|
١٦\٦\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە ١
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
خەیاڵدانی بێتاوانی.
دەبێت لە خاڵی سفرەوە دەستپێبکەین، لە گەورەترین و پیرۆزترین ئەو درۆیە
فەرهەنگییەی سەدان ساڵە، وەک حەقیقەتی ڕەها، بەبێ ئەوەی بەخۆمانمان
زانی بێت، دەرخواردی یەکترمانداوە - ئێمە قوربانییەکی بێتاوانین.
ئەگەر بە چاوێکی دەروونشیکارییانە و بوونناسییانەی ڕووت، بەبێ هیچ
سۆزێک سەیری بونیادی عەقڵی دەستەجەمعیی خۆمان بکەین، دەبینین ئەوەی
ناومانناوە کارەساتی مێژوویی و ستەمی ئەوانی تر، ئەوە تەنها نیوەی
ڕاستییەکەیە. نیوە مەترسیدار و شاراوەکە ئەوەیە ئێمە لەسەر ئاستی
نائاگایی، ئاڵوودەی ئەم دۆخی قوربانیبوونە بووین و چێژێکی تاریک لە
شکستی خۆمان دەبینین.
لە دەروونشیکاریی لاکانیدا، چەمکێک هەیە پێیدەوترێت چێژی مەرگدۆستی یان
چێژبینین لە ئازار. تاکی ئێمە – کوردی، لە سیستەمی پەروەردەوە تا
دەگاتە ئەدەبیات و سیاسەت، لەناو ئەم چێژەدا نغرۆ بووە. لاواندنەوەی
بەردەوام، گریان بۆ ڕابردوو و خۆبەستنەوە بە وێنای پاڵەوانە تێکشاوەکە،
بوونەتە تاکە سەرمایەی شوناسمان.
ئێمە دەترسین لەوەی ئەم پەردەی قوربانیبوونە دابماڵین، چونکە بەبێ ئەو
برینانە، نازانین کێین. برینەکان بوونەتە ماڵێک و تێیدا هەست بە ئارامی
دەکەین، چونکە برینداربوون مافی ئەوەت پێدەدا هەمیشە چاوەڕوانی بەزەیی
بیت و هیچ بەرپرسیارێتییەکی بونیادنان نەخەیتە سەر شانی خۆت.
سەنتەری کێشەکە چییە؟ ئەم ترسە لە تێپەڕاندنی قوربانیبوون، ترسە لە
ئازادی و بەرپرسیارێتی. کاتێک تۆ خۆت وەک قوربانی پێناسە دەکەیت،
هەمیشە دەتوانیت تاوانی دواکەوتوویی، فەوزای دامەزراوەیی و بێبەرنامەیی
خۆت بخەیتە ئەستۆی دەسەڵات، داگیرکەر، یان ئایدیا جیاوازە ئەرزی و
ئاسمانییەکان، یان مۆدێرنەیەکی شێواو. قوربانیبوون ئاسوودەییەکی
کوشندەیە، ڕێگەت پێدەدا پاسیڤ بیت و تەنها لە دەرەوەی بازنەکە بوەستیت
و گلەیی و ڕەخنە بکەیت. بەڵام گواستنەوە بۆ قۆناغی بکەر و بوون بە
خاوەنی چارەنووسی خۆت دەخوازێ ڕووبەڕووی خۆت ببیتەوە و بە توندی پرسیار
لەو بونیادە فەرهەنگی و فەلسەفییە بکەیت تۆی وەک کەسێکی پەراوێزخراو
بەرهەمهێناوە.
چێژی تراژیدیا - ئارایشتکردنی برینەکان.
بۆ ئەوەی تێبگەین ئەم چێژە نائاگاییە لە دۆڕان، چەندە قووڵ ڕۆچۆتە ناو
دەمارەکانی کۆمەڵگەی ئێمەوە، تەنها ئاوێنەیەک بەسە بخەینە بەردەم زمان،
ئەدەبیات، ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی ڕۆژانەمان. لەوێدا دەبینین قوربانیبوون
تەنها دۆخێکی مێژوویی نییە بەسەرماندا سەپابێت، بەڵکوو بووەتە پیشە و
شوناسێک هەر خۆمان بەرهەمی دەهێنینەوە.
ئەگەر سەیری بونیادی ئەدەبیاتی باوی ئێمە بکەی - لە شیعرەوە تا دەگاتە
ڕۆمان و گێڕانەوەکان، دەتوانی بە ڕوونی ئەوە ببینیت زۆرینەیان خەریکی
بەرهەمهێنانی ئێستێتیکای ئازارن. کۆمەڵگە بە نائاگاییەوە زۆرترین چەپڵە
بۆ ئەو دەقانە لێدەدا لوتکەی نائومێدی و تێکشکانی تێدا چڕ بوونەتەوە.
ئێمە لەبری ئەوەی شکستەکانمان تێپەڕێنین، کردومانن یان بەردەوام
خەریکین دەیانکەین بە تابلۆیەکی زمانەوانیی جوان و بە دیوارەکانی
ڕۆحماندا هەڵیاندەواسین.
زیندانی زمان و کێبڕکێی پاسیڤبوون.
زمان تەنها ئامرازێکی گوزارشتکردن نییە، بەڵکوو ماڵی بوون و چوارچێوەی
بیرکردنەوەیە. کاتێک تاکی ئێمە لە هەر قەیرانێکدا دەڵێت: ئێمە هەروا
بووین و هەرواش دەبین یان دەی ئیتر ئەوە بەختی ئێمەیە، ئەمە تەنها
دەربڕینێکی زمانەوانیی سادە نییە، بەڵکوو بڕیارێکی بوونناسییە بۆ
ڕەتکردنەوەی گۆڕانکاری. ئەمە زمانێکە لە پێشینەوە بڕیاریداوە و دەڵێت
هەوڵدان بێهوودەیە و تاک لە بکەرێکی کاریگەرەوە بچووک دەکاتەوە بۆ
مەفعوولێکی بێئیرادە.
لەگەڵ ئەو فەوزا نەشازەی نێوان مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنەشدا، ئەم برینە
فۆرمێکی مەترسیدارتری وەرگرتووە. ئێستا لەناو ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا،
سەرقاڵی کێبڕکێی قوربانیبوونین. هەمووان لە هەوڵی سەلماندنی ئەوەدان
زۆرترین زوڵمیان لێکراوە، چونکە قوربانیبوون بووەتە ئاسانترین ڕێگە بۆ
بەدەستهێنانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سۆزی جەماوەر بەبێ ئەوەی باجی
عەقڵانیبوون بدەین.
ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ ڕەشبینی، بەڵکوو نەشتەرگەرییەکی پێویستە بۆ
بڕینی ئەو وێڵاشەی بەستوومانەتەوە بە مێژوویەکی نەخۆشەوە. تا دان بەو
ڕاستییە تاڵەشدا نەنێین، ئێمە هاوبەشی چالاکین لە بەرهەمهێنانەوەی
نەفامی و شکستی خۆماندا، هەرگیز ناتوانین هەنگاو بەرەو ئەو دیدە
ڕەخنەییە بنێین دەتوانێت بونیادەکان هەڵتەکێنێت.
ئەگەر ئێمە هێندە چێژ لەم پاسیڤبوونە دەبینین، ئایا ئەو کاتەی دەسەڵات،
دامەزراوەکان و سیستەمی پەروەردە بیرکردنەوەی عەقڵانی لەناو دەبەن،
ئێمە قوربانیی ئەو سیستەمەین، یان خودی خۆمان ئەو سیستەمەمان وەک
پاسەوانێک بۆ پاراستنی چێژی قوربانیبوونەکەمان دروست کردووە؟
______________________________________
●
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|