|
٢٣\٧\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٢٧
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
بەرەو فەلسەفەیەکی ژنانەی کوردی.
کاتێک باوکسالاری هەڵدەوەشێتەوە، یەکەمین دیمەنێک ڕووبەڕووی دەبینەوە،
ئازادیی ژن نییە، بەڵکوو دڵەڕاوکێ و ترسی ئۆنتۆلۆژی و سایکۆلۆژیی
پیاوە. لە ستوونی پێشوودا پرسیارێکی گرنگمان وروژاند، ئایا پیاوی کورد
بە لەدەستدانی ئیمتیازە باوکسالارییەکانی، خۆیشی لەدەستدەدات یان باشتر
دەکارێ خۆی بدۆزێتەوە؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەمە و داڕشتنی بناغەیەکی بتەوی
فەلسەفەیەکی ژنانەی کوردی، دەبێت سەرەتا نەشتەرەکەمان بخەینە ناو برینە
قووڵەکەی خودی نێرینەبوونەوە. لە هزری فێمینستی هاوچەرخدا، بۆ ماوەیەکی
درێژ، نێرینەبوون وەک بنەمایەکی جێگیر و بێماسک لێکدەدرایەوە. پیاو
خۆی، خاوەنی سیستەمە، بۆیە کێشەیەکشی نییە. بەڵام دواتر لە شیکارییە
فێمینستە نوێیەکاندا، هزری ژنی هاوچەرخ گەیشتە ئەو دەرەنجامەی خودی
نێرینەبوون خۆی، سیستەمێکە پیاوی تیایدا زیندانی کراوە. پیاو نەک
بونیادنەری سیستەمە، بەڵکوو ئەو بۆخۆی یەکەم قوربانیی سیستەمە
داهێنراوەکەی خۆیەتی. ئەم گۆڕانە هزریە کوشندە و قوڵە چونکە کاتێک پیاو
وەک قوربانی خوێندرایەوە، هەموو نەخشەی هزری فێمینستیزم دەگۆڕدرێت.
کاتێک پیاو قوربانییە، مانای ئەوە نییە ئازادیی ژن دەبێتە پاشکۆ یان
دەکەوێتە پەراوێزەوە، بەڵکوو مانای ئەوەیە ئازادیی ژن پرۆسەیەکی
هەژماری هاوکاری خۆی هەیە. پیاو، بۆ ئازادیی خۆی، پێویستی بە ئازادیی
ژنە. ژن، بۆ ئازادیی خۆی، پێویستی بە ئازادیی پیاوە.
ترس و دڵەڕاوکێی پیاوی کورد لە بەرامبەر ئازادیی ژندا، ڕاستیییەکەی
ترسێک نییە لە ژن، بەڵکوو ترسە لە لەدەستدانی ئەو تاکە پێناسەیەی
سیستەمەکە بۆی دروستکردووە. پیاو لەم سیستەمەدا فێرکراوە بوونی خۆی
تەنها لە ڕێگەی زاڵبوون بەسەر مێینەدا بسەلمێنێت، کەواتە کاتێک مێینەی
لە ژێر دەسەڵاتدا نامێنێت، پیاو تووشی قەیرانی بوون دەبێت، چونکە چیتر
نازانێ ئەو کێیە و ئەرکی چییە لەم گەردوونە بەرینەدا. دەرونشیکاری
فەڕەنسیی ژاک لاکان، دەربارەی پێکهاتنی سوبژێکت، دەڵێت سوبژێکت تەنها
لە ڕێگەی جیاوازی و بەرامبەر خۆی پێناسە دەکات. سپی تەنها بەرامبەر بە
ڕەش دەبێت بە سپی. ئازاد تەنها بەرامبەر بە کۆیلە دەبێت بە ئازاد. لای
لاکان، سوبژێکت هەرگیز ناتوانێت خۆی لە نەبوونی بەرامبەردا پێناسە
بکات. لێرەدا پیاوی نەرێتگەرای کورد، لە نەبوونی ژنی چاودێری کراودا،
نازانێ کێیە. ئەو تەنها بەرامبەر بە ژنی سنووردار و پارێزراو دەبێ بە
پیاوی سنوور دانەر و پارێزەر. کاتێک ژن خۆی داوێتە دەرەوەی پێناسە
سنوورەدانراوەکان، پیاو لە پێناسەی خۆی دەکەوێت. ئەم دیاردەیە
دەرکەوتەیەکی ترسناکی ئەو حەقیقەتەیە پیاوی نەرێتی کورد، بەشێکی سەرەکی
ناسنامەی خۆی لە جیاوازیی خۆیەوە دەرهێناوە بەرامبەر بە ژن. کاتێک ئەم
جیاوازییە لەبار دەچێت، ئەو خۆی لەبار دەچێت. ئەمە قوڵترین سەرچاوەی
توندوتیژیی نێرینەیە بەرامبەر بە ژنی ئازاد و ئازادی ژن، توندوتیژیێک
لە توڕەییەوە نایەت، بەڵکوو لە ترسی نامۆیی ئۆنتۆلۆژییەوە دێت.
پییەر بۆردیۆ، کۆمەڵناسی فەڕەنسی لە شاکارەکەیدا، زاڵبوونی نێرینە،
ئاماژە بەوە دەکات سیستەمی باوکسالاری وەکچۆن زیندانە بۆ ژن، بە هەمان
شێوەش تەڵەیە بۆ پیاو. بۆردیۆ پێیوایە نێرینەبوون لە بنەڕەتدا
گرێبەستێکی تاقەتپڕووکێن و فشارهێنە، پیاو ناچار دەکات بەردەوام و لە
هەموو ساتێکدا هێز، کۆنترۆڵ و زاڵبوونی خۆی بسەلمێنێت. بۆردیۆ لە
شیکارییەکدا دەڵێت نێرینەبوون، پێگەیەکە ناتوانرێت جێگیر بێت. ژنایەتی،
لای بۆردیۆ، پێگەیەکی جێگیرە، ژن پێویستی بەوە نییە بیسەلمێنێت سبەی ژن
بێت. بەڵام نێرینەبوون، هەموو ساتێک دەبێ بسەلمێندرێت، هەموو ساتێک بۆ
زیاندانی خۆی مەترسیدارە. تاکێک لە هەڵسوکەوتێکی سادەدا، توانای هزری
خۆی نیشاننەدا، توانای فیزیکی خۆی نیشاننەدا، توانای زاڵبوونی خۆی
نیشاننەدا، ئیتر دەیان پرسیار لە نێرینەبوونەکەی دەکرێت. لێرەدا
نێرینەبوون، دەبێت بە ماوەیەکی درێژخایەن بۆ پرۆسەی سەلماندنی
هەمیشەیی. پیاوی کورد قوربانییەکی نەبینراوی ئەم سەلماندنە بەردەوامەی
خۆیەتی، چونکە لە منداڵییەوە پێیدەوترێ نابێ بگری، چونکە تۆ پیاوی،
نابێ لاوازبی، چونکە تۆ پارێزەری شەرەفی خێزانەکەتیت. ئەمە
بونیادنانێکی مرۆیی نییە، بەڵکوو دروستکردنی ئامێرێکی چاودێری و شەڕە،
دروستکردنی کارەکتەرێکە بەردەوام لە دڵەڕاوکێدایە نەکا ساتێ
لاوازییەکەی دەربکەوێت و پێگە نێرینەییەکەی لەق ببێت. ترسی پیاوی کورد
لە هەڵوەشانەوەی نەرێت، ترسێک نییە لە پاراستنی ئەخلاق، ترسی ڕووخانی
ئەو پەیکەرە ساختەیەیە بە ناوی شەهامەتی پاوانە و پیاو بوون و
نێرینەبوونەوە، خۆی لە خۆی دروستیکردووە.
لێرەدا دەبێ لە ڕەهەندێکی هەرە بنەڕەتی سایکۆلۆژیدا بوەستین. زیگموند
فرۆید لەسەر منداڵیی نێرینە، چەمکێکی داڕشتووە و پێویستە لێرە
بگەڕێتەوە سەری. فرۆید دەڵێ منداڵی کوڕ، لە سەرەتای ژیانی خۆیدا، لە
دایکی نزیکە، چونکە شیری دایکی مژیووە. بەڵام لە قۆناغێکی دیاریکراودا،
کوڕ ناچار دەبێت لە دایک دوور بکەوێتەوە، ئەم دوورکەوتنەوەیە، هەرە
بنەڕەتیترین ترۆمای مێژووی هەموو کوڕانە. دواتر دەروونشیکاری فەڕەنسی
جولیا کریستێڤا، ئەم چەمکە گەشە پێدەدا و دەڵێ کوڕ، بۆ ئەوەی ببێت بە
پیاو، دەبێت بەشێکی ژنانەی خۆی، بەشێکی نازک و سۆزەکی و بەرکەوتووی
خۆی، فڕێبدات. ئەم فڕێدانە، خۆی ترۆمایەکی سایکۆلۆژی بنەڕەتییە. پیاو
دەبێ پێشئەوەی ببێت بە پیاو، بەشێکی خۆی بکوژێت. ئەم دیاردەیە لە
کۆمەڵگەی کوردیدا بەرزترین ئاست و فۆرمی خۆی هەیە. کوڕە منداڵی کورد،
لە قۆناغی هەرە سەرەتایی بوونیدا، بێئەوەی بەخۆی بزانێت دەکرێت بە
پیاوی بچووک. پێیدەوترێ پیاو ناگری، پێیدەوترێ پیاو ناترسێ، پێیدەوترێ
پیاو نەرم نییە. لە ماوەیەکی تری درێژمەودادا، ئەم کوڕە فێر دەکرێت
هەموو ئەو هەستە ژنانانەی لە ناخیدا دەیبیستێت، وەک هەڕەشە بۆ سەر
نێرینەبوونی خۆی ببینێت. ئەو دەبێت بە شەڕکەری هەمیشەیی ژنێتی ناخی
خۆی. لێرەدا کارەساتی سایکۆلۆژی ترسناک دەردەکەوێت، پیاوی کورد، نەک
تەنها ژنی خۆی لە دەرەوە دەچەوسێنێتەوە، بەڵکوو نیانی ناخی خۆی، سۆزەکی
خۆی، گریانی خۆی، بەرکەوتنە ڕۆمانسییە دەرەکی و ناوەکییەکانی خۆی، بۆ
ماوەیەکی درێژ لە خۆیدا دەکوژێت، چونکە پێیوایە ئەمانە سیفات و خەسڵەتی
ژنانەن. کاتێک ئازادیی ژن دەرکەوێ، ئەو ژنێتییە کوژراوەی ناو ناخی
پیاو، دەیەوێت هەستێتەوە، ئا ئەم هەستانەوەیەیە پیاو دەترسێنێت. توڕەیی
پیاو بەرامبەر بە ژنی ئازاد، لە ڕاستیدا توڕەیی پیاوە بەرامبەر بە
ژنێتی ناخی خۆی، ئەو ژنێتییەی دەیەوێ تیایدا هەستێتەوە.
بێل هوکس، بیرمەندی فێمینست، لە کتێبی ئیرادەی گۆڕان، پیاوان، نێرینەیی
و خۆشەویستی دا، ڕەخنەیەکی کوشندە ئاراستەی هزری باوکسالاری دەکات و
دەڵێت یەکەمین کردەی توندوتیژی باوکسالاری ئەنجامیدەدات، کوشتنی ڕۆحی
پیاوانەی خۆیەتی. باوکسالاری داوا لە پیاوان دەکات نیوەی مرۆڤبوونی
خۆیان، واتە بەشە سۆزداری و نەرمەکەیان بکوژن بۆ ئەوەی بتوانن دەسەڵات
وەربگرن. هوکس لە هزری فێمینستدا، بەشێکی گەورەی هزری خۆی ئاراستەی
پیاوی چەوسێنراو دەکات، نەک تەنها ژنی چەوسێنراو. هوکس دەڵێ پیاوی
ڕەشپێست لە ئەمریکا، لە یەککاتدا لە ژێر دوو داگیرکاریدا دەچەوسێتەوە،
داگیرکاریی نەتەوایەتیی سپیپێست و نێرینەیی. لە کۆمەڵگە کوردیدا، ئەگەر
بڵێم پیاوی کورد لە هەمان دۆخدا دەبینم، زۆرم نەوتووە. پیاوی هاوچەرخی
کورد، لە لایەک قوربانیی داگیرکاریی سیاسی-نەتەوایەتی نەتەوە
باڵادەستەکانە، لە لایەکی ترەوە، قوربانیی داگیرکاریی نێرینەیی
خۆیشییەتی. ئەمە پیاوی کوردی خستووەتە دۆخێکی ترسناکەوە. نەک هەر
پارێزەری خۆی نییە، بەڵکوو خۆی زیندانی ناو دوو زیندانی سایکۆلۆژی
کردوە، نەتەوایەتی و نێرینەیی. کاتێک پیاوی کورد لەم تەڵە سایکۆلۆژییە
تێدەگات، ئەوسا دەزانێ ئازادیی ژن هەڕەشە نییە بۆ سەر بوونی ئەو،
بەڵکوو تاکە دەروازەیە بۆ ڕزگاربوونی خودی خۆی لەو بەرپرسیارێتییە
دۆزەخییەی بەناوی شەرەف و پارێزگاریکردنەوە خستوویەتییە سەر شانی خۆی.
کاتێک ژن خۆی دەبێتە پارێزەری خۆی، پیاو بۆ یەکەمجار دەتوانێ پشوو
بدات، دەتوانێت بگری، دەتوانێ لاواز بێ و لە جەللادەوە ببێتەوە مرۆڤ،
مرۆڤێکی ئاسایی خودان مرۆیی.
لێرەدا دەبێ لە خاڵێکی هەرە ڕەخنەگرانەدا بوەستین. پرۆسەی ئازادیی
پیاوی کورد لە نێرینەیی خۆی، پرۆسەیەکی هەروا سادە نییە. ئێمە زۆرجار
دەبیستین بۆ ئازادیی ژن، دەبێت پیاو هاوپەیمان بێت. ئەم قسەیە دروستە،
بەڵام هەرگیز تەواو نییە. پیاوی کورد، پێش هەموو شتێک، پێویستی بەوە
هەیە خۆی ئازاد بێت، ژنی خۆی لە ناخی خۆیدا زیندوو بکاتەوە، هەستەکانی
خۆی لە ناخی خۆیدا ڕزگار بکات. تەنها ئەو کاتە پیاوی کورد، نەتوانێ
نیان و سۆزەکی بێت، نەتوانێ گریان و لاوازی وەک لاوازی نەبینێت و
پێیوانەبێ کاتێک پیاو دەگرییەت کەواتە خەلەلێک لە گەردوندا هەیە،
ناتوانێت ببێتە هاوپەیمانی ژن. پیاوێک نیانی ناخی خۆی کوشتبێت، هەرگیز
ناتوانێت ژن لە دەرەوە ببینێت. ئازادیی ژن، لە ناخی پیاوەوە
دەستپێدەکات.
لێرەوە، کاتێک ئەم وەهمە سایکۆلۆژییە هەڵدەوەشێنینەوە، زەمینەمان بۆ
دروستدەبێ هەنگاو بەرەو فەلسەفەیەکی ژنانەی کوردی بنێین. ئەم
فەلسەفەیە، خستنەڕووی تیۆرەکانی فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی نییە بۆ
ڕازاندنەوەی بابەت، بەڵکوو داڕشتنەوەی پەیمانێکی نوێی ئۆنتۆلۆژی و
مەعریفییە لەسەر زەمینەی واقیع و ئاڵۆزی کوردستان. ساندرا هاردینگ'ی
فەیلەسوف، لەسەر هزری فێمینستی زانستی، دەڵێ ژنانی چەوسێنراو، بەرزترین
ئاستی هزری زانستی خۆیان هەیە، نەک لە ماڵ و بازاڕیدا، بەڵکوو لە ناخی
خۆیاندا. ژنانی چەوسێنراوە، جیهان لە دیدێکی ناسکتر، لە دیدێکی قوڵتر،
لە دیدێکی گشتیتردا دەبینن، چونکە ئەوان لە یەککاتدا، لە پۆزیشنی
چاودێر و لە پۆزیشنی چاودێرکراودان. ئەوان دەبێ جیهان بە دیدی خۆیان
بخوێننەوە، بەڵام هاوکات دەبێت لە دیدی چەوسێنەرەکانی خۆیشیانەوە
بخوێننەوە، بۆ ئەوەی بمێننەوە. ئەم پۆزیشنە دوو ڕەهەندییە، بەرزترین
ئاستی هزری زانستی دەبەخشێ. ژنی هاوچەرخی کورد، لە دیدی هاردینگ،
دەتوانێت ببێتە یەکێک لە بەرزترین سوبژێکتی هزری زانستی سەردەم، چونکە
ئەو لە یەککاتدا، چەندین دیدی جیاوازی هاوکاتی هەیە. فەلسەفەی ژنانەی
کورد دەبێ لەسەر سێ کۆڵەکەی بنەڕەتی بونیاد بنرێت:
یەکەم، گەڕانەوە بۆ مێژووی سوژە ونبووەکان. وەک پێشتر ئاماژەمان
پێداون، ئەم فەلسەفەیە دەبێ بەیت، حەیران، لاواندنەوە، ڕستن، چنین، هێز
و وزەی داهێنەرانە و خوڵقێنەرانەی ڕۆژانە و تەونی ژنانی کورد بکاتە
تێکستی فەلسەفیی خۆی. دەبێت ئەو حەقیقەتە بسەلمێنێت ژنی کورد هەرگیز
تەنها قوربانی نەبووە، بەڵکوو بکەرێکی شارەزای شاراوە بووە لە پاراستنی
زمان و کەلتووردا، کاتێک پیاوەکان لە بەرەکانی جەنگ یان زیندانەکاندا
بوون. مێژووی ژنی کورد، هەرگیز مێژووی قوربانبوونی سادە نییە. مێژووی
ژنی کورد، شێوازە جیاوازەکانی بەرگری و مانەوە و داهێنانی دۆزیوەتەوە.
زمانی کوردی پاراستووە، کاتێک لە خوێندندا لێرە و لەوێیەک قەدەغە بوو و
هێشتا یاساغە. ئەو کەلتووری کوردییەی پاراست کاتێک لە زیهنیی
سەرکردایەتی سیاسیدا ئاشبەتاڵی پێکرا. ئەوە ژنانی کورد بوون نەوەکانی
کوردیان لە دەرگەی فرمێسک و ترۆمای مێژوویی پاراست، ئەوە ژنانی کورد
بوون بۆ یەکەمینجار لە مێژووی کورددا شۆڕشێکی یەکپشوویان بە خۆی
ڕۆڵەکانیان سەرخست. ئەم بەرگرییە بێدەنگە، دواکاریگەریی هزری زۆر
ڕژتترە لەو بەرگرییە دەنگدارەی پیاوی کورد کاتێک لە چیا و چۆڵ و بەندن
و کێو و دێ و شارەکاندا نەعرەتەی دەدا. فەلسەفەی ژنانەی کورد، دەبێ ئەم
مێژووە بێدەنگە بە دەنگ بهێنێت، دەبێ لە هزری بێدەنگی مێژویی ژنانی
کورد، فەلسەفەیەکی گشتی و نوێ بۆ نەتەوەکەی دابهێنێت.
دووەم، داهێنانی پەیمانی هاوبەشیی ئاسۆیی لەبری پەیمانی خاوەندارێتی.
فەلسەفەی ژنانەی کورد، نابێت ململانێی نێوان نێر و مێ بکاتە جەنگێکی
سفر-سفر و تیایدا سەرکەوتنی یەکێکیان بە مانای لەناوچوونی ئەوی تر بێ.
بەڵکوو دەبێ مۆدێلێکی نوێی پێکەوەژیان دابهێنێ، مۆدێلێک ڕەنگدانەوەی
زمانە مرۆیی و زەمینە ڕەسەنە کوردییەکەی خۆی بێت، لەسەر بنەمای
هەڵوەشاندنەوەی چەمکی خاوەندارێتی بێت. ئایریس ماریۆن یانگ'ی فەیلەسوفی
ئەمریکی پەیوەندییە مرۆییەکان، دابەشی سەر دوو شێواز دەکات. یەکەم،
پەیوەندیی خاوەن-موڵک، تیایدا یەکێک خاوەن دەبێت و ئەویتر دەبێت بە
موڵک. دووەم، پەیوەندیی هاوسەفەری، تیایدا دوو تاک لە ڕێگەی هاوبەشدا
بەیەکەوە دەڕۆن، بێئەوەی یەکێکیان خاوەنی ئەوی تربێ. ئێمە لە کۆمەڵگە
کوردیدا، سەدان ساڵە پەیوەندیی خاوەن-موڵکمان بۆ نێوان نێر و مێ
سەپاندووە. پیاو خاوەنی ژنە، ژن موڵکی پیاوە، تەنانەت زمانی
ڕۆژانەیشمان، ئەم پەیوەندییە ڕوونتر پیشاندەدا. کاتێک دەڵێن ئەوە ژنی
فڵان پیاوە، لێرەدا پیاو وەک خاوەن پێناسە دەکەین. کاتێک دەڵێن ئەوە
پیاوی فڵان ژنە، ئێمە ئەو ژنە وەک خاوەن پێناسە دەکەین، دەبێ زمانێکی
نوێ دابهێنین. بێگومان ئەمە هەروا سادە و ئاسایی نییە، شۆڕشێکی هزری
گەرەکە. ژن موڵکی پیاو نییە، پیاویش پاسەوانی ژن نییە. ئەمە پەیمانێکی
نوێی کۆمەڵایەتییە تیایدایە و چەمکی خێزان لە دامەزراوەیەکی
ئابووری-دەسەڵاتدارییەوە دەگۆڕێت بۆ فەزایەکی هاوبەشیی ئازادانە.
سێیەم، فەلسەفەیەکی ڕەسەنی ژنانەی کوردی دەبێت لە یەککاتدا وڵامدەرەوەی
چەوسانەوەی نەتەوەیی، نیشتمانی و چینایەتی و ڕەگەزی بێت. هەگیز
ناتوانین باس لە ئازادیی ژن بکەین لەناو سیستەمێکی سەرمایەداریی
چەوسێنەردا، یان لەژێر سێبەری داگیرکاریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا.
ئانجێلا دیڤیس'ی فێمێنیست فەیلەسوفی ئەمریکی، سەبارەت بە ژن و ڕەگەز و
چین، دەڵێ ئازادیی ژن، هەرگیز ناتوانێت لە دەرەوەی ئازادیی نەتەوایەتی
و چینایەتی ڕوو بدات. کاتێک ژنێکی ڕەشپێستی ئەمریکایی مافی هاوسەنگی
وەردەگرێت لەگەڵ پیاوی هاوشێوە ئەمریکایی، بۆ ئەو ئازادیی سەرەکی نییە.
ئازادیی سەرەکی بۆ ئەو ئەوەیە هەم ئەو و هەم پیاوی ڕەشپێستی ئەمریکایی،
لە ژێر داگیرکاریی نەتەوایەتی سپیپێستدا ئازاد بن. ئازادیی جەستە و هزر
بەبێ ئازادیی نیشتمان و ئازادیی نان، تەنها وەهمێکی نەرێتگەرا و
تەنانەت لیبراڵیشە. ژنی هاوچەرخی کورد، لە ڕێگەی ئەم فەلسەفە نوێیەوە،
دەبێتە پێشەنگی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی، فەرهەنگی نەک تەنها
بۆ ڕەگەزەکەی خۆی، بەڵکوو بۆ تەواوی نەتەوەکەی.
لێرەدا دەبێت لە ڕەهەندێکی هزری زۆر گەورەدا بوەستین. بۆچی باس لە
فەلسەفەیەکی ژنانەی کوردی دەکەین، ئایا هزری ژنانە، هزرێکی جیاواز لە
هزری پیاوانەیە؟ ئایا هزری ژنانە، هزرێکی ئۆنتۆلۆژی جیاوازە یاخود
پۆزیشنێکی مێژووی جیاوازە؟ ئێمە دەبێت لە دامی جێگرەوەگەرایی هزری دور
بین، دامی وا هزری ژنانە وەک بوونەوەرێکی جێگیر و بێ مێژوو دەبینێت.
هزری ژنانە، هزرێکە لە پۆزیشنی مێژوویی چەوساوە هەڵقولاوە، بۆیە توانای
دیتنی چەوسانەوەی هەیە. کاتێک پیاوێک لە هەمان پۆزیشنی چەوسێنراودا
بێت، هەمان توانای دیتنی هەیە. فەلسەفەی ژنانەی کوردی، هەرگیز
فەلسەفەیەکی ژنانە بۆ ژنان نییە. فەلسەفەیەکە لە پۆزیشنی چەوسێنراوی
ژنانەی کوردەوە هەڵقولا، بەڵام بۆ هەموو کورد بەکار دێت. تاکە مەرجەکەی
ئەوەیە پیاوی کورد، دەبێت بەشێک بێت لەم فەلسەفەیە، بەڵام نەک وەک
نوێنەری خۆی، بەڵکوو وەک هاوتای خوشکەکانی خۆی. پیاو دەبێت لە ژنی
چەوساوە فێر بێت، چۆن جیهان بە دیدێکی نوێ بخوێنێتەوە. ئەمە بەرزترین
کرداری هزری پیاوی ئازادە، پێش ئەوەی مامۆستا بێت، خوێندکار بێت.
لەم قۆناغەدا، دوای ئەم نەشتەرگەرییە قووڵانەی بۆ چەمکەکانی پۆشاک،
جەستە، ئۆرینتالیزم، فێمێنیزمی سەرمایەداری، خوشکایەتی و دواجار
سایکۆلۆژیای پیاو و فەلسەفەی ژنانە کردمان، ئاوێنەکانیانمان
وردوخاشکرد. ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە ژن و پیاوی کورد، بێ چاویلکەی
نەرێت و بێ وەهمی مۆدێرنیتەی ساختە، ڕاستەوخۆ و وەک دوو بوونەوەری
ئازاد سەیری یەکتری بکەن. لێرەدا دەبێت لە یەکێک لە هەرە قوڵترین
پرسیارە هزرییەکاندا بوەستین. کاتێ دوو تاکی ئازاد بۆ یەکەمجار سەیری
یەکتر دەکەن، بەبێ نیگای نەرێت، بەبێ وەهمی بازاڕ، بەبێ چاویلکەی هیچ
سیستەمێک، ئەم نیگا چۆن دەبێ؟ ئایا نیگای ژنی ئازاد بەرامبەر بە پیاوی
ئازاد، هەمان نیگای پیاوی ئازاد بەرامبەر بە ژنی ئازاد دەبێ؟ یان
جیاوازی هەڵدەگرن؟ ئەم پرسیارە دەرگەی پەیوەندییە ئازادەکانی مرۆیی
دەکاتەوە. ئێمە کورد، بۆچی نەبینە یەکەم گەلی ڕۆژهەڵات ئەم دەرگەیە
دەکاتەوە؟
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|