په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٩\٢٠١٧

نەریتی نەخۆشبوون (چارەسەر و خۆپاراستن) لە رۆمانی (نزا بۆ ئارمێن)دا.

یاسین برایم      


نەریتەکان ، ھەڵقوڵاویی ژیانی کۆمەڵگایی مرۆڤایەتییەو لە گەڵ بزاف و چالاکی وکاروکردەوەکانی مرۆڤ ھەنگاوی ناوە.لەکۆنەوە ،وەک میرات و گەنجینەیەکی بەھاداری مرۆڤ ، نەوە بەدوای نەوە گواستراوەتەوە ، تاکونھۆ بەردەوامیش لە گۆران و خۆنمایشکردنەوە بووە بۆ نەوەکانی داھاتوو.نەریتەکان بە ھەردوو لایەنی (باشی و خراپی) خۆی خزاندۆتە نێوچیرۆک و ئەفسانەو خورافیات وئاین و بیروباوەرو رەنگدانەویان بە سەرتاک و کۆمەڵ.دواتر وەک ڕێساوڕەفتارو خوو لە ھزروخەیاڵی کۆمەڵگادا گەشەی کرد.ھەرنەتەوە ومەزھەب وکۆمەڵگای سەر ئەم زەمینە ، گەنجینەیەکی لە دابو نەریتی سەیرو ناوازەو نەخواستراوی لە خۆ گرتووە.باوەڕپێکردن ویان نەکردنی بۆ خودی مرۆڤەکان دەگەرێتەوە.ئەم نەریتانە ڕەگ و ریشەی کۆنی ھەیەوبەھەمان قاوغ یان جیاوازترجێبەجێکراوە وگواستراوەتەوە بۆ شارستانیەتی ئەم رۆژگارە.لە کایەکانی نووسیندا ، لە نێو داستان و ئەفسانەوچیرۆک ورۆمان و شاکارە کۆن و ناسراوەکانی جیھان ئامادەیی ھەیە . ئەودابونەریت و باوەڕ و کردەوە بەزۆر چەسپاوانە لە ھزری کۆمەڵگای خۆیان چەسپاندوە ومرۆڤ کەوتۆتە ژێرکاریگەریان وبگرە وەک ڕێساو یاسایەکی بەھا کۆمەڵایەتییەکان سەیری دەکەن وھەندێکیان پیرۆز کراون و قسەکردن و لادان لەو دابە بڤەو ھێلی سوورە! لە نێو دونیا مەزنەکەی ئەدەبیشدا ، کە ئاوێنەی کۆمەڵگایە ئەم نەریتانە ڕەنگیداوەتەوە.رۆمانیش وەک ژانرێکی ئەدەبی پشکی شێری ئەم نەریتانەی بەرکەوتووە. چونکە رۆمان ، ژیان و جیھانە راستەقینەکەی مرۆڤ وەک خۆی یان جیاوازتر دەگوازێتەوە یان بەدیوێکی ترئەم ژیانەمان جوانتر نیشان دەدات و تێکەڵی جیھانی خەیاڵ و فانتازیا دەکات وچێژێکی جوان بە مرۆڤ دەبەخشیت ، جارێکی تر نەریتەکانیش لە نێو خودی رۆماندا ، زیندو دەبنەوەو بە بەرگێکی رەنگینتر، دێنەوە نێو دونیای خەیاڵ و ھزری خوێنەر و بەردەوام بوونی خۆیان دووپاتدەکەنەوە .ھەندێک لەو نەریتانە لە نێو چەند نەتەوەیەک سیمایەکی ھاوبەشیان وەرگرتووەو بەتایبەتی ئەو نەتەوانەی لە گەڵ یەکتر دەژن و خاک وکولتوورو باگراوەندی دیرۆکی و پێکەوەژیانیان ھەیە ، ھەندێک لەم نەریتانە تایبەتن بە نەتەوەیێک ، وڵاتیێک ، شارێک ،گوندێک، دەڤەرێکی بچووک یان ھۆزو خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە و تەنانەت خێزانێکی دیاریکراویش.


