په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٧\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٢٠

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

زیندانی ناو زیندان: دیاردەناسیی جەستەی داگیرکراوی ژن.


دوای ئەوەی لە ستوونی پێشوودا ئاوێنە ساختەکانمان شکاند و سەروەری جەستەییمان گەڕاندەوە ناو واقیع، تا لە چرچولۆچی و برینەکانیدا ئیستاتیکایەکی ڕەسەن دابڕێژینەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە لەبەردەم قووڵترین و شاراوەترین برینی ئۆنتۆلۆژیی جڤاکی کوردیدا بوەستین.

کاتێک باس لە قوربانیبوون و داگیرکاری دەکەین، بیرمان ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر وێنەی دوژمنان و خاکێکی دابەشکراو. بەڵام لە ژێر ئەم داگیرکارییە گەورەیەدا، داگیرکارییەکی بێدەنگتر، کوشندەتر و ناوەکیتر هەیە، ئەو داگیرکارییەی تەواوی بونیادی کۆمەڵگەی ئێمەی ئیفلیج کردووە. ژنی کورد دووجار قوربانییە و لە نێوان دوو بەرداشدا دەهاڕدرێت، لە لایەکەوە قوربانیی ماشێنی داگیرکاریی دەرەکییە، لە لایەکی تریشەوە قوربانیی سیستەمی باوکسالاریی ناوەکییە. سیمۆن دی بۆڤوار، لە کتێبی ڕەگەزی دووەم دا، ئاماژە بەوە دەکات ژن لە هیچ کۆمەڵگەیەکدا وەک خۆی و بە سروشتی خۆی قبووڵ نەکراوە، بەڵکوو کراوە بەو بوونەوەرەی کۆمەڵگە — تاک بە تاک، لە پەروەردەوە تا زمان، لە جلوبەرگەوە تا نیگا، دەیخوازێت. ژنی کوردیش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دووجار کراوە بەو بوونەوەرە خوازراوە، جارێک لە لایەن داگیرکەرەوە، بە ڕەگەزپەرستانە دەبیندرێت، جارێکیش لە لایەن بیری باوکسالاریی خۆیەوە بوونناسییانە قەتیسدەکرێ. بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە، پێویستمان بە دروشم و بەند و باوی زۆر قووڵ و باو نییە، بەڵکوو پێویستمان بە هەڵکۆڵینێکی دیاردەناسیانە و دەروونشیکارییانەی وردی ژیانی ڕۆژانە هەیە.

با سەیرێکی حەوشەی ماڵە کوردی بکەین، دیوارەکانی بەرزکراونەتەوە و دەرگە ئاسنینەکەی بە ڕووی دەرەوە داخراو و قفڵدراوە. پاساوە دەروونی و جڤاکییەکەی پیاوسالاری بۆ ئەمە، بریتییە لە پاراستنی شەرەف و خێزان لە مەترسییەکانی دەرەوە، لە چاوی داگیرکەر، لە پۆلیسی دەوڵەت، لە مەترسییەکانی سەر شەقام. لێرەدا دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ شیکارییەکانی میشێل فۆکۆ لەسەر فەزای زیندان و چەمکی پانۆپتیکۆن. پانۆپتیکۆن لە بنەڕەتدا مۆدێلێکی زیندان بوو، ئەوەی فەیلەسووفی بەریتانی جێرێمی بێنتام لە سەدەی هەژدەدا دایڕشت و تێیدا زیندانەکە بە شێوەیەک بونیادنراوە، پاسەوانێک لە بورجی ناوەڕاستی زیندانەکەوە بتوانێ چاودێریی هەموو زیندانییەکان بکات، بێئەوەی زیندانییەکان بزانن کەی چاودێری دەکرێن. فۆکۆ ئەم مۆدێلەی بۆ شیکاریی کۆمەڵگەی هاوچەرخ گەشە پێدا و وتی: ئێمە هەموومان لە پانۆپتیکۆنێکی گەورەی کۆمەڵگەدا دەژین، هەمیشە هەست بەوە دەکەین چاوێکمان لەسەرە، بۆیە خۆمان چاودێریی خۆمان دەکەین. پیاوی کورد لە ترسی چاودێریی داگیرکەر، ماڵەکەی دەکاتە قەڵایەکی داخراو، قەڵایەک دواجار بۆ ژن دەبێتە زیندانێکی تەواو. ئەو قفڵەی بۆ پاراستنی ژن دروستکراوە لە قەڵایەدا، دەبێتە خودی ئەو ئامرازەی ئیرادەی هاتنە دەرەوەی لێدەسەنێتەوە. ژن لەناو ئەم فەزایەدا پارێزراوە، بەڵام پارێزراوێکی زیندانیکراو. ئەو ئازاد نییە، بەڵکوو تەنها لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرێکی گەورەوە گوازراوەتەوە ژێر ڕکێڤی داگیرکەرێکی بچووکی ناوخۆیی، ئەو داگیرکەرەی ماڵەکەی کردووەتە کەمپێکی بچووکی دەسەڵاتخوازی خۆی.

بەمجۆرە، ئەو پیاوەی لە دەرەوە هەست بە بێهێزی و کۆیلایەتی دەکات لە ژێر دەستی داگیرکەردا، لە ژوورەوە پێویستی بەوەیە خۆی بە خاوەن دەسەڵات نمایش بکات. لێرەدا میکانیزمێکی دەروونی دەردەکەوێت، فرۆید و پاش ئەویش ئەلفڕێد ئەدلەر شیکارییان بۆ کردووە و پێیدەوترێ گواستنەوە. کاتێک تاک ناتوانێت تووڕەیی خۆی بەرامبەر بەو هێزە دەرببڕێت دەیچەوسێنێتەوە، ئەو تووڕەییە دەگوازێتەوە بۆ سەر کەسێکی تری لە خۆی لاوازتر. پیاوی کوردی داماو، کاتێک ناتوانێت تووڕەیی خۆی بەرامبەر بە سەربازی داگیرکەر دەرببڕێ، چونکە دەیکوژێ، ئەوا ئەو تووڕەیی و حەزخوازییەی دەسەڵات دەگوازێتەوە بۆ سەر ژنەکەی، کچەکەی، تەنانەت خۆی لێدەبێتە پاسەوانی شەرەف و ڕەفتاری ئەو دایکەیشی گەورەی کردووە. ژنی کورد لێرە نەک تەنها قوربانیی سیستەمی باوکسالاریی، بەڵکوو قوربانیی گواستنەوەی سایکۆلۆژیی گرێی داماوبوونی پیاوە دۆڕاوەکەشە.

