٨\٣\٢٠١٦
نەریتی تۆمەت
بەخشینەوە کەنگێ کۆتایی پێ دێ.

ئێڤار ئیبراھیم
یەکێک لە ئاکارە ئەرێنیی و باشەکانی سیاسەتکاریی قبووڵکردنی رەنگ و
رەگەزە جیاوازەکان و رای یەکترییە لە ناو ئەو کایەیەدا، بەڵام لە دوای
راپەڕین بە ھۆی سیاسەتکردنی خراپ ململانێی ناتەندروستى حیزبییانە
سیاسەت خاڵی بۆوە لەو تایبەتمەندییانە و بەرگێکی قێزەونی کرا بەر.
زۆربەی دەسەڵاتە نادیموکراسییەکان بۆ ناشیرینکردن و کپکردنی دەنگی
ئافرەتان کە بەرهەمهێنەری نیوەکەی تری کۆمەڵگایە سیاسەتی بەخشینەوەی
تۆمەتی رەوشتییان گرتۆتەبەر، کاتێک ژنێکی چالاکى رەخنەگر لە ناو
حیزبەکەی ئەودا نەبووە رەخنە دەگرێ یان بە دڵی حیزبەکەی ئەو قسە ناکا و
بيرناكاتةوه.
بە شێوەیەکی وا کە بووە بە نەریت و ئێستاش بەردەوامە، بەڵام خۆشبەختانە
ئەو سیاسەتە سواوە سەرکەوتوو نەبووە خەڵک بڕوا بە ھیچ تۆمەتێکی لەو
شێوەیە ناکا (شوکر وشیارە مەحوی)، ژنان و چالاکان ھەر بەردەوامن لە
داکۆکیکردن و بەدەستھێنانی مافەکانیان.
گللەیی لەو ھێز و لایەنانە ناکرێ کە بە ئاشکرا دزیی و گەندەڵیی دەکەن
یاسا دەخەنە ژێر پۆستاڵەکانیان و نادادیی کۆمەڵایەتیەکان ھێناوەتە
کایەوە و دەنگی ئازاد کپ دەکەن و دواتر کەی ویستبیان تۆمەتی دونیایان
خستۆتە پاڵ ئافرەتانمان، چونکە ئەوان خۆیان یەکلایی کردۆتەوە لای
کۆمەڵگاش رووی راستەقینەیان دەرکەوتوە، بەڵام بە داخەوە ئەوانەی کە
دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەش بانگەشەی نەمانی گەندەڵیی و ریفۆرمی گشتیی و
پاراستن و رێزگرتنی شکۆمەندیی مرۆڤەکان دەکەن ڤایرۆس ئەو نەریتە خەریکە
ئەوانیشی دەگرێتەتەوە.. ئەوەش کارەساتە و ھیچ ئومێدێک نامێنی و
لێکەوتەی باشی نابێ.
داواکارم و پێویستە وەک چۆن ٢٥ ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لە دژی بەعس راپەڕینیان ئەنجامدا و داموەزگاکانیان لە رژێم پاک کردەوە،
ئاواش رۆژێک لە رۆژان چاکسازیی یان شۆڕش و راپەڕین لە هزر و
بیرکردنەوەمان بکرێ تۆمەت و شتە بەدەکانی ناو دونیای هۆشمان رابماڵدرێ
و لەبری ئەوە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بێنینەکایەوە و خەریکی
چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بین، تاوەکو چیتر ھێز و لایەنەکان یان
چینێکی سیاسی چینێکی تری سیاسی بۆ مەرامی خۆی بە شێوازی فاشیانە و
دواکەوتوانە نەکاتە قوربانی، با ئەو نەریتە کۆتایی پێ بێ.
evaribrahem.parlaman@yahoo.com
|