|
١٣\٧\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
١٨
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
توانەوەی جەستە لە ناو
شاشەکاندا.
کاتێک جەستەی سەروەر، قۆناغە سەختەکانی ڕزگاربوون لە باوکسالاری،
ڕەتکردنەوەی زمانی باو و مۆتەکەی پووچگەرایی تێدەپەڕێنێت، لەوپەڕی
خاوەندارێتییەوە بەرەو بونیادنانی نەخشەیەکی مەجازیی یۆتۆپیایی یان
پانتاییەکی خەیاڵیی نموونەیی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ژیان هەنگاو دەنێت،
لەپڕێکدا ڕووبەڕووی دۆخێکی ئۆنتۆلۆژیی - بوونناسیانەی تەواو نامۆ
دەبێتەوە. هەستدەکات وردە وردە کێشی فیزیکیی خۆی لەدەستدەدات، گۆشت و
خوێنی دەبنە هەڵم و لەناو گێژاوێکی بێسنووری ڕووناکیدا دەتوێتەوە.
جەستە لێرە، لە لوتکەی ئازادییە سەختەکەیدا، سوبژێکتی هاوچەرخ خۆی
لەبەردەم بێدەنگترین، شاراوەترین و وێرانکەرترین فۆڕمی داگیرکاریدا
دەبینێتەوە، داگیرکارییەک مێژووی مرۆڤایەتی تا ئێستا بەخۆیەوە
نەبینیبێت، ئەویش داگیرکاریی دیجیتاڵییە. ئەگەر سیستەمە کلاسیکییەکان،
ئایینەکان و دەسەڵاتە ستەمکارەکان تا ئێرە، ئیشەکەیان کۆتوبەندکردنی
جەستە یان سزادانی بووبێت، ئەوا سەرمایەداریی دیجیتاڵی دەیەوێت جەستە
بە تەواوەتی وەک بوونێکی ماددی بسڕێتەوە و بیگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک زانیاری
و نیشانەی ڕووناک لە پشت شاشەکانەوە. ئەم داگیرکارییە جیاوازە لە هەموو
جۆرە داگیرکارییەکی ناو مێژوو، چونکە یەکەمجارە داگیرکەر پێویستی بە
زەبر و هێزی فیزیکی نەبێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی جەستە، بەڵکوو جەستە خۆی،
بەوپەڕی دڵخۆشییەوە، خوازیارە لە ئامێز بگیرێت، تەنانەت لە باوەشی
داگیرکەرەکەیدا هەست بە خۆشەویستی و جۆرە ئارامییەکی دڵبەریش دەکات.
ئەمە تەنها گۆڕانکارییەکی تەکنەلۆژی نییە، بەڵکوو کارەساتێکی گەورەی
مەعریفییە. بۆ تێگەیشتن لەم تراژیدیایە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو
بنەمایەی فەیلەسووفی فەرەنسی مۆریس مێرلۆ-پۆنتی لە دیاردەناسیدا
دایهێناوە، ئەو دەڵێت مرۆڤ بوونەوەرێک نییە جەستەیەکی هەبێت، بەڵکوو
مرۆڤ خودی جەستەیەتی. ئێمە لە ڕێگەی زبریی پێستمان، بۆنکردنمان و کێشی
هەنگاوەکانمانەوە جیهان دەناسین. مێرلۆ-پۆنتی لە شاکارەکەی -
دیاردەناسیی درککردن دا، دەڵێت مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونێکی بەرەو-جیهانە
و ئەم ئاڕاستەبوونەش بەرەو جیهان تەنها لە ڕێگەی جەستەوە ڕوودەدات.
کاتێک جەستە کێشدەکرێتە پشت شاشەکان، ئەم پردەی بەرەو-جیهانبوونە
دادەماڵرێ، واتا مرۆڤ چیتر لەناو جیهانی ڕاستەقینەکەی خۆیدا نییە،
بەڵکوو کەوتووەتە ناو نوسخەیەکی ساختەی جیهانی. دونیای شاشەکان، ئەم
کێشە فیزیکییە دەسەنێتەوە و دۆخێکی سەروو-واقیعیی پێدەبەخشێت -
واقیعێکی دەستکرد، بەڵام لە ڕاستەقینە ڕاستەقینەتر و بێکەموکوڕیتر
دەردەکەوێت.
بۆدریار، سی ساڵ پێش ئێستا، ئاماژەی بەم دۆخە کردوە: ئێمە چیتر لە
سەردەمی نوێنەرایەتیکردندا نەماوین، بەڵکوو گەیشتووینەتە سەردەمی
سیمولاکرا، ئەو نیشانەیەی هیچ سەرچاوەیەکی واقیعیی نییە و تەنها ئاماژە
بۆ نیشانەیەکی تر دەکات و ئەویش بۆ نیشانەیەکی تر، تا ئەو ڕادەیەی
زنجیرەکە بە تەواوی بێسەرچاوە دەبێت. لە جیهانی ئینستاگرامدا، ئێمە
وێنەی وێنەکانی ژیانمان دەگرین، نەک خودی ژیانمان. بۆدریار پێشبینیی
کردبوو ڕۆژێکدێت جیهانی سیمولاکر لە جیهانی ماددی ڕاستەقینەتر بێتە
بەرچاومان، ئێمە ئێستا ڕێک لەم قۆناغەداین. شاشەکان پێماندەڵێن پێویست
ناکات ئازار بکێشیت، پێویست ناکات پیر ببیت، وەرە ئێرە و بۆ تاهەتایە
لەناو وێنەیەکی بێگەرددا بژی. بەڵام ئەم نەمرییە دیجیتاڵییە، لە
ڕاستیدا مەرگی یەکجارەکیی جەستەی سەروەرە، چونکە ئازادی تەنها لەو
شوێنەدا بوونی هەیە توانای خوێنبەربوون و ئازارچەشتنی تێدایە، نەک لەو
شوێنەی تەنها کۆد و ژمارەیە.
مەترسییە گەورەکە لێرەدایە: ئەو بازاڕە دیجیتاڵییە دەیەوێت ئەو چەمکەی
ئێمە وەک نەخشەیەکی مەجازیی و یۆتۆپیایی بۆ ئازادیی خۆمان بونیادمان
نابوو بڕفێنێت و دواتر نوسخەیەکی ساختە و پێشوەختە ئامادەکراومان
پێبفرۆشێتەوە. شۆشانا زوبۆف لە شاکارە هاوچەرخەکەیدا بە ناوی
سەرمایەداریی چاودێری، بە وردبینییەوە شیکاریی ئەم دۆخە دەکات و دەڵێت
سەرمایەداریی نوێ چیتر تەنها کاڵا و کرێکار کۆنترۆڵ ناکات، بەڵکوو خودی
ئەزموونی مرۆیی بەدەست دەهێنێت و دەیگۆڕێ بۆ داتای بەرهەمهێنراو. هەموو
کلیکێک، هەموو خولەکێکی مانەوەمان لەسەر پۆستێک، هەموو جێگیربوونێکی
چاومان لەسەر شاشەیەک، دەبنە ماددەی خاوی سەرمایە بۆ کۆمپانیا
زەبەلاحەکان. ئەمە داگیرکاریی ئەزموونییە وەک شێوازێکی نوێی داگیرکاری،
ئەو داگیرکارییەی ئێمە هێشتا نازانین چۆن بتوانین بەرگریی بکەین لە
بەرامبەریدا، چونکە داگیرکەرەکە دیار نییە، لە هەموو شوێنێکە و لە هیچ
شوێنێکیش نییە. تۆڕەکان بەردەوام پێماندەڵێن تۆ ئازادی، هەموو شتێکت
بوێ دەتوانیت بیڵێیت، هەموو شتێک پیشان بدە، بەڵام ئەمە ئازادی نییە،
بەڵکوو دیاریکراویێتییەکی ئەلگۆریتمییە - دۆخێک تێیدا هاوکێشە
بیرکارییە ئاڕاستەکەرەکانی ناو تۆڕەکان، پێشوەختە بڕیار لەسەر ئارەزوو،
بیرکردنەوە و بینینەکانمان دەدەن. لەم فەزایەدا، جەستە چیتر مەیدانی
یاخیبوون و سەروەر نییە، بەڵکوو تەنها بووەتە تابلۆیەکی ڕیکلام بۆ
سەلماندنی بوونی خۆی لە ڕێگەی ژمارەی بەکاربەر و بینەرەکانەوە. مرۆڤی
ئازادی تازە لە زیندانی نەریت ڕزگاربوو، ئێستا بە پێیەکانی خۆی و
بەوپەڕی دڵخۆشییەوە دەچێتە ناو زیندانێکی بێدیوار، زیندانێک لە بری
پاسەوان، لایک و کۆمێنت چاودێریی دەکەن.
لێرەدا دەبێت لەسەر گۆڕانێکی ناسک و کوشندە بوەستین، ئەویش گۆڕانی
چەمکی ناسنامەیە لە فەزای دیجیتاڵیدا. لە جیهانی پێش-دیجیتاڵدا،
ناسنامەی تاک درێژخایەن بوو، بە تێپەڕبوونی کات و لە ڕێگەی ئەزموونی
جەستەییەوە، پەیوەندییە هاوبەشەکان و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەدا
دەنووسرایەوە. بەڵام لە جیهانی دیجیتاڵیدا، ناسنامە دەبێتە شتێکی شل،
پارچەپارچە و بەردەوام لە پەیدابوونەوەدایە. تاک هەموو ڕۆژێک ناچارە
خۆی نوێبکاتەوە، پۆستێکی نوێ بکات و بنووسێ، وێنەیەکی نوێ بخاتە ڕوو،
هەڵوێستێکی نوێ نیشانبدات تا لەبیر نەکرێت. ئەم دۆخە، پرۆفایلە
دیجیتاڵییەکەی ئێمە دەکاتە مەیدانی ئەو ململانێیەی زیگمۆنتباومان بە
شەڕی دژە لەبیرکران ناوی دەبات. تاکی مۆدێرن چیتر وەک تاکی نەریتی لە
مەرگی فیزیکی ناترسێت، بەڵکوو ئەو لە شتێکی زۆر ترسناکتر دەترسێت، لە
بێدەنگیی دیجیتاڵی، لەو ڕۆژەی کەس لایکی وێنەکەی ناکات، لەو ساتەی
پرۆفایلەکەی وەک بیابانێکی بێدەنگی لێدێ. ئەم ترسە، جەستە دەخاتە
خزمەتی شاشەوە و دەیکاتە کۆیلەی هەبوویەکی گریمانەیی ئەوتۆ لە بنەڕەتدا
هەرگیز بوونی نییە. تاکێک چاوی نەکرابێتەوە، هەرگیز تێناگات ئەم
بازاڕەی هەموو ڕۆژێ تێیدا خۆی دەفرۆشێت، بۆخۆی هیچ کڕیارێکی نییە جگە
لە ئەلگۆریتمە هەڕەمەکییەکان، ئەو ئەلگۆڕیتمانەی هیچ شتێکی ڕەسەن لەودا
ناناسنەوە.
لەم وێستگەیەوە، دەبێت بە واقیعبینانە و قووڵییەوە لە دۆخی مرۆڤی
ڕۆژهەڵاتی و بە تایبەت تاکی کورد بڕوانین. مرۆڤی کورد بە درێژایی
مێژووە جەستەییەکەی خۆی لەلایەن داگیرکەرانی فیزیکییەوە سەرکوتکراوە،
خاکەکەی دابەشکراوە و لە ژیانی واقیعییدا هەستی بێدەسەڵاتی تێدا
چیندراوە، کاتێک دەکەوێتە بەردەم فەزای بێسنووری دیجیتاڵی، ڕووبەڕووی
وەهمێکی ترسناک دەبێتەوە. ئەو پێیوایە لەم شاشانەوە دەتوانێت ئەو
سەروەرییە قەرەبوو بکاتەوە لە واقیعدا لێیزەوتکراوە، لێرەدا دەبێتە
پاڵەوان، خاوەن دەسەڵات، بێباکانە دەدوێ و جیهانێکی گریمانەیی بۆ خۆی
دادەتاشێ. بەڵام ئەمە درۆینەترین جۆری ڕزگارییە، ئەمە لە جیاتی گۆڕینی
واقیع، هەڵاتنە لە واقیع. لێرەدا دەبێت تراژیدیایەکی گەورەتر ئاشکرا
بکەین، کاتێک گەنجی کورد لە ڤیدیۆیەکی کورتخایەنی سی چرکەییدا خۆی وەک
شۆڕشگێڕێک یان فەیلەسووفێک نیشاندەدات، لە ڕاستیدا وزەی گۆڕانکاریی
واقیعیی خۆی بەفیڕۆ دەدات. ئەو وزەیەی دەیتوانی بیکاتە بکەرێکی ڕەخنەیی
جیددی، بچووک دەبێتەوە بۆ بەدەستهێنانی یەک لایکی زیاتر لە پەیجێکدا.
سلاڤۆ ژیژەک ئەمە بە ئاکتیڤیزمی کورسیی نەرم یان چالاکوانیی تەمبەڵ و
ناکاریگەر ناو دەبات، ئەو یاخیبوونە بێبەهایەی هەمووی لە پشت شاشەوە
دەکرێت و تەنها هەستێکی کاتیی ئاسوودەیی بە ویژدان دەبەخشێت، بەڵام هیچ
کاتێک بونیادێکی ماددی و واقیعی نەگۆڕیوە. داگیرکەرانی نوێ زۆر باش
دەزانن شۆڕشی شاشە، سەلامەتترین جۆری شۆڕشە بۆیان، چونکە هەرگیز ناگاتە
دەرگەی کۆشکەکانیان. داگیرکەری نوێ پێویستی بە تانک و زرێپۆش و تۆپ
تەیارە و درۆن نییە تا لە ڕێگەیەوە جەستە کۆنترۆڵ بکات، نا- تەنها
پێویستی بەوەیە لەبەردەم شاشەیەکدا دایبنیشێنێت و بیخاتە ناو خەونێکی
قورسی ئەلیکترۆنییەوە، تا ئەو کاتەی وزەی یاخیبوون و توانای گۆڕانکاریی
فیزیکیی بە تەواوی تێدا دەپووکێتەوە و دەمرێت.
هەڵبەتە لێرەدا، بۆ ئەوەی نەکەوینە داوی دژایەتی ساویلکانەی
تەکنەلۆژیاوە، دەبێ ڕەخنەیەک لە خۆشمان بگرین. تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی لە
خۆیدا بێلایەن نییە، نە ڕەحمانە و نە شەیتان، بەڵکوو ئامرازێکە فۆڕمی
سیاسی و ئابووریی کۆنترۆڵکەر، ماهییەتەکەی دیاری دەکات. لە دەستی
نەوەیەکی هۆشیاری کورددا، ئەم ئامرازە دەکرێ ببێتە دەرگەی گەیشتن بە
فەلسەفەی جیهانی، ببێتە پردێک بۆ گەیشتن بە هاوسەفەرانی هزری لە شوێنی
جیاواز و ببێتە ئەرشیف و بەڵگەنامەی تاوانەکانی داگیرکەران بۆ مێژوو.
کێشەکە لە خودی ئامێرەکەدا نییە، کێشەکە لەو مۆدێلە ئابوورییەیە بە
ئێمە فرۆشراوە، مۆدێلی سەرمایەداریی چاودێری، تێیدا ئامێرەکان ڕاستەوخۆ
خراونەتە بەردەستمان بۆ ئەوەی بمانکاتە کاڵای کەلتووری و سەرمایە،
زۆرینەی هەرە زۆری ئەو خزمەتگوزاریانەی لێرە لەم ڕۆژهەڵات و وڵاتەی
ئێمەدا بێبەرامبەرن، لە ئەوروپا و جیهانی خۆرئاواییدا، نەک هەر
بێبەرامبەر نین، تەنانەت باج و خەراجێکی زۆریش خراوەتە سەریان، مرۆڤی
کورد دەبێ وردتر لەمە تێبگات بۆ، کەواتا یاخیبوونی ڕەسەن لێرەدا
تووڕهەڵدانی ئامێرەکە نییە، بەڵکوو دەرچوونە لە مۆدێلی ئابووریی
سەرمایەداریی چاودێری. ئایا دەکرێت ئێمە ئامێرەکان بەکاربێنین بێئەوەی
ئەوان ئێمە بەکاربهێنن؟ ئایا دەکرێ لە ناو تۆڕدابین بێئەوەی تۆڕەکە بە
تۆڕەکەوەبین؟ ئەمە پرسیارە چارەنووسسازەکەی نەوەی ئێمەیە و دەبێت
بەردەوام لە خۆی بکات و هەر لە خۆیشیدا بە دوای دۆزینەوەی وڵامە
ڕاستەقینەکەیدا بگەڕێت.
باشە، چارەسەری ئەم قەیرانە ئۆنتۆلۆژییە چییە؟ ئایا جەستەی سەروەر
دەتوانێت لەم توانەوەیە دەربازیبێت؟ ڕاستییەکەی ڕزگاری لێرەدا بە
شکاندنی ئامێرەکان و گەڕانەوە بۆ خێوەتگە ناکرێت، بەڵکوو بە گێڕانەوەی
ئامادەبوونی ڕەها و هەستپێکراو دەکرێت بۆ ناو ساتەکانی ژیان. لێرەدا
دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ چەمکێکی سۆفییانەی ئیسلامی، چەمکێک دەکرێت لە
دیدێکی نوێوە بخوێنرێتەوە، ئەویش چەمکی حاڵ'ـە، بەرامبەر بە چەمکی
مەقام. حاڵ ئەو هەستە زیندووە بوو سۆفی لە ساتێکی دیاریکراودا دەیگرت،
بەرامبەر بە مەقام شوێنێکی جێگیر و درێژخایەن بوو. سۆفییەکان دەیانگوت
مرۆڤی پێگەیشتوو ئەو کەسەیە توانیبێتی حاڵی خۆی بە زیندوویی ڕابگرێت،
نەک تەنها بە پیرۆزیی مەقامەکەیەوە سەرقاڵ بێت. ئێمە دەتوانین ئەم
چەمکە بگوێزینەوە بۆ زەمەن و زمانی هاوچەرخی خۆمان، مرۆڤی ئازاد ئەو
کەسەیە توانای ئامادەبوونی زیندووی لە ساتێکی ماددیدا هەیە، بەرامبەر
بە مرۆڤی دیجیتاڵی، ئەو مرۆڤەی هەمیشە یاخود لە داهاتووی
ڕیکلامەکاندایە، یاخود لە ڕابردووی وێنە هەڵگیراوەکاندا دەژییەت، بەڵام
هەرگیز لە ئێستای زیندوودا نییە.
گەورەترین یاخیبوونی سەدەی بیست و یەک، بریتییە لە توانای پچڕاندن.
کاتێک عاشقی ئازاد، لە لوتکەی تێکەڵبوون لەگەڵ مەعشووقەکەیدا،
بڕیاردەدا ئامێرەکەی بکوژێنێتەوە و پەیوەندییەکەی بەو سێرڤەرانەوە -
ئامێرە زەبەلاحەکانی هەڵگرتنی زانیاری، بپچڕێنێت، ئەو ئامێرانەی
دەیانەوێت هەموو ساتێکی ژیانی بکەنە داتا، ئەو لەو ساتەدا سەروەریی خۆی
دەسەلمێنێت. عەشقی ئازاد لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، ئەو عەشقەیە
ڕەتیدەکاتەوە وێنەی بگیرێ و لە بازاڕی بینینەکاندا بفرۆشرێ، ئەوان
تێدەگەن ڕەسەنایەتی و پیرۆزیی بوون، تەنها لەو پانتاییەدا دەپارێزرێ
شاراوەیە لە چاوی ئەلگۆریتمەکان. گەڕانەوە بۆ ناو کێشی فیزیکی،
گەڕانەوەیە بۆ ناو واقیع بە هەموو برین، ناشرینی، پیربوون و
ئازارەکانییەوە. چونکە ژیانێکی ئازاراویی ڕاستەقینە، هەزار جار
شکۆمەدارترە لە نەمرییەکی درۆینەی ناو شاشەکان.
لێرەدا دەبێت بە خەمێکی قووڵی زیاترەوە لە دواین ڕەهەندی ئەم قەیرانە
بڕوانین، ئەویش پەیوەندیی داهاتووی مرۆڤە بەو تەکنەلۆژیایانەی زیرەکیی
دەستکرد دەیانخوڵقێنێ. پێچەوانەی بۆچوونەکەی ژان-پۆل سارتەر، کاتێک
دەیگوت مرۆڤ مەحکوومە بە ئازادی، کاتێک چیتر بە تەنها مەحکوومی ئازادیی
خۆمان نین، بەڵکوو زیرەکیی دەستکرد بووەتە شەریکی بڕیارەکانمان، ئایا
ئێمە هێشتا خاوەنی ماناکانمانین؟ ئەگەر یەکێک لە بەرزترین فۆڕمەکانی
ئازادیی مرۆڤ، ئازادیی خوڵقاندن و داهێنان بووبێت و ئێستا ئامێرەکان
بتوانن هەموو شتێک بۆ ئێمە بخوڵقێنن، لە شیعرەوە تا وێنە، لە بڕیاری
ئابوورییەوە تا هەڵبژاردنی هاوسەرگیری، ئایا ئێمە هێشتا مرۆڤ
دەمێنینەوە، یاخود تەنها دەبینە ڕەخنەگرێکی هەڕەمەکی بۆ ئەو شتانەی
ئامێرەکان بۆمانیان داهێناوە؟ ئەمە پرسیارێکی ئۆنتۆلۆژییە و
نەشتەرگەرەکانی سبەی دەبێت وردەکاریی زیاتری بۆ بکەن، بەڵام هێمای
سەرەکیی ئێمە لێرەدا ئەوەیە، جەستە دەبێت ببێتە ئەو خاڵی بەرگرییە
کۆتاییەی زیرەکیی دەستکرد هەرگیز نەتوانێت تێیپەڕێنێت. جەستە بە
شێوەیەکی ئۆنتۆلۆژی ئەو شتەیە ئامێر نایگەنێ، چونکە ئامێر هەرگیز خوێنی
لێنایەت، هەرگیز پیر نابێت، هەرگیز نامرێت. لێرەدا برین، پیربوون و
مەرگ، نەک نیشانەی لاوازیی بوون نین، بەڵکوو نیشانەی ئەوەن ئێمە هێشتا
مرۆڤین، هێشتا لە جیهاندا نیشتەجێین و هێشتان سەروەرین.
کاتێک جەستە بەم شێوەیە قەڵغانی فیزیکیی بەرامبەر بە نوسخە ساختەکانی
جیهان دروستدەکات و بە تەواوی ئامادەیییەوە دەگەڕێتەوە ناو واقیع،
لەبەردەم دوایین پرسیاری گەورەی ئەم نەشتەرگەرییانەدا دەوەستێت، باشە
کاتێک هەموو بەها کۆنەکانمان وێرانکرد و لە بازاڕ و لە تەکنەلۆژیاش
یاخی بووین، ئایا پێوەرەکانی جوانی لەم یۆتۆپیا نوێیەدا چین؟ ئایا
جوانی چیتر ئەو پێوەرە ئەندازەییەیە سیستەمەکان دایانتاشیوە، یان ئێمە
پێویستمان بە فەلسەفەیەکی تەواو نوێی ئیستاتیکی هەیە، فەلسەفەیەک
شایستەی ئەم جەستە بریندار و سەروەرەبێ؟ ئەمە ئەو مەنزڵگە باڵایەیە لە
ستوونی داهاتوودا، بۆ یەکەمجار، نەخشە و ڕەهەندەکانی دەوروژێنین.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|