١٢\٨\٢٠١٢
نەنکم بە بێوەژنیی
مرد.

تەیب هۆشیار
کاتێک کە چێرۆکی حەمەدۆکم
خوێندەوە خوڕ خوڕ بە چاوانمدا فرمێسک دەباری...
باپیرەم کابرایەکی جەنگاوەر بووکە دژ بە ئاغا و دەرەبەگ دەستی دابووە
چەک،بۆ ئەوەی ئاغای زۆردار نەتوانن بە سەر زەوی و عەرز و ماڵیدا خۆیان
با بدەن و سەرانە نەدات بە ئاغا؛ بە شاخ دا هەڵکشا،شاخی سورێنی سەرکێش
و قەڵای مەردان بوو بە جێی ژیانی؛ بەتەنیا و بێکەس دڵی شەوگاری شەق کرد
و سەرین لەبەرد و ئاسمانی کرد بە پێخەفی، بڕنەوەکەی لە خۆی مارەکرد و
سوێندی خوارد کە دەست بەرداری نەبێ. مشتی لە زوڵم و زۆرداری گرت و خۆشپێک
بوو...
لەو شاخەدا چەتە ئاسا هەڵسووکەوتی دەکرد و سەرانەی لەو قاچاخچیانە
دەسەند کە خەریکی کاسبی بوون لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتدا ؛ لە جێگەی
ئەو سەرانە قەولی دابوو کە مەردانە لە رۆژی تەنگانەدا بە هاواریان بگات
و هەر کەس کە تەعدای لێکردن و بە سەر ماڵ وحاڵیاندا رۆێشت ئەوە ئەویش
بە خۆی و بڕنەوەکەیەوە لە خزمەتیاندا بێت ،دوازدە ساڵی رەبەق "رەحمان
وەسا فەتتاح" ی باوەگەورەم لە سورین ژیا،و مەردانە نەیهێشت ئاغا و
دەرەبەگ دەست بە سەر ماڵ و موڵکیدا بگرن...
خەوی لە زۆرداران هەراسان کردبوو،بە دەیانجار شکاتیان بەر دەرگای
ژاندار برد. دەیانگووت،ئەحمەوبەگی سەردۆش کە خاوەنی حەوت ئاواێی بوو ،
خۆی گەیاندوەتە دەرباری شا تا شکات لە رەحمان وەستا فەتتاح بکات...
شەو شەوی بەهاری بوو کە باپێرەم بۆ سەردان گەڕابووە بۆ ماڵەوە، تاکو
سەردانی دوازدە منداڵەکەی کە لە دووبەرەکە بوون بکات؛لە باخەکەی پشتی
ئاوایی سەردۆش، ئەو باخەی کە چەنها ساڵە بۆی ئاوارە بوو، دوو کوڕەکەی
کە تازە خەریک بوون خەتیان ئەڕشت بە ناوی مەحەمەد ئەمین و کەریم لە
پەنایدا لە ژێر تریفەی مانگدا راکشان و چێرۆکی زوڵم و زاڵمی بە گوێدا
چرپاندن تاکو زوڵم بناسن و زاڵمیش هەروەتر ؛دڵی لێیدا بوو،کە شەو
شەوێکی شومە! دووکوڕی تازە هەڵتروشکاوە راکشان و بۆنی شاخی سورێنینان
لە ئامیزی باوکیاندا هەڵمژی هەتا نێوە دەمارەکانیان ولانیکەم لە باوەشی
باوکە یاخیەکەیاندا هەست بە بوونی باوکیان بکەن...
دیارە دەستی چەپەڵی سێخور لێی نەگەڕابوون و نۆکەرەکانی ئاغا ئەو شەوە
هەڵیان کووتابووە سەری و لە خەودا باپێرەم کوژرا،دوو کورەکە کە
هەڵدەستن پێیان وایە کە باوکیان دیسانەوە چووەتەوە هەمان قەڵای قایمی
مەردان.ساڵ هات و ساڵ چوو منداڵان هەرچاوەرێی باوکیان بوون تا به
بڕنەوەکەیەوە زەبڕێکی جەرگ بڕ و بەندی دڵی زوڵم بپسێنێ بەڵام...
گەلێ ساڵ لە دوای ناونیشانی یاخۆ لاشەی سەرگەردان سووڕانەوە ،کەچی
هەواڵیان زانی بە دەستی چەن کەسانێک هەر ئەو شەوە لە خەودا سەریان لە
لاشە کەندەوەتەوە، و لاشەکەیان داوە بە دەم ئاوەوە، لە کۆتایی دا مشتێک
خاک و خۆلێان پێ نیشان دان و گووتیان ئێرە گۆڕی رەحمان وەستا فەتتاحە،کوری
ئەو کەسە کە باپیرەمی لە بەر ئاوەکە گرتبووەو و بە باوکمی گووت، هەڵبەت
باوکی لە مێژ بوو کە مردبوو ،ئەو هەموو ساڵە لە ترسی ئاغا و دەربەگ
نەهاتبووە زمان کەچی بۆ کوڕەکەی وەسیتی کردبوو و لە وەسێتەکەیدا
کوڕەکەی قەرزاربار کردبوو کە ئەبێ هەر رۆژێک بە مناڵەکانی رەحمان وەسا
فەتتاح بلێیت کە گۆڕی ئەوە کەڵە پیاوە لە کوێیە...!
لە پەنای کۆلێتێک لە دەشتی دۆلەبێ نێژراوە.
لە دوای مەرگی باپیرەم ،خەلیفە رەحیم کە کوڕە گەورەی رەحمان وەسا فەتاح
بوو یاخی بوو،ئەویش چوو پاڵی دا بە سورێنەوە!
نەنکم بێوەژن کەوت و ١٢ هەتیو لە سەرشانی بوو کە دەبوو خزمەتیان بکات و
پاروێک نان بکات بە دەمێانەوە.رۆژێک کە هیچ پێخۆرێک لە ماڵدا نابێت روو
دەکات لە ماڵی ئاغا و داوای پێخۆریان لێ دەکات ،بە پاڕانەوە و لالانەوە
چەن مشت "جۆ"ئەدەن بە نەنکم کە بیکات بە نانی جۆ و بیدات بە منداڵەکانی!
خەلیفەرەحیم کە ئەم هەواڵەی زانی لە نێوەشەوێکدا لە سوڕێنەوە بۆی کشا .خەلیفەرەحیم
بە ئەتککردنی دەزانی کە نەنکم بروات و داوا و قەزر لە ماڵی ئاغا بکات
هەر بۆیە ئەو نێوەشەوە ئەوەندە شەق لە نەنکم هەڵدابوو کە نەنکم قۆڕ بوو
...
زۆرجاران هەستم بە ژانی نەنکم دەکرد و هەرچی لە سەربەرماڵ دۆعای دەکرد
دۆعای شەڕی لە خەلیفەرەحیم ئەکرد کە ئەو پەنەی بە سەر هێناوە، نەنکم
چوون نەیدەتوانی مێرد بکاتەوە هەموو جارێک ئەوەی ئینکار دەکرد و بە
باوکمی دەگووت:سی ساڵی تەواوە مێردم نەکردوەتەوە تا تۆ گەورە بکەم بە
فەخرەوە بە باوکمی دەفرۆشتەوە.باوکم دەیزانی دەردی دایکی چییە بەڵام
هیچ کات لە رووی نەدەهات بلێ دەردەداری چیت هەر بۆیە هەموو جارێ
دەیگووت:سپاس دایە گیان سپاس من نازانم چۆن چاکەی تۆ بدەمەوە،ئەوەندەی
بە باوکم گوتبوو کە لە بەر تۆ مێردم نەکردوە باوکم زۆرجار دەکەوتە
گومانەوە کە ئاخۆ دایکی کەڵکی مێردکردنی ماوە،یا...
چاوەکانی نەنکم لە گەڵای ئەو پایزانە ئەچوو کە لە بەر رەشەبادا قایم
دەست بە چڵەوە دەگرن تا دوا ساتی خۆیان بە لق و چڵەوە ژیان بکەن, نەنکم
بە تامەزرۆی باوەشێکی گەرم مرد، رقی لە ژن و پیاو بوو، تەنیا خۆای خۆش
ئەویست. بۆ زەماوەندی هیچ کەس نەدەچوو بەڵام بۆ مەرگ هەمیشە لە پێشی
ژنانی تایفە و گەڕەکەوە بوو، هەرکەس بمردایە گەر نەیشی ناسیبایە دەچوو
و فاتێحەی دائەخەست، دڵنیا بووم لە بەر خێری نەبوو، نەنکم بە مەرگی
مرۆڤەکان دڵخۆش دەبوو.
کاتێ کە مرد دایکم دەیگووت: دەستی لەو بەتانیە بەر نەئەدا، زۆری
پەلەقاژە کرد، نازانم چ شتێک بەم دونیایەوە گرێی دا بوو کە هەتا هێزی
تیا ما دونیای بەرنەدا.
tayyeb.hoshyar@yahoo.com
|