په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ١٤

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

عەشق لەوپەڕی خاوەندارێتییەوە، بۆ بونیادنانی نەخشەیەکی یۆتۆپیایی.


کاتێک جەستە لە زیندانی دەسەڵاتی بایۆپۆلەتیک و کۆتوبەندی نەریت ڕزگاری دەبێت و دەبێتەوە بە جوگرافیایەکی سەروەر، بەر گەورەترین تاقیکردنەوەی ئۆنتۆلۆژیی بوون دەکەوێت، ئەویش بەرکەوتنە لەگەڵ "ئەویتر"دا. ئەمە ئەو وێستگەیەیە کە تێیدا تەواوی ئەو بوێرییەی پێشتر بۆ نەشتەری ئەخلاق، مێژوو، ئابووری و جەستە بەکارمان هێنا، دەخرێتە نێو تاقیکردنەوەی هەرە سامناکەوە: ئاخۆ ئەم بوێرییە لە ساتی بەرکەوتنی لەگەڵ ئەویتردا، یاخی دەبێت بەرامبەر بە ئامانجەکانی خۆی و دەگەڕێتەوە ناو بەرگە کۆنەکەی، یاخود توانای ئەوەی هەیە ئاستێکی بەرزتری بوون ببڕێت؟ ئەگەر مرۆڤی ئازاد توانیبێتی بەسەر هەژموونی کۆمەڵگە و بازاڕدا زاڵ ببێت، ئایا دەتوانێت بەسەر غەریزەی داگیرکارانەی ناوەوەی خۆیشیدا زاڵ ببێت؟ لێرەدا دەکرێت بڵێین، عەشق مەیدانی هەرە سامناکی نەشتەرگەرییە؛ چونکە لێرەدا دوژمن، دەسەڵاتێکی دەرەکی نییە لە دەرەوەی خۆمانەوە خۆی بسەپێنێت، نەخێر؛ دوژمن خودی خواست و ئارەزووی ناوەوەمانە، ئەو ئارەزووەی لە کۆڵانەکانی هەزاران ساڵەی پەروەردەی باوکسالاریدا ڕاهێنانی پێ کراوە. لێرەوە پرسیارە ڕادیکاڵەکە سەرهەڵدەدات: چۆن دەکرێت ئەویترمان خۆشبوێت، بێ ئەوەی هەوڵی داگیرکردنی بدەین؟ چۆن عەشق لە پرۆسەی توانەوە و سڕینەوەوە، دەگۆڕین بۆ پرۆسەی پاراستنی مەوداکان؟

لە مێژووی شارستانییەتدا، بەتایبەت لە سایەی سیستەمی باوکسالاری و دواتریش عەقڵییەتی کاپیتالیزمدا، عەشق تووشی ترسناکترین شێواندن بووە و گۆڕدراوە بۆ گرێبەستێکی خاوەندارێتی. زمان لێرەدا بۆ خۆی گەواهیدەرێکی زیندووی ئەم کارەساتەیە؛ کاتێک دەڵێین "خۆشەویستەکەم"، "هاوسەرەکەم"، "عەشقەکەم"، ئێمە بێئاگایانە لە ڕێگەی لکاندنی پیتی (م)ـی خاوەندارێتییەوە، مۆرێکی تاپۆکردن بەسەر بوونی ئەویتردا دەدەین. ئەم نموونەیە تەنها نموونەیەکی زمانەوانیی سادە نییە، بەڵکوو نیشاندانی ئەو حەقیقەتە ئۆنتۆلۆژییەیە کە زمان لە دەرەوەی هزر کار ناکات؛ زمان هزرە و هزر زمانە. "لۆدڤیگ ویتگنشتاین" دەڵێت: "سنووری زمانی من، سنووری جیهانی منە." لێرەدا با ئێمە ئەمەشی پێوە زیاد بکەین: سنووری ویژدانی خاوەندارێتی لە زمانی مندا، سنووری ئەو ئۆنتۆلۆژیایەیە کە بەکاری دەهێنم بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەویتردا. ئەم پیتە بچووکە تەنها زیادکردنی دەنگێک نییە، بەڵکوو تەواوی فەلسەفەی ململانێی "خاوەن و موڵک"ی هەڵگرتووە. عەشق لەناو ئەم فۆڕمە نەریتییەدا، لە هەستێکی باڵای ڕۆحییەوە دادەبەزێت بۆ مۆدێلێکی تری پەیوەندیی "گەورە و کۆیلە"ی هیگڵی؛ پرۆسەیەک تێیدا یەکێکمان دەبێت دەستبەرداری ئیرادەی خۆی ببێت تا ئەویترمان هەست بە ئاسایش بکات و زامنی مانەوەی باڵادەستیی خۆی بکات. لێرەدا دەبێت بزانین، لای هیگڵ ئەم دیالێکتیکە لە کۆتاییدا بەرەو شکانی دۆخی گەورە و کۆیلە دەڕوات، چونکە گەورە بەردەوام پێویستی بە دانپێدانانی کۆیلە هەیە بۆ پاراستنی گەورەییەکەی خۆی، بۆیە ئەو خۆیشی دەکەوێتە دۆخێکی شاراوەی پاشکۆبوونەوە. ئەمەیە کارەساتی فەلسەفیی هەر پەیوەندییەکی عاشقانە کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی دامەزرابێت: گەورەی خاوەندار خۆی دەکەوێتە بەندیخانەی پاراستنی گەورەیی خۆیەوە، و کۆیلەی خاوەندراویش دەبێتە ئاوێنەی ئەو، نەک بوونێکی سەربەخۆ.

"ئێریک فرۆم" لە تێڕامانە قووڵەکانیدا جیاوازییەکی گەورە لە نێوان عەشق لەسەر بنەمای "بوون" و عەشق لەسەر بنەمای "هەبوون/خاوەندارێتی" دەکات. ئەو عەشقەی لەسەر بنەمای خاوەندارێتییە بەردەوام لە بەردەم دڵەڕاوکێی لەدەستداندا دەناڵێنێت، وەک سەرمایەدارێک دەترسێت سامانەکەی لێ بسەنرێتەوە، بۆیە دەیەوێت ئەویتر کۆتوبەند بکات، سنووری بۆ دابنێت و لەناو قەفەزێکی زێڕیندا زیندانی بکات. ئەم تراژیدیایە لێرەدا دەرکەوتووە: کاتێک خۆشەویستی دەبێتە "هی من"، ئیتر ئەو خۆشەویستییەی من نییە؛ چونکە کاتێک شتێک دەکرێت بە موڵک، توانای زیندوویی و سەربەخۆیی لێ دەسەنرێتەوە. خۆشەویستیی ڕاستەقینە ئەوەیە ئەو خاوەنی خۆیەتی، نەک خاوەندارێتیی من؛ بەڵام لە ساتی خاوەندارێتیکردندا، خاوەنبوونی لێ دزراوە و بووەتە ئامێرێکی من. "زیگمونت باومان" ئەم جۆرە لە عەشق بە "عەشقی شل" ناو دەبات؛ شوێنێک کە تێیدا مرۆڤەکان وەک کاڵا یەکتری بەکار دەهێنن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە کاتییەکان. باومان ئەم چەمکەی لە شیکارییەکانی بۆ گۆڕانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ و گواستنەوە بۆ دۆخی شل دەرهێنا. لە دۆخی توندی پێشوودا، تاک گیرۆدەی پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نەریت، خاوەندارێتیی دارایی و خانەوادە بوو، بەڵام لە دۆخی شلیی نوێدا، تاک بووەتە گەشتیار و پەیوەندییەکانی شل بوون؛ عەشق دەبێت بەو شێوەیە بێت کە هەر کاتێک خواست نەما، بکرێت فڕێ بدرێت بێ ئەوەی پەنجەکانمان بسووتێنێت. لێرەدا دەبێت بپرسین: ئاخۆ عەشقی مۆدێرن لە عەشقی نەریت ئازادتر بوو، یاخود تەنها زنجیرەکانی لە ئاسنەوە گۆڕی بۆ پلاستیک؟ بەڵام ئەو عەشقەی لەسەر بنەمای "بوون"ە، کردەیەکی زیندووی بەردەوامە؛ نایەوێت ئەویتر قەتیس بکات، بەڵکوو دەیەوێت گەشەی پێ بدات. وەک ئەوەی چۆن گوڵێک لە باخچەیەکدا دەبینیت و لەبری ئەوەی لێی بکەیتەوە بۆ ئەوەی بیخەیتە ناو گوڵدانێکی ژوورەکەتەوە (کە ئەمە خاوەندارێتییە و دەرەنجامەکەی مەرگی گوڵەکەیە)، ئاوی دەدەیت و چێژ لە گەشەکردنی وەردەگریت، بێ ئەوەی خاوەنی بیت.

بۆیە، عەشقی ڕاستەقینە کێشانی سنوور نییە بە دەوری ئەویتردا. وەکو چۆن نابێت مرۆڤ لەناو نەخشەی دیاریکراوی دەوڵەتێک و ناسنامەیەکی بەرتەسکدا قەتیس بکرێت، جەستە و ڕۆحی عاشقانیش نابێت بخرێنە ناو قەفەزی نەخشەیەکی موڵکدارییەوە. لێرەدا دەبێت بزانین، نەخشە لە بنەڕەتدا ئامرازی دەسەڵاتە. کاتێک سیاسەتمەداران نەخشەی شار و خاکێک دەکێشن، لە بنەڕەتدا ناچاریان دەکەن داوای مۆڵەتی هاتووچۆ بکەن. کاتێک خاوەنێک نەخشەیەک بۆ خۆشەویستەکەی دادەنێت، لە بنەڕەتدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە خۆشەویستەکەی داوای مۆڵەتی هاتووچۆ لە ئاراستەی پەیوەندییەکەیدا بکات. ئەمە ئەو حەقیقەتەیە کە سۆفییە کۆنەکان زۆر پێش ئێستا درکیان پێ کردبوو؛ "شەمسی تەبریزی" بە سادەیی دەڵێت: "هیچ کەسێک هیی هیچ کەسێکی تر نییە." ئەم سادەییە سۆفییانەیە، لە بنەڕەتدا قووڵترین ئاستی فەلسەفیی پەیوەندیی ئۆنتۆلۆژییە. کاتێک هیچ کەسێک هیی هیچ کەسێک نەبێت، هەموو کەسێک دەتوانێت هەموو کەسێکی خۆشبوێت، بەو شێوەیەی خۆشەویستی دەکاتە بکەرێکی ئازاد، نەک موڵکی کەسی. لێرەدا قەڵەمەکە دەبێت ڕۆڵی مێژوویی و ئیستاتیکیی خۆی بگێڕێت. قەڵەمەکە ئامرازێک نییە بۆ کێشانی نەخشەی جوگرافیایەکی سیاسی یان سەپاندنی سنوورێکی نوێ، بەڵکوو نەخشەسازییە بۆ پانتاییەکی مەجازیی یۆتۆپیایی. عەشق بونیادنانی ئەم نەخشە یۆتۆپیاییەیە، جوگرافیایەکی بێسنوورە کە تێیدا دوو ئیرادەی ئازاد و دوو سوبژێکتی سەروەر، بە تەنیشت یەکەوە پیاسە دەکەن، بێ ئەوەی یەکتری بپێچنەوە و زیندانی بکەن.

"ئالان بادیۆ" لە کتێبی "پیاهەڵدانێک بۆ عەشق"دا ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ لە تێگەیشتنی باو بۆ عەشق دەگرێت و دەڵێت: عەشق پرۆسەی توانەوەی دوو کەس نییە بۆ بوون بە یەک ڕۆح، بەڵکوو پێچەوانەکەیەتی. عەشق ئەزموونکردنی جیهانە لە دیدگەی "دووان"ەوە، نەک "یەک". بادیۆ لێرەدا دژایەتیی هەردوو گێڕانەوە باوەکەی عەشق دەکات؛ هەم گێڕانەوە ڕۆمانتیکییە هۆلیوودییەکە کە عەشق وەک "یەکبوون لە یەک ساتدا" پێناسە دەکات، هەم گێڕانەوە بازاڕییە هاوچەرخەکە کە وەک "کۆنترات و بەرژەوەندی" دەیخاتە ڕوو. بادیۆ دەڵێت: عەشق نە ساتی یەکبوونە و نە کۆنتراتی بەرژەوەندی، بەڵکوو ڕووداوێکە کە هەردوو لایەنەکە دەگۆڕێت؛ چونکە لەو ساتە بەدواوە، جیهان لە دیدگەی دووانەوە دەناسرێت، نەک لە دیدگەی تاکەوە. عەشق لە بنەڕەتدا فێربوونی ئەوەیە کە من تەنها نیم لە دیدگەی خۆمدا؛ بۆچی هەبوونم هەیە؟ چونکە تۆش هەیت، و هەستی منیش بۆ شتەکان، بە یارمەتیی نیگای تۆوە ئاستێکی تر وەردەگرێت. ئەگەر عەشق هەوڵێک بێت بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکان و دروستکردنی یەک قەوارەی لێکدراو، ئەوا دەبێتە جۆرێک لە فاشیزمی سۆزداری کە تێیدا هەمەچەشنی دەکوژرێت. جوانیی عەشق لە دروستکردنی "یەک"دا نییە، بەڵکوو لە مانەوەی ئەو بۆشاییەدایە کە دەکەوێتە نێوان دوو جەستە و دوو ئیرادە جیاوازەکەوە. لەناو ئەو بۆشاییەدایە کە سەماکردن، دیالۆگ و ئارەزوو مانایان دەبێت. "ڕاینهەر ماریا ڕیلکە"، شاعیری گەورەی ئەڵمانی، پێش بادیۆ بە شێوەیەکی شاعیرانە ئەم حەقیقەتەی بەیان کردووە و دەڵێت: هیچ شتێک لە عەشقدا سامناکتر و قووڵتر ناخولقێت لەو ساتەی دوو تاکی تەنیا یەکتری دەپارێزن، ڕێز لە یەکتری دەگرن و سڵاو لە یەکتر دەکەن. ئەمە دژایەتییەکی تەواوی ئەو سۆلیپسیزمە (تاک‌تەوەرییە) باوەیە کە یەکبوونێکی ساوایانەی دەوێت و سامناکیی هزریی لێ سەندراوەتەوە. وەک چۆن "جیل دیلۆز"یش پێمان دەڵێت: ئارەزوو پڕکردنەوەی کەلێن نییە، بەڵکوو هێزێکی خولقێنەرە؛ هێزێکە بەرهەم دەهێنێت، نەک داگیر بکات.

لەم ڕوانگەیەوە، "ئیمانوێل لێڤیناس" پێمان دەڵێت: ئەویتر هەمیشە لە دەرەوەی کۆنترۆڵ و تێگەیشتنی تەواوەتیی ئێمەدایە. دەموچاوی ئەویتر، بانگهێشتێکە بۆ ڕێزگرتن لەو جیاوازییە بێسنوورەی کە قابیلی کورتکردنەوە نییە. لێڤیناس لێرەدا یەکێک لە بنەڕەتیترین چەمکە ئەخلاقییەکانی سەدەی بیستەمی داڕشت: "دەموچاو" لای ئەو، نەک تەنها ڕوویەکی فیزیکییە، بەڵکوو ئەو هاوارە بێدەنگەیە کە لە بەردەممدا ڕادەوەستێت و پێم دەڵێت: من "شت"ێک نیم، من نیگایەکم، من خواستێکم، من خۆبوونێکم. لێرەدا، ئەخلاق سەرچاوەی لە یاسایەکی دەرەکییەوە نەگرتووە، بەڵکوو لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ دەموچاوی ئەویتردا. هەر کاتێک من ئەویتریم بە تەواوی ناسی، لە ڕاستیدا من ئەوم کوشتووە؛ چونکە ناسین لێرەدا بە مانای کورتکردنەوەی ئەوە بۆ ئەو شتانەی من تێیان دەگەم، و کورتکردنەوەی ئەویش، سڕینەوەی ئەو بەشەیەتی کە شکۆ و سەربەخۆیی پێ دەبەخشێت. کاتێک ئێمە هەوڵ دەدەین ئەویتر بە تەواوی بناسین و کۆنترۆڵی بکەین، دەیکەینە وێنەیەکی جێگیر لەناو مێشکی خۆماندا. بۆیە عەشق ئەزموونێکی بەردەوامە لەبەردەم نهێنیی ئەویتردا، نەک هەوڵێک بۆ ئاشکراکردن و خاوەندارێتیکردنی تەواوەتیی ئەو نهێنییە.

بۆ ئەوەی ئەم بانگەشە یۆتۆپیاییە بە ساویلکەیی پێچەوانە نەکرێتەوە، دەبێت ڕووبەڕووی پرسیارێکی تاڵ ببینەوە: ئەی منداڵ؟ کاتێک ئەم دوو عاشقە ئازادە نەوەیەکی نوێیان دەبێت، چۆن دەکرێت ئەو نەوەیە نەکرێتە قوربانیی پەیوەندییەکی خاوەندارێتی؟ ئەمە پرسیارێکە کە زۆرجار لە بانگەشە یۆتۆپیاییەکاندا پشتگوێ دەخرێت، بەڵام ئێمە دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە. وەڵامەکە لێرەدا دروستکردنی تەوقێکی نوێی خاوەندارێتی نییە بە ناوی "منداڵەکەم خاوەنی منە"، بەڵکوو ئەو حەقیقەتەیە کە "بێرتۆڵت برێشت" لە شیعرێکیدا دەریدەبڕێت: "منداڵ نەک هیی منە، بەڵکوو لێم تێدەپەڕێت بەرەو ئەو سپێدەیەی کە نازانم چ شتێکە." لێرەدا، باوک و دایک خاوەنی منداڵ نین، بەڵکوو پارێزەری ساتی بەردەوامبوونی ژیانن. تەنانەت لێرەشدا، یاخیبوون لە دژی پەیوەندیی خاوەندارێتی، نەک تەنها یاخیبوونە لە دژی خاوەندارێتیی هاوسەرگیری، بەڵکوو لە دژی خاوەندارێتیی منداڵیشە؛ چونکە ئەو منداڵەی وەک ئامرازێک بە ناوی منەوە تاپۆ کرابێت، هەرگیز نابێتە بکەری بوونی خۆی. ئەم تێڕامانە تەواوی فۆڕمی پەیوەندیی نەوەکان لە جوگرافیای ئێمەدا دادەهەڵتەکێنێت؛ چونکە لێرە منداڵ وەک ئامرازی پاراستنی ناوی خانەوادە و وەزیفەی نەریت سەیر دەکرێت، نەک وەک بوونێکی ئازاد بۆ هاتنەجووڵانی خۆی.

مرۆڤی نوێ دەبێت فێری ئەم جۆرە لە عەشق ببێت. دوای ئازادکردنی جەستەی خۆی، دەبێت جەستەی ئەویتریش ئازاد بکات. دەبێت پەیوەندییەک بونیاد بنێت کە لەسەر بنەمای ئازادیی فڕین وەستابێت، نەک قەفەزی قایم. عەشق یاخیبوونێکی ئیستاتیکییە لە دژی دەسەڵات، چونکە دەسەڵات هەمیشە دەیەوێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای سوود، بەرژەوەندی و خاوەندارێتی ڕێک بخات؛ بەڵام ئەو دوو جەستە ئازادەی کە بەبێ گرێبەستی خاوەندارێتی یەکتریان خۆشدەوێت، گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر سیستەمی کۆنترۆڵکردن. ئەوان جیهانێکی نوێیان لە دەرەوەی نەخشە باوەکاندا خولقاندووە؛ جیهانێک کە حوکمڕانەکەی ئازادییە و زمانەکەیشی، جووڵەیەکی پڕ لە هارمۆنیای بێسنوورە. لێرەدا دەبێت تێبینیی ئەو حەقیقەتە سیاسییەش بکەین: هەر کۆمەڵگەیەک پەیوەندیی عاشقانە تیایدا ئازاد بێت، ئەو کۆمەڵگەیە بەرامبەر بە هەموو فۆڕمێکی دیکتاتۆریی نوێ، بەرگرییەکی ناوەکیی دەبێت؛ چونکە ئەو تاکەی پەیوەندییەکی ئازادی هەیە، فێربووە چۆن لە دۆخی بێ‌خاوەندارێتیدا ئازاد بێت. ئەم فێربوونەش، تەنها فێربوونێکی هزری و جەستەیی نییە، بەڵکوو ڕاهاتنە لەگەڵ خودی هەستی ئازادی؛ ڕاهاتنێک کە پەروەردەی شارستانییەتی نوێی لێ دەکەوێتەوە. لەم نەخشە یۆتۆپیاییەدا، عەشق چیتر سڕکردن و دیلکردن نییە، بەڵکوو شکۆفەکردنێکی ئۆنتۆلۆژییە کە مرۆڤ تێیدا هەست بە قووڵترین ئاستەکانی ژیان و هەبوون دەکات، وەک خۆی، وەک جوگرافیایەکی سەروەر، و وەک بوونێکی نەبەزێنراو.

بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگتر ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: کاتێک ئەم دوو جەستە سەروەرە بڕیار دەدەن بەم شێوە یۆتۆپیاییە یەکتریان خۆشبوێت و ڕەتی دەکەنەوە وشەی خاوەندارێتی بەکاربهێنن، ئایا چ زمانێک بۆ دەربڕینی هەستەکانیان بەکاردەهێنن؟ لە کاتێکدا تەواوی فەرهەنگی زمان پێشتر لەلایەن سیستەم، ڕەگەز، باوکسالاری و بازاڕەوە داگیرکراوە و زۆربەی هەرە زۆری وشەکان بۆنی خاوەندارێتییان لێ دێت، ئایا جەستەی ئازاد ناچار نییە زمانێکی نوێ، زمانێکی دەرە-وشەیی و دەرە-دەسەڵات دابهێنێت؟ "مارتن هایدگەر" دەڵێت: "زمان ماڵی بوونە." لێرەدا دەبێت بپرسین: ئەی ئەگەر ماڵەکە خۆی لەلایەن باوکسالارییەوە بونیاد نرابێت، چۆن دەکرێت ژنی ئازاد، پیاوی ئازاد و عاشقی ئازاد تێیدا بژین بێ ئەوەی بونیادی دامەزراوەکە بەردەوام بانگیان نەکاتەوە بۆ ناوەندی کۆنترۆڵەکە؟ ئەمە ئەو مەنزڵگەیەیە کە لە ستوونی داهاتوودا بە قووڵی پانتاییەکەی دەکێڵین و شیکاری بۆ ئەو زمانە نوێیەی جەستە دەکەین لە قۆناغی پۆست-داگیرکاریدا.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک