|
٦\٧\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
١٣
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
جەستە وەک جوگرافیایەکی
ئازاد.
جەستە تەنها پارچە گۆشتێکی فیزیکی نییە لەناو فەزادا بجووڵێت، بەڵکوو
یەکەم جوگرافیای بوون و سەرەتاییترین نیشتمانی مرۆڤە. جەستە ئەو سنوورە
دیاریکراوەیە یەکەمجار لە ڕێگەیەوە دەزانین من و جیهان جیاوازیی
قووڵمان هەیە، جەستە یەکەم خاکی دەسەڵاتدارێتی تاک و بەداخەوە یەکەم
خاکی داگیرکراویشە. لە مێژووی دوورودرێژی داگیرکارییەکاندا، جەستە
زەوتکراوترین پانتایی بووە، چەندین سەدە بە پاساوی ئایینی و ئەفلاتوونی
بە زیندانی ڕۆح و سەرچاوەی گوناهـ پێناسەکراوە. ئەفلاتوون لە فایدۆندا
دەڵێت فەلسەفە لە بنەڕەتدا فێربوونی ئەو هونەرەیە چۆن مرۆڤ بمرێت،
لەبەرئەوەی لای ئەو، مەرگ ڕزگاربوونی ڕۆح بووە لە بەندیخانەی جەستە.
ئەم هزرە دواتر لە مەسیحییەتدا قووڵتربۆوە و لە تەواوی ئایینە
سامییەکاندا فۆڕمی جیاوازی وەرگرت، تا گەیشتە ئەو ئاستەی هەر چێژێکی
فیزیکی، تەنانەت چێژی شیرینیی ئەو نانەی دەیشخۆین، بە گومانیی هزری
ئاماژەپێکراو سەیربکرێت، نەک وەک نیعمەتێکی بوون. دواتریش مۆدێرنیتە
ئەم داگیرکارییەی بە شێوازێکی پیشەسازی درێژەپێدا و جەستەی کردە
ئامێرێکی بێڕۆح بۆ بەرهەمهێنان. لێرەدا دەسەڵاتی مۆدێرن نەک هەر شوێنی
نمایشە کۆنەکەی نەگرتەوە، بەڵکوو لە دۆخێکی تەواو نوێتر و ترسناکتردا
بەکاریهێنا. دوالیزمی کۆن جەستەی بێبەهادەکرد بۆ پاراستنی ڕۆح،
مۆدێرنیتە جەستەی بێبەهاکرد بۆ بەرژەوەندیی پیشەسازی. پرۆسەی
بونیادنانەوەی خود بەبێ ئازادکردنی ئەم نیشتمانە بنەڕەتییە، مەحاڵە.
ڕزگارکردنی جەستە لە وەهمی دوالیزمی ڕۆح و ماددە، خاڵی دەستپێکردنی هەر
شۆڕشێکی ئۆنتۆلۆژییە، چونکە ئێمە خاوەنی جەستە نین، بەڵکوو خودی
جەستەین. هەر نەشتەرگەرییەک یان ئیرادەیەک بۆ گۆڕانکاری، دەبێت لە
جەستەی خۆمانەوە دەستپێبکات.
فۆکۆ و دواتریش جۆرجیۆ ئاگامبن بە قووڵی تیشک دەخەنەسەر ئەو حەقیقەتەی
چۆن دەسەڵات لە ڕێگەی بایۆپۆلەتیکەوە جەستەیەکی گوێڕایەڵ و دەستەمۆ
دروستدەکات. دەسەڵاتی مۆدێرن تەنها لە ڕێگەی یاسا و زیندانەکانەوە
حوکمنادات، بەڵکوو لە ڕێگەی دیاریکردنی پێوەرەکانی جوانی، ڕەفتار و
تەندروستیشەوە دێت و هەژموونی خۆی بەسەر شانە و خانەکانی جەستەدا
دەسەپێنێت. فۆکۆ ئەم چەمکەی بە ناوی جەستەی گوێڕایەڵ هێنایە ئاراوە،
جەستەیەک ڕاهێنانی پێکراوە بۆ ئەوەی پێش هەموو ئەوانیدیکە، خۆی شوێنی
خۆی بزانێت، خۆی ساتی هاتنەجووڵانی خۆی ڕێکبخات، خۆی پێش هەر
فەرمانێکی دەرەکی، فەرمانی دەرەکیی لە ناوەوەیدا بپرژێنێت. ئاگامبن ئەم
چەمکەی بەناوی ژیانی ڕووتەوە بردە ئاستێکی ترسناکتر، لێرە دەسەڵاتی
مۆدێرن سنووری نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ لاوەکیدەکات، تا بیکات بەو بوونەوەرە
بایۆلۆژییەی تەنها بۆ خواردن، خەوتن، کارکردن و دووبارەکردنەوەی خۆی
بژییەت، بێبەش لە سیاسەت، لە مانا، لە کەرامەت. مرۆڤ لێرەدا
دادەبەزێنرێت بۆ ئاستی ژیانی ڕووت، بوونەوەرێکی بایۆلۆژی تەنها بۆ
مانەوە دەژی و ئیرادەی لێسەندراوەتەوە. بۆیە یاخیبوونی ئیستاتیکی
پێویستی بە داماڵینی تەواوی جەستەیە لەم دیسپلینە زۆرەملێیە.
ڕزگارکردنی جەستە وەک ئەوەی نەرێتگەرا، دینگەرا و ئایدیۆلۆژیستە
گشتێنەرەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، هەرگیز بە واتای گەڕانەوە بۆ
بێسەروبەری و بەرەڵڵایی نایەت، بەڵکوو دروستکردنی هارمۆنیایەکی نوێیە
لە نێوان فۆڕمی دەرەکی و ئیرادەی ناوەکیدا. مرۆڤی ئازاد قەڵەمە
سۆفتەکەی هەڵدەگرێت و بە ڕەنگی یاخیبوونێکی ئاگایانە، نەخشەی نوێ لەسەر
جەستەی هەبوونی خۆی دەکێشێت.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەم بایۆپۆلیتیکە ترسناکترین فۆڕمی هەیە، چونکە لە
دەرەوەی دەوڵەتی مۆدێرن، ڕاستەوخۆ لە کارگەی خێزانەوە دەستپێدەکات.
منداڵ پێشئەوەی بزانێت دەسەڵات چییە، جەستەی فێرکراوە لای کێ چیبکات،
چۆن قسەبکات، کێ ماچبکات، چۆن بخوات، چۆن دانیشێت، تەنانەت کاتێک
دەنوێت چ شێوازێک شیاوە. ئەم پرۆسەیە، ئەو دیاردەیەیە بۆردیۆ بە ناوی
هەژموونیی نهێنیی جەستە ناویدەبات، کۆمەڵگە، یاسا و ئەخلاقەکانی خۆی
نەک تەنها لە سەر ئاستی ئاگایی، بەڵکوو لە سەر ئاستی پێچانەوەی
ماسوولکە، شێوازی هەناسەدان و شێوازی نیگاکردنی چاو دەنووسێتەوە.
لێرەدا یاخیبوون لە دژی ئەم هەژموونییە، نەک تەنها هزرییە، بەڵکوو
دەبێت پراکتیکیش بێت. دەبێت بزانم چۆن لە نوێوە بحەسێمەوە، چۆن لە
نوێوە بخۆم، چۆن لە نوێوە دابنیشمەوە، چۆن لە نوێوە بە جەستەی خۆم
ئاشناببمەوە، چونکە ئەم جەستەیەی ئێستا هەمە، نەک تەنها جەستەی منە،
بەڵکوو هی ئەو میوانانەشە پێش من کۆمەڵگە تێیدا نیشتەجێی کردوون.
لەم سەردەمەدا، فۆڕمێکی تری داگیرکاری بەرۆکی ئەم نیشتمانەی گرتووە،
ئەوەیشیان سڕکردنی جەستەیە لەبەردەم شاشەکاندا. جیهانی مەجازی و
تەکنەلۆژیا وەهمی ئازادییەکی بێسنوورمان پێدەبەخشن، لەکاتێکدا جەستەمان
لەسەر کورسییەکان سڕبووە و توانای بەرکەوتنی ڕاستەقینەی لەدەستداوە.
ئەمە ئەو شتەیە دواین فەیلەسوفە کۆمەڵناسەکان بە جەستەی پۆست-جەستەیی
یان سایبۆرگبوونی نهێنی ناویدەبەن، تاک هێشتا جەستەی ئۆرگانیکیی هەیە،
بەڵام هزر و سۆز و ئامادەگیی ئەو پەیوەستە بە ئامێرە دیجیتاڵییەکانەوە،
تا دەگاتە ئەو خاڵەی تا ئامێرەکە دانەنێت، ئەو خۆی نازانێت کێیە و
چیدەخوازێت. ئێمە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەفڕین، بەڵام جەستەمان
لە ژوورێکی داخراودا دیلە. باودریار ئەم دۆخەی بە دەستەواژەی
هایپڕڕاستی ناوبردووە، ساتێک دێت نواندنی جیهان لە جیهانی ڕاستەقینە بۆ
مرۆڤ ڕاستیترە، چونکە نواندن پاکترە، خاوێنترە، ڕێکخراوترە لە جیهانی
ڕاستەقینەکە. ئەو تاکەی وێنەی خۆی لە ئینستاگرام دادەنێت، خۆی ناتوانێت
ببێتە ئەو وێنەیە، چونکە وێنەکە فێلتەرکراوە، بەڵام ئەو ڕووی خۆی لە
ئاوێنەدا بێفێلتەرە. ئەمە دەبێتە سەرچاوەی نەخۆشییەکی نوێی ئۆنتۆلۆژی،
تاک بێزاردەبێت لە جەستەی خۆی، چونکە جەستەی خۆی ناگاتە ئاستی نواندنی
خۆی. ئەمە ترسناکترین جۆری داگیرکارییە، شوێنێک تیایدا مرۆڤ لە سروشتی
فیزیکیی خۆی نامۆدەبێت و هەستەکانی سڕدەکرێن. مرۆڤی ئازاد دەبێت ئەم
سڕبوونە دیجیتاڵییە تێکبشکێنێت، دەبێت جەستە لە خەوی شاشەکان
خەبەربکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو جیهانە ڕاستەقینەکەی بەرکەوتن، بۆ
بۆنی خاک، زبریی درەخت و گەرمیی خۆر.
هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، بتی شەرم وەک گەورەترین چەکی کۆمەڵگەی نەریتی بۆ
کۆنترۆڵکردنی ئەم جوگرافیایە کاردەکات. شەرم غەریزەیەکی سروشتی نییە
لەگەڵ مرۆڤدا لەدایکببێت، نا- بەڵکوو بەرهەمێکی سیاسی و پەروەردەییە و
ئامانجی دەستەمۆکردنی ئیرادەیە. لێرەدا دەبێت جیاوازییەکی فەلسەفی
بکەین، جیاوازییەک لای کۆمەڵگەی ئێمە تەواونەکراوە، ئەویش جیاوازیی
نێوان شەرمی ئۆنتۆلۆژی و شەرمی ئەخلاقییە. شەرمی ئۆنتۆلۆژی ئەو شەرمەیە
تاک هەستدەکات کاتێک دزی، خیانەت یان ستەمێکی کردووە، ئەم شەرمە
سەرچاوەی ویژدانەییە، ئامرازی پاراستنی هاوسەنگیی نێوان تاک و
کۆمەڵگەیە. بەڵام شەرمی ئەخلاقی، یان زیاتر ئاکاری پەتی، ئەو شەرمەیە
کۆمەڵگەی ئێمە سەپاندوویەتی، شەرمکردنە لە جەستەی خۆ، شەرمکردنە لە
ئارەزووەکانی خۆ، شەرمکردنە لە دەنگی خۆ و بوونی خۆ. ئەمە نەک پارێزەری
هاوسەنگی، بەڵکوو ئامرازی کوشتنی هاوسەنگییە. لە ڕێگەی ئەم بتەوە،
کۆمەڵگە کامێرایەکی چاودێریی شاراوە لەناو مێشکی هەر تاکێکدا دەچێنێت،
تا هەمیشە هەست بە چاوی ئەوانیتر بکات لەسەر جەستەی خۆی. سارتەر لێرەدا
چەمکی نیگای ئەویدی داڕشت، تا ئەویدی سەیرت نەکات، تۆ شتێکی تریت، نەک
کەسێکی تر، تۆ جەستەیەکی ڕووتیت، نەک ڕۆحییەت و ئەزموونێکی زیندوو. ئەم
سیستەمە پەنۆپتیکۆنە ناوەکییە، وادەکات مرۆڤ لە شێوازی ڕۆیشتن، دانیشتن،
پێکەنین و تەنانەت نیگاکردنیشیدا، خۆی سانسۆری خۆی بکات. مرۆڤی ئازاد
لێرەدا دەبێت بە بوێرییەکی ڕیشەیی گەورەوە کامێراکانی ئەم زیندانە
بشکێنێت، ڕووبەڕووی چاوی دادگاییکەری مێگەل ببێتەوە و جەستەی لە
موڵکێکی گشتییەوە بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەندارێتییە ڕەسەنەکەی خۆی.
لێرەدا زۆر بەتایبەتی دەبێت ئاماژە بە جەستەی ژن بکەین، چونکە لە
کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا، جەستەی ژن گەورەترین قوربانیی ئەم بایۆپۆلیتیکە
دوو ڕەهەندییەیە. ژن هەم لەژێر ئەخلاقی نەریتی و هەم لەژێر مۆدەی
مۆدێرنی بازاڕیدا داگیرکراوە. لە لایەکەوە کۆمەڵگەی نەریتی پێیدەڵێت
خۆت داپۆشە، چونکە جەستەت ماڵی شەرەف و نامووسی خانەوادە و گەلەکەمانە،
نەک موڵکی خۆت. لە لایەکی ترەوە، بازاڕی مۆدێرن پێیدەڵێت خۆت ڕووتبکەوە
و نمایشی خۆتبکە، چونکە جەستەت کاڵایەکە و ئەگەر بەبازاڕیی نەکەیت،
ئەوا هیچ بەهایەکی نییە. هەردوو لایەن لە یەک پێناسەدا یەکدەگرنەوە،
ئەویش ئەوەیە جەستەی ژن موڵکی خودی ژنەکە نییە. سیمۆن دی بۆڤوار لێرەدا
دەهێنینە گۆڕێ ، ژن وەک ژن لەدایکنابێت، بەڵکوو دەگۆڕدرێت بۆ ژن.
یاخیبوونی ئیستاتیکی ژن، نەک هەر ڕزگارکردنیەتی لە یەکێک لەو دوو
هەژموونە، بەڵکوو ڕزگارکردنیەتی لە هەردووکیان، تا جەستەی خۆی بکات بە
سەروەر جوگرافیی، نەک کۆڵۆنیی نامووسی نەریت بێت و نە کۆڵۆنیی بازاڕی
مۆدێرنیش بێت. ئەم خاڵە بنەڕەتییە، چونکە بەبێ ڕزگاربوونی جەستەی ژن،
یاخیبوونی ئیستاتیکی هیچ مانایەک نادات. هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت خۆی
بە ئازاد بناسێنێت و بزانێت تا ژنان هێشتا لەناو بایۆپۆلیتیکی دوو
ڕەهەندیی نەریت و بازاڕدا گیرخواردوبێت.
سپینۆزا لە سێیسەدەی پێش ئێستادا، هاوارێکی گەورەی کرد و گوتی، ئێمە
هێشتا نازانین جەستە توانای چی هەیە و چی پێدەکرێت. ئەم وتەیە
ڕووخاندنی تەواوی ئەو دیوارانە بوو جەستەیان لەناو پێناسەیەکی
بەرتەسکدا زیندانیکردبوو. سپینۆزا لێرەدا بەرپەرچی هزری دیکارت
دەداتەوە، دیکارت جەستە و هزری وەک دوو جەوهەری جیاواز پێناسەکردبوو.
سپینۆزا گوتی نەخێر، جەستە و هزر دوو ڕووی یەک حەقیقەتن و کاتێک جەستە
دەگەشێتەوە، هزریش دەگەشێتەوە، کاتێک جەستە ڕزگاری دەبێت، هزر ڕزگاری
دەبێت. لێرەدا فینۆمینۆلۆژیا بە هانامانەوە دێت تا تێبگەین جەستە تەنها
دەروازەیەکە بۆ درککردن بە حەقیقەت. مێرلۆ-پۆنتی ئەم خاڵەی بردەوەتە
ئاستێکی بەرزتر، مرۆڤ نەک خاوەنی جەستەیە و نە لە جەستەیدا دەژیەت،
بەڵکوو ئەو خۆی جەستەی ژیانە. من بۆ ئەوەی بزانم، دەبێت هەستبکەم، بۆ
ئەوەی هەستبکەم، دەبێت بەرکەوتنبکەم، بۆ ئەوەی بەرکەوتنبکەم، دەبێت
جەستەبم. تێگەیشتن لە جیهان تەنها لە ڕێگەی بەرکەوتنە فیزیکییەکانەوە
دەکرێت. جەستە تۆڕێکی ئاڵۆزە لە ئارەزوو، وزە و هێزی ناوەکی، ماشێنێکی
خولقێنەرە و توانای بەرهەمهێنانی مەعریفە و ئیستاتیکای هەیە. کاتێک
جەستە لە بەندەکانی عەقڵییەتی باوکسالاری و ئەخلاقی کۆیلە ڕزگاری دەبێت،
ڕاستەوخۆ دەبێتە ماڵی حەقیقەت و وڵامی ڕاستەقینە بە پرسیارەکانی بوون
دەداتەوە. شادیی ئۆنتۆلۆژی لێرەوە هەڵدەقوڵێت، شوێنێک تیایدا مرۆڤ گوێ
لە ڕیتمی ناوەکیی جەستەی خۆی دەگرێت، نەک فەرمانی دەرەکی.
لەم جوگرافیا سەربەخۆیەدا، جووڵە دەبێتە زمانێکی بێدەنگ بۆ دەربڕینی
حەقیقەت. سەما، پیاسە کردنێکی ئازادانە، یان تەنانەت شێوازی وەستان
لەبەردەم ئاوێنەیەکدا، دەبنە کردەی فەلسەفی. نیتشە لێرەدا دەڵێت من
تەنها بڕوام بەو خودایە هەیە دەکرا توانای سەماکردنی هەبووایە. ئەمە
دەستەواژەیەکی شاعیرانە نییە، بەڵکوو نیشاندانی ئەو حەقیقەتە
فەلسەفییەیە گرنگیی فیزیکیی هزر، خۆی لە سەما، لە جووڵانی ڕیتمیک، لە
هاوسەنگیی نێوان جەستە و فەزادا، دەردەخات. کۆمەڵگەی ئێمە لێرەدا
دۆخێکی ترسناکی هەیە، نەخێر بۆ سەما، نەخێر بۆ پیاسە، نەخێر بۆ دەنگی
پێکەنین لەسەر شەقام و کۆڵان و شوێنە گشتییەکاندا، نەخێر بۆ بەرکەوتنی
دۆستانە لە نێوان جەستەکاندا. ئەم بێجووڵەییە، نەک تەنها بێجووڵەیی
فیزیکی، بەڵکوو بێجووڵەیی ئۆنتۆلۆژیی هزرە. جەستە لێرەدا، نەخێر چیتر
پەردەیەک نییە بۆ شاردنەوەی ناوەوەمان، بەڵکوو دەبێتە دەرکەوتەی
ڕاستەقینەی ڕۆحمان. پاش گەڕاندنەوەی ئەم نیشتمانە و دامەزراندنی جەستە
وەک یەکەمین سەنگەری ئازادی، مرۆڤی نوێ ئامادەیە ڕووبەڕووی جیهانی
دەرەوە ببێتەوە. تەنها دوای ڕزگاربوونی جەستەیە مرۆڤ دەتوانێت
پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ ئەوانیتردا بونیادبنێت.
لێرەوە، بەر گەورەترین و ئاڵۆزترین پرسیاری ئۆنتۆلۆژی دەکەوین، ئەویش
مەسەلەی عەشقە. کاتێک دوو جەستەی ئازاد، دوو ئیرادەی سەربەخۆ و دوو
جوگرافیای سەروەر بەیەکدەگەن، چۆن دەتوانن عەشق دروستبکەن بێئەوەی
بکەونەوە ناو تەڵەی خاوەندارێتی و باوکسالارییەوە؟ چۆن دەکرێت مرۆڤ
ئەویتری خۆشبوێت، بێئەوەی بیەوێت داگیریبکات یان بیکاتە پاشکۆی خۆی؟
ئەرستۆ بوو گوتی هاوڕێ، ڕۆحێکە لە دوو لاشەدا، بەڵام لێرەدا ئەو
پرسیارە دێتە پێشەوە، دەی ئەی ئەگەر لەو دوو لاشەیەدا، یەکێکیان لاشەی
داگیرکراوی نەریت بێت و ئەویدیشیان لاشەی داگیرکەری دەسەڵاتبێت؟ ئاخۆ
یەک ڕۆحی نێوانیان، نەک ڕۆحی هاوڕێیەتی، بەڵکوو ڕۆحی خاوەن و کۆیلە
نابێت؟ باشە... ئەمە ئەو پرسە ئاڵۆزەیە لە ستوونی داهاتوودا، بە قەڵەمە
سۆفتەکەمان، ئۆنتۆلۆژیایەکی نوێی بۆ دەنووسینەوە و ڕیشەی خاوەندارێتی
لەناو پەیوەندییەکاندا هەڵدەکێشین.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|