١٥\٦\٢٠٢٢
"نەمرەڕێ" و شاعیرێک لە دووی ئاسمانێکی
ساماڵتر بۆ شیعر.

هۆمەر
وشەی دەستپێک:
"نەمرەڕێ"،یەک
لە بەرھەمە شیعرییە نوێیەکانی شاعیری جوایەزنووس"پێشەوا کاکەیی"یە کە
وەک خودی خۆی،ئەمجارەیش بە گەشتێکی تری شیعری دەمانگەڕێنێتەوە بۆ نێو
جیھانە پاکژە شیعرییەکەی خۆی کە دەیەوێت جیھانێک بێت بەدوور لە ژەنگ و
ژار و ھەردەمیش میھرەبانی لێ بچۆڕێت. جیاوازی ئەم گەشتنامە شیعرییەی
پێشەوا کاکەیی دەگەڵ چەند بەرھەمە شیعری پێشووی لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە
شاعیر ئەمجارە دەگەڕێتەوە بۆ ھەرێمێکی دوور و کەونی ژیاری مرۆیی کە
بەشێکی گەورەی خودی نیشتمانەکەی شاعیر ھەر لە نێو ئەم جەغزە
جوگرافیاییەدا ھەڵکەوتووە.
ڕۆچوونێک بە قووڵایی "نەمرەڕێ"دا:
نەمرەڕێ،بڕینی ڕێگایەکی پڕ لە میھری شیعرییە کە دەمانباتەوە تا بەردەم
خودی ئەو زەمەنەی کە ژین،گوڵخەندەی دەگرت،سرووشتیش میھرەبانی لێ دەڕژا
و بلاوێنی ڕۆح و گیانی ئادەمزاد بوو.
شاعیر،سەرەتای ئافرانی گێتی بە پاکژ دادەنێت کەچی دواتر مرۆ،لیخنی
دەکات و لە بن نسێی مرۆی بەدکاردا ئەم کەونە، وا خەریکە چاوی کوێر ببێت.
جیھان لەوەتەی دەمی کردووەتەوە،شەکراوێکە،
کەچی ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێتە زەلکاوێکی گەنیو،
دڵت داگیرسێنەوە،کەون وەختە چاوی کوێر بێ...
(نەمرەڕێ،ل١٤)
نەمرەڕێ،ھەمان ڕێیە کە دەچێتەوە تا چاخی پڕ لە میھری باڵووڵی
دانا،لەوێشەوە شۆڕ دەبێتەوە تا بێساران و دەیەوێت تەپوتۆزی سەر دڵ،بە
نەغمەی بلاوێنی بولبول و قومریی ھەورامان لا بچێت. چونکە لە خودی
ھەوراماندا نەمریی دەبینێتەوە.
وەک بابا سرنج
بەدەم تینی ئاورەوە
وشەی سەرمابردەڵەم گەرم بوونەوە،
وەک دار قرچەقرچیان ھات و دەبوونە بڵێسە،
نەمریم لە ھەوراماندا دۆزییەوە.
(نەمرەڕێ،ل٨٢)
ھەموو پەرۆشیی شاعیر،گەڕانەوە بۆ سەردەمی سادەییە،ئەو زەمەنە پاکژەی کە:
"ئاونگ ھایکووی خۆی بنووسێت
لەسەر گژ و گیا،پەلکی گوڵان؟!
ئاوێزان بێتەوە بوونمان بە ھاتنی سپێدان؟
ئاییندە بە بنیات بێت لە ئێستامان؟
(نەمرەڕێ،ل١٨)
پێشەوا کاکەیی لەم بەرھەمە شیعرییەدا دەچێتەوە تا سەر ئەو ڕاستەڕێیەی
کە مرۆڤایەتی نوغرۆی نێو میھری ئەدەب و ئاکارچاکی بوو و
ڕەوشتبەرزییش،میوانی دڵان.
نەمرەڕێ،لەڕاستیدا ڕۆچوونێکی قووڵیشە بە ناخدا و دەیەوێت لە ڕێی ئەم
شۆڕبوونەوەیەوە،مرۆ پتر پەی بە خۆی ببات و ئینسانییانەتر مامەڵە دەگەڵ
گەردووندا بکات. لەم گۆشە نیگایەوە کارتێکەریی زمانە ڕۆحییە قووڵەکەی
شاعیرانی وەک مەحوی،مەولەویی بەڵخی و حافزی شیرازی بەسەر پێشەوای
شاعیرەوە دەبینرێت.
گەشتێک بکە ھاوڕێ!
بچۆرەوە نێو خۆت و لە لووتکەی بێدەنگیدا
ڕازی خۆت بۆ خۆت بەیان بکە!
خۆت دەتوانیت خۆت بپشکنیت لە چ ڕەگێکدایت،
ڕیشەت لە چ گەشتێکدایە و چۆن بۆ ئاسۆ ھەڵدەکشێیت.
(نەمرەڕێ،ل٤٢)
شاعیر، ڕامان و وردبوونەوە لە خودی خۆ بە نیشانە و بگرە ھۆکارێک بۆ
شادبوونەوە دادەنێت. بیرکردنەوە و ڕامان،ھێوریی و ئۆقرە بۆ دڵی ئینسان
دەگوێزێتەوە و لە دەست ئەم جەنجاڵستانەی نھا،قوتاری دەکات. لەم ڕێگە
دوور و درێژەی شاعیر دەیبڕێت،بێ سێ و دوو ،زانین و ئاگایی دەوری سەرەکی
دەبینێت و بەرچاوڕوونییش بە ژیان دەبەخشێت. ھەر بۆیە بە زانین،مرۆ خۆی
لە تاریکستان دەرباز دەکات.
بڕۆ!
جوان بنواڕە،بجووڵێ و بدوێ!
پەیڤت ڕێی خۆی وەدۆزێ،
با بشزانی،بێئاگایی دەتکاتە ونڕێ،
دنیات لێ دەبێتە قەفەس.
(نەمرەڕێ،ل٥١)
پێشەوا کاکەیی لە نەمرەڕێ دا بە زمانێکی شیعری ھاواری لە دەست جیھانی
سەرمایەداریی و بۆرژوازیی ئێستا بەرزە کە تێیدا سەرمایەدار،لە بەری
ڕەنجی خەڵک دەخواتەوە کەچی خەڵکی ھەژار تا دێت بەلەنگازتر و فەقیرتر
دەبێت. ھەر بۆیە پەنا دەباتەوە لای باڵووڵی ماھی و گەرەکیەتی بەیانان
لەگەڵ گزنگی خۆر، ژیان دەست پێ بکات.
وەک باڵووڵی ماھی لەگەڵ خۆر ھەڵدێم،
دەرگا دەکەمەوە،بە ڕووی خەڵکدا،
سەرمایەداران دێن لەبری پەمۆ بە ئەستێرە بچوێنن،
نەوت و پارە بە ئاسمان دەچوێنن...
(نەمرەڕێ،ل٦٢)
مرۆی بۆرژوا لە دیدی شاعیرەوە کە وەک دڵە پاکژە شیعرییەکەی خودی
ڕاستییەکان دەنوێنێت،وا خەریکە خۆڵ لە چاوی گزنگیش دەکات و لە پێناو
بەرژەوەندییە بەرتەسکەکەی خۆیدا گەرەگیەتی بەردیش بھاڕێت کەچی شاعیر
پێشبینی ھەرەسھێنانی دەکات و مژدەی دواڕۆژێکی ڕوونمان پێ دەبەخشێت.
لە گزنگەوە بۆ گزنگ
دەنگی قڵیشانی شاخ دێ،
خەڵکی نێو کۆساران نازانن شتێکە دەدزرێ،
ئەم دەنگە
ھەر گلۆربوونەوەی گاشەبەرد و
داڕمانی شاخ و
ڕۆچوونی زەوی نییە،
داڕمانی مرۆڤی سەرمایەدارە
دەستی ناوەتە بینی سرووشت و بەرد دەھاڕێ!
(نەمرەڕێ،ل٨٤)
شاعیر بە مەبەست و ژیرانە دەگەڕێتەوە بۆ چاخ و سەردەمی باڵوولی
ماھی،بابا لوڕی لوڕستانی،حەللاج،بابا سەرھەنگ،بابا سرنج،دایە
تەورێز،ڕێحان خانمی لوڕستانی،باوە تاھیری لوڕ،فاتمە لوڕە و،لەوێشەوە
ڕێی درێژ دەبێتەوە تا نەیشابوور،تەورێز،تاشکەند،سەمەرقەند و بوخارا و
دواتریش تا لای خودی تاگوور. ئەمانە ھەموو کۆدن بۆ خوێنەر و شاعیر
دەیەوێت خوێنەر بۆ خۆی کۆدەکان بکاتەوە. پێشەوا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ
ئەو چاخەی کە ھەست و نەستی مرۆ تا دوورەدەستتان بڕی دەکرد و جوانتریش
لە ھەموو شتێک تێدەگەییشت. پێشەوا لەم گەشتە شیعرییەدا لە دووی ئاسمانی
ساماڵتر بۆ شیعر دەگەڕێت.بۆیە بەردەوام ڕێ دەبڕێت و دەڕوا و دەڕوا تا
بەوێندەرێ بگات کە ئاسمان شینتر و ساماڵتر دەربکەوێت.
دەگەڕێمەوە بە برینی ڕۆژگار
باشتر لە ئاو تێبگەم،
لەمێژە دەفڕم،لەو چیا بۆ ئەو چیا،
تا ئاسمان ڕوونتر دەربکەوێ.
(نەمرەڕێ،ل٨٨)
پێشەوای شاعیر،لەم گەشتە شیعرییەدا دەڤەرە کەونەکانی نیشتمانیش بەسەر
دەکاتەوە و دەچێتەوە بەردەم مەنزەڵەکەی پیرانی یارسان و لە دەست ئەم
ھەموو زەبر و زەنگەی نھا مرۆ بەدەستیەوە ناڵانە،سکاڵا و شکات بەرز
دەکاتەوە و داوای ڕێکار دەکات. دەگەڕێتەوە لای باوەخۆشین،باوە
سەرھەنگ،باوە تاھیری لوڕ،فاتمە لوڕە و پیرانی ماریفەت.
شاعیر لە نەمرەڕێ دا دیرۆک دەخوێنێتەوە و لە دەست ھەرچی دەستەڵاتە دەم
بە ھاوارە و شکاتی خۆی تا لای خودا بەرز دەکاتەوە و زۆر بە ڕوونی
پەیامەکەی بۆ خوێنەر دەگوێزێتەوە.
ئەوسا بەغدا
گڕ لە دڵی دەھاتە دەرێ و
ئێستاش دووکەڵ لە چاوی،
کەچی وا ئێستاکە
خۆکوژیی کۆکوژی نمایش دەکەن،بە بەر چاوی خواوە!
ھەموو ڕۆژێ شۆڕشێک تەشەنە دەسەنێ
لە بەغداوە بۆ مەککە،لەوێوە بۆ ئەھواز
خوێن دەچۆڕێ،
ھەرچی میر و شالیارە
ھەرچی خەلیفە،شێخ،سەیید،ئاخوون و مەلاشە
خەڵکی دەنێرن
تا لە دۆڵ و گرد و دەشت و لووتکەی شاخەکاندا
خۆ بۆ خودا بە کوشت بدەن،
کەچی خۆیان ھەر یەکە لە دیوەخانی خۆیدا
لەبری بۆنی خوێن،
دەم لە دۆڵ و گرد و دەشتی کەنیشکێکەوە دەنێ...
(نەمرەڕێ،ل٧٤ و ٧٥)
پێشەوا کاکەیی لە دەست ئەم ڕۆژگارە دەم بە گلە و سکاڵایە کە تەنانەت
ئەم چاخە لێڵە،زمانی ئەڤینیش کەوڵ دەکات.
بە زمانی ئەوین دەپەیڤم
کەچی ئەم ڕۆژگارە کەوڵم دەکا...
(نەمرەڕێ،ل٨٠)
ئاوڕێکیش لە فڕکەفڕک و پەلەی مرۆی ئەم سەردەمە دەداتەوە کە دەیەوێت
خێرا بە ھەموو شتێک بگات تەنانەت گەر کانیاوە زوڵاڵەکانیش لێڵ و کوێر
بکاتەوە.
زەوی وەک توورەیەکی زێڕ دراوە بە کۆڵدا،
فڕکان فڕکانێکە،ھەر یەکە بەشی خۆی دەبا،
ھەر یەکە چنگی تێ ناوە و دایدەدڕێ،
زەوی ناتوانێ باڵەفڕێ بگرێ،
دەیەوێ لە دەستی ڕێبواراندا
وەک ئاوی کانیی کوێستانان بنۆشرێ.
(نەمرەڕێ،ل٩٢)
پێشەوا بۆیە ملی ئەم ڕێگە دوور و درێژە دەگرێتە بەر تا بچێتەوە بەردەم
یەکەم قۆناخی بوون کە ئیتر ڕۆح و جەستە تێیدا ئاسوودە بن و مرۆ لە بن
سێبەری ئاوەز و ژیرێتیدا خۆ لەدەست ئەم ھەموو زیندانە قوتار بکات.
ئەم ڕێیەم بۆ ئاسوودەیییە
تا جەستە ھەمیشە نەرم بێ،ڕۆح تێیدا ئارام بێ.
لە قوڕ کە ھاتوویتە دەرێ،
بۆ ئەوە نییە وڕ ببیت،
دانا ئەو کەسەیە لە کۆتاییدا بەند نەکرێ.
(نەمرەڕێ،ل١٠٣)
ئەنجام:
پێشەوا کاکەیی، یەک لەو شاعیرە پاکژنووسانەی ئێستای شیعری کوردییە کە
لە ڕێی زمانێکی جوایەزەوە بەردەوام ڕۆشنایی بە سووچە تاریکەکانی شیعر
دەبەخشێت و لە ھەوڵی کەشف و دیتنەوە و دەرخستنی جوانییەکانی شیعردایە و
ھەر جارە و ڕێگەیەکی جوایەزی شیعریی دەبڕێت و بە پلان و بەرنامەیەکی
وردەوە کار لەسەر ئەم پاژەی ئەدەب دەکات. شاعیرێکە بە دیدێکی ڕوون و
ڕۆحێکی بێ گرێ و گۆڵی مرۆیییەوە بیر لە ھەڵچنینی دیواری بڵندی شیعر
دەکاتەوە و شیعرەکەیشی تا بە دوورەدەستترین دەڤەرەکانی گەردوون ڕێ
دەبڕێت؛ بۆیە ھەر جارە لە دووی ھەسارەیەک وێڵە و دەیەوێت بە ڕێی
کاکێشانی شیعرەوە شۆقی ئەم ھەموو ئەستێرە پرشنگدارانەمان تێبگرێت. ھەر
ئەوەندە ماوەتەوە کە بێژم،پێشەوا کاکەیی وەک بەرھەمە شیعرییەکانی
پێشووی،لەم بەرھەمە نوێیەیشدا بە زمانێکی پاراو، خامەکەی دەخاتە گەڕ و
کۆمەڵە وشە و دەستەواژەیەکی نوێیش دەکاتە بەر ئەم بەرھەمەیش واتە "نەمرەڕێ".
پێشەوا کاکەیی ،ھەر جارە و بە پرۆژەیەکی نوێی شیعری ،دەروویەکی نوێمان
لە ڕوو دەکاتەوە.پێشەوا شاعیرێکە جوگرافیا و مێژوو پێکەوە گرێ دەدات و
لە ڕێی داگەڕان بە جوگرافیای وڵاتاندا دەرکە لە ڕووی دیرۆکی گەلانیش
دەکاتەوە و خوێنەر ھەم بە جوگرافیا و ھەمیش مێژووی نەتەوە و گەلانی
سەرزەوی ئاشنا دەکات.
پێویستە ئاماژە بەم خاڵەیش بدرێت کە نەمرەڕێ،بەرھەمی شاعیری جواننووس
پێشەوا کاکەییە کە ساڵی ٢٠٢١ لە لایەن وەشانی "نووسیار"ەوە چاپ و بڵاو
کراوەتەوە. پێشەوا کاکەیی پێشتر چەندان بەرھەمی شیعری بڵاو کردووەتەوە.
شیاوی ئاماژەپێدانە پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، ناسراو بە «پێشەوا
کاکەیی،» ساڵی ١٩٨٤(١٣٦٣ی ھەتاوی) لە گەڕەکی «جووتکانیان»ـی شاری "قەڵادزێ"
لەدایک بووە. تا ھەنووکە خاوەنی نزیک بە ١٤ بەرھەمی شیعری و توێژینەوەی
ئەدەبیی چاپکراوە کە "زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر" نوێترین
بەرھەمی ئەم شاعیرەیە. شیعری ئەم شاعیرە نوێخوازە بۆ سەر چەندان زمان
وەرگێڕدراون.
______________________________________
ژێدەر:
نەمرەڕێ، پێشەوا
کاکەیی. چاپخانەی جەنگەڵ، تاران، وەشانی نووسیار، چاپی
یەکەم، ٢٠٢١، دانیمارک.
h_noryawi@yahoo.com
|