|
٥\٧\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
١٢
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
ئیستاتیکای یاخیبوون؛
قەڵەمە سۆفتەکە لەبری نەشتەر.
دوای تێپەڕین بە ناو زریانی دڵەڕاوکێی ئازادی و قبووڵکردنی باجی
تەنهاییە ئۆنتۆلۆژییەکە، دەگەینە وێستگەی کردار. بەڵام لێرەدا دەبێت
ئاگاداری ئەو ساتە بین کۆمەڵگەکەمان تێیدا چاوەڕێی ئەو تاکە ئازادبووە
نوێیە دەکات، ساتی هاتنەژوورەوە بۆ ناو یاخیبوونێکی نوێ، بۆ ئەوەی
نەبێتە گەڕانەوە بەرەو کۆتوبەندە کۆنەکان لە فۆڕمێکی تردا. لە مێژووی
ڕۆژهەڵاتیدا، زۆرجاران یاخیبوون وەک کردەیەکی وێرانکەر، ژاوەژاوێکی
سیاسی، یان کاردانەوەیەکی تووڕەی کاتی وێناکراوە. بەڵام کاتێک بتەکان
دەمرن و مرۆڤ ڕووبەڕووی بۆشاییە گەورەکەی بوون دەبێتەوە، یاخیبوون
ماهییەتی خۆی دەگۆڕێت و دەبێت بە پرۆسەیەکی هونەری و فەلسەفیی باڵا.
ئەمە ئەو ساتی وەرچەرخانەیە تیایدا نەشتەرە تیژەکە لەسەر مێزی
نەشتەرگەرییەکە جێدەهێڵین، چونکە چیتر چ گرێیەکی شێرپەنجەیی بوونی
نەماوە بیبڕینەوە. لەبری ئەوە، قەڵەمێکی سۆفت هەڵدەگرین، تا لەسەر
ڕووبەرە سپییەکەی ژیانمان، نەخشەی خودێکی نوێ و سەربەخۆ بکێشین. 'شیلەر'
لە نامەکانی 'پەروەردەی ئیستاتیکیی مرۆڤ'دا ئاماژەی بەو حەقیقەتە
کردووە، تاک تەنها لە ڕێگەی جوانیناسییەوە دەتوانێت بگاتە ئازادیی
ئەخلاقی، چونکە ئیستاتیکا تاکە بوارێکە تیایدا مرۆڤ نە زۆری لێدەکرێ و
نە ئاسانگیر دەبێت، بەڵکوو بە ئیرادە و بەختیارییەوە هاوکات کاردەکات.
یاخیبوون لێرەدا دەبێت بە ئیستاتیکا، دەبێتە جوانترین فۆڕمی
دروستکردنەوە، نەک وێرانکردن.
لەم قۆناغەدا، مرۆڤی ئازاد خۆی دەگۆڕێت بۆ تابلۆیەک، ئیرادەی سەربەخۆش
دەبێتە تاکە ڕەنگی شەرعی بۆ کێشانی ئەم وێنەیە. لەناو نەزمە کۆنەکەدا،
کۆمەڵگە، خێزان و دەسەڵات، نیگارکێشی چارەنووسی ئێمە بوون، ئەوان ڕەنگە
تاریکەکانی ملکەچی، شەرم و ترسیان دەپرژاندە سەر جەستە و ڕۆحمان. ئێستا
بە سڕینەوەی ئەو دەستە دەرەکییانە، تابلۆکە بەتەواوی سپیبووەتەوە. ئەم
سپێتییە هەمان ئەو دڵەڕاوکێیەیە پێشتر باسمانکرد، هاندەرێکی ترسناک و
هاوکات ئیلهامبەخشیشە بۆ دەستپێکردنی ڕەنگکردنەوەی ژیان. ئیستاتیکای
یاخیبوون پێماندەڵێ گەورەترین کاری هونەریی هەر مرۆڤێک، دروستکردنی
کەسایەتیی خۆیەتی بەدەر لە پێوەرە ئامادەکراوەکان. ئەمە ئەو بنەمایەیە
'فۆکۆ' لە دواقۆناغەکانی نووسینیدا بە ناوی 'ئیستاتیکای بوون' بانگەشەی
بۆ دەکرد، چەمکێک لە یۆنانییە کۆنەکانەوە هاتووە و تیایدا ئەخلاق
کۆمەڵێک یاسای دەرەکی نییە، بەڵکوو پەیکەرتاشێکی خودە، پرۆسەیەکی
بەردەوامی داڕشتنی خودە وەک کارێکی هونەری. مرۆڤی ڕاستەقینە ئەو
بوونەوەرەیە ڕۆژانە بە قەڵەمی ئیرادەی خۆی، مانایەکی نوێ بە بوونی
دەبەخشێت و هەرگیز چاوەڕێی وڵام لە دەروەی خۆی ناکات.
یاخیبوونی ڕەسەن، کاردانەوە نییە بەرامبەر بە ستەمکار. ئەو یاخیبوونەی
تەنها بۆ ڕەتکردنەوەی ئەویتر دەکرێ، هێشتا جۆرێکە لە کۆیلایەتی، چونکە
چەقی بیرکردنەوەکە هێشتا بەستراوەتەوە بە کردەوەکانی ئەویترەوە. ئەمە
مۆدێلی ئەخلاقی کۆیلەیە، شوێنێک تیایدا کۆیلەکان تەنها بۆ دژایەتیکردنی
خاوەنەکانیان بەها دروستدەکەن. 'نیتشە' لە 'تەبارناسیی ئەخلاق'دا ئەم
تێبینییەی کردووە، ئەخلاقی کۆیلە لە بنەڕەتدا کاردانەوەیە، چونکە لە
دەرەوەی خۆیەوە دەستپێدەکات و بەرامبەرەکەی پیرۆزدەکات تا تەنها بەهای
پێچەوانەی پێببەخشێت. بەڵام ئەخلاقی خاوەن کۆیلە کردارییە، چونکە لە
ناوەوەی خۆیەوە دەستپێدەکات، خۆی پێش هەموو ئەوانیتر دێت و بەهای خۆی
لە دەرەوەی دوژمنایەتی دروستدەکات. ئیستاتیکای یاخیبوون لێرە
گەڕانەوەیە بۆ ئەخلاقی گەورەکان، بۆ ئەو بکەرە سەربەخۆیەی ناوەندی
هێزەکەی لە ناوەوەی خۆیدایە. ئێمە چیتر بۆ تووڕە کردنی کۆمەڵگە یان
ڕووخاندنی دەسەڵاتێک قەڵەم هەڵناگرین، بەڵکوو قەڵەمەکە دەخەینەگەڕ،
تەنها بۆ پشکووتنی خودی خۆمان. ئەم وەرچەرخانە لە کاردانەوەوە بۆ
خوڵقاندن، کرۆکی ئەو نەشتەرگەرییەیە ئاوێنەکانی پێسافدەکەینەوە. لێرەدا
دەبێت بزانین ئەو شۆڕشانەی لە مێژوودا تەنها بەرامبەر بە دەسەڵاتێک
ڕابوون و پرسیارگەلی 'لەبری چی؟'ـیان وڵامنەدایەوە، زۆرجار دەسەڵاتی
نوێیان وەک بەرامبەرە کۆنەکەیان، یان بگرە خراپتریش دامەزراندووە،
چونکە یاخیبوونی کاردانەوەیی هەمیشە لۆژیکی دوژمنەکەی هەڵدەگرێت و
دەپۆشێت.
هەڵبژاردنی قەڵەمە سۆفتەکە لەبری نەشتەر، هەڵگرتنی ئاماژەیەکی فەلسەفیی
ئێجگار قووڵە. نەشتەر نوێنەرایەتی قۆناغی بڕین، خوێنبەربوون و
ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دەکات لەگەڵ نەخۆشییەکاندا، دەنگێکی بەرزی
هەیە و ئازارێکی زۆر دەبەخشێت. بەڵام قەڵەمە سۆفتەکە بێدەنگە،
لەسەرخۆیە و پێویستی بە وردەکارییەکی سەبرگر و پشوودرێژ هەیە. ئەمە ئەو
خاڵەیە 'بیونگ چول هان' لە ڕەخنەی کۆمەڵگەی نوێدا ئاماژەی پێداوە،
سەردەمی ئێمە سەردەمی توندوتیژیی نوێیە، توندوتیژییەک نەک لە کوشتن،
بەڵکوو لە خێرایی، لە سەرکێشییە بەردەوامەکان، لە لاساییکردنەوە و
پەرستنی بەرهەمی خێرادایە. لێرەدا قەڵەمە سۆفتەکە یاخیبوونێکی شاراوەیە
بەرامبەر بەو خێراییە، گەڕانەوەیە بۆ ئاهەنگی سەبرگر و درێژخایەنی
پرۆسەی بوون. دروستکردنەوەی مرۆڤ پرۆسەیەکی ژاوەژاوی نییە لەسەر
شەقامەکان ئەنجامبدرێت، بەڵکوو کارێکی بێدەنگی ناوەکییە. 'ڕیلکە'ی
شاعیر لە 'نامەکان بۆ گەنجێکی شاعیر'دا دەڵێت: بیپارێزە، خامۆشی، چونکە
هەرچی گرنگە لەناو دەنگی ناوەکیدا ڕستەدەبێت، نەک لەناو ژاوەژاوی
دەرەکیدا. قەڵەمە سۆفتەکە ڕەمزی ئەو وردەکارییە ئۆنتۆلۆژییەیە تاک لە
کاتی داڕشتنەوەی هەست، سۆز، بیرکردنەوە و بڕیارەکانیدا پەیڕەویدەکات.
یاخیبوونی جوانیناسانە بەم قەڵەمە، پێویستی بە هاوار نییە، بەڵکوو
پێویستی بە تێڕامان، خوێندنەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفەی نوێ هەیە،
مەعریفەیەک دوور لە چاوی چاودێریی مێگەل.
لێرەدا دەکرێت پرسیارێکی بنەڕەتی بکرێت، ئەو تاکەی ناتوانێت دەست لە
قەڵەم بدات، یان ئەو مرۆڤە سادەیەی ئیستاتیکای بوون بەلایەوە تەنها
چەمکێکی بەرزی فەلسەفییە، چ شوێنێکی هەیە لەم پرۆژەیەدا؟ ئەمە
تاقیکردنەوەی ئەخلاقیی ئیستاتیکای یاخیبوونە. کرۆکی وڵامەکە لێرەدایە،
ئیستاتیکای یاخیبوون ئامرازێک نییە تەنها بۆ نوخبەی هزری تا پێداگری
لەسەر کاری هونەریی فەرمی بکەن، بەڵکوو شێوازێکە بۆ زیندووبوون. کاتێک
مرۆڤێکی سادە شێوازی هاتوچۆکردنی، شێوازی قسەکردنی و شێوازی بوونی
لەگەڵ منداڵەکانیدا دەکاتە شتێکی لەدایکبووی ئیرادە و ئاگایی خۆی، ئەو
بۆخۆی هونەرمەندێکی بوونناسە، ئەگەرچی چ تابلۆیەکی نەکێشاوە و چ
پەرتووکێکی نەنووسیوە. 'هیپۆکرات'ـی فەیلەسووف دەڵێت: هونەر دوور و
درێژە، ژیان کورتە. بەڵام ئیستاتیکای یاخیبوون پێماندەڵێت ژیان خۆی
دەکرێت بکرێتە هونەر، تا هونەر و ژیان لە یەک شتدا تێپەڕن و ببنە یەک.
کاتێک ژیان وەک پرۆسەیەکی هونەری سەیردەکەین، تەواوی چەمکەکان مانایەکی
ترمان پێدەبەخشن. هەڵەکانمان چیتر تاوان نین پێویست بە سزادان بکەن،
بەڵکوو تەنها ڕەشنووسێکی سەرەتایین لەم تابلۆ گەورەیەدا. 'نیتشە'
لێرەدا دەڵێت: ئەو مرۆڤەی توانای پێشوەختە دانانی نییە بۆ ئەو شتانەی
هەن، توانای خوڵقاندنی شتەکانی نییە. لێرەدا هەڵە دەبێتە ماددەی خام بۆ
خوڵقاندنی نوێ، نەک نیشانەی نائاساییبوون. فاکتەری ترس بەتەواوی
لەناودەچێت، لەبەرئەوەی هیچ هونەرمەندێکی ڕەسەن لە کاتی داهێناندا لە
ڕەخنەی چواردەورەکەی ناترسێت. ئەم جۆرە لە یاخیبوون، مرۆڤ لە
قوربانییەکی پاسیڤەوە دەگۆڕێت بۆ ئەندازیارێکی ئەکتیڤ. ڕۆژانە بڕیاردان
لەسەر شێوازی جلوبەرگ، وتار، خوێندنەوە و تەنانەت بێدەنگیشمان، دەبنە
بەشێک لەم ئیستاتیکایە. خود لێرەدا پێدراوێکی ئامادەکراو نییە
پێویستبکات بپارێزرێت، بەڵکوو پرۆژەیەکی بەردەوامە و هەرگیز کۆتایی
نایەت. ئەمە ئەو بنەمایەیە 'سارتەر' بە دەستەواژەی 'بوون پێش ماهییەت
دەکەوێت' ناویدەبات، مرۆڤ یەکەمجار دەبێت، پاشان ماهییەتی خۆی
دەخوڵقێنێت، نەک پێچەوانە. ئەمە گەورەترین بەڵێوتنە بە ژیان،
قبووڵکردنی ئەو حەقیقەتەیە مرۆڤ بوونەوەرێکە دەبێت بەردەوام خۆی
بخولقێنێتەوە.
دەبێت لێرەدا ئاگاداری تەڵەیەکی نوێش بین، تەڵەیەک سەرمایەداریی
هاوچەرخ بەرامبەر بەم چەمکە دروستیکردووە. سیستەمی هاوچەرخ چەمکی 'خۆخوڵقاندن'ـی
لە بنەڕەتدا فڕێداوە و تەنها سادەکاریی تێدا کردووە تا بیکاتە کاڵایەکی
فرۆشتن. ئەو دروشمانەی دەڵێن خۆتبە، خۆتپێناسەبکە، خۆتبراندبکە، لە
بنەڕەتدا فۆڕمێکی هزریی ناوەکیی فۆکۆیی نین، بەڵکوو ئامرازی
بازاڕگەریین بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و خزمەتگوزاری. ئەمە ئەو پارادۆکسە
سامناکەیە، خۆخوڵقاندن کاتێک دەکرێتە سادەکارییەکی بازاڕی، خۆی دەبێتە
یەکێک لە بەهێزترین ئامرازەکانی بە پاشکۆکردنی نوێی تاک. لێرە دەبێ
بزانین، ئیستاتیکای ڕەسەنی یاخیبوون نەک پەرستنی ناسنامەی تاکی بازاڕیی
هاوچەرخە، بەڵکوو پشکنینی بەردەوامی تەواوی ئەو ناسنامانەیە بازاڕ
بەسەرماندا دەیسەپێنێت. ئەو تاکەی هەموو ساتێک پرسیار لە کارەکانی خۆی
دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئاخۆ لە ئیرادەی ڕەسەنی خۆیەوە دێن یان لە
ئەلگۆریتمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، تەنها ئەو تاکە بکەری ئیستاتیکای
ڕەسەنە، نەک ئەو تاکەی هەمیشە بە دەنگی بڵند دەڵێ 'من خۆم بەخۆمم'.
بەم چەشنە، ئیستاتیکای یاخیبوون یەکەمین هەنگاوی پڕاکتیکییە بۆ
پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی دوای مەرگی بتەکان دروستبوو. قەڵەمە
سۆفتەکەمان لە دەستدایە و تابلۆکەش لەبەردەمماندا ئامادەیە بۆ ڕەنگکردن.
بەڵام یەکەمین ڕووبەری ئەم تابلۆیە، یەکەمین شوێن قەڵەمەکەی تێدا
تاقیدەکەینەوە کوێیە؟ بەر لەوەی بچینە ناو پرسیارە گەورەکانی وەک عەشق،
زمان، یان سیاسەت، مرۆڤی نوێ دەبێت ئاشتەوایی لەگەڵ نزیکترین و
زەوتکراوترین جوگرافیای خۆیدا بکات. ئەو جوگرافیایەی سەدان ساڵە بە
ناوی شەرم و ئەخلاقەوە داگیرکراوە و بووەتە زیندانێک بۆ ڕۆح، ئەویش
جەستەیە. 'مێرلۆ-پۆنتی' دەڵێ: 'من جەستەی خۆمم، نەک خاوەنی جەستەکەم'.
ئەم وتە سادەیە، شۆڕشێکی فەلسەفییە بەرامبەر بەو هزرە ئەفلاتوونی و
ئایینییەی جەستەی کردبووە بەندیخانەی ڕۆح، بەرامبەر بەو هزرە مۆدێرنەش
جەستەی کردبوو بە ئامێرێک بۆ کاری زۆرەملێ. کاتێک جەستە دەکرێتە بوون،
نەک بەندیخانە یان ئامێر، یاخیبوون لە یەکەم شوێنی ئۆنتۆلۆژیی خۆیدا
دەستپێدەکات. بۆیە لە ستوونی داهاتوودا، قەڵەمەکەمان ئاراستەی جەستە
دەکەین، بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی ڕزگارکردنی ئەم نیشتمانە بچووکە لە
چاوی کامێرا چاودێرەکانی کۆمەڵگە و کردنی بە یەکەمین سەنگەری ئازادی.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|