تەشھیر بە خۆی بکات دژی بەرژەوەندی خۆی بووەستێ ) ! کەواتە (نەژاد)
ھەر قسەناکات بەلکو بەھەڵویست وخەمخۆرو خۆی بەرپرسیار دەزانێ بێجگە لە
پیشەی رۆژنامەگەریی لەڕێی رۆژنامەوە کاڵی وکرچی رۆژنامەگەریی کوردی و
زمانی کوردی راست بکاتەوەو چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە کە ئەمە یەک لە
تایبەتمەندیەکانی ( نەژاد عەزیزسورمێ ) پێدەناسرێتەوە، پیشەی
نووسەرورۆشەنبیری ڕاستەقینەیە.
نیشتمانی ئەبەدی و ھەتاھەتایی من بێ گومان شیعرە:
شاعیر نەژاد عەزیز سورمێ، دەڵێ: (من بەخۆم
پێش شیعر نووسین خەمێکی ھەسپێکراو دەمگرێ ھەستێکم وەبەردێنێ لە قوڵایی
ناخی ناخمەوە ھەستدەکەم ئازارم دەدات)، کەواتە نەژاد شاعیرە پێرفێکت
نەوەک تەنھا سەقافەتی شیعروشاعیرانە قوڵبوونەوەو ھەستیاری و خەیاڵ لە
شیعرەکانی دەبینرێت وەلەوەش زیاتر ھەردەم خەریکی وەرگێرانی شیعری
شاعیرانی جۆراوجۆرە لەھەموونەتەوەجیاوازەکان ،شیعرەکانی نەژاد
تایبەتمەندی وەرگرتووە لەبەر وشەوزاراوانەی کە بەکاریدەھێنێت خوێنەر
دەخاتە بیرکردنەوەو تێڕامان ! زوو ھەستپێدەکەی ئەوە شیعری نەژاد عەزیز
سورمێ ! شیعری شاعیرانیش بناغە و ڕێسایی بۆ دەستوری زمان و ڕێزمان .
زیاتر لە (١٠) کتێب شیعروھۆنراوەی چاپکردووە بێجگە لە وەرگێڕانی کتێبی
بێگانە بۆسەر زمانی کوردی چەندەھا ھۆنراوەی تر لە رۆژنامەوگۆڤارەکان
بڵاوکردۆتەوە. نموونە : ( کەویە بەفرەکانی دۆزەخ - ٢٠١٦) ، (
تەلارسازوھەندێ لە زیندەخەونەکانی - ٢٠١٨) ( تاڤگەی مەند - ١٩٨٧)
چەندانیتر. شاعیر داھێنەروخوڵقێنەری وشەیە چەکی شاعیر زمانە بزانێ چۆن
دەریدەپەرێنێ ! بۆیە نەژادی شاعیر چەندین وشە لە شیعرەکانیدا ھەیە لای
شاعیرەکانیتر نابینرێت خۆی دایھێناوە، نموونە ( خانەی خەفەت، ھیوای
تۆزاوی ، فەسەفەی ئەشکەنجە ، مانگی بێ ھێلانە ،قوربانگەرا ، بەزمگەرا ،
ھەتاوی شەش دەر، ھەوری ئاسندار، ئادەمگەلی، موچڕکپۆش، شەپۆڵی نوور،
جەژنیەتی نەژاد، ئاودەنگی ڕیگ، بەفرکوش، وشکەسەم، بایکۆتی وشە، پەند
گۆیی ، ئاوی کڕ، ژەنگاری پەتیارەیی، زەنەکە، بانگۆش، ئەفسانەی سیلاکبوو،
رۆژپەڕ، تەنپۆڵایی، ئاستانە باران، بایکۆتی پەرەگراف، باڵانسی
باران،ڕاقەن،کێڵگەی نێرگز )، ھەروەھا لەزۆربەی شیعرەکانی وشەی بیانی
وەک ئینگلیزی یا لاتینی بەکارھێناوە کە ئیشارەتە بۆ رووداوێک کارەساتێک
مانایی شیعرەکەی خۆی پێ تەواوکات و مانا بدات، ئەمەش دەست باڵایی
شاعیرەورۆشەنبیریەکی گشتی شاعیرە ھەردەم ئاگاداری شیعرورۆشەنبیری
جیھانی و بێگانەیە،بەلای ئەو شیعر بۆ کات بەسەر بردن نییە شیعر ھەردەم
ووزەی زیاتروکەشفکردنی دەوێ ! تەنھا موڵکی شاعیروچەندکەسان نییە بەڵکو
موڵکی گشتە. نموونە لەو زاراوە بیانیانە ( لیڤەرنۆ، ئۆسنابرۆک، سیدۆر،
فاندۆم، ئینەن، وایت ھاوس، ئەنکیدۆ، فرێندلی فایر ، ئیلیەت، سکلی،
ڤرلین، وایتمان، کامۆ، براک، سیزان ، دالی، ئاراگۆن).
سەلیقەیەکیتری شاعیر ، وەرگێڕانی شیعر بۆ زمانی کوردی:
وەڕگێڕان لای نەژادی شاعیر بوارێکی دی بۆ خۆرۆشەنبیرکردن و
زیاترشارەزابوون لە زەریایی شیعروھۆنراوە، خوگرتن بە شیعروعەشقی شیعر
وایلیێکردووە ھەرتەنیا بەشیعری خۆی نەوەستێ بەڵکو شیعری
جۆراوجۆروشاعیری جۆراوجۆری ھیڵبژاردووە بۆ وەڕگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی
ھەم خۆی پێ دەوڵەمەند بکات ھەم خوێنەری کوردیش ئاشنا بکات لە دوا مۆدیل
و گەشەی شیعری بێگانە ! ر نەژاد دەڵێ: ( لە وەرگێڕانی شیعر ھەمیشە
ھەوڵمداوە بیکوردێنم زۆر قەسیدەم وەرگێڕاوە جێگایی نووسینی قەسیدەیەکی
خۆمی گرتۆتەوە)ئەمە مانایی پڕبە پێستی سەلیقەو پیشەیبوون دەگەێنێ لە
کاری ھەر نووسەروشاعیرێک ! زۆربەی وەرگێرانەکان لە زمانی عەرەبی بووە
ھەندیکی لە فارسی ، شاعیرەکانیش جۆراوجۆرن ناسراون وەک : ( ڕامبۆ،
ئاودیک ئاساکیان ئەرمەنی، قاسم سعودی ، داریۆش، عەبدول وھاب
بەیاتی، فازل عەزاوی، عاتیفەیێ گورگین ، فلەیەح حسن عێراقی، ئۆھان
گریگۆریان ، ئەلیاس عەلەوی ئەفغانی، فەریدون موشیری، لانگستۆن ھیوز
ئەمریکی، حاتەم ئەلئەنساری، مەناھل ئەلسھرور - ژن - سوری، تاگور، چارلز
یۆگۆفسکی ، خوسرەوی گوڵسورخی، گریگۆرکۆرسۆ ).
رۆژا مێرو خورتا ھەلات - ھاتن ژ ھەوارێ تە وەلات:
شاعیروشیعر، خاسیەت و بابەتێکی گرنگی ھەیە لای زۆربەی شاعیران رەنگی
داوەتەوەو شاعیرانیش بێھەڵوێست نەبوون بەرامبەری ھەم وەک ھەڵوێستێکی
نیشتمانی ھەم وەک دەست باڵایی لە ھونەری شیعر ئەو لایەنەیان فەرامۆش
نەکردووە ئەویش لایەنی (ھەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمان پەروەری ) لای
زۆربەی شاعیرانی کۆنی کوردی باوبووە میللەتی کوردیان پێ
جۆشداوەوبەخەبەرھێناوە لە ئاست ئەو ناعەدالەتی و ناماقولیانە و زوڵمەی
لێیکراوە ، شاعیر ( نەژاد عزیز سورمێ ) ئەو ھەڵوێستە
کوردانەونیشتمانپەروەرانەی لە بیرنەکردووە لە شیعرەکانی بەدیاردەکەوێت
بەتایبەت لە دیوانە شیعری ( کەویە بەفریەکانی دۆزەخ ) دەتوانین چەند
نموونەیەک بەرچاو بخەین ، وەک:
بەرەو کوێ
دیسان مەنفا
ئەی مێشکی ماندوو سەری بە ئێش
لە تاریکیەوە بۆ تاریکی چ برینێک سارێژ دەبێت
ئای نیشتمان
چەندت غەدر لێکردین
چەندمان غەدر لێکردی
کۆبانێ
رووبارێکی شێتە
بەخوڕ بەناو قەدی چیاکانەوە تێدەپەڕێ
کۆبانێ رووبارێکی شێتە
ھەوری ھەموو دونیای لە کۆڵە
ترسی ھەموو دونیای لە کەناری سەوزیدا ھەڵگرتووە
رۆژانە بە شەباقەی سنگی کچانی چاوگەش
کە لە گوڵی سەرەتایی بەھار دەچن
دۆزەخ پێشانی مەرگھێنەران دەدەن
شەنگال
ئاسمانێکە لەسەر چیاوە
ئەستێرەی رەنگاورەنگ بەسەر ھەموو دونیاوە
لە نەخشی مافوور دەچێ
شەنگال بزەی بۆ خەرمانان گەڕاندەوە
شەنگال
نیشتمانی بەبێ نیشتمانان بەخشی
چ مەرگێکی جوان بوو
مەرگی ئالان
ئەو منداڵەی بە ھیوای پایسکیلێک
دەریایی تەی کرد
ھەر لە باوەش فریشتانیشدا
زۆری نەبرد
ئالانی بچکۆلانە پیربوو
ئیتر پایسکیلی لەبیرچوو
چ مەرگێکی جوان بوو
مەرگی ئالانی پیر بە منداڵی
مەرگی ئالانی منداڵ بە پیری
بە خێربێی سەرەتایی شێتیەتی!
ھەروەک لای زۆربەی شاعیران قۆناغێک لە قۆناغەکان نائومێدی و ڕەشبینی
باڵی کێشاوە بەسەر شیعرەکانی سەرجەم شیعرەکانی نائومێدی و ڕەشبینی یان
شاعیر ھەیە لە نائومێدی و ڕەشبینی بووەتە شاعیر بەوە ناسراوەو دیوانە
شیعرەکەی کۆمپلیت نائومێدی و ڕەشبینیە ئەمەش لە شیعری کوردی و جیھانی
شوێنی تایبەتی خۆی ھەیە وەک ڕێچکەیەک و ئایدۆلۆژیایەک شاعیران لەسەری
دەڕۆن وەک ڕێبازێکی ئەدەبی لە شیعر پەیڕەوی دەکەن شاعیرەکەشی
پێدەناسرێتەوە، لە شیعرەکانی ( نەژاد ) ئەمە دەبینرێت، نموونە :
بەڕێیکدا دەڕۆیشتم
پەیبردن
بۆچی نیشانەی بەدبەختییە
تێگەیشتم ئێوارەی تەمەڵ بۆ ڵا ڵە
دڵت بەرد ئاسا
کانگایی سۆزونەرمی
ئێستا تێگەیشتم
تۆ بیر لە ژەھری جەستە
لە لێوارە بەلەنجەکانی لەزەت دەکەیەوە
تۆ بیر لە من ناکەیەوە
نیشتمان ئەوە نەبوو
لە چیرۆکێکی کورتمان نووسیوە
بە داخەوە
جارێکی دیش
بە داخەوە نیشتمان خاچێکی ئاسنین دەرچوو
لە شەڕ لە مەرگمان زیاترلێ نەدی
بەداخەوە سەت ھەزارجار بەداخەوە
نیشتمان سەیرانگایی بەھاران نەبوو
باران نیە
تاوێکی لەو رەنگە گەرمیش نییە
من ئەو چەترەم بۆ ھەڵگرتووە؟
بە خێربێی سەرەتایی شێتیەتی !
قەسیدەیەک
وەک کۆلیسترۆل
لە دەمارەکانمدا گیربووە
نازانم کەی دەمکوژێ
ھەرچی رەنگی دونیا ھەیە
بە پەتێکەوە ھەڵدراونەتە ئاسمان
ئێستا زانیم ئاسمان بۆچی
جوانی جارانی نەماوە
فۆتۆگراف و تەشکیل ، شەش پێشانگایی کۆلاژ!
نەژاد عەزیز سورمێ ، لە پاڵ شیعرو وەرگێڕان و رۆژنامەگەریی، حەزوخولیای
تووندو عاشقانەی بۆ وێنەو شێوەکاری و ھونەری فۆتۆگراف وھونەری کۆلاژ
ھەیە،چەند وتارولێکۆلینەوەی نووسیوەو کتێبی ( سەرەتایەک بۆ تێگەیشتن لە
ھونەری شێوەکاری ) ، کتێبی ( کۆلاژ - مێژوو ، تەکنیک ، ھونەر ) و کتێبی
( ساوی شتان ) لە بواری فۆتۆگراف چاپ و بڵاوکردۆتەوە بۆ زیاتر
شارەزابوون و پیشەیبوون لەم بوارە ، ھونەری وێنە و شێوەکاری لای (
نەژاد ) شیعرە بەڵام بە ( ھێل و وێنە و کامێرا ) ، ھەروەک ( نەژاد )
خۆی دەڵێ : ( ھونەری شێوەکاری ھەمیشە ماڵی دووەمم بووە ئەگەر چی من
سنوورێکی رەھام لە نێوان شیعرو تەشکیل نەدیوە ) سەرچاوە گۆڤاری رامان -
ساڵ ٢٠٠٠، یان دەڵێ ( لە ئەساسدا من ھەر لە منداڵی و لە قۆناغی
سەرەتایی ئارەزوویی رسم کردنم ھەبوو ) ھەر گۆڤاری رامان سال - ٢٠٠٠، وە
دەربارەی کۆلاژ دەڵێ : ( کۆلاژ رەھایی و شەفافیەت دەبینم نیشتمانم بوو
، نیشتمانێکی پڕبە سیەکانم )، یان لە پارچە شیعرێکی خۆی دەڵێ ( کۆلاژ
ھونەری پاڵاوتەو، سوختەی دیدار ئاخربوون ) بۆیە دەبینین شاعیر( نەژاد)
توانیویەتی بە شیعرولەشیعرێکی حەزوعەشقی وێنە و شێوەکاری وێنا بکات وەک
تابلۆیەکی شێوەکاری بنەخشێنی چوارچێوەیەکی تابلۆ بێتە بەر چاو،بەتایبەت
لە شیعری ( ئەزموون ) لە سەرەتا ئەو روونکردنەوە دەدات ، دەڵێ : ( ئەم
ھۆنراوە خۆی دەگونجێ لەگەڵ تاقیکردنەوەی دی وەک پۆستەرە شیعر شێوازی (
ھایکۆ ) من بۆ روونکردنەوە دەڵێم ھچ کامیان نین بە قەد ئەوەی
ھەوڵدانێکە کە نیشانی چەند تابلۆیەک بەھۆیەکی دی دەربڕێن ) شیعرەکانیش
ئەمەیە :
١ ھێلانە
شەباقەی برینە
یا چاڵە خوێنە
یا دەمی بورکان
٢ ( . . . . . )
کلاورۆژنەی شیشەبەند
چەند تاڵە تیشکێ
مرۆڤێ دەستی بە قاچیەوە گرتووە
سەری بە دیوار ھەڵپەساردووە
٣ ستیل لایف
درەختی ڕا قەناو
کەلاوەی خانوو
باولێ تەنەکە
لێفەی شڕی لە بیرکراو
٤ کۆمەڵێ جۆگە
دوو کانی وشک
تیشەبەردێک
سیمایێ ماندوو
دوو باڵی لە ڕاست و چەپ ڕوواوە
٥ ژیان سەیرە
سەیرە ژیان
بە ڕێیکدا بڕۆی
لە تابلۆیەکی ئەبستراکت بچێ
٦ دڵنەوایی
کچێ رەشپۆش
لەسەر بانێژە وەستاوە
تریفەی مانگ و
ورشەی ئەستێرە کۆدەکاتەوە
٧ چیاێیکە خەریکە دەڕمێ
چەند دەستێ سنگی خۆیان داوەتە بەر
چەند دەستێ ناھێلن چیایەک بڕمێ
دواتر شاعیر ، بۆ زیاتر پیشەیبوون و قوڵبوونەوە لە بوارەکەی لە کتێبی (
سەرەتایەک بۆ ھونەری شێوەکاری -چاپی سێیەم ) دەڵێ (ئێمە بە ھیچ جۆرێک
مەبەستمان ئەوە نییە ھونەری کوردی لە ھونەری مرۆڤایەتی بکەینەوە پێمان
وابێ ھونەرمەندی کورد سوود لە تاقیکردنەوە دەوڵەمەندەکانی ھونەری
رۆژئاوا وەرنەگرێ ئەوەندەی بەتەنگ ئەوەین ھیوامان وایە لە پاشەرۆژ
ھونەری کوردیش لە نێو ھونەری رۆژھەڵاتیدا بناسرێتەوە).
areezendiny40@yahoo.com
|