|
٢٠\٦\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٣
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
زیندانی زمان و ئەندازیاریی پاسیڤبوون.
لە کۆتایی پرسیارە بونیادییەکەی پێشوودا ڕووبەڕووی ئەو حەقیقەتە
ترسناکە بووینەوە، ئایا ئاخۆ ئەوە خودی خۆمان بووینەتە پاسەوانی ئەو
سیستەمەی تێکماندەشکێنێت؟ بۆ دۆزینەوەی وڵامێکی ڕوون و ڕووت، پێویستە
ئاوێنەکەمان بخەینە بەردەم گەورەترین و شاراوەترین زیندانی مرۆڤ،
ئەوەیش زمانە. زمان تەنها ئامرازێکی گوزارشتکردن نییە، بەڵکوو ماڵی
بوون و چوارچێوەی بیرکردنەوەیشە. ئێمە پێش پێخستنە ناو هەر کایەیەکی
کۆمەڵایەتییەوە، لەناو زماندا لەدایکدەبین و نائاگاییمان لەوێدا
دادەڕێژرێت. ئەو خەیاڵدانی قوربانیبوون و دروستکردنی بتەی لە
ستوونەکانی پێشووتردا باسمانکرد، لە بۆشاییدا دروستنەبووە، بەڵکوو
لەناو زماندا و لە ڕێگەی وشەکانەوە چێندراوە.
ئەگەر بە چاوێکی دەروونشیکارییانە سەیری بونیادی زمانی ڕۆژانەمان بکەین،
دەتواندرێ بە ڕوونی ئەوە ببینین ئێمە بە زمانێکی پاسیڤ و تێکشکاو
دەدوێین. لە گێڕانەوەکان و ئیدیۆمەکانی ناو کۆمەڵگەدا، هەمیشە وێنای
تاک وەک مەفعوولێکی بێئیرادە وێناکراوە. کاتێک مرۆڤی ئێمە لە
ڕووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێکدا دەڵێت ئێمە هەروا بووین و هەرواش
دەبین یان فەرقی سەگی ڕەش و سەگی سپی نییە و ئەوە بەختی ئێمەیە، ئەمە
تەنها دەربڕینێکی سادە نییە، بەڵکوو بڕیارێکی ئۆنتۆلۆجییە بۆ
ڕەتکردنەوەی گۆڕانکاری. ئەم زمانە پێشوەختە بڕیاریداوە و پێماندەڵێت
هەوڵدان بێهوودەیە، بەمەش تاک لە بکەرێکی کاریگەرەوە بچووکدەکاتەوە بۆ
بینەرێکی بێدەسەڵات لەناو تراژیدیای ژیانی خۆیدا.
ئەمە هەمان ئەو چێژی مەرگدۆستییەیە پێشتر باسمانکرد، بەڵام ئەمجارە
لەناو وشەکاندا خۆیشاردووەتەوە. زمانمان بووەتە ئامرازێک بۆ
ئارایشتکردنی برینەکانمان لەبری سارێژ کردنیان. ئێمە زۆرترین وشەمان
هەیە بۆ وەسفکردنی ئازار، شیوەن، لاواندنەوە و تێکشکان، بەڵام
هەژارترین فەرهەنگمان هەیە بۆ چەمکەکانی ئیرادە، ڕووبەڕووبوونەوە و
بونیادنانەوە. کاتێک تاک بەردەوام بەم زمانە بیردەکاتەوە و دەدوێت، لە
ڕووی دەروونییەوە توانای بینینی هەر ئاسۆیەک لەدەستدەدات، چونکە مرۆڤ
ناتوانێت شتێک ببینێت یان بیری لێبکاتەوە وشەی بۆ نەبێت. زمان لێرەدا
دەبێتە پاسەوانێکی توند بۆ هێشتنەوەمان لەناو تاریکیدا.
بەپێی ئەم تێڕوانینە، ئێمە پێویستمان بە دوژمنی دەرەکی نییە بۆ
وێرانکردنی خود، چونکە ڕۆژانە لە ڕێگەی زمانەوە ئەم وێرانکارییە
ئاراستەی خۆمان دەکەینەوە. هەر نەوەیەک ئەم زمانە نەخۆشە ڕادەستی نەوەی
دواتر دەکات و پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی نەفامی و پاسیڤبوون
بەردەوامدەبێت. ئێمە وشەکان بەکاردەهێنین بۆ سەلماندنی بێتاوانیی خۆمان
و خستنەئەستۆی هەموو شکستەکان بۆ سەر شانی قەدەر یان ئەوانی تر. ئەمەش
ئاسوودەییەکی کوشندەمان پێدەبەخشێ، ڕێگەمانپێدەدا لەناو خەیاڵدانی
قوربانیبووندا بمێنینەوە و هەرگیز نەپرسین ئایا ئێمە چیمانکردووە بۆ
گۆڕینی چارەنووسمان.
تەنانەت لەناو ئەدەبیات و کایەی ڕۆشنبیریشدا، ئەم زمانە ڕۆڵی خۆی
دەگێڕێت و دەبێتە وەهمێکی گەورەتر. ئەو دەقە ئەدەبییانەی زۆرترین
چەپڵەیان بۆ لێدەدرێت، ئەوانەن لوتکەی نائومێدی و تێکشکانیان تێدا
چڕبووەتەوە. ئێمە لەبری ئەوەی شکستەکانمان تێپەڕێنین، کردوومانن بە
تابلۆیەکی زمانەوانیی جوان و بە دیوارەکانی ڕۆحماندا هەڵمانواسیون.
ڕۆناکبیر و نووسەرانی ئێمە لەبری ئەوەی زمان وەک چەقۆیەک بۆ دڕاندنی
پەردەی ئینکاری بەکاربهێنن، وەک ماددەیەکی هۆشبەر یان مۆمیاکراو
دەیبینن و بەکاریدەهێنن بۆ قووڵکردنەوەی خەوەکە و هێورکردنەوەی
ئازارەکان.
تا دان بەو ڕاستییە تاڵەدا نەنێین زمانمان خۆی بووەتە زیندان، هەرگیز
ناتوانین هەنگاو بەرەو ئازادی بنێین. زمان کایەیەکی دینامیکی زیندووە
نەک کەرەنتینەیەکی مۆمیاکراو، گۆڕانی سیمانتیکی واتایی و ڕێنووسی
وشەکان لە دۆخی مادییەوە، بۆ دۆخی فەلسەفی و ئەبستراکت، نیشانەی
دەوڵەمەندی و توانای گەشەی ناوەکیی زمانە بۆ چەمکسازیی هاوچەرخ،
گۆڕانکاریی ڕیشەیی پێویستی بە تێکشکاندنی پاسیڤبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی
ئەو هێڵە نەرێتییە هەیە پێیوایە دەبێت زمان لە دۆخێکدا بخولێتەوە،
پێویستی بە بونیادنانەوەی فەرهەنگێکی نوێ هەیە بۆ ئیرادە. لێرەوە
دەگەینە خاڵێکی ترسناکتر، ئەگەر زمان خۆی ئەو زیندانە بێت مرۆڤی ئێمە
پاسیڤدەکات، ئایا یەکەمین وێستگەی چاندنی ئەم زمانە کوشندەیە کوێیە؟
کاتێک ئەم زمانە لەناو یەکەمین یەکەی کۆمەڵایەتیدا دەبێتە ئامرازی
پەروەردە، ئایا خێزان وەک پیرۆزترین دامەزراوە، دەبێتە پەناگە، یان
دەبێتە یەکەمین کارگە بۆ کوشتنی ئیرادە و دروستکردنی مرۆڤێکی گوێڕایەڵ؟
______________________________________
●
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|