ئەم زیندانە فیزیکییە، دابەشبوونێکی ئۆنتۆلۆژیی کوشندەی لەناو دەنگ و کرداری ڕۆژانەیشدا دروستکردووە. ئەگەر سەیری تەلارسازیی دەروونیی خێزان و ماڵی کوردی بکەین، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان چێشتخانە و دیوەخاندا دەبینین. لە دیوەخانەکاندا، پیاوی کورد بە دەنگی بەرز باس لە سیاسەت دەکات، نەفرەت لە داگیرکەر دەکات و داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکات. ئەو لەوێدا دەخوازێ سوبژێکتێکی سیاسی و ئازادبێ. بەڵام لەودیوی دیوارەکە، لە چێشتخانەکەدا، ژنێک بە بێدەنگی و ماندوێتی خەریکی دروستکردنی خواردنە و مافی بەشداریکردنی لەو گفتوگۆیەدا لێزەوت کراوە. لێرەدا، هانا ئارێنت لەسەر دابەشبوونی فەزای مرۆیی یارمەتیمان دەدات. ئارێنت لە کتێبی دۆخی مرۆڤ دا، جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان سێ چالاکیی مرۆییدا دەکات: یەکەمیان کارە، ئەو چالاکییەی پەیوەندی بە مانەوەی بایۆلۆژیی جەستەوە هەیە وەک چێشتلێنان و مانەوە. دووەمیان بەرهەمهێنانە، ئەو چالاکییەی مرۆڤ جیهانێکی هەمیشەیی لە ئامێر و کاڵاکاندا بۆ خۆی دەخوڵقێنێت. سێیەم و بەرزترینیان کردارە، ئەو چالاکییەی تەنها لە فەزای گشتیدا ڕوو دەدات و تێیدا مرۆڤ خۆی وەک بوونێکی سیاسی و دیالۆگی دەردەخات و بەشدار دەبێت لە دروستکردنی چارەنووسی کۆمەڵگە. ئارێنت پێیوایە کاتێک مرۆڤ لە فەزای گشتی و دیالۆگی سیاسی دادەبڕدرێت و تەنها لە فەزای تایبەتی و کاری ڕۆژانەدا قەتیسدەکرێ، لە ئاستی بوونەوەرێکی کارکەردا دەمێنێتەوە و ناگاتە قۆناغی کرداری مرۆیی. ئەم شیکارییە بۆ دۆخی ژنی کورد، دەرەنجامێکی کوشندە دەردەخات. ژنی کورد سەدان ساڵە لە فەزای کاردا قەتیسکراوە، لە چێشتخانە، منداڵ خستنەوە و هێشتنەوەی خێزاندا. ئەو هەرگیز دەرفەتی ئەوەی پێنەدراوە بگاتە ئاستی کردار، ئەو ئاستەی خۆی وەک بوونێکی سیاسی دەربخات. پیاوی کورد لە دەرەوە قوربانیی بێگانەیە و مافی قسەکردنی لێسەندراوەتەوە، کەچی لە ناوەوە ئیرادە و مانای بوون لە ژن دەسەنێتەوە و خۆی دەبێتەوە بە داگیرکەر. ژنی کورد لە چێشتخانەکەدا، بێدەنگترین و زیندووترین شایەتحاڵی ئەو درۆ ئۆنتۆلۆژییە گەورەیەیە پیاوی کورد بە ناوی ئازادییەوە دەیکات.

ئەم دووجار قوربانیبوونە، تەنها لە فەزای فیزیکی و کرداردا سنووردار نییە، بەڵکوو دەچێتە ناو ئەو شوێنە نازکترەی دەتوانین ناوی بنێین دیاردەناسیی نیگا. فەیلەسووفی فەڕەنسی ژان پۆل سارتەر، لە کتێبی بوون و نەبوون دا، شیکارییەکی قووڵ بۆ نیگای ئەویتر دەکات. سارتەر دەڵێت کاتێک مرۆڤ بە تەنهایە، سوبژێکتێکی ئازادە. بەڵام لەو ساتەی هەست بەوە دەکات چاوێک لە دەرەوە سەیری دەکات، ڕاستەوخۆ لە سوبژێکتەوە دەگۆڕێت بۆ ئۆبژێکت، لە بکەرەوە بۆ بەرکار، لە ئازادییەوە بۆ دەستەمۆیی.

کۆمەڵگەی کوردی، بۆ ژن، نیگای ئەویتری بە شێوەیەکی هەمیشەیی چاندووەتە ناخییەوە. ژنی کورد لەو ساتەوەی لەدایکدەبێت، هیچ کاتێک لە تەنهایی خۆیدا نامێنێتەوە. لە هەموو ساتێکدا هەستدەکات چاوێکی لەسەرە، چاوی باوک، چاوی برا، چاوی مێردی ئێستای یان داهاتوو، چاوی دراوسێ، چاوی مامۆستای ئایینی، چاوی نەریت، چاوی هاوڕەگەزەکانی. ئەو ژنە هەرگیز ئەزموونی ژیانکردنێکی خۆویستانەی سروشتی ناکات، بەڵکوو هەمیشە لە ناو ئەم نیگایەدا دەژی. کاتێک ژنی کورد لەبەردەم ئاوێنە دەوەستێت، سەیری خۆی ناکات، بەڵکوو خۆی وەک ئۆبژێکتێک لە چاوی ئەویتردا دەبینێت: ئایا ئەم جلوبەرگە گونجاوە؟ چاوی براکەم چۆن دەیبینێ؟ چاوی دراوسێ چۆن سەیری دەکات؟ ئەم دیاردەیە پرۆسەیەکی دەروونشیکارانەی نامۆبوونی مرۆڤە بە جەستەی خۆی. ژنی کورد جەستەی خۆی نەک وەک موڵکی خۆی، بەڵکوو وەک ئۆبژێکتێکی ژێر چاودێری ئەوانیتر دەبینێت. ئەمە ئەو دۆخەیە فەیلەسووفی فێمینیست جودیس بەتلەر، لە کتێبی کێشەی ڕەگەز دا شیکاریی بۆ کردووە. بەتلەر دەڵێت ڕەگەز شتێکی سروشتی نییە لەگەڵ مرۆڤدا لەدایکببێت، بەڵکوو دەرەنجامێکی نمایشییە و ناچار دەکرێت هەموو ڕۆژێک لە ژیانی خۆیدا نمایشی بکات. ژنی کورد لە هەموو ساتێکدا نمایشی ئەو ژنایەتییە دەکات کۆمەڵگە پێش لەدایکبوونی بۆی داڕشتووە: شێوازی ڕۆیشتن، قسەکردن، سەیرکردن، هەستان، دانیشتن، پۆشین و ڕووتبوونەوە و سێکسکردن. ئەو ناتوانێت ئازادانە بژی، چونکە هەرگیز کاتی بۆ ئازادبوون نەبووە، ژیانی تەنها نمایشێکی سەپێنراو و لە قاڵبدراو بووە.

ئەمە لە قووڵترین ئاستیدا دەچێتە ناو دیاردەناسیی کات و ماتەمینەوە. وێنەی ئەو ژنە گەنجە کوردە بهێنە بەرچاوی خۆت دوای شەهیدبوون یان مەرگی پیاوێک لە خێزانەکەیدا، تا کۆتایی تەمەنی ڕەشپۆشی دەکات، بە پێچەوانەوە کۆمەڵگە لۆمەی دەکات ئەگەر جارێکی تر جلی ڕەنگاوڕەنگ بپۆشێتەوە. داگیرکەر گولـلەیەک دەنێ بە سنگی ئازیزەکەیەوە و کاتی ژیانکردنی کۆتایی پێ دەهێنێت، بەڵام ئەوە داگیرکەر نییە پێیدەڵێت دەبێت تا کۆتایی تەمەنت بەم ڕەشپۆشییەوە بژیت. ئەوە نەریتی باوکسالارییە دێت و جلی ڕەش دەکاتە بەر ژنەکە و پێیدەڵێ تۆش لەم ساتەوە لەگەڵیدا مردیت.

زیگمۆند فرۆید لە شیکارییەکەیدا بە ناوی ماتەمین و مێلانکۆلیا، جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان دوو دۆخی دەروونیدا دەردەخا. لە دۆخی ماتەمیندا، تاک دەتوانێت وردەوردە بڕواتە دەرەوەی پرۆسەی لەدەستدانی کەسەکە، وزەی سۆزداریی خۆی لە ئۆبژێکتە لەدەستچووەکە دەکێشێتەوە و چڕی دەکاتەوە لە ژیانی نوێدا. بەڵام لە دۆخی مێلانکۆلیادا (خەمۆکیی قووڵ)، تاک ناتوانێت وزەی خۆی لە ئۆبژێکتە لەدەستچووەکە دەربکێشێت، بەڵکوو ئۆبژێکتەکە دەگوازێتەوە بۆ ناخی خۆی و دەبێتە بەشێک لە خۆی. لە کۆتاییدا، تاک خۆی دەبێتە ئەو ئۆبژێکتە مردووە لەدەستچووە. ئەم چەمکە بۆ شیکاریی دۆخی ژنە تازیەبارەکانی کورد، تراژیدیایەکی گەورە دەردەخات. سیستەمی باوکسالاریی کوردی، ڕێگە نادات ژن ماتەمینێکی تەندروست بگێڕێت و بگەڕێتەوە بۆ ژیان، بەڵکوو بە زۆر فڕێی دەداتە ناو مێلانکۆلیایەکی هەمیشەییەوە. ژنەکە چیتر بوونەوەرێکی زیندوو نییە، بەڵکوو دەبێتە مۆنیۆمێنتێکی زیندوو، واتا پەیکەرێکی ڕەشپۆش کۆمەڵگە بۆ داپۆشینی شکستەکانی خۆی بەرامبەر بە داگیرکەر، لە جەستەی ئەو ژنەدا بەرجەستەی دەکات. جەستەی ژن لێرەدا دەبێتە تابلۆی شەرەف و شکستی پیاو پێشئەوەی موڵکی خۆی بێت.

فەیلەسووفی ئیتالی جۆرجیۆ ئاگامبێن، لە کتێبی هۆمۆ ساکەر دا، چەمکێکی ترسناکی داڕشتووە بە ناوی ژیانی ڕووت. ئاگامبێن دەڵێت لە هەموو سیستەمە سیاسییەکاندا، ژمارەیەک لە مرۆڤەکان دەخرێنە دۆخێکەوە تێیدا نە ئازادن وەک هاووڵاتیی ئاسایی و نە کوژراون وەک قوربانی، بەڵکوو لە دۆخێکی هەڵواسراودان، ژیانیان هەیە بەڵام ژیانێکی بێبەها، ژیانێکی ڕووت، بێمانا و بێماف. ژنی تازیەباری کورد لە جلی ڕەشدا، دەقاودەق ئەم مۆدێلەیە. ئەو نە زیندووە، چونکە کۆمەڵگە ڕێگەی پێنادات ژیان بکات، نە مردووە چونکە هێشتا هەناسە دەدات. ئەو لە ژیانی ڕووتدا دەژی، تابلۆیەکی زیندووە و کۆمەڵگە بۆ نمایشکردنی هەمیشەیی شکستی خۆی بەکاری دەهێنێت.

ژنی کورد نەک تەنها فەزا و کاتی لێسەندراوەتەوە، بەڵکوو جەستەی خۆیشی لێزەوتکراوە. میشێل فۆکۆ چەمکێکی هەیە بە ناوی بایۆپۆلیتیک. ئەو دەڵێت دەسەڵاتی نوێ چیتر تەنها لە ڕێگەی یاسا و زیندانەوە حوکم ناکات، بەڵکوو ڕاستەوخۆ چاودێریی جەستە دەکات و دەیخاتە ژێر ڕێکخستنی وردی خۆیەوە، دەیگۆڕێت بۆ ئۆبژێکتێکی ژێر کۆنترۆڵ. جەستەی ژنی کورد، گۆڕەپانێکە هاوکات دەکەوێتە ژێر ڕکێفی دوو بایۆپۆلیتیکی جیاوازەوە. یەکەم، بایۆپۆلیتیکی داگیرکەر دەخوازێت ژنی کورد وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوەی زیاتر بەکار بهێنێت، یان بە پێچەوانەوە، دەخوازێت جەستەی وێران بکات تا نەوەی کورد لەناوبچێت. دووەم، بایۆپۆلیتیکی باوکسالارییە دەخوازێت جەستەی ژن وەک تاپۆی شەرەفی خێزان بەکار بهێنێت، زێدی ڕەگەز، کاتی حەیز، ژمارەی منداڵ و شێوازی جلوبەرگەکەی کۆنترۆڵ دەکات. جەستەی ژنی کورد لە یەککاتدا گۆڕەپانی دوو داگیرکاریی ئاڵۆزە، هەوڵدەدەن جەستەکەی وەک ئۆبژێکتی خۆیان قۆرخ بکەن. لێرەدا دەبێت بپرسین: ئایا ژنی کورد هەرگیز دەرفەتی ئەوەی هەبووە لە بارودۆخێکدا بژی تێیدا جەستەی تەنها هی خۆی بێت، نەک ئامرازی ململانێی نێوان دوو دەسەڵات؟

مێژووی نەشتەرگەریی جەستەی ژنی کورد، تەنها مێژووی داگیرکاریی بێگانە نییە، بەڵکوو مێژووی ئەو چاودێرییە سەپێنراوەیە خودی ژنی کورد خۆی لە ناخی خۆیدا هەڵیگرتووە. لێرەدا فەیلەسووفی فێمینیست لوس ئیریگارای، لە شیکارییەکی قووڵیدا ئاماژە بەوە دەکات کۆمەڵگەی باوکسالار چۆن ژن دەکات بە هاوپەیمانی خۆی، ئەو دەڵێ ژن لە سیستەمی باوکسالاریدا تەنها قوربانی نییە، بەڵکوو دەکرێت بە ئامراز و هاوپەیمانی سیستەمەکە تا بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژتر بژی. کاتێک ژنێکی کورد کچەکەی خۆی سەرکۆنە دەکات لەسەر لادانێکی بچووکی جلوبەرگ، کاتێک خەسویەک لەناو خێزاندا ئازار بە بووکە گەنجەکەی دەگەیەنێت، کاتێک دراوسێیەکی ژن یەکەم کەسە لۆمەی ئەو ژنە تازیەبارە دەکات ڕەنگی سووری پۆشیوە، ئەوا ئێمە لەبەردەم مۆدێلێکی زیرەکترین جۆری داگیرکاریدا وەستاوین. سیستەمی باوکسالاریی کوردی توانیویەتی خودی قوربانییەکانی بکات بە سەرسەختترین پاسەوانی خۆی. ئێستا زۆرترین چاودێرەکانی جەستەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا، نەک پیاوان، بەڵکوو ئەو ژنە بەتەمەنانەن ئەم ڕۆڵەیان لە خۆیان گرتووە. ئەمە کارەساتێکی گەورەیە. ڕزگاربوونی ژنی کورد لە داگیرکاریی باوکسالاری، پێویستی بەوە هەیە ژن یەکەم جار خۆی لەو هاوپەیمانێتییە کوشندەیەی نێوان خۆی و سیستەمەکە ئازاد بکات.

ئێمە ناتوانین باس لە هیچ شۆڕشێکی هزری، هیچ ئیستاتیکایەکی ڕەسەن و هیچ سەروەرییەکی جەستەیی بکەین، ئەگەر ئەم گرێکوێرەیە نەکەینەوە. ئازادیی مرۆڤی کورد یەک پاکێجە و پارچە پارچە ناکرێت. ئەو کۆمەڵگەیەی چێژ لە سەندنەوەی ئیرادەی ژن دەبینێت، هەرگیز ناتوانێت لەبەردەم داگیرکەری دەرەکیدا سەروەر بێت. سیمۆن دی بۆڤوار دەڵێت: هیچ کۆمەڵگەیەک نییە ژنانی خۆی بەخۆشی خۆی، خۆی کۆیلە کردبێت و پیاوانی خۆی ئازاد بن. ئازادیی پیاوێک هەرگیز نابێتە ئازادییەکی ڕەسەن، ئەگەر لەسەر پشتی کۆیلایەتیی خوشک و دایک و کچەکەی خۆی دامەزرابێت. پیاوی کورد سەدان ساڵە لە سنگی داگیرکەردا هاواری ئازادی دەکات، بەڵام هەرگیز هاواری ئازادیی خۆی نەبیست کاتێک لە ماڵی خۆیدا ژنێک بێدەنگ بوو. ڕزگاربوونی ژنی کورد، تەنها ڕزگاربوونی ڕەگەزێک نییە لە ژێر دەستی ڕەگەزێکی تر، بەڵکوو یەکەمین هەنگاوی ئۆنتۆلۆژییە بۆ چاکبوونەوەی تەواوی کۆمەڵگەی کوردی لەو نەخۆشییەی سەدان ساڵە لە ناخیدا مۆمیایکردووە.

کاتێک ژنی کورد لە زیندانی ناو زیندانەکەی خۆی دەرکەوت، هەموو کۆمەڵگە دەرکەوتووە. کاتێک ژنی کورد بێدەنگی بشکێنێت، هەموو کۆمەڵگە بۆ یەکەم جار دەنگی ڕاستەقینەی خۆی دەبیستێت. کاتێک ژنی کورد لەبەردەم ئاوێنەدا لە جیاتی ئەوەی بە چاوی ئەویتر سەیری خۆی بکات، بە چاوی خۆی تەماشای جەستەی خۆی دەکات، لەو ساتەدا، نەشتەرگەریی ئاوێنەکان بەڕاستی تەواو بووە.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک