په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٧\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ١٧

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

ئازادیی ڕەها و مۆتەکەی پووچگەرایی.

کاتێک جەستە لە ڕێگەی نەشتەرگەرییە یەک لەدوای یەکەکانی ئاوێنەکانەوە، خۆی لە تەواوی مێژووی سەپێنراو، کۆتوبەندەکانی بازاڕگەرایی، زمانەوانیی باوکسالاری و تەنانەت لە مۆتەکەی ترسی کات و مەرگ ڕزگاردەکات، لە لوتکەی ئازادیی ڕەهادا خۆی بە تەنها دەبینێتەوە. ئەم تەنهاییە ئۆنتۆلۆژییە، سەروەر جەستەیی ڕووبەڕووی مەزنترین و سامناکترین تاقیکردنەوەی مێژووی خۆی دەکاتەوە، ئەویش مۆتەکەی نیهیلیزم یان پووچگەرایی و بێمانایی ڕەهای جیهانییە.

کاتێک هەموو بتە کۆنەکان، پیرۆزییە دەستکردەکان و دامەزراوە ئایدیۆلۆژییەکان لە ژێر نەشتەری نەشتەرگەریی هەرەسدەهێنن، هاوارێکی کوشندە لە دەروونی بکەری هۆشیار و سەربەخۆ سەرهەڵدەدات، باشە ئەگەر هیچ مانا و حەقیقەتێکی پێشوەختە لە دەرەوەی مندا بوونی نەبێت، کەواتە بۆچی بەردەوامبم؟ ئەمە ئەو ساتەیە نیتشە بەوپەڕی وردبینییەوە پێشبینییکردبوو، کاتێک لە زانستی گەشاوەدا لەسەر زاری ئەو پیاوە شێتەی چرای بەڕۆژ هەڵگرتبوو و هاواری کرد ئاسمان مردووە و ئێمە کوشتوومانە! ئەم قسەیە جەژنی سەرکەوتنی سیکۆلاریزم نەبوو، بەڵکوو هاوارێکی سامناک بوو بۆ ئاگاداری ئەو ڕاستییەی کۆشکی مانا هەرەسیهێناوە و ئێمە هێشتا نازانین چۆن لە ناو ئەم کاولاوەدا بژین.

لێرەدا، ئازادی لە دۆخی سەماکردنەوە دەگۆڕێت بۆ قورساییەکی تاقەتپڕووکێن. ئەمە ڕێک ئەو خاڵە کوشندەیەیە ئەلبێرت کامۆ لە سەرەتای ئەفسانەی سیسیفۆس دا دەستنیشانی دەکات و دەڵێت: تەنها یەک پرسیاری فەلسەفیی جددی هەیە، ئەویش خۆکوشتنە. ئەگەر دوای وێرانکردنی هەموو بونیادەکان، جەستەی ئازاد نەتوانێت وڵامێکی ڕەسەن بۆ ئەم پووچگەراییە بدۆزێتەوە، ئەوا ئازادییەکەی دەبێتە دەرگەیەک بەرەو شێتییەکی گۆشەگیرانە یان گەڕانەوەی پێچەوانە بۆ باوەشی بتە مۆدێرنەکان.

پێش ئەوەی بەرەو وڵام هەنگاوبنێین، پێویستە جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان دوو فۆڕمی پووچگەراییدا بکەین، جیاوازییەک زۆرجار لە خوێندنەوە ڕووکەشەکاندا هەڵدەتەکێت. پووچگەراییەک هەیە بریتییە لە ڕەشبینی و بێهیوایی، ئەو دۆخەی مرۆڤ هەموو شتێک ڕەتدەکاتەوە و ڕادەکات لە ژیان. ئەوەیتریان بریتییە لە دانپێدانانی ئازادانە بەوەی ژیان لە دەرەوەی خۆی مانای پێشوەختەی نییە. یەکەم پووچگەرایییە دەرمانە خەونهێنەرەکەی مرۆڤی داماوە، دووەم پووچگەرایی کوانوی هزری داهێنانە. مرۆڤی نەرێتی زۆرجار یەکەم لەگەڵ دووەم تێکەڵدەکات، بۆیە هەر ئاماژەیەک بۆ نەبوونی مانای ئاسمانی، بۆ ئەو وەک بانگی خۆکوژی دەردەکەوێت. بەڵام هەموو فەلسەفەی هەبوونیی هاوچەرخ لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە، دانپێدانان بە بێماناییی ئاسمانیی جیهان، ڕێک دەرگەی مانای زەوینی مرۆڤانەیە.

ژان-پۆل سارتەر لە فینۆمینۆلۆژیا - دیاردەناسی بۆ شیکردنەوەی ئەزموونی ڕاستەوخۆی هۆشیاریی مرۆڤ ئازادیدا دەڵێت مرۆڤ مەحکوومە بە ئازادی. ئەم چەمکە دەربڕینی ئەو پارادۆکس و دژبەیەکبوونە هزرییە تێیدا ئازادی نەک خەڵاتێک، بەڵکوو سزایەکە و مرۆڤ ناتوانێت لە دەستی ڕابکات، چونکە تەنانەت بڕیاردان لەسەر ئازادنەبوونیش خۆی لە خۆیدا هەڵبژاردنێکی ئازادانەیە. سارتەر ئەم دۆخەی بەو نموونە بەناوبانگەی وەسف دەکات: کاتێک تاکێک لە پیشەیەکدا کاردەکات و دەڵێت چارەم نەبوو، ئەو لە ڕاستیدا خۆی هەڵخەڵەتاندووە بەوەی سارتەر ناوی دەنێت باوەڕی خراپ، چونکە هەموو ساتێک دەیتوانی هەڵبژاردنی پێچەوانە بکات، ئەو نەکردنە بۆخۆی هەڵبژاردنێک بووە. ئێمە لە ژێر باری هەڵبژاردنی هەموو ساتێکماندا دەژین و ئەم بارە قورسە دەبێتە سەرچاوەی دڵەڕاوکێی سەرەکی.

کاتێک جەستە دەگاتە ئەم ئاستە لە ڕوتبەی سەروەری، تێدەگات هیچ ئەژنۆیەک، هیچ دەسەڵاتێک و هیچ غەریزەیەکی کۆمەڵایەتی نەماوە بەرپرسیارێتیی کردارەکانی بخاتە ئەستۆ. بەڵام ئەم ئازادییە لای فریدریش نیتشە دابەشدەبێت بۆ دوو فۆڕمی جیاواز، پووچگەرایی پاسیڤ - ناچالاک و خەمۆک، تێیدا مرۆڤ دوای داڕوخانی بەها کۆنەکان تووشی بێهێزی دەبێت و ژیان ڕەتدەکاتەوە، پووچگەرایی ئەکتیڤ پووچگەراییەکی چالاک و داهێنەر تێیدا مرۆڤ داڕوخانی بەها کۆنەکان دەکاتە دەرفەتێک بۆ خولقاندنی بەهای نوێ. جەستەی سەروەر ناتوانێت لە ناو بێهێزیی پووچگەرایی ناچالاکدا بمرێت، ئەو دەبێت لە ڕێگەی پێداگری لەسەر ژیان، پرۆسەیەک دەستپێبکات و تێیدا مانا وەک کاڵایەکی ئامادەکراوی دەرەکی وەرناگیرێت، بەڵکوو وەک کردارێکی ئیستاتیکی لە ناوخۆی جەستەدا بەرهەم دەهێنرێت.

لێرەدا هەڵدەستین لە یەکێک لە قوڵترین چەمکەکانی نیتشە، ئەویش ئۆبێرمێنشە، مرۆڤی باڵا. ئۆبێرمێنش لای نیتشە نەک مرۆڤێکی زلهێز و ستەمکار بوو وەک زۆرجار بە هەڵە لێکدەدرێتەوە، بەڵکوو ئەو مرۆڤە بوو توانی لە پاش مەرگی ئاسمان و لە پاش داڕوخانی هەموو ئاسمانەکان، خۆی ببێت بە ئاسمان، خۆی ببێت بە خوداوەندی خولقێنەری مانا. ئۆبێرمێنش هەڵدەگرێ، بەڵام هەڵگرتنی بۆ سەرخۆ نییە، ئەو هەڵدەگرێت چونکە دەزانێت هەڵگرتن خۆی مانا دەدات. ئێمە لە کاتێکدا باسی ئۆبێرمێنش دەکەین، دەبێت ئاگاداربین لەوەی ئەم چەمکە بۆخۆی جۆرێک لە بتگەراییە کاتێک بە نەرێتی وەربگیرێت. جەستەی سەروەر نەک بتگەراییەکی نوێ لە ئۆبێرمێنشدا دەخوڵقێنێت، بەڵکوو ئەم چەمکە وەک ئوفوقێکی ئۆنتۆلۆژی بەکاردەهێنێت، ئوفوقێک بۆ ئەوەی مرۆڤی مۆدێرن بزانێت جێگەی ئەو دواتر لە جێگەی خودا بەردەرگەی مانادایە.

بۆ دەربازبوون لەم مۆتەکەیە بەبێ کەوتنە داوی بتگەلی نوێ، جەستەی سەروەر پێویستی بە گۆڕینی ڕیشەیی چەمکی ڕەوشت هەیە. لێرەدا پێویستە جیاوازییەکی بنەڕەتی بکەین لە نێوان مۆراڵ وەک سیستەمە ڕەوشتییە دەرەکی، جێگیر و سەپێنراوەکان لەلایەن ئایین، نەرێت یان دەسەڵاتەوە بەسەر تاکدا دەسەپێنرێن و دەبنە هۆی داڕووخانی دامەزراوەیی و خنکاندنی ئیرادە، لەگەڵ ئیتیک ئەو ئاکارناسییە ناوەکییە، گۆڕاو و زیندووەی لەلایەن خودی تاکی ئازادەوە، بەپێی گەشەکردنی هێزی ژیان و پێویستییەکانی جەستە دایدەڕێژرێت. باروخ سپینۆزا لە شاکارەکەیدا ئیتیکدا، بنچینەی ئەم گۆڕانکارییە مەعریفییە مەزنە دادەنێت. لای سپینۆزا، چەمکی خێر و شەڕی مێتافۆڕی چاکە و خراپەی ئاسمانی و پێشوەختە بوونی نییە، لە جیاتی ئەوە، ئەو باس لە چەمکی بەسوود و زیانبەخش دەکات بۆ هێزی بوون. سپینۆزا لەم بۆچوونە بەوپەڕی بوێرییەوە هەنگاوی ناوە، ئەو دەڵێ هیچ شتێک لە خۆیدا چاک یان خراپ نییە، بەڵکوو تەنها بەرامبەر بە بوونێکی دیاریکراو، هێز دەبەخشێت یاخود لێیدەسەنێتەوە. ئەم بۆچوونە بۆ کۆمەڵگەی ئێمە شۆڕشێکی ڕەهایە، چونکە ئێمە هێشتا لە کەلتوورێکدا دەژین خێر و شەڕ وەک دوو کاتاگۆریی ئاسمانی ڕەها دەبیندرێن. پێوەر لای سپینۆزا بریتییە لە ئیفێکتەکان. هەر کردارێک ببێتە هۆی زیادبوونی توانای کردار هێزی ناوەکیی جەستە بۆ کارکردن و بەخشینی ژیان، کردارێکی ئاکاریی باشە و دەبێتە هۆی دروستبوونی شادیی ئۆنتۆلۆژی، بە پێچەوانەشەوە، هەر کردارێک ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کردار و سستبوونی جەستە، کردارێکی خراپە و خەمۆکی بەرهەم دەهێنێت.

ژیل دولۆز لە خوێندنەوەی هاوچەرخدا بۆ سپینۆزا نیشانی دەدات ئەم ئاکارناسییە نوێیە، فەلسەفەی جەستەیە لە بەرزترین ئاستدا. دولۆز پرسیارە بەناوبانگەکەی خۆی لێرەوە داڕشت: جەستەیەک توانای چی هەیە؟ ئەم پرسیارە زانستی نییە، بەڵکوو پرسیارێکی هەبوونییە. ئێمە نازانین جەستەکانمان چ توانایەکیان هەیە، چونکە کۆمەڵگە پێش ئاگاداریی خۆمان، سنووریان بۆ داناوین، پێیانگوتووین چ ببینین، چ نەبینین، بە چی خۆشحاڵ ببین، بە چی خەفەت بخۆین. جەستەی سەروەر چیتر گوێڕایەڵی یاسا گشتییەکانی کۆمەڵگە نابێت بۆ بەکۆیلەکردنی مرۆڤ داڕێژراون، بەڵکوو ئەو لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی بەردەوامەوە دەزانێت چجۆرە پێکهاتن و بەریەککەوتنێک لەگەڵ جەستەکانی تردا هێزی ژیانی چەندجێ دەکاتەوە. ئەمە ئەو کاتەیە عەشقی ئازاد لە گۆشەگیریی پووچگەرایی ڕزگاری دەبێت، عاشق لەم قۆناغەدا بەرامبەرەکەی لەوپەڕی خاوەندارێتییەوە دەکێشێتە دەرەوە و هیچکام لە وشە مینیاتورییەکانی سیستەم بەکارناهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی، بەڵکوو پێکەوە کاردەکەن بۆ بونیادنانی نەخشەیەکی مەجازیی یۆتۆپیایی و تێیدا دوو ئیرادەی ئازاد، بەبێ توانەوەی کوێرانە لە یەکتردا، پانتاییەکی هاوبەش بۆ چڕکردنەوەی شادی دەخوڵقێنن. ئاکاری جەستەی سەروەر، ئاکاری تێکەڵکردنی هێزەکانە بۆ بەرپەرچدانەوەی مەرگ، نەک خۆبەدەستەوەدان بە یاساکانی زیندانی نەرێت.

لەم پێچە مێژووییەدا، دەبێت پرسیارە ڕەخنەگرەکەی خۆمان ئاڕاستەی سوبژێکتی هاوچەرخی کورد بکەینەوە، مرۆڤی کورد بە درێژایی سەدەی ڕابردوو وەک قوربانییەکی مێژووی هێڵراوەتەوە و ئایدۆلۆژیا گەورەکان کاتیان سووتاندووە، کاتێک دەگاتە قۆناغی ئازادی و نەمانی پاساوە گەورەکان، چۆن ڕووبەڕووی ئەم پووچگەراییە دەبێتەوە؟ ئێمە دەبێت زۆر ورد بین لەم لێکدانەوەیە، چونکە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕاستیدا دووجار پرۆسەی داڕوخانی بەهاکانی بەخۆیەوە بینیوە. جاری یەکەم، داڕوخانی بەها نەرێتییەکان لە بەرامبەر مۆدێرنیتەی سەپێنراوی داگیرکەراندا، جاری دووەم، داڕوخانی ئایدیۆلۆژیا گەورە سیاسییەکانی سەدەی بیستەم بۆ ماوەیەک بوونە بتگەلی نوێی وەک نەتەوەگەرایی و سۆسیالیزم و ئیسلامی سیاسی و ...تاد.

لێرەدا مەترسییەکی گەورە هەیە تاکی کورد دوای ڕزگاربوونی سەرەتایی لە دەسەڵاتی دەرەکی، تووشی جۆرێک لە پووچگەرایی پاسیڤ و وێرانکەر ببێت، تێیدا هەموو کایە فیکری و سۆزدارییەکان بێبایەخبکات و خۆی فڕێبداتە ناو گێژاوی چێژگەراییەکی کاتی و خێرا و بازاڕی نیۆلیبراڵی بۆی بەرهەم دەهێنێت. ئەمە ئەو دیاردەیەی بایۆل هان لە شیکاریی خۆیدا وەسفیدەکات، سەردەمی شادیی ناچار، ئەو سەردەمەی تاک ناچار دەکرێت وایە نیشانبدات هەموو کاتێک شادە، حاڵخۆشە، بەرهەمهێنە. ئەم شادییە ناچارە، ماسکێکی نوێی داگیرکارییە، چونکە ئەو تاکەی مافی خەمی خۆی نامێنێت، ئەو تاکەیە هەموو دەرگەکانی ئازارە ڕەسەنەکانی خۆی داخستووە. ئەم کورتکردنەوەیەی ئازادی بۆ ناو فۆڕمەکانی حاڵخۆشیی ساختە، گەورەترین تەڵەی مۆدێرنیتەیە. ئاکارناسیی نوێ پێماندەڵێت یاخیبوونی کورد تەنها کاتێک دەگاتە مەنزڵگەی ڕەسەنی خۆی، بتوانێت لە ناو دڵی ئازادییە ڕەهاکەیدا، مانا کوردییەکەی خۆی بۆ ژیان دابهێنێت، مانا وەک کردارێکی سەربەخۆ، نەک وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بە داگیرکەر.

جەستەی سەروەر بۆ ئەوەی نەبێتە قوربانیی شێتییەکی گۆشەگیرانە، پێویستی بەوەیە ئەویتر بناسێتەوە، بەڵام نەک وەک ئامرازێک بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی خۆی، بەڵکوو وەک هاوسەفەرێک لە فەزای بێمانایی جیهاندا. کاتێک جیهان لە ناخەوە چۆڵدەبێت لە مانای پێشوەختە، مانا دەبێتە پڕۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان جەستە ئازادەکاندا. ئەمە ئەو ڕوانگەیەیە مارتین بۆبەر لە من و تۆدا دایڕشت پەیوەندی هەیە، پێیدەگوترێت من-ئەو، پەیوەندییەک تێیدا ئەویتر بۆ من دەبێتە کاڵا، ئامراز، بە ئاژەڵی مێشکی من ناویدەبات. بەڵام پەیوەندی هەیە پێیدەگوترێت من-تۆ، پەیوەندییەک تێیدا ئەویتر بۆ من دەبێتە بوونێکی سەروەر، جیهانێکی تەواو، هاوسەفەرێک لە ناو نەبوونی ماناکاندا. ئەم جیاوازی چوارچێوەیە بۆ کۆمەڵگەی کوردی گەورەیە، چونکە ئێمە لە کەلتوورێکدا گەشەمان کردووە من-ئەو، شێوازی سەرەکیی پەیوەندی بووە، بەتایبەت پەیوەندیی نێوان پیاو و ژن، نێوان گەورە و بچووک، نێوان دەسەڵاتدار و هاووڵاتی. گەیشتن بە من-تۆ شۆڕشێکی هەبوونییە و دەبێ هاوکات لەگەڵ هەموو نەشتەرگەرییەکانی پێشووماندا ئەنجامبدرێت. ئەمە ئەو کاتەیە ئەخلاقی نوێ دەبێتە هێزی بونیادنەری ئۆتۆپیا. جەستەی ئازاد ناتوانێت لەسەر ئازاری جەستەیەکی تر شادبێت، چونکە بەپێی هاوکێشەکەی سپینۆزا، ئازاردان و بچووککردنەوەی ئەویتر، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای کرداری خودی مرۆڤەکە و ژەهراویکردنی فەزا گشتییەکە. کەواتە، دادپەروەری و هاوسۆزی لێرەدا چیتر فەرمانێکی ئاسمانی نین لە ترسی سزا ئەنجامبدرێن، بەڵکوو پێداویستییەکی ئۆنتۆلۆژین بۆ پاراستنی خودی ئازادی لە داڕووخان.

لێرەدا دەبێ لەسەر خاڵێکی نازک بوەستین زۆرجار لە بابەتەکانی ئازادیدا لاوەکی دەکرێت. ئازادیی ڕەها بەبێ هاوکاتیی ئەخلاقی نوێ، بۆخۆی دەبێتە ژەهر. مرۆڤێک خۆی لە هەموو کۆتوبەندێک ڕزگارکردبێت بەڵام هێشتا مێشکی لە ژێر هەژموونی ئۆنتۆلۆژیایەکی خودپەرەستدا بێت، ئەم مرۆڤە ئازاد نییە، ئەو تەنها زیندانەوانی جیهانە کۆنەکەی گۆڕیوە. ئازادیی ڕەسەن، ئازادییەکە خۆی نەک لە نەبوونی سنووری دەرەکی، بەڵکوو لە هاوکاتیی گەشەی هێزی ژیان لەگەڵ گەشەی ئاگاداریی بەرامبەر بە ئەویدا پێناسەدەکات. لێرەدا دەکرێت ئاماژە بە ئێمانوێل لێڤیناس بکرێن، فەیلەسوفێک وتی: ئەخلاق لە پێش هەبوونەوە دێت. بۆ لێڤیناس، هاوارە خامۆشەکەی ڕوخساری ئەویدا، ڕاستەوخۆ ئێمە بانگی ئەخلاق دەکات، پێش هەر بڕیارێکی هزری. جەستەی سەروەر ناتوانێ لە ڕوخساری ئەویدا هەڵبێت، ئەو ڕوخسارە یەکەم دەرگەی هەبوونە بۆ ماناکردنی ژیان لە پاش داڕوخانی ئاسمانەکان.

پاش ئەم نەشتەرگەرییە گەورەیەی بەسەر تەواوی بونیادەکان، جەستە، زمان، کات و ئاکاردا هێنامان، ئێستا ئێمە لەبەردەم نەخشەیەکی تەواو نوێی جیهانیدا وەستاوین. جەستەی سەروەر وڵامی خۆی بۆ پرسیارەکەی کامۆ داوەتەوە: ئەو خۆی ناکوژێت، چونکە تێگەیشتووە نەبوونی مانا لە جیهاندا، مەرگ نییە، بەڵکوو بانگهێشتنامەیەکی پڕ شکۆیە بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی ببێتە خوداوەند و خولقێنەری مانای خۆی. سیسیفۆسی کامۆ کاتێک بەردەکەی بەردەوام بۆ سەرەوە دەبات، لە قوڵترین ئاستی هزری خۆیدا زیندوویە، چونکە ئەو تێگەیشتووە تەنانەت خودای گەورەشی نێو ئەفسانە یۆنانییەکان، دوژمنی ژیانی نەبووە، بەڵکوو دەستەمۆکاری ئازادیی مرۆڤی بووە. ژیانی ڕەسەن لە ملکەچی ئازادیدا نییە، بەڵکوو لە بەڵێ گوتن بە بەردی خۆی لە هەموو ساتێکدایە. بەڵام کاتێک ئەم ئاکارە نوێیە جێگیردەبێت و سوبژێکت لە ناو یۆتۆپیاکەیدا نیشتەجێدەبێت، دواین و قورسترین ململانێ لە نێوان ئامادەیی فیزیکیی جەستە و دونیای گریمانەیی شاشەکاندا، سەرهەڵدەدات.

لە سەردەمێکدا تەکنەلۆژیا دەیەوێت تەواوی گۆشت و خوێنی جەستەمان هەڵمژێت و بیگۆڕێت بۆ کۆد و نیشانەی دیجیتاڵی، جەستەی سەروەر چۆن دەتوانێت ڕەسەنایەتیی خۆی بپارێزێت؟ ئایا دیجیتاڵبوونی ژیان، دواین داگیرکاریی جەستەیە یان ڕێگەیەکی نوێیە بۆ نەمری؟ لە کاتێکدا مژینی هزرەکانمان لەلایەن ئاڵگۆرێزمە دیجیتاڵییەکانەوە دەکرێت و هەموو کلیکێکمان دەبێتە ماددەی خام بۆ سەرمایەداریی نوێی چاودێری، ئایا هێشتا دەکرێت باسی سەروەریی جەستە بکەین؟ ئەمە ئەو پرسە فرەڕەهەندەیە لە ستوونی داهاتوودا، دەرگەی پشکینینی بۆ دەکەینەوە.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک