په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٤\٢٠١٧

نەژاد و کۆلاژ.

 

کرێکار عەبدوڵا


ئەوە رۆژگاری تاڵە، داھێنەر دروست دەکا، بۆیە لام سەیر نییە کە ئینگلیز دەڵێ: داھێنەر ئەو کەسەیە لە (ھیچ)ەوە شت دروست دەکا!


کاک نەژاد لە ھیچەوە داھێنانی کردووە لەوەدا داھێنانی کردووە، ئەڵبەتە تاک تاکی پێکھاتەی تابلۆکانی ڕەنگە واتا بەخش نەبن! بەڵام زیھنیەتی (ئەو) وای کردوە ئەم (تاکانە) لە چوارچێوەی تابلۆیەکدا پڕ واتا بن ... ئەوەشیان ئەوەندە کارێکی ئاسان نییە و کەسانی ئاسایی ناتوانن چوارچێوە بۆ پێکھاتە بێ ماناکان دابنێن و پڕ بایەخی بکەن و تێزێکی ھزری بە بینەر ببەخشن! مەگەر لە کەسێکی قاڵبووەوەی دید و ڕوانگە و ڕۆشنھزێکی وەک نەژاد نەبێ، ھەڵبەتە ئەم کارەش ڕێک دەچێتە چوارچێوەی کارە ئاسان نەپێکراوەکان ھەمدیسان ئەوەشیان لە خۆڕا نەبووە، بۆیە گەر زھنیەتی نەژاد لێوان لێو نەبووایە لە ئەدەب و چیڕۆک و نووسین و وەرگێڕان و تەنانەت زمانزانیی، ئێستا نەدەپڕژایە سەر داھێنان لە بواری کۆلاژدا.

لە ھونەری کۆلاژەدا ھەر پێکھاتەیەک لە چوارچێوەی یەک تابلۆدا گوژمەیەک لە ھێز، لە واتا، دەبەخشیتە پێکھاتەکانی تری ناو تابلۆکە بۆیە وابەستەکردنی پێکھاتەکان بەیەکەوە پێویستی بە ئەندێشەیەکی ھونەریی و زیھنیی زۆر ھەیە.

ئەوەی لە پیشانگاکەی نەژاد خۆی زەق دەکاتەوە چەند واتایەکی واتابەخشن وەک: چاو، پێ، پاژنی پێ، گوێ، رووی ئافرەت، جەستە، ھەروەھا دەیان نووسینی مسماریی کە شاراوەیی گەمە لەسەر دەربڕینی ھەست و نەستی مرۆڤی ئەم سەردەمە دەردەبڕێ.


لە تابلۆیەکیان بینیم پاژنی پێ بە قەد یەک گەڵا شوێنی جێ ھێشتووە.. ھەر ئەمە بە تەنھا مێژوویەکە سەربردەی داستانێکی ھەرە مەزنی مرۆڤایەتیمان بیر دەخاتەوە کە خۆی لە داستانی گلگامێش دەدۆزێتەوە و پێمان دەڵێ، ژیان ئەبەدی نیە بۆ ھیچ کەسێک، ژیان ئەگەرچی پڕ لە ئەزموون و ھێز و ھزریش بێت تەژی لە تەواوکاریی نانوێنێ، بەڵکو زھینەتیش لە مرۆڤدا سنووردارە و مرۆڤ بەدەرنییە لە ھەڵە.

بوونەوەر لە ڕێگەی ھەستی بینینەوە دەتوانێت گوزارشت لە دەربڕینەکان بکات لە ڕێگای کارلێکی تیشک و کارداناوە و پرۆسیی شەن و کەو و لێکدانەوی بابەتەکان و ڕووداوەکان تا مرۆڤ دیدگایەکی ڕوونتری لا دروست بێ بۆیە نەژاد لێکدانەوەکانی بۆ ژیان لە دیدگای بینینەوە بەرجەستە دەکا، واتە بینیین وەک دەربڕی راستیی گوزەرکردنی ڕووداوەکان وەک خۆی نەوەک تەنھا لە رێگەی بیستن کە تێی دەچێ زۆرجار دەربڕینەکان و لێکدانەوەکان وەک خۆی کە ھەیە گوزارشت نەکا. بۆیە تابلۆکان پێمان دەڵێت گوێچکە بە تەنھا بەس نییە بۆ سەرنج کردن و لێکدانەوە، بەڵکو بیناگەرایی لە فەزای ژیان و ڕووداوە مێژووییەکان کارێکی پێویستە لە پێناو دروستکردنی بڕیاری گونجاو و دروست بۆ داھاتووێکی باشتر پڕ پڕ لە داھێنان و کەمتر لە ھەڵە و زۆرتر لە ھزری بیناسازیی لە سەرخان و زەمینسازیی بۆ داھێنان و برەودان بە کەلتووری واقعبینانە و دوور لە ژیانی ئەندێشەیی و ژانی ھەمیشەیی! بۆیە چاو وەک دیاردە و دەربڕی تابلۆکانی نەژاد بەرجەستە کراوە.

کاک نەژاد بە تەنھا لە چوارچێوەی یەک تابلۆدا پێمان دەڵێ، مەرج نییە بابەتەکانی بێ گیان وەک کەلوپەلی بێ نرخ تەماشا بکرێن بەڵکو تەنانەت بابەتی مردووش گەر لە چوارچێوەی خۆی دابێ ھەمیشە زیندوو و واتابەخش دەبن، لەم چوارچێوەیەش واتای ژیان دەبەخشێتە خۆی و ھاوبەشەکانیی لە چوراچێوەی یەک تابلۆدا.


بۆیە بە پێویستی دەزانم دەروونناسان، کۆمەڵناسان، توێژینەوەی پتر لەسەر ئەم ھونەرە و داھێنانەکانی کاک نەژاد بکەن تا بتوانن میللەتەکەمان بەم جۆرە ھونەرە ئاشنا بکەن و جوانییەکی تر ببەخشنە جیھانی ھونەری کوردی.

 


krekar.k@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک