|
١٠\٧\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
١٥
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
زمان لە قۆناغی
پۆست-داگیرکاریدا.
کاتێک مارتن هایدگەر وتی زمان ماڵی بوونە، حەقیقەتێکی گەورەی
ئۆنتۆلۆژیی، واتە ئەوەی پەیوەندیی بە ڕەگ و ڕیشە و حەقیقەتی بوونی
مرۆڤەوە هەیە، ئاشکرا کرد، بەڵام هاوکات پەنجەی خستە سەر تراژیدیایەکی
گەورەش. ئەگەر زمان ماڵی بوون بێت، ئەی چی ڕوودەدات کاتێک ئەندازیاری
ئەم ماڵە، دەسەڵات، باوکسالاری و سیستەمی کۆنترۆڵکردن بێت؟ لێرەدا
پرسیارەکە دەبێت لە قووڵاییدا وەربگرین، هایدگەر خۆی لە دوایین
سیمینارەکانیدا، بەتایبەت لە سەفەر بۆ زمان دا، ئاماژەی بەوەدا ئێمە بە
زمان قسە ناکەین، بەڵکوو زمان لە ئێمەدا قسە دەکات. ئەمە تێرمێکی
ترسناکترە لە هەر شتێکی تر، من زمانەکەم بەکارناهێنم بۆ قسەکردن،
بەڵکوو زمان بەکارمدەهێنێت بۆ قسەکردنی خۆی.
کاتێک دەڵێم خۆشەویستەکەم، ئەو «م»ـە منێک داینەناوە، بەڵکوو هەزاران
ساڵە پەروەردەی باوکسالاری دایناوە و ئێستا لە دەمی منەوە خۆی دووبارە
دەکاتەوە. مرۆڤی ئازاد، ئەو عاشقەی جەستەی لە خاوەندارێتییەوە داماڵیوە
و نەخشەیەکی مەجازیی یۆتۆپیایی بۆ خۆی کێشاوە، کاتێک دەیەوێت قسە بکات،
دەبینێت تەواوی ئەو وشانەی لەبەردەستیدان پێشتر مینڕێژ کراون. وشەکان
لە بنەڕەتەوە بۆنی موڵکداری، غەریزەی داگیریکردن و پلەبەندیان دەکات.
لێرەدا، جەستەی سەروەر لەناو ماڵەکەی هایدگەردا هەست بە خنکان دەکات،
چونکە دەزانێت بەکارهێنانی زمانی باو، دووبارە بونیادنانەوەی هەمان ئەو
زیندانەیە تازە لێیەوە هەڵاتووە. ئەمە ئەو کارەساتەیە ویتگنشتاین لە
دوایین نووسینەکانیدا پێیگەیشت، دیوارەکانی زیندانی زمانی من، شەفاف
نین بۆ من، چونکە من لە ناوەوەیانم. تاک لە ناو زمانی خۆیدایە، بەڵام
زمانەکەی ناناسێت، ڕێک وەک ئەو ماسییەی لە ئاودایە و ئاوەکە ناناسێت.
دی سۆسیۆر لە بنەڕەتدا ئەو شیکارییەی دایڕشت نیشانەی زمانەوانی، بەندە
بە هاوپەیمانییەک لە نێوان دەنگ و مانادا، بەڵام دواتر دێریدا و بارت
ئەم شیکارییەیان بردە ئاستێکی سیاسیتر، هەر بەندێک لە نێوان دەنگ و
مانادا، هاوپەیمانییەکی هەژموونی سیاسییە. ڕۆلان بارت لە پێداهێنانە
عاشقانەکان دا دەڵێ هەر کاتێک عاشق دەیەوێت سۆزی خۆی دەرببڕێت، شکست
دەهێنێت، چونکە هەموو ئەو وشانەی بەردەستین، لە ڕاستیدا پێشتر لەلایەن
ئەوانی دیکەشەوە بەکار هێنراون، عاشق لە مێرگێکی ئازاددا نییە، بەڵکوو
وەک بووکەشووشەیەکە لەناو دراما گاڵتەجاڕییە کۆنەکاندا. ئەم
بێدەرەتانییە، تراژیدیای بنچینەیی و دامەزرێنەری هەموو عەشقێکی مۆدێرنە،
من ناتوانم بەو زمانەی کۆمەڵگە فێریکردووم سۆزێکی نوێ دەرببڕم، چونکە
زمان خۆی هەڵگری سۆزە کۆنەکانە.
ژاک لاکان پێماندەڵێت، ئێمە پێشئەوەی لەدایکببین، دەکەوینە ناو سیستەمی
هێماداری، ئەو قاڵبە زمانەوانی و کولتوورییەی پێشتر ئامادەیە و
پێناسەکراوە، ڕۆڵ و سنوورەکانمان بۆ دەکێشێت. ئەم سیستەمە پێشوەختە
ڕۆڵەکان، ڕەگەزەکان و تەنانەت شێوازی ئارەزووکردنیشمان بۆ دیاری دەکات.
لای لاکان، ئارەزوو زادەی خۆ خۆییەکی خۆمان نییە، ئارەزوو، هەمیشە
ئارەزووی ئارەزووی ئەوانی دیکەیە. ئەم قسەیە زۆر قووڵترە لەوەی بەرچاو
دەکەوێت، من ئەوە ناخوازم خۆم دەمەوێت، ئەوە دەخوازم پێموایە کۆمەڵگە
دەیەوێت من بیخوازم، چونکە بەو خواستنە، دەرگەی ناسنامەی خۆم لەناو
کۆمەڵگەدا بۆ دەکرێتەوە. کاتێک دەڵێین «من»، ئەم «من»ـە بەرهەمی ئەو
فەرهەنگەیە کۆمەڵگە فێریکردووین، فەرهەنگێک پڕە لە چەمکەکانی شەرم،
شەڕەف، موڵکداری و گوێڕایەڵی. لای لاکان، ئەو ساتەی منداڵ دەگاتە زمان،
هاوکات ساتی مەرگی ئۆنتۆلۆژیی یەکەمە، واتە لەدەستدانی ئەو یەکبوونە
سەرەتاییەی مرۆڤ پێش فێربوونی زمان لەگەڵ خۆی و سروشتدا هەیبووە، منداڵ
لە دۆخی هاوسەنگی و یەکبوونی جەستەیی-هزریی خۆی دەردەچێت و دەکەوێتە
ناو دۆخێکەوە تێیدا هەمیشە بەشێکی خۆی لەدەستدەدا، ئەو بەشەی زمان
ناتوانێ هەڵیبگرێ. لای لاکان ئەمە کارەسات نییە، بەڵکوو خودی مەرجی
مرۆڤبوونە. بۆیە، ڕزگارکردنی جەستە بەبێ ڕزگارکردنی زمان، تەنها
وەهمێکی ئیستاتیکییە واتا خەیاڵێکی جوانکارییانەیە و هیچی تر.
لێرەدا بۆچوونەکەی ژاک دێریدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوە، پرۆسەی
لێکهەڵوەشاندنەوەی مانای چەسپاوی دەقەکان بۆ دەرخستنی ئەو دەسەڵاتە
شاراوەیەی لە پشتیانەوەیە، دەبێتە پێداویستییەکی حەتمی. دەبێت ئەو
پێکهاتە زمانەوانییە هەڵوەشێنینەوە لەسەر بنەمای سەنتەرییەت و
پەراوێزخستن بونیادنراوە. دێریدا لە کتێبی لە گراماتۆلۆژیادا
نیشانیداوە فەلسەفەی خۆرئاوا لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای دووانەیی -
دووانەیی پلەبەندییانە، واتە دوو جەمسەری دژبەیەک تێیدا هەمیشە
یەکێکیان باڵادەست و پیرۆزە بەسەر ئەویتردا، داڕێژراوە، پیاو/ژن، ڕۆح/جەستە،
دەنگ/نووسین، ئامادەگی/نائامادەگی، ڕۆشنایی/تاریکی. لە هەموو ئەم
دووانانەدا، لایەنی یەکەم پیرۆز و باڵادەستە و لایەنی دووەم
پەراوێزخراو و کەمبەهایە. ئەم هێزە دووانەییە پلەبەندییە، نەک تەنها
لەناو فەلسەفەدایە، بەڵکوو لەناو سادەترین وشەی زمانی ڕۆژانەشدایە،
لەناو خودی وشەی خۆشەویستەکەمدایە. هەڵوەشاندنەوە، وێرانکردن نییە،
بەڵکوو دەرخستنی ئەو ڕاستییەیە ئەم دووانانە دەستکردی مێژووین، نەک
سروشت. کاتێک ئاگاداری ئەمە دەبین، بۆ یەکەمجار دەرگەی ئازادیی زمان
دەکەینەوە.
عەشقی ئازاد ناتوانێت بە زمانی داگیرکەر گوزارشت لە خۆی بکات، عاشقانی
سەروەر ناتوانن بڵێن تۆ هی منیت، چونکە بێدەنگیی نێوان ئەم دوو وشەیە،
ڕێک هەمان ئەو زنجیرانەن مۆدێرنیتە و نەریت بۆ لەقۆرگدانی ئازادی
بەکاریاندەهێنن. لێرەدا دەکرێت پرسیارە چارەنووسسازە ڕۆژهەڵاتییەکە
بکەین، باشە چ بەشێکی زمانی کوردی، هێشتا خزمەتی نیمچە-فیۆداڵییەتی
باوکسالاریی خۆی دەکات، بێئەوەی خاوەنانی زمان هەست بەم خزمەتکردنە
بکەن؟ کاتێک ژنێک لە کوردستان دەڵێت مێردەکەم، ئەم پیتی «م»ـە تەنها
ڕێزمانێک نییە، بەڵکوو کۆپییەکی زیندووی نەریتی هاوسەرگیرییە، کۆپییەکی
زیندووی سیستەمێکی ئابووری-هزرییە پێیدەڵێ تۆ خاوەنی مێردێکی، چونکە
ئەو خاوەنی تۆیە. پیتی خاوەندارێتی، وەک مینێکی بێدەنگوایە، هەر جارێک
دەڵێین هاوسەرەکەم، لە ژێر پێماندا دەتەقێتەوە. کەواتە جێگرەوەکە چییە؟
کاتێک وشەکان هەموویان باوکسالار و سەرمایەدارن، جەستەی ئازاد چۆن
دەدوێت؟
لێرەدا جولیا کرێستێڤا بە چەمکی سیمیۆتیک واتا پانتاییەکی نیشانەیی پشت
بە ڕیتم، ئاواز و جووڵەی ناوەکیی جەستە دەبەستێت نەک یاسای ڕێزمان دێتە
هانامانەوە. کرێستێڤا پێیوایە لەپشت زمانی فەرمی، لۆژیک و ڕێزمانەوە،
پانتاییەکی تری زمانەوانی هەیە زۆر قووڵترە و پەیوەستە بە ڕیتم، ئاواز،
لێدانی دڵ و بزووتنەوەی ناوەکیی جەستەوە، ئەمە ئەو زمانەیە پێش
دروستبوونی یاسا و دەسەڵات بوونی هەبووە. کرێستێڤا لە شۆڕشی زمانی
شاعیرانەدا ئەو بۆچوونەی داڕشت شیعر، تایبەت شیعری مۆدێرن، تەنها ئەدەب
نییە، بەڵکوو شۆڕشێکە بەرامبەر بە زمانی سیمبۆلیک، وەرگرتنەوەی ئەو
دەنگە دایکییە پێش-یاساییەیە، ئەو ڕیتمە پێش-باوکسالارییەیەی زمان
لەسەری داڕێژراوە. لێرەدا شیعر، بەشێک نییە لە فەرهەنگ، بەڵکوو
یاخیبوونێکی زیندووە بەرامبەر بە فەرهەنگ. زمانی نوێی جەستە لە قۆناغی
پۆست-داگیرکاریدا، گەڕانەوەیە بۆ ئەم ڕیتمە ئۆنتۆلۆژییە. لەم نەخشە
مەجازییە یۆتۆپیاییەدا، بێدەنگی چیتر بە مانای ئامادەنەبوون یان شکان
نایەت، بەڵکوو هەڵوێستێکی ڕادیکاڵە. ماکس پیکارد لە جیهانی بێدەنگیدا
دەڵێ بێدەنگی شت نییە، خودی شتەکانە، واتە بێدەنگی نائامادەگیی وشە
نییە، بەڵکوو ئامادەگیی چالاکانەی ئەو شتانەیە وشە پێیان ناگات.
بێدەنگیی نێوان دوو جەستەی ئازاد، ڕەتکردنەوەی ئەو وشانەیە کۆمەڵگە
دەیەوێت بیخاتە دەمیانەوە. لەناو ئەم بێدەنگییەدا، نیگا، دەستلێدان،
سەماکردن و مەوداکان دەبنە ئەلفوبێی زمانێکی نوێ تێیدا هیچ پیتێک بۆ
داگیرکردن دروستنەکراوە.
لێرەدا دەبێت لە ناو زمانی سۆفییانەی ڕۆژهەڵاتیشدا بگەڕێین، چونکە ئێمە
هێشتا نازانین چ سامانێکی هزری لە پشتی دەرگەی زمانی داگیرکەرەوە
شاراوەیە. مەلای جزیری، ئەحمەدی خانی و پێش هەموو ئەوانەش، ڕوومی،
هەموویان لە بەرامبەر زمانی فەقێیانەی خاوەندارێتیدا، زمانێکی
سۆفییانەیان داڕشتووە و تێیدا عەشق نەک بۆ خاوەندارێتی، بەڵکوو بۆ
توانەوە بەکار هاتووە، بەڵام توانەوەیەک نەک لە خاوەنکاردا، بەڵکوو لە
بێخاوەنکاریدا. ڕوومی دەڵێ هەرکەس بە هەیهات لە ماڵی خۆی دەرچوو / بۆ
ئێمە نەگەڕاوە، هەرگیز بۆ ماڵی خۆی نەگەڕاوە. دەکرێت لە کوردیی نوێدا
ئەمە بۆ فەلسەفەی سیاسی بگێڕینەوە، هەرکەس لە ماڵی زمانی نەریت دەرچوو،
هەرگیز بۆ ئەو ماڵە ناگەڕێتەوە. زمانی سۆفییانە، بەشێکی گەورەی زمانی
نوێی جەستەی ئازادی لە ناو خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵام ئێمە هێشتا ئەم
سامانەمان بۆ ڕزگاریی خۆمان بەکار نەهێناوە، چونکە ئایین ئەو زمانەی
داگیر کردووە و کردوویەتی بە بەشێک لە دەسەڵاتی خۆی.
مۆریس مێرلۆ-پۆنتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات جەستە خۆی لە بنەڕەتدا
زمانە. جووڵەی دەستێک بەرەو ئەویتر، هەناسەیەکی قووڵ، یان ئامادەیی
فیزیکی لە فەزایەکدا، مانایەک دروستدەکەن هیچ دەقێکی نووسراو ناتوانێت
هەڵیبگرێت. لای مێرلۆ-پۆنتی، جەستە پێش زمانە، هەر لەبەرئەوە هەمیشە
شتێکی زیاتری هەیە بۆ وتن لەوەی زمان پێیدەکرێت. کاتێک عاشقێک لە
بەردەم مەعشوقەکەیدا بێدەنگ دەبێت، ئەم بێدەنگییە هەڵخەڵەتاندنی زمان
نییە، بەڵکوو وتنێکی جەستەییە زمان ناتوانێ هەڵیبگرێت.
عاشقان لەبری ئەوەی ناوی یەکتر بکەنە موڵکی خۆیان، بە ئامادەبوونیان لە
تەنیشت یەکتر، جوگرافیایەکی سەربەخۆ دەخولقێنن. دەستلێدان لەم زمانە
نوێیەدا، ئامرازێک نییە بۆ پشکنین و کۆنترۆڵکردن، بەڵکوو سڵاوکردنێکی
دیاردەناسانەیە، واتە ناسینی ڕاستەوخۆی شتەکان وەک خۆیان بەبێ پێشینەی
هزری، لەو سەروەرییەی لە جەستەی بەرامبەردایە، وەک ئەوەی پێتبڵێ من
هەست بە بوونی تۆ دەکەم، بێئەوەی بمەوێت بتگۆڕم یان بتکەمە هیی خۆم.
لێرەوە پرسیارێکی سیاسی سەر هەڵدەدا، بۆچی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا
دەستلێدانی جەستەیی نێوان تاکەکان کەم بووەتەوە، تەنانەت لە نێوان
دۆستان و باوانەکانیشدا؟ چونکە هەر دەستلێدانێک، جۆرێکە لە دەرچوون لە
زمانی موڵکداری، هەر دەستلێدانێک، پەرژینی نێوانی سیمبۆلیک - ئەو
دیوارە هێماداری و کولتوورییەی سیستەم لە نێوان مرۆڤەکاندا
دروستیکردووە، هەڵدەتەکێنێت. لێرەدا، کۆمەڵگە لە دەستلێدان دەترسێت،
چونکە دەزانێت لە ساتی دەستلێداندا، سیستەمە سیمبۆلیکەکەی تووشی لەرزین
دەبێت.
ئەم زمانە نوێیە، بە پلەی یەکەم زمانی کردارەکانە نەک ناوەکان. لە
فەلسەفەی زماندا، ناو شتەکان جێگیر دەکات، دەیانبەستێتەوە و دەیانکاتە
پێناسەیەکی مردوو و چوارچێوەدار، بەڵام کردار هەمیشە لە جووڵە، بوون و
گۆڕاندایە. نیتشە لە دەربارەی ڕاست و درۆ لە دۆخی زمانی
نالەفەلسەفەییدا وتی حەقیقەت لەشکرێکی گەڕۆکە لە مێتافۆرەکان، لێرەدا
دەکرێت ئەمە پەرەگرتووتر بکەین، ناو، مێتافۆرێکە فڕینی خۆیی لە بیر
کردووە و ئێستا وابیر دەکاتەوە خۆی حەقیقەتی سروشتییە. عەشقی ئازاد خۆی
لە ناودانان وەک موڵکییەت دەپارێزێت و پەنا بۆ کردار دەبات، کرداری
پێکەوەبوون، کرداری پێکەوە تێڕامان لە جیهان، کرداری دروستکردنی
هارمۆنیا و کرداری پاراستنی بۆشاییەکان. ئەمە زمانێکە تێیدا هیچ وشەیەک
نابێتە قەفەز، بەڵکوو هەموو ئاماژەیەک باڵێکە بۆ فڕین.
لێرەدا دەبێت چەمکەکەی جۆن ئۆستین لە چۆن شت بە وشە بکەین دا بهێنینە
بەرچاو، ئۆستین شیکاریی ئەوەیکرد هەموو وشەیەک تەنها وەسفکاریی جیهان
نییە، بەڵکوو کردارە. کاتێک دەڵێی سوێند دەخۆم، تۆ وەسفی سوێندێک
ناکەیت، بەڵکوو خودی سوێندەکە دەخۆیت. کاتێک دەڵێیت تۆم خۆشدەوێت، تۆ
وەسفی هەستێک ناکەیت، بەڵکوو هەستێک دەخولقێنیت. ئەمە شۆڕشێکی گەورەیە
لە زمانناسیدا، زمان کارکردنە، نەک وەسفکردن. عاشقی ئازاد ئەم شۆڕشە
بەکار دەهێنێت، ئەو نایەوێت عەشق بەیان بکات، بەڵکوو عەشق دەکات، عەشق
وەک کردار، نەک وەک ناو. ئەمە ئەو ماڵە نوێیەی هایدگەرە، تێیدا بوون لە
ئازادترین فۆڕمی خۆیدا نیشتەجێ دەبێت، ماڵێک تێیدا زمان لە ئێمەدا قسە
ناکات، بەڵکوو ئێمەین قسە بە زمان پێدەکەین، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی
خۆماندا.
لێرەدا دەبێت چەمکێکی ترسناکی نوێ بهێنینە ئاراوە، پاول سیلانی شاعیر
بوو وتی هیچ کەسێک شایەتی بۆ شایەتحاڵەکان نادات. سیلان ئەمەی لە دوای
ئۆشویتز نووسی، لە دوای ئەو کارەساتە مێژووییەی تێیدا زمان لەلایەن
دەسەڵاتی نازیزمەوە داگیرکرا. لای سیلان، دوای ئۆشویتز نەدەکرا بە
هەمان زمانی پێشئۆشویتز قسە بکرێت، چونکە ئەو زمانە شەریکی جینایەتەکە
بوو. سیلان ناچار بوو زمانێکی نوێ لەناو ئەڵمانیدا بخولقێنێت،
ئەڵمانییەکی هەڕاجکراو، پارچەپارچە و شکاو، چونکە زمانی تەندروست، خۆی
نەخۆشییەکە بوو. لێرەوە بۆ ئێمە پرسیارێکی بنچینەیی و چارەنووسساز
دروست دەبێت، دوای هەموو ئەو کارەساتانەی زمانی کوردی لە ژێر
داگیرکاریدا پێیدا تێپەڕی، لە ژێر باوکسالاریدا، لە ژێر هێزە
دەرەکییەکانی زمانی داگیرکاردا، ئایا ئێمە خاوەنی زمانێکی
پۆست-داگیرکاری دەبین بۆ عاشقی ئازاد، یاخود دەبێت زمانەکەمان بشکێنین
وەک ئەوەی سیلان کردی، تاکوو لەناو بەردە شکاوەکانەوە دەنگی ڕەسەن
دەربکەوێت؟ ئەمە پرسیاری چارەنووسسازی نەوەی هزری کوردیی هاوچەرخە.
بەڵام، کاتێک جەستەی ئازاد ئەم زمانە نوێیە دادەهێنێت و بەم ڕیتمە
یۆتۆپیاییە لەناو جیهاندا دەجووڵێت، بەر گەورەترین و بێبەزەییترین هێزی
وێرانکەری بوون دەکەوێت هیچ سوبژێکتێک ناتوانێت لێیەوە ڕابکات، «کات».
هایدگەر لە بوون و کاتدا وتی، مرۆڤ نەک بوونەوەرێکە لە ناو کاتدایە،
بەڵکوو مرۆڤ خۆی کاتە، بوونی ئێمە بریتییە لە بەرەو-مەرگ-بوون، ئەو
تێگەیشتنەی بوونی مرۆڤ هەمیشە لە سایەی ئاگاداربوونیدایە لە مەرگی خۆی
و مەرگ ئامادەییەکی بەردەوامە لە هەبوونیدا. ئایا کات هاوپەیمانی عەشقی
ئازاد و جەستە سەروەرە، یان بکوژە هێواشەکەیەتی؟
مرۆڤی ئازاد چۆن مامەڵە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساتەکان، فەنابوون و پیربوونی
ئەو جەستەیەدا دەکات تازە ئازادی کردووە؟ هەروەها، ئایا مرۆڤی
ڕۆژهەڵاتی، مرۆڤی کورد، دەکرێت لە کات ئازاد بێت لە کاتێکدا خۆی لە ژێر
باری کاتی نەگەڕاوە و کاتی سووتاودا دەژی، لە کاتێکدا هەموو ژیانی،
ژیانی بێکاتیی نوێبوونەوەیە؟ ئەمە ئەو گەردەلوولە فەلسەفییەیە لە
ستوونی داهاتوودا خۆمان دەخەینە ناوییەوە و نەشتەر بۆ چەمکی کات و مەرگ
دەکەین.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|