لە رۆمانی (نزای ئارمێن)(١)ی ئیبراھیمی یونسی گوزەرێک بە نێو ھەندێک لەم نەریتانە دەکەین و دەخەینە بەرچاوی خوێنەر. یونسی رۆماننووسێکی کوردە و بە زمانی فارسی دەنووسێت.بەڵام رۆمانەکانی ھەڵقوڵاوی کۆمەڵگای کوردین وشارەزایەکی باشی لە سەر مێژوو ودابو نەریت و کولتورورۆشنبیری نەتەوەکەی خۆی ھەیە و لە نێو رۆمانەکانی ئەودا ، ئەم ڕەنگدانەوەیە دەبینین.لە نزای ئارمێندا باس لە زوڵم وستەم کردن لە ژنێکی ئەرمەنیمان بۆدەکات لە لایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانی ، ئەم ژنە بە ناچاری لە ترسی مەرگ ، پەنا بۆماڵی ئاغایەکی کورد دەبات. لەوێ خۆ و مناڵەکەی تێکەڵاوی ژیانی ئەم ماڵە دەبێت ولە ھەمان کاتیش کۆمەڵێک کارو نەریت و ھەڵسووکەوت و بیرکردنەوەی ئەم ژنە دەخزێتە نێو ژیان وخێزانی ئەم ئاغەیە .لێرە چەند نەریتێکی جیاواز دەبینین وھەندێ نمونە دەخەینە روو لە سەر تێڕوانینیان لە سەر( نەخۆشکەوتن) و خۆپاراستن و چارەسەرکردن ونزا کردن وپەنابردن بۆ نووشتە و چاوەزار وگۆڕی پیاو چاک و شێخ و سەیدەکان . تێکەڵاو بوونی نەریت و بیروباوەرە ئاینییەکان وباوەڕ پی َھێنان وجێبەجێکردنیان لە ژیانی رۆژانەیان وکە ھەمیشە بە فریادڕەسی خۆیان دەزانن.


منداڵ خۆشەویستە و ئارامی بە خێزان دەبەخشێت، ئەگەر منداڵیکی جوان وپێش چاو بوو ، ئەوا جوان نییە لە بەردەم دایکی پێی بڵیت ئەم منداڵەجوانە ! چونکە نەبادا ئەم منداڵە شتێکی لێ بێت یاخود لە بەر چاو پیسی و چاوەزار و دەچاو چوونی منداڵەکە . دایک منداڵەکە دادەپۆشێت و نیشانی خەڵک نادات . زۆر جار نووشتوویەک دروستدەکەن و لە لایەکی باسکی مناڵەکە دەدەن یان مووری شین وچاوەزارلە نێوچاوانی یان لە پێشەوەی سەر یان بە لانکەوە ھەڵدەواسن ، تا لە چاوی پیس بە دوور بێت و منداڵەکە نەخۆش نەبێت.


"دادە ئامین منداڵەکەی ھێنا.ئەی ماشەڵڵا ، ماشەڵڵاچەند منداڵێکی جوانە !دایکم چەند داوەمووی سەری بادابوون و بۆ چاوەزار موورووێکی شینی بە مێوی پێ ھەڵ واسیبوون ، و "نووشتە"یەکی بە سنجاخ لە شانی راستی قایم کردبووکە ناردبووی لە لای باوە سەیی محمد بۆیان ھێنا بوو. "(٢) .


منداڵ ، ئەگەر تووشی گوێ ئێشە بێت ، ئەو دووکەڵی جگارەی دەخەنە گوێ بە مەبەستی چارەسەرکردن. ژنی ئاغاش کە دەبینی منداڵی ئەم ژنە ئەرمەنییە ھیچی لە سەر نییەو گوێیەکانی لە دەرەوەن ، بەراورد دەکات لە گەڵ منداڵەکانی خۆی کە بەردەوام سەریان داپۆشراوە ، چونکە ئەگەر کڵاوێک یان پەرۆیەک لە سەر منداڵەکە نەبەسترێت ئەوا تووشی گوێ ئێشان دەبێت.


"مناڵەکانی لای خۆمان ھەر کۆچکەیان لە سەر ھەڵ گیرابا ، تووشی گوێ ئێشە دەبوون وئەودەم دایکەکەیان دەبوو دوو کەڵی سیغارەیان دە گوێ بکەن"(٣).


لە کتێبی (وەبیرم دینێو)ی عەقیلە رواندزی ھەمان شتمان بۆ دەگێرێتەوە لە سەر گوێ ئێشان و دووکەڵی جگارە." وەکی گێ وەژان ئەکەت ، بێجگە لە دەرمانی دکتۆری ، دووکەرێ جخارەشیان دەناو پف ئەکرد، ئەوەش لۆ ماوەیەکی کم ژانی پێ ئەشکا"(٤).


نەخۆشی زەرتک_زەردووی کە توشی منداڵ دەبێ ئەوا ماسییەکیان دێنا ناو دەفرێکی روون تا منداڵەکە سەیری بکات ئەگەر منداڵەکە گەورە بوایە ، ئەگەر ماسییەکە مردبوا ئەوا نیشانەی وایە زەردووەکە لە منداڵەکە گواستراوەتە ماسیەکە و نەخۆشەکە چارە سەر دەبێت. ئەگەر منداڵێکی بچووک بوایە ، مۆرویەکی زەرد کەتایبەت بوو بە نەخۆشی زەرتک یان جلو بەرگێکی زەردیان لە بەر مندڵەکە دەکرد، یان بردنە لای پیاوچاکێک.


"منداڵەکە زەردوویی گرتبوو ، ھەر چەندە بردبوویانە سەر حەوزی"پیر یوونس"و تەماشای ماسی یە سوورەکانی کرد بوو،ھەروەک خۆی زەرد و زەعیف بوو..."زەردوویی"شی لە دەستی کرا بوو "مووفەڕەکی""پیر موراد"یشیان بۆ ھێنابوو کەچی ھەر وەک خۆی بوو...!." (٥).


ھەرەھا لە کتێبەکەی( عەقیلەخان) ئاماژەی بەم نەخۆشییە دەکات و دەڵێت"زەرتک : ئەوش مۆری وجلکی زەرد دەبەرنەخۆشی دەکرا."(٦).بێجگە لەمەی ئەم نەخۆشییە تووشی مرۆڤ دەبێت، ئاژەڵانیش زەرتکە دەگرن.


لەنێو ئاینە جیاوازەکان و پیاو چاک و گۆڕی پیاوە ئاینییەکان وداری گۆڕستانەکان وبەردوئەشکەوت وکانیاو وچەندین کەل و پەلی پیرۆزکراو ھەیە وەک چارەسەرییەک ھەندێ نەخۆشی بەکاردێن ونەخۆشەکان پەنای بۆدەبەن.


(تۆمابوا)ڕۆژھەڵاتناسی فەڕەنسی ، لە کتێبێکی خۆیدا کە لە سەر ژیانی کوردەواری نووسیووە ، ئاماژەی بەچەندین شتی سەیرو سەمەر دەکان، ھەروەھا دەربارەی چارەسەری نەخۆشی زەرتک دەڵێت"گەلێ کانیاوی پیرۆز ھەیە، کە لە تەنیشت مزگەوت یاخود تەکیە یان گۆڕستانەکانەوەن.ئەچنە سەر ئەم کانیانە بۆ چاک بوونەوە لە نەخۆشی ، بۆنمونە لە ناو یەزیدیەکانی شێخان دا کانیەک ھەیە ناوی (کانی زەرکێ)یە مانای کانی زەردکە، ھەر بەناوەکەیدا دیارە کە خەڵکی لە نەخۆشی زەردۆیی چاک ئەکاتەوە.(٧) دەیان شتی سەیرو ناوازەی لەم کتێبەی خستۆتە روو کە وەک بیروباوەری پروپووچ تەماشای کردووە.


ھەروەھا لە کوردستان زۆر شتی لەم بابەتە ھەیە نەک ھەر مرۆڤە نەخوێندەوارەکان بگرە کەسانی رۆشنبیروشارەزاش پەنای بۆ دەبەن . بۆ نەزۆکی وگەیشتن بە ئاوات دەیان گۆڕی پیاوی چاک ھەیە بۆ نمونە:گۆڕی (سوڵتان موزفەری ھەولێر)* وئەشکەوتی (رەبەن بۆیا_شێخ وسو رەحمان)** لە شەقلاوە ونەبی یونس لە موسڵ .بۆ بەردی گورچیلە (ئاوی شێخی باڵەک) و دوعاکردن لە گۆڕی پیاو چاکەکە . بۆ گەڕاو و نەخۆشی پێست گەڕاوی( بابەجیسک) و ھەروەھا (میر سەید) لە کۆیە.بۆ کۆخە رەشە ، بەردێکی کون ھەیە لە (کاولۆکان)ی ڕواندز(بەردێ کەندەکۆخی) پێدەڵێن ، حەوت جار لەم کونە بچی و بێی ئەوا کۆخەکەچاک دەبیت . ھەروەھا لەگوندی (ئاکۆیان)یش داربەڕووێک لەم شێوە ھەبووە بە ناوی دارێ کەندە کۆخی حەوت جار لە نێو ڕەگەکانی دەھات و دەچوون، ئەم دارە لە ئەنفالکردنی گوندەکە سووتا.(داروبزمارە)ش بۆ ددان ئێشان ، ھەرکەسێک دانی بێشیت و بزمارێک لە دارەکە دەچەقێنێت و بە ھیوای چاکبوونەوە.بالووکە ھاتن لە دەست و پێ ئەوا زۆر پیاوچاک ھەیە بە گوێرەی ژمارەی بالووکەکان چەند بێت ئەوەندە قەد لە دارەکە دەکەیتەوە تا وەشک دەبێت لە زۆر شوێن ئەم جۆرە دارانە ھەن و خەڵک سەردانی دەکەن.بۆسەر ئێشەو لاق و پشت ئێشەو باداری ، دەیان پیاوچاکی تر ھەیە دەچنە سەر ودوعایەک دەکەن و (نان و پیوازێک) لە سەر پیاوچاکەکە بە جێدەھێڵن.دەیان کانی و گۆمی کبریتی(گەڕاو) و رووبار ھەیە بۆ نەخۆشیەکانی پێست بە کاردێن وخەڵک سەردانی دەکەن.


ئەم بیڕوباوەرو نەریتانە ئەگەر لای ھەندێک کەس بنەمایەکی پووچ وخورافی و درۆی ھەبێت ،لای ھەندێکی تر باوەڕیان پێی ھەیەوئاسودەیی بە دڵ و دەروونیان دەبەخشێت و دەبێت ڕێز لەو مرۆڤانەش بگرین . دەکرێت ھەندێک کانیاو وگەڕاو وسەرچاوەی ئاو بنەمایەکی زانستی و پزیشکی ھەبێت بۆچارەسەرکردنی ھەندێک نەخۆشی ئەمەش پێویستی بە توێژینەوە ھەیە.


. لەم رۆمانەدا ، لەچەند شوێنێک بیروباوەری ئاینی خراوەتە روو ، بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی و تاو لەرزو پەنا بردنە بەر نووشتوو و پیاوی ئاینی و سەیدو شێخەکان.لە کوردەواری ئەو مندڵانەی تووشی ترس دەبوون ئەوا (مس یاخود پەنگر)یان لە سەر سەر منداڵەکە دەخستە نێوجامێکی ئاو بە مەبەستی چاکبوونەوە ، یاخود منداڵەکەیان دەبردە لای کەسانی ئاینی بۆ نووشتووکردن.کاتێ منداڵی ژنە ئەرمەنیەکە دەگری و تووشی ترسان ھاتووە بە باوەڕی ئەوان ئەوا دەیبەنە لای سەید."باشە ، ئاغا... قەنداومان داوەتێ ...ناردوومە لای بابە سەیدیش دوعای ترس و لەرزی بۆ بێنن ،ھێشتا نەھاتۆتەوە....".(٨).


بەراورد کردنی ددان خاوێنکردنەوە لە نێوان کەسانی شارستانی و ماڵی ئاغا ئەوان بە فڵچەو دەرمان و ئەویترین بەپووشە پیسەی کە بە سەری گێسکی ماڵپاکردنەوەیەو ماڵی پێ خاوێن دەکەنەوە . "لە ماڵی ئاغاکانی دیکە بۆددان ئاژنینەوە کەڵک لە پووشکەی ئەو گەسکە وەردەگرن کە لە پەنا دەرکەی داریان داناوە.... "(٩).


زۆر کەس باوەڕیان وایە ھەرچەند منداڵ پیس بێت و گرنگی پێنەدرێت ئەوەندە پێشچاوترو قەڵەوتر و دوور لە دەردو بەڵا دەبێت، وەک پێشینان دەڵێن (بخۆ گەندەو گوو _ بگرە رەنگ و روو).ئەمە زیاتر لەلای دایکان و بەراوردکردنی منداڵی پاکژی خۆیان لە گەڵ منداڵی کەسێکی ترکە لووت بەچڵم و پیس وجل بەقرێژوفرامۆشکراو لە خزمەتی باش.ئەم پەندە وەک بەراوردێک لە نێوان خاوێنی و پیسی منداڵ دەگوترێت.


نەخۆش کەوتنی منداڵەکەو نەزانینی دەردەکەی ، ترس و گومان دەخاتە نێو خێزانی ئاغا و دایکی منداڵەکە، لە نێوان خۆیان چەندین نەخۆشی دەستنیشان دەکەن و منداڵەکە لە ژوورێک دادەنێن و کەس نێزیکی ناکەوێت بۆ ئەوەی کەس تووشی ئەم نەخۆشیە نەبێت . ئەوان گومانیان ھەیە ، منداڵەکە ئەم نەخۆشیەی لە ئاژەڵ گرت بێت یان لەو پیاوە ھەژارەی چەند ڕۆژێک لە ماڵی ئاغا بە نەخۆشی سەری نایەوە .ھەندێک بەتیفۆ وگرانەتاو ھەندێکی تر بە بۆن و یان گومان کردن لەھەبوونی ئەسپێ.ھەموو ئەوانە وا لە بیرکردنەوەی ئاغا دەکات و ئەویش بە قسەی پیرەژنێکی گوند بکات ، کە بونی سیر چارەسەری دەردی منداڵەکە دەکات.بۆیە لە بارەی نەخۆش کەوتنی ئەم منداڵە، دەڵێت:"فاتم! ئەمن قسەی ئەم پیرەژنەم پتر بە دڵەوە دەنووسێ ... منداڵەکە لە دایکی جوێ بکەنەوە ، دە پازدە بیست دنکە سیریش سپی کەن وبەبەنیانەوە بکەن و دەملی بکەن... وەک دەڵێن ئەم نەخۆشییە لە ئەسپێ یان ڕا پەیدا دەبێ ، ئەسپێش دەڵێن بۆنی سیرێی پێ خۆش نییە...."(١٠).


ئەمجارە نەخۆش کەوتنی دایکی منداڵەکە ، بیرکردنەوەی ناوازەی لێدێتە بەرھەم ، بڕوانە منداڵەکە رووت دەکەن و لە سەر دەستی دادەنێت وبۆئاسمانی بەرزدەکەنەوە و پێشانی خوودای دەدەن تا خوا بەزەیی بەلاوازو بچووکی منداڵەکە بێتەوە لە بەر ئەویش روحم بە دایکی بکات و چاکی بکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدا ئەم کارەیان دەکرد پزیشک لە شارەوە بۆ چارەسەری نەخۆش رووی کردبووە گوندو ئەم رووداوەی بە چاوی خۆی دیت.


"ئەم جۆرە وەختانە دوعا دەکەن ، دایکان منداڵی چوو کەڵە رووت دەکەنەوە و بە خوای نیشان دەدەن ، تا رەحم بە دایکی بکا... چ بکەن فەقیرانە ! ئەوە کە دیتان منداڵەکەیان لە سەر دەست دانابوو ، وھەڵداوپێدایان پێ دکرد، بۆ ئەمە بوو...بەو ھیوایەکە خواباشتری ببینێ بەزەیی پێی دابێتەوە... و رەحم بە دایکی بکا...."(١١).بێجگە لە رووتکردنەوەی ئەم منداڵەو بەرزکردنەوەی بۆ ئاسمان ، ژنی ئاغا نزای دەکردو منداڵە ناباڵقەکانیش نزاکەیان دەگێرایەوە ، گوایە خودا نزای ئەم منداڵە بچووکانە رەتکردنەوەی بۆنییەو بۆیان جێ بەجێدەبێت.لەگەڵ ھاتنی پزیشک بۆگوندەکە ، خەڵک بە تێکرا( ژن و پیاو) کەوتنە خۆ ھەر یەکێک دەردێک وجۆرێک نەخۆشی بۆ پزیشک دەگێرایەوە .پێش ھاتنی پزیشک تێکرای خەڵکەکە بۆ بچووکترین نەخۆشی ھانایان بۆگۆڕی پیاو چاکان و حەکیم و مەلای گوندو سەیدوشێخ وپیرەژنە بە ساڵاچووەکان دەبرد. لەم باریەوەش دەیان چیرۆک و رووداوی سەیرو سەمەرە روویدەداو لە بارەی دەردی نەخۆشەکان دەکەوتە سەر زارو وەک چارەسەریش بۆ یەکتریان دەگێڕایەوە تا ئەوانیش لە ئایندە سوود لە قسەو ڕەفتارونەریت وئامۆژگاریەکان وەربگرن.


لە کۆتاییدا ، ئاماژە بە وتەی ئەو ئاغایە دەدەم کە دەڵێت"مەسەلێکی کوردی ھەیە ، دەڵێ نابێ بە پێش پیاوی گەورەوبە پاش ئێستر دا تێ پەرێ"بەڵام جاری وا ھەیە پیاو ناچارە... "(١٢). ئەم پەندە کوردیە ، پێمان دەڵێت نابێ کەسانی منداَل و کەسانی بچووک وەپێش پیاوی گەورە بکەون و دەبێ رێزی لێ بگرن ، خۆ بۆ ئامۆژگاری و قسەکردنیش ھەمان کردەوە ھەیە نابێ (قسەی گەوران بشکێن و بە قسەیان بکەین جا ڕاسن بن یان ھەڵە ) واتە قسەی پیاوی گەورە بە ھەند وەردەگیرێت .ئەم قسانەش کاریگەری دروستدەکەن بە سەر خێزان و بنەماڵە جا لە ھەر بوارێکی ژیان بێت .خۆ بۆ کاری دووەمیش نابێت مرۆڤ لە دوای ئێستر بروات یان لێی نێزیک بکەوێتەوە ، نەبادا جووتێکی لێ بدات و تووشی زەرەری بکات.واتە ئاگادارت دەکاتەوە بەرلەوەی تووشی نەخۆشی و بەڵایەک بێت پێویستە خۆت بپارێزیت .کوردەواریش دەڵێت (خۆپاراست لە چارەسەرکردن باشترە!!).ئەو چەند نمونەیەی نێو ئەم رۆمانە و مشتێکن لە خەروارێک وھەڵقوڵاوی نەریت و ڕەفتار و باوەر پێ ھەبوونی کۆمەڵگان . تا ئێستاش لە دونیای مودێرنەتە وگەشەی ئەقڵی مرۆڤ و ئاسۆی گەشی پزیشکی کەسانێک ھەن و ھەندێ لەم نەریتانە پەیرەو دەکەن.

__________________________
سەرچاوە وپەراوێز:
١.رۆمانی (نزا بۆ ئارمێن) ، ابراھیم یونسی ، و:عبدللە حسن زادە ، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژھەڵات ، ھەولێر ، چاپی دووەم ، ٢٠٠٩.
٢.سەرچاوەی پێشوو ، ل٢٥.
٣.سەرچاوەی پێشوو، ل ٣٥.
٤.وبیرم دێنۆ ، عەقیلە رواندزی ، چاپی یەکەم ، ھەولێر ، ٢٠٠١ ، ل٧٤.
٥.نزا بۆ ئارمێن ، ل٢٣١.
٦.وەبیرم دێنۆ ، ل٧١.
٧.تۆمابوا، ژیانی کوردەواری ،وەرگێڕانی بۆ کوردی:حمەسعید حمە کریم ،چاپخانەی زانکۆی سلێمانی، ١٩٨٠.ل٢٣٢.
*.وەک زانراوە ئەم گۆڕە ھی باوکی سوڵتان موزەفەرەو گۆڕی ئەو لە نەجەفە!بەڵام خەڵک ھەر بە گۆڕی سوڵتان موزەفەر سەردانی دەکەن بۆ منداڵبوون و نەخۆشی و پاڕانەوە دەیان رازو نیازی تر.
**. ئەم پیاو چاکە لای مەسیحییەکان بە (رەبەن بۆیا) وموسڵمانانیش بە (شێخ وسو رەحمان)بەناوبانگە و ھەریەکەی بە ھی خۆی دەزانن .بەردێکی لێیە ، ژنان بە مەبەستی منداڵبوون خۆیان لەسەر زگ خلۆردەکەنەوە .
٨. نزا بۆ ئارمێن ، ل ٧٢.
٩.سەرچاوەی پێشوو ، ل ٩٤.
١٠. سەرچاوەی پێشوو ، ل٢٠٠.
١١. سەرچاوەی پێشو ، ل٢١٦.
١٢. سەرچاوەی پێشوو ، ل٣٤٩.
تیبینی : لە گۆڤاری (نما) ، ژمارە (٤٤) ، ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.

 

ھاوینی ٢٠١٥ - رواندز

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک