په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٨\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٣٧

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

دامەزراوەی سیاسی یان عەسەبیەی نوێ؟

حزب لە واقیعی ئێمەدا چییە؟ دامەزراوەیەکی سیاسیی مۆدێرنە بە پرۆگرام و ئایدۆلۆژیا و ژیانی ناوخۆییی دیموکراسییەوە، یان عەسەبیەیەکی نوێیە، واتە پەیوەستگرووپییەکی نوێ، بە ئاڵا و مۆر و بارەگەوە؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، نەشتەرەکە لەسەر دەقی پەیڕەو و پرۆگرامەکان نا، بەڵکوو دەیخەینە سەر جەستەی زیندووی حزب. ئاخر حزب لەناو پەیڕەوەکاندا شتێکە و لە واقیعدا شتێکی ترە، لە پەیڕەودا کۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتە و لە واقیعدا ڕیتوالێکی ساڵانە یان چەند ساڵانەیە بۆ نوێکردنەوەی بەیعەت، لە پەیڕەودا ئەندام خاوەنی حزبە و لە واقیعدا حزب خاوەنی ڕەهای ئەندامە. دیاردەناسی فێریکردووین جیاوازیی نێوان ڕوخسار و ماهییەت بدۆزینەوە، لە هیچ فەزایەکیشدا ئەم جیاوازییە بەهێندەی ناو حزبی کوردی قووڵ و تراژیدی نییە.

تۆش دەزانی حزب منداڵی مۆدێرنیتەیە، لەگەڵ پەرلەمان و چینە کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندییە جیاوازەکاندا لەدایکبووە، وەک ئامرازێک بۆ ڕێکخستنی ئەو جیاوازییانە و گواستنەوەیان لە گێژاوی شەقامەوە بۆ ناو سەنگینیی دامەزراوە. لە ڕووی تیۆرییەوە، حزب پردێکە لە نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەتدا، خواستەکانی خوارەوە کۆدەکاتەوە، دەیانکاتە پرۆگرام، پرۆگرامەکە دەخاتە بەردەم دەنگدەران و بە ڕەزامەندیی ئەوان دەیگوازێتەوە ناو کایەی سیاسەت. لەم پێناسەیەدا حزب ئامرازە، خزمەتکارە و ژیانی ناوخۆیشی دەبێت وردەوێنەیەکی ئەو دیموکراسییەتە بێت بانگەشەی بۆ دەکات. ئێستا ئەم وێنە تیۆرییە لە بەرامبەر ئاوێنەی واقیعی خۆماندا ڕابگرە و سەیرێکی ئەو تراژیدیایە بکە.

حزبی کوردی، لە خەباتی ژێرزەمینی و سەختی شاخدا، لەدایکبووە، واتە لە سەردەمی نەبوونی حکومەتدا پەیدابووە و ئەم لەدایکبوونەش شوێنەواری هەمیشەیی لەسەر جەستەی جێهێشتووە. حزبێک لە نهێنیدا دروستببێت، گومان دەبێتە خوێنی و ملکەچیی ڕیزەکانی دەبێتە مەرجی مانەوەی. حزبێک لە شاخدا بژی، دەبێتە هەمووشتێک پێکەوە، سوپا و خێزان و دادگە و قوتابخانە و حکومەت یان دەوڵەتێکی چاوەڕوانکراو. ئەم حزبە تۆتاڵە لە قۆناغی ڕزگاریخوازیدا ئاسایی زەروورەتێک بووە، بەڵام کارەساتە ئۆنتۆلۆژییەکە لێرەدایە دوای هاتنە شار و گەیشتنە دەسەڵات، نەک هەر خۆی نوێ و ڕاستنەکردەوە، بەڵکوو حکومەتە نوێیەکەیشی بەتەواوی قووتدا. بە واتایەکی تر، لەبری ئەوەی ببێتە دەزگەیەکی بچووک لەناو پانتایی دەوڵەتدا، دەوڵەتی کردە یەکێک لە دەزگەکانی خۆی. ئەو دیاردەیەی لە ستوونی پێشوودا ناوماننا دەوڵەتی قووڵی وەفاداری، ڕێک لەم پرۆسەیەی قووتدانەوە لەدایکبوو.

مێژووی سیاسیی سەدەی بیستەم پێماندەڵێ ئەم ڕێگەیە بۆ کوێ دەڕوات و چ وێرانەیەک لەدوای خۆی جێدەهێڵێت. لە یەکێتی سۆڤیەتدا حزب دەوڵەتی قووتدا و دەرەنجامەکەی دەوڵەت-حزبێک بوو هەموو دەمارەکانی کۆمەڵگەی ئیفلیجکرد، تا ئەو ڕۆژەی لە ناوەوە پووکایەوە و تەنها لە شەوێکدا هەرەسیهێنا. لە بەغدای بەعسدا حزب بوو بە دەوڵەت و دەوڵەتیش بوو بە تاکەکەسێک، هەردووکیان پێکەوە وڵاتێکیان بردە ناو دۆزەخی کارەساتەکانەوە. ئەم نموونانە زیندوون، دوورییەکی جوگرافیشیان نییە، ئێمە خۆمان قوربانیی یەکێک لەو دەوڵەت-حزبانە بووین و لە گۆشتی خۆماندا تامی ئەو یەکبوونەمان کردووە. سەیرترین ئاسۆی تراژیدیاش ئەوەیە قوربانییەک، لە ڕۆژانی دەسەڵاتی خۆیدا، هەمان ئەندازیاریی جەلادەکەی دووبارەبکاتەوە. ئەمە هەمان ئەو یاسایەیە لە ستوونی حەوتەمدا بینیمان، بەڵام لێرەدا لە ئاستی دامەزراوەدا دەردەکەوێت، نەخشەی زیندان لە زەینی زیندانیدا دەمێنێتەوە و ڕۆژێک دێت خۆی هەمان زیندان بونیاددەنێتەوە.

لێرەدا دەنگێکی گەورەی زانستی سیاسەت بەرگریمان لێدەکات، ئەمە هەر تەنها نەخۆشییەکی لۆکاڵیی کوردیی نییە. ڕۆبەرت میخلس، کۆمەڵناسی ئەڵمانی، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا خوێندنەوەی بۆ حزبە سۆشیال دیموکراتەکانی ئەورووپا کرد، واتە بۆ دیموکراسیخوازترین ڕێکخراوەکانی سەردەمەکەی، گەیشتە ئەنجامێکی تۆقێنەر و ناوینا یاسای ئاسنینی ئۆلیگارشی. بەپێی ئەم یاسایە، هەر ڕێکخراوێک، هەرچەندە ئامانجەکانی دیموکراسیش بن، بەهۆی خودی لۆژیکی ڕێکخستنەوە لە کۆتاییدا دەکەوێتە دەستی نوخبەیەکی بچووکەوە. کێ بڵێت ڕێکخراو، بە دەربڕینەکەی میخلس، دەبێت بڵێت ئۆلیگارشی. پێویستیی کارگێڕی شارەزایی دەخوازێت، شارەزایی جیاوازی دروستدەکات، جیاوازیش دەبێتە دەسەڵاتی نەگۆڕ و جەماوەر و ئەندامانیش وردە وردە لە ناوەند و چەقی بڕیار دووردەخرێنەوە. ئەگەر ئەم یاسایە بەسەر دیموکراسیخوازترین حزبەکانی ئەورووپادا سەپابێت، بیر لە قورساییەکەی بکەرەوە بەسەر حزبێکدا لە بنەڕەتدا لە دۆخی نهێنی و فەرماندەیی سەربازییەوە هاتبێت. لای ئێمە یاسا ئاسنینەکە پێویستی بە سەپاندن نەبوو، لە شیرەخۆرەیی لەدایکبوونییەوە ئامادەبوو.

بەڵام میخلس تەنها نیوەی وێنەکەمان پێدەدات، چونکە ئۆلیگارشی لای ئەو، هێشتا دیاردەیەکی ڕێکخراوەییە، لای ئێمە شتێکی قووڵتر و بوونناسیانەتر ڕوویداوە، حزب گەڕاوەتەوە ناو قاڵبە کۆنەکەی پەیوەستگرووپی. سەیری ماهییەتی ئەندامبوون بکە. لە حزبی مۆدێرندا ئەندامبوون هەڵبژاردنێکی فکرییە، مرۆڤ پرۆگرامێک دەخوێنێتەوە، قەناعەتی پێدەکات و بەشداریی تێدادەکات، هەر کاتێکیش قەناعەتەکەی گۆڕا، بە ئاساییترین شێوە جێیدەهێڵێت و دەبێتە نەیاری بیرۆکەکان. لە واقیعی ئێمەدا ئەندامبوون پرۆسەی لەدایکبوونە، منداڵ لە ماڵێکدا چاودەکاتەوە ڕەنگ و ئاڵا و شەهید و سروودەکانی حزبێک بەشێکن لە شیرەکەی. پێشئەوەی پرۆگرام بخوێنێتەوە، ئینتیماکەی وەرگرتووە، وەک چۆن ناوی بنەماڵەکەی وەرگرتووە. لەم قاڵبەدا جێهێشتنی حزب چیتر گۆڕینی بۆچوون نییە، هەڵگەڕانەوەیە، هەڵگەڕانەوەش لەو دیدەدا خیانەتە. بۆچی؟ چونکە ئەمە هەڵگەڕانەوەیە لە خێزان، لە شەهیدان، لە خوێن. ڕەخنەگرتنیش لە ناوەوە چیتر مافێکی ئەندامێتی نییە، بەڵکوو پیلانگێڕی و کوتلەگەرییە. ئەمە ڕێک ئەو پەیوەستگرووپییەیە ئیبن خەلدوون باسیکرد، بەڵام لێرەدا لە بەرگێکی نوێدایە، خێڵ ئاڵای هەیە، مۆری هەیە، بارەگەی هەیە و کۆنگرەی چوارساڵانەی هەیە.

ئەگەر بەڵگەیەکی بەرجەستەشت دەوێت بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی حزبەکانمان پەیوەستگرووپین نەک دامەزراوەی فکری، سەیری شێوازی لەتبوونیان بکە. حزبی فکری کاتێک لەتدەبێت، لەسەر بیر لەتدەبێت، باڵێک دەڵێ ئابووریی بازاڕ و باڵێک دەڵێت دەوری دەوڵەت، باڵێک دەڵێت ئاشتی و باڵێک دەڵێت بەرخۆدان، لەتبوونەکەش لە کۆنگرەدا بە دەنگدان یەکلادەبێتەوە. حزبەکانی ئێمە کاتێک لەتبوون، هەرگیز لەسەر پرۆگرام لەتنەبوون، لەسەر بەرژەوەندیی کەسی و گرووپی و بازنەی نفوزی لەتبوون. شەقەکەش بە خەتی خوێن و ناوچە و وەفاداریدا ڕۆیشتووە، نەک بە خەتی بیردا. دوو پارچەی هەر لەتبوونێک، ڕۆژی دوایی هەمان پرۆگرامیان هەبووە و هەمان دروشمیان هەڵگرتووە، تەنها وێنەی سەرکردەکانیان جیاواز بووە. ئەمە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، ئەوەی لەتدەبێت عەسەبیەیە نەک فکر، چونکە فکر لە لەتبوونیدا دوو دید بەرهەمدەهێنێت، بەڵام عەسەبیە لە لەتبوونیدا دوو خێڵ بەرهەمدەهێنێت.

ئەم گۆڕانە ماهییەتییە دەرەنجامێکی ئابووریی کوشندەشی هەیە. حزبێک لە دامەزراوەی فکرییەوە بگۆڕدرێت بۆ پەیوەستگرووپی، لە پردی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەتەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئامێری دابەشکردن. دامەزراندن، مووچە، پلە، دەرفەت و پارێزگاریی یاسایی، هەموویان لە کەناڵی ئینتیماوە تێدەپەڕن. لە ستوونی پێشوودا بینیمان مووچە چۆن دەبێتە گرێبەستی بێدەنگی، حزب ئەو نووسینگەیەیە گرێبەستەکەی تێدا واژۆدەکرێت. بەم شێوەیە سیاسەت لە گۆڕەپانی بیروڕاوە دەگۆڕدرێت بۆ تۆڕی بەرژەوەندی، جیاوازیی نێوان حزبەکانیش وردە وردە لە جیاوازیی فکرییەوە دەگۆڕدرێت بۆ جیاوازیی جوگرافی و بنەماڵەیی، ئایدۆلۆژیا دەمرێت و تەنها نەخشەی نفوز دەمێنێتەوە. لە کۆتاییدا هاوڵاتیی کورد لە بەرامبەر دوو دەرگەدا دەوەستێت بۆ دابینکردنی بژێوی، نەک بەرامبەر دوو بەرنامە بۆ ڕزگارکردنی نیشتمان.

ژیانی ناوخۆییی حزبیش هەمان حەقیقەتی تاڵ دووپاتدەکاتەوە. کۆنگرەکان، لە سەر کاغەزدا باڵاترین دەسەڵاتن، لە واقیعدا ڕیتوالی نوێکردنەوەی بەیعەتن. ئەنجامەکانیان پێش بەستنیان دیارن و ململانێی ڕاستەقینە، ئەگەر هەر هەبێت، لە ژوورە داخراوەکاندا یەکلادەبێتەوە نەک لە دەنگدانی ئازاددا. گەنج لە ڕیزەکاندا پیردەبێت و چاوەڕوانی نۆرە دەکات، چونکە پلە بە تەمەنی ئینتیما و ملکەچی دەدرێت نەک بە توانای مەعریفی. ژنانیش، وەک لە بلۆکی چوارەمدا بینیمان، زۆرجار وەک ژمارە و وێنە بۆ ڕازاندنەوەی شانۆکە ئامادەن نەک وەک دەسەڵاتی بڕیار. حزبێک ناتوانێت لە ناوەوە دیموکراسی بژی، هەرگیز ناتوانێت لە دەرەوە دیموکراسی بونیادبنێت، چونکە ناکرێت دار خۆی بەرهەمێک بدات لە ڕەگەکەیدا نەبێ.

لێرەدا دژە ئەرگۆمێنتێکی جدیش هەیە دەبێت بە ڕێزەوە وڵامبدرێتەوە. دەڵێن لە جوگرافیایەکی وەک ئێمەدا، بە چواردەورە داگیرکەر و هەڕەشەوە، حزبی بەهێز و یەکگرتوو زەروورەتی مانەوەیە و دیموکراسیی ناوخۆیی لوکسێکە توانای هەڵگرتنی نییە. ئەم بۆچوونە بەهێزییەکەی لە ترسێکی ڕاستەقینەوە وەردەگرێت، بەڵام لە شیکاریدا تەواو هەڵەیە، چونکە دوو جۆر بەهێزی تێکەڵدەکات. بەهێزیی عەسەبیە بەهێزییەکی شووشەییە، لە ڕواڵەتدا ڕەقە، لە ناوەوە ناسکە، چونکە هەموو قورساییەکەی لەسەر کەسێک یان بنەماڵەیەک وەستاوە و بە نەمانی ئەو خاڵە، هەموو تەلارەکە لەرزۆک دەبێت، مێژووی لەتبوونە حزبییەکان خۆی گەورەترین شایەتە. بەهێزیی دامەزراوەیی بەپێچەوانەوە کەسەکان دێن و دەڕۆن و بونیادەکە دەمێنێتەوە، ڕەخنە لە جیاتی ئەوەی بیڕووخێنێت، بەهێزتریدەکات، چونکە هەڵەکان لە ناوەوە ڕاستدەکرێنەوە پێشئەوەی لە دەرەوە ببنە قەیرانێکی کوشندە. کەواتە ئەوەی لە بەرامبەر مەترسییە دەرەکییەکاندا دەمانپارێزێت، ڕێک ئەو دیموکراسییە ناوخۆییەیە بە لوکسی دادەنێن. حزبی بەهێز حزبێک نییە دەنگی ناوەوەی کپکردبێت، حزبێکە لە دەنگی یاخیبووی ناوەوەی نەترسێت.

دادپەروەریی فکری داوامان لێدەکات لایەنەکەی تری تەرازووەکەش ببینین. حزبە کوردییەکان لە تاریکترین سەردەمەکاندا شوناسیان پاراست، خەباتیان کرد، قوربانییاندا و دۆزەکەیان زیندوو ڕاگرت، نکۆڵیکردن لەم مێژووە نە زانستییە و نە ئەخلاقی. کێشەکە لە بوونی حزب نییە، لە گۆڕانی ماهییەتیدایە، ئامرازێک بوو بۆ ڕزگاری، بوو بە ئامانج لە خۆیدا. خەباتیش لە ئەرکێکی قوربانیدانەوە بوو بە پیشەیەک موڵک و پلە بەرهەمدەهێنێت. بۆیە وڵامەکەش هەڵوەشاندنەوەی حزب نییە، گەڕاندنەوەیەتی بۆ ماهییەتە ئامرازییەکەی. حزبێک ژیانی ناوخۆی بە دەنگدانی ئازاد بەڕێوەبچێت، ماوەی سەرکردایەتی سنووردار بێت، دارایییەکەی شەفاف بێت، لە دەزگەکانی دەوڵەت جیابکرێتەوە و پلە بە شایستەیی ببەخشێت نەک بە ئینتیما. ئەم خاڵانە خەون نین، پێوانەی جیهانیی جیاکردنەوەی دامەزراوەن لە عەسەبیە. هەر حزبێک لەمانە نزیکببێتەوە، بەرەو دامەزراوەیی هەنگاودەنێت و هەر حزبێکیش دووربکەوێتەوە، بەرەو خێڵ دەگەڕێتەوە، هەرچەندە بە زمانی مۆدێرنیش قسەبکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە ناوجەرگەی هەر حزبێکدا، لە لوتکەی هەموو هەڕەمێکدا، کەسێک وەستاوە، سەرکردە. تا ئێستا باسی بونیادمانکرد و بە ئەنقەست کەسەکەمان لە پەراوێزدا هێشتەوە، بەڵام ناکرێت نەشتەرگەرییەکە بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وێنەیە تەواوبێت. بۆچی سەرکردە لە زەینی ئێمەدا لە نوێنەرێکی هەڵبژێردراوەوە دەگۆڕدرێت بۆ باوکێکی پیرۆز؟ چ پێویستییەکی دەروونی لە ناخماندا ئەم گۆڕینە ئەنجامدەدات و چ زیانێکی ئۆنتۆلۆژی لێدەکەوێتەوە؟ ئەمە ئەو دەرگەیەیە ستوونی داهاتوو دەیباتە ناو دەروونشیکاریی کاریزما و پەرستنی کەسایەتی.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک