په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٧\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٢١

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

نەخشەی خوێن و ئەرشیفی بێدەنگی.


لە ستوونی پێشوودا چووینە ناو فەزا و نیگا و کاتی ژنی کورد و بینیمان چۆن لە زیندانێکی ئۆنتۆلۆژیی دوو قاتدا دەژییەت، ئێستا کاتی ئەوەیە ڕاستەوخۆ خودی جەستە بخەینە ژێر نەشتەرگەرییەکەوە. جەستەی ژنی کورد تەنها قەوارەیەکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکوو تۆقێنەرترین و ڕاستگۆترین ئاوێنەی تەواوی داگیرکارییەکان و شکستە مێژووییەکانی مرۆڤی کوردە. بۆ تێگەیشتن لەم برینە قووڵە دەبێت جەستەی ژن نەک وەک گۆشت و ئێسک، بەڵکوو وەک جوگرافیا و وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی بخوێنینەوە.

فەیلەسوفی فەڕەنسی گاستۆن باشلار، لە کتێبی شیعریی فەزادا، شیکارییەکی گەورەی کردوە لەسەر ئەو حەقیقەتەی جیهان بۆ مرۆڤ لە ڕێگەی جەستەوە نەخشە دەکرێت. مرۆڤ خۆی، جیهانی خۆی، ماڵی خۆی، لە ڕێگەی جەستەوە دەخوێنێتەوە. ئەم شیکارییە بۆ ژنی کورد ماناێکی زیاتر پەیدا دەکات. کاتێ نەتەوەیەک خاکی خۆی لە دەستدەدا، ئەو خاکە لە کۆدی جەستەی ژنی نەتەوەکەدا خۆی دووبارە وێنا دەکاتەوە. ئەو نەخشەی نەتوانراوە لە جوگرافیا فیزیکییەکەدا بپارێزرێت، لە جەستەی ژندا دەنووسرێتەوە. ئەم پارادۆکسە کوشندەیە بەشێکی هەرە گەورەی دەرونی مێژووی ئێمەی کوردە.

با لە دیاردەناسیی جوگرافیا و سنوورەوە دەستپێبکەین. پیاوی کورد بە درێژایی مێژوو لە بەرامبەر داگیرکەری دەرەکیدا شکستیهێناوە، بە واتایەکی تر نەیتوانیوە وەک ئەوەی پێویستە، سنوورەکانی نیشتمانەکەی بپارێزێت، نەیتوانیوە خاکەکەی لە پارچەیی بوون ڕزگار بکات و سەروەریی سیاسیی و سیادی خۆی بسەلمێنێت. پرسیارە دەروونشیکارییە گەورەکە لێرەدا دروستدەبێت، پیاوێک خاکی لەدەستداوە و لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیشەوە ئیفلیج کراوە، چۆن قەرەبووی ئەم هەستی دۆڕان یان ئەو بێسەروەریی بوونەی خۆی دەکاتەوە؟

بیرمەندی گەورەی بواری کۆلۆنیالیزم، فانۆن لە کتێبی نەفرەتلێکراوانی سەر زەویدا، شیکارییەکی ترسناک بۆ دەروونناسیی مرۆڤی داگیرکراو دەکات، دەڵێت پیاوی داگیرکراو لەبەردەم کۆلۆنیالیست و داگیرکەردا، هەمیشە هەست بە گرێی کەمی و بێدەسەڵاتی دەکات، بۆیە ئەو توندوتیژی و حەزی سەروەرییەی هەیەتی و ناتوانێت بە ڕووی داگیرکەردا بیتەقێنێتەوە، ئاڕاستەی ناوەوەی دەکات و بەسەر ژن و خێزان و کۆمەڵگەکەی خۆیدا دەیسەپێنێت. فانۆن ئەم دیاردەیە بە توندوتیژیی بەرەو ناوەوە پێناسە کردووە. توندوتیژی وزەیێکە ناتوانێ هەڵبمژرێتەوە، بۆیە دەبێت شوێنێک دەریببڕێت. کاتێک ڕێگەی دەرەکی هەموو داخراون، ئەو وزەیە بەرەو ئەندامەکانی خودی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە. فانۆن لە الجزائیریدا بینی ئەو جەزائیرییانەی نەیدەتوانی فەرمانبەری فەڕەنسی بکوژن، دەهاتنەوە جەزائیریی هاووڵاتیی خۆیان دەکوشت. ئێمە لە کوردستان دەبینین ئەوانەی نەیتوانی سنوورەکانی کوردستان لەبەردەم داگیرکەردا بپارێزێن، لە ماڵەکەی خۆیاندا بوون بە داگیرکەری سنووری جەستەی دایک، ژن و کچ و خوشکەکانی خۆیان. پیاوی کورد، بە شێوەیەکی نائاگا، جەستەی ژنی کردوەتە جێگرەوەی نیشتمانە لەدەستچووەکەی. ئەو سنوورەی نەیتوانی لەسەر نەخشە بیپارێزێ هاتووە بە ناوی شەرەف و نامووسەوە لەسەر جەستەی ژن دایدەڕێژێتەوە.

بۆ پیاوی کورد، جەستەی ژن دواین ئەو پارچە زەوییەیە تێیدا هەست بە سەروەری و سەردارێتی خۆی دەکات. هەر لادانێکی بچووک، هەر کرانەوەیەکی ئەو جەستەیە بە ڕووی ئازادیدا، لە فەزای نائاگایی پیاوی کورددا وەک داگیرکردنی خاکی نیشتمان و بەزاندنی سنوورەکان وێنا دەکرێت. لێرەدا فەیلەسوفە فێمینستە بریتانییەکە ئان مککلینتۆک، لە کتێبی چڕیی ئیمپریاڵی دا، شیکارییەکی ناوازە لەسەر ئەو حەقیقەتەی نەتەوە و ژن لە ئایدیۆلۆژیی نەتەوەییدا چۆن پێکەوە دەبەسترێنەوە، پێشکەش دەکات. نەتەوە هەمیشە وەک دایک وێنا دەکرێت، خاک هەمیشە وەک باوان یا وەک نامووس نمایش دەکرێت. لێرەدا ژن چیتر تاکێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو دەبێتە هێمای نەتەوە، خاک و نیشتمانی نەتەوە، شەرەفی نەتەوە. ئەم پرۆسەیە ژن دەخاتە دۆخێکی هەرە مەترسیدارەوە. ئەو چیتر لە ژنبوونی خۆیدا خۆی دیاری ناکات، بەڵکوو دیاریدەکرێت لە ژنبوونی نەتەوەدا. کاتێک کچێکی کورد یاخی دەبێت لە ڕێسای باوکسالاری، ئەو کچە یاخی بووە لە هەموو نەتەوە. کاتێک کچێکی کورد ئازادانە ڕەفتار دەکات، ئەو ڕەفتارە دەخوێنرێتەوە وەک بەزاندنی سنووری نەتەوە. ئەو دڵۆپە خوێنەی پیاوی کورد لەسەر کێشەی شەرەف دەیڕێژێت و پێیوایە کەرامەتی پێدەپارێزێت، لە ڕاستیدا تەنها قەرەبوویەکی سایکۆلۆژیی داماوە بۆ ئەو خوێنەی نەیتوانیووە بۆ پاراستنی خاکی نیشتمانەکەی بیڕێژێ. کوشتنی ژن بە بیانووی شەرەف، لە کرۆکدا، کوشتنێکی سیاسییە نەک ئەخلاقی، نمایشکردنی ساختەی سەروەرییە لەسەر جەستەیەکی لاواز. ئەمە کەی؟ بێگومان دوای ئەوەی لە بەرامبەر داگیرکەردا تێکشکا.

ئەمە تەنها دیوە جوگرافییەکەیەتی، دیوە مێژووییەکەیشی هێندەی تر قووڵە. مێژووی کورد لە پەڕەی کتێبەکاندا نەنووسراوەتەوە، بەڵکوو لەسەر جەستەی ژنەکانی هەڵکۆڵراوە. لێرەدا دەتوانین پشت بە چەمکی لە جەستەداژیاوی فەیلەسووفی دیاردەناس مۆریس مێرلۆ-پۆنتی ببەستین. مێرلۆ-پۆنتی پێیوایە جەستە تەنها شتێک نییە لە جیهاندا، بەڵکوو خودی ئەو ناوەندەیە ئێمە جیهانی پێ ئەزموون دەکەین. مێژوو و بیرەوەرییەکان لەناو ماسولکە و پێستی ئێمەدا خەزن دەبن. ئەم چەمکە دواتر لە لایەن دەرونناسانی ترۆماوە قوڵتر کراوەتەوە. بەسل ڤان دێر کۆلک، دەرونناسی هۆڵەندیی-ئەمریکی، لە کتێبی جەستەدا ئامارەکە هەڵدەگرێت، شیکارییەکی قووڵ لەسەر ئەو ڕاستییەی ترۆما دەکات تەنها لە میمۆری مێشکدا نامێنێتەوە، بەڵکوو دەچزێتە ناو جەستەیشەوە، لە ماسولکەدا، لە شێوازی هەناسەداندا، لە دەنگی دڵدا خەزن دەبێ. لێرەدا جەستەی ژنی کورد دەبێتە ئەرشیفێکی زیندووی ترۆمای نەتەوەیی. ئەنفال لە بیرەوەریی دایکەکاندا نییە، لە جەستەیاندایە. هەڵەبجە لە کتێبی مێژوودا نییە، لە هەناسەی ژنە بەتەمەنەکاندایە. تەرحیل لە دۆکومێنتی ڕەسمیدا نییە، لە شێوازی خەوی ئەو ژنانەدایە بۆ دەیان ساڵ لە کامپی گەڕۆکدا ژیاون.

با بگەڕێینەوە بۆ وێنە هەرە تراژیدییەکەی مێژووی هاوچەرخمان، کۆچڕەوی ملیۆنیی ساڵی  ١٩٩١. ئەگەر بە چاوێکی دیاردەناسیانەوە سەیری ئەو وێنە تۆقێنەر و هەژێنەرانە بکەین، چی دەبینین؟ دیارە پیاوەکان تفەنگیان هەڵگرتووە. تفەنگ وەک هێمایەکی نێرینە و وەک نیشانەیەک بۆ ئەو سیاسەتە شکستخواردووەی بووەتە هۆی کارەساتەکە. بەڵام لە ڕاستیدا کێ هەڵگری مێژووی بوو؟ ئەوە ژنی کورد بوو، بە پێخاوسی، منداڵێکی لە باوەشە، منداڵێکی تری بە پشتەوەیە و دەستەخوشکی بەتاڵی ماڵەکەیشی بەسەر سەریەوە ناوە. هەنگاوەکانی ئەو ژنە بەسەر بەرد و ڕەقی شاخەکاندا، خودی ڕۆیشتنی مێژووی ئێمەیە بەرەو فەنابوون. پیاو ئایدیۆلۆژیای هەڵگرتبوو، بەڵام ژن ژیان و مانەوەی هەڵگرتبوو. لێرەدا ئادرین ڕیچ'ی فەیلەسوف، لە شیکاریی خۆیدا لەسەر دایکایەتی وەک ئەزموون و دایکایەتی وەک دامەزراوە، جیاوازییەکی ڕیشەیی خستۆتە ڕوو. دایکایەتی وەک ئەزموون، ئەو ئەزموونە زیندووەیە ژن لە ژیانی خۆیدا لەگەڵ منداڵدا هەیەتی. بەڵام دایکایەتی وەک دامەزراوە ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییەیە هزری باوکسالاری بۆ کۆنترۆڵکردنی ژن و بۆ بەکاڵاکردنی ئەزموونی زیندووی دایکایەتی دایڕشتووە. ئەو ژنە کوردەی لە هەزار و نۆسەد و نەوەت و یەکدا شاخی بەسەردا دەبڕی، لە دایکایەتیی وەک ئەزموونی هەرە ڕەسەندا بوو. ئەو نەک تەنها منداڵەکەی هەڵدەگرت، بەڵکوو داهاتووی نەتەوەیەکیشی هەڵدەگرت. جەستەی ئەو ژنە لەناو ئەو سەرمایەدا، لە ڕاستیدا ئەگەر بوێری وتنیمان هەبێ، ئەوا ئەرشیفی ڕاستەقینەی شکستی ئەخلاقی و سیاسیی ئێمەیە وەک نەتەوە. لێرەدا فەیلەسوفە بولگارییە-فەڕەنسی جولیا کریستێڤا، لە شیکاریی لەسەر ئەبجێکشن، بەبیرمان دەهێنێتەوە، کۆمەڵگە زۆرجار ئەو شتانەی نایەوێت بیانبینێ، فڕێیدەداتە ئەبجێکشنەوە. ئێمەی کورد، جەستەی ئەو ژنانەمان لە بیرەوەریی نەتەوەیی خۆماندا ئەبجێکتکردووە، پەردەیەکی گەورەی سکۆتاریمان بەسەردا هێناوە، چونکە دیتنی ئەو حەقیقەتە قوڵانە، دیتنی شکستی خۆمان و پیاوبوونمانە.

ئەم ئەرشیفە تەنانەت ڕەنگ و هێمای تایبەتی خۆیشی هەیە. سەیری دەموچاو و دەستی ژنە بەتەمەنەکانی کورد بکەن لە گوندەکاندا. ئەو خاڵکوبییە شینانەی پێیدەڵێن دەق و کوتان، تەنها جوانکارییەکی ڕووکەش و فۆلکلۆری نییە وەک ئەوەی ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدەکان لێکدانەوەیان بۆ کردوە. ئەو خاڵە شینانە، زمانێکی ئەرشیفیی نائاگایانەن. لێرەدا فەیلەسوفە فێمینستە فەڕەنسییەکە هێلێن سیکسو، لە بیرۆکەی نووسینی ژنانەدا، ئاماژەیداوە بەوەی ژن لە کۆمەڵگە باوکسالاردا ناتوانێت بە زمانی گشتی، خۆی دەرببڕێ، چونکە زمانی گشتی، زمانی باوکسالارییە، بۆیە ژن ناچار دەبێت زمانێکی نوێ بۆ خۆی دابهێنێت، زمانێک لە جەستەی خۆی هەڵبقوڵێت. هەرچەندە نابێ پێمانوابێت (زمانی گشتی، زمانی باوکسالارییە) هەڵگری دوا حەقیقەتە، چونکە ئەوەی زمانی مرۆڤە زمانی گشتییە نەک زمانی ڕەگەزی، ئەوەی هێلێن پێیدەدەوێت و دەنووسێت، لە ڕاستیدا ئەوە زمانی ڕەگەزیی و جیاکاری مرۆییە، بە زمانی ڕەگەزیش هەرگیز ناتوانرێت کێشەی ڕەگەزی چارە بکرێت، بەهەرحاڵ، سیکسو دەڵێ ژن دەبێ بە خوێنی خۆی بنووسێت. ژنی کورد بەشێوەیێکی ئابڕومەندانە پێشتر ئەم شۆڕشە زمانەوانییەی کردووە. ژنی کورد لە نووسینەوەی مێژووی فەرمیدا بێبەشکرابوو، مافی دەربڕینی ئازارەکانی لێسەندراوەتەوە، هەر بۆیە دێت و مێژووەکەی، ناسنامەکەی و پەیوەندییە قووڵەکەی لەگەڵ سروشت و خەمەکانیدا، بە دەرزی و ڕەنگی شین لەسەر پێستی دەنەخشێنێت. ئەو دەقانە، مانگرتنێکی بێدەنگی جەستەن دژی فەرامۆشی. هەموو خاڵێکی شین لەسەر چەناگەی دایکێکی کورد، کتێبێکی نەخوێندراوەیە لەسەر ئیستاتیکای برین و بەرگەگرتن. ئێمە کوردەکان، دەیان ساڵە دەموچاوی دایکەکانمان لەبەردەستە، بەڵام هەرگیز ئاگامان لەم مێژووە دەقاودەقە نەبووە ویستوویانە بۆمان بگێڕنەوە. مێژووی نەتەوەکەمان، لە کتێبخانە جوانەکاندا نییە، لە پێستی چرچولۆچی ئەو دایک و پیرەژنانەدایە، بیستنی چیرۆکەکانیان لە یاد کراوە.

لێرەدا دەبێت لە خاڵێکی هزری زۆر گرنگدا بوەستین. کاتێک ئەم شیکارییە دەکەین، ئایا خۆشمان دیسان جەستەی ژنی کورد ناکەینەوە بە هێمای نەتەوە، بە موزەخانەی ئازار، بە ئەرشیفی ترۆما؟ ئایا خۆشمان دیسانەوە بەشێک لەو زمانە باوکسالارییە نابین دەیەوێ ژن لە ژنبوونی خۆیدا نەبینێ، بەڵکوو تەنها لە ئایدیۆلۆژیی نەتەوەدا بیبینێت؟ ئەمە پرسیارێکی ڕەخنەگرانەی نەشتەرگەرییە بۆ خودی خۆمان. یاخی‌بوونی هزریی ڕەسەن ئەوەیە ببینە بەشێک بۆ ڕزگاری ژنی کورد لەژێر ئەم بارە قورسەدا، لە باری قورسی سیمبۆلی نەتەوەوە، لە باری قورسی ترۆماییەوە، لە باری قورسی ئازاری مێژووییەوە. ژنی کورد پێش هەموو شتێک ئازادی خۆی دەخوازێت وەک تاکێک، وەک بوونێکی خۆی. ئەرشیف بوونی جەستەی، ڕاستییە، بەڵام ئازادییەکەی دەرچوونە لە بارودۆخی ئەرشیف بوون بۆ بارودۆخی بوونی زیندووی هەنووکەیی.

نەشتەرگەرییەکەمان لێرەدا دەمانگەیەنێتە دەرەنجامێکی تاڵ بەڵام حاشاهەڵنەگر. نەتەوەی ئێمەی کورد هەرگیز ناتوانێت خاکەکەی ڕزگار بکات و ببێتە خاوەنی سەروەریی ڕاستەقینە، تا ئەو ساتەی پیاوی کورد دەستبەرداری ئەو خەیاڵە نەخۆشە نەبێ تێیدا جەستەی ژن وەک نیشتمانی جێگرەوە دەبینێت. لێرەدا دەبێت پرسیارێکی مێژووی لە خۆمان بکەین. بۆچی زۆربەی ئەو شۆڕشە نەتەوایەتی و ڕزگارییانەی لە جیهاندا ڕوویاندا، دواتر لە ئازادییەوە بۆ دیکتاتۆریی ناوخۆیی گەڕانەوە؟ چونکە ئەو شۆڕشانە دەرگەی پیاوی داماوی داگیرکراویان ئاڕاستەی داگیرکەر کرد، بەڵام هەرگیز دەرگەی پیاوی داماو لە ماڵی خۆیدا بەڕووی ژندا نەکردەوە. ئێمە دەبێت ئەم درسە فێر بین. ئازادیی سیاسیی نەتەوە بەبێ ئازادیی ژنی نەتەوە، دەبێتە دیکتاتۆرییەکی ناوخۆیی نوێ. لێرەدا دەبێت مۆدێلێکی نوێی ئازادی دابهێنێن. مۆدێلێک ئازادیی خاک و ئازادیی جەستە، ئازادیی نەتەوە و ئازادیی ژن، ئازادیی سیاسی و ئازادیی هەڵبژاردنی تاک، لە یەککاتدا ڕوو بدەن. جەستەی ژن، گۆڕەپانی تۆڵەسەندنەوەی دۆڕانە سیاسییەکانمان نییە، قەڵغانی شاردنەوەی شکستەکانمان نییە. تا ئەو کاتەی ژن تەنها لەبەر ئەوەی ژنە ئازاد نەبێت، تا جەستەی لەو بارگرانییە جوگرافی و مێژووییە دانەماڵرێت، ئێمە وەک کۆلێکتیڤێک لەناو زەلکاوی کۆیلایەتیدا دەمێنینەوە.

کاتێکیش ئەم جەستە داگیرکراو و ماندووە، بە ناوی پیرۆزییەوە پاڵدەنرێت بۆ ناو قوربانیدانێکی گەورەتر، مۆدێلێکی تری کۆیلایەتی بەرهەمدێ، مۆدێلێک زۆر لە داگیرکارییە فیزیکییەکە ترسناکترە. ئەویش ئەو چەمکەیە سیستەمی باوکسالاری دروستیکردووە و ناوی ناوە، پیرۆزیی دایکایەتی. لێرەدا ئێلیزابێت بادنتێر'ی فەیلەسوف، لە کتێبی چاوی دایکدا، شیکارییەکی ترسناکی کردوە. ئەو دەڵێت پیرۆزکردنی دایکایەتی، ئامرازی هەرە زیرەکترین باوکسالارییە بۆ داسەپاندنی کۆیلایەتی لەسەر ژن. کاتێک ژن کۆیلە دەکرێت، ئەو یاخی دەبێت. بەڵام کاتێک پێیدەڵێن تۆ پیرۆزیت، تۆ فریشتەی، تۆ دایکیت، ئەو چۆن یاخی بێت؟ ئەو ناتوانێت لە فریشتەبوونی خۆی یاخی بێت، چونکە یاخیبوون دەبێتە کوفر. لێرەدا بتگەلی نوێ لە ژنی کورددا دەردەکەوێ، بتگەلی دایک-فریشتە، بتگەلی ژن-پیرۆز، بتگەلی ژن هەمیشە دەبێت ببەخشێت. ئەم بتگەلە دەبێت لە ستوونی داهاتوودا بشکێنین، ژن لە پیرۆزیی ساختەی دایکایەتی ئازاد بکەین، بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار وەک بوونێکی زیندووی ئارەزوومەند و هزری و ئازار و شادی ببینێت.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک