په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٨\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٣٨

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

سەرکردە، دەروونشیکاریی کاریزما و بتی کەسێتی.

کۆتا پرسیارەکانی ستوونی پێشوو، هەر بە تەنها بە شیکارییکردنی بونیادی حزب وڵامنادرێنەوە، چونکە برینەکە لە دەرەوەی ئێمەدا نییە، لە ناخماندایە. هیچ سەرکردەیەک بە تەنها ناتوانێت خۆی پیرۆز بکات، پیرۆزی بەخششێکە لە خوارەوە بەرەو سەرەوە دەڕوات، ئێمە دەیبەخشین و ئەو وەریدەگرێ. کەواتە نەشتەری ئەمجارە نەک لەسەر جەستەی سەرکردە، بەڵکوو لەسەر ناخی ئەو جەماوەرە دادەنێین بە دەستەکانی خۆی، بە خوێنی خۆی، بت دروستدەکات و پاشان لە بەرامبەریدا چۆکدادەدات. ئەمە قووڵترین ئاستی ئەو پاسیڤبوونەیە لە سەرەتای ئەم زنجیرە باسانەوە بەدوایدا دەگەڕێین، پاسیڤبوونێک خۆی لە شێوەی خۆشەویستیدا دەشارێتەوە و گۆبەندێک بە تاک دەگێڕێ ئیرادەی پرسیارکردن و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی لە خۆیدا، لەدەستبدات.

سەیرکە، لە ستوونی دووەمدا خەیاڵدانی ڕزگارکەرمان ناسی، ئەو نەخۆشییە مێژووییەی چاوەڕوانیی دەستێکی دەرەکی دەکات بۆ ڕزگارکردنمان، چونکە باوەڕمان بە دەستی خۆمان نەماوە. ئەوەی لە ئاستی سیاسیدا ڕوودەدات، هەمان خەیاڵدانە بەڵام بە جلوبەرگ و کەتافەی نیشتمانییەوە، کۆمەڵگەیەک سەدان ساڵ ستەم و شکست و خیانەتی چێشتبێت، هەتیوییەکی بریندار لە ناخیدا دەژییەت، هەتیوییەک بەدوای باوکدا دەگەڕێ. سەرکردە دێتە ناو ئەم بۆشاییەوە، نەک وەک فەرمانبەرێکی هەڵبژێردراو ئەرکی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و پاراستنی متمانەی گشتی بێت، بەڵکوو وەک باوکی ونبوو، وەک ئەو دەستەی لە خەونەکاندا چاوەڕواندەکرا. لەم ساتەوە پەیوەندییەکە لە پەیوەندیی سیاسییەوە دەگۆڕدرێت بۆ پەیوەندیی سۆزداریی قووڵ و هەرچی سۆزداریی قووڵیشە، بێگومان ڕەخنە هەڵناگرێت، کەس لە باوکی خۆی ناپرسێتەوە بودجەکەت لە کوێ هێناوە و چۆن سەرفتکردوە، لێرەدا شەفافیەت دەبێتە قوربانیی سۆز و دەسەڵات لە چاودێری دادەماڵرێت.

سیگمۆند فرۆید، لە کتێبەکەیدا - دەروونناسیی جەماوەر، میکانیزمی ناوەوەی ئەم پەیوەندییەی ورد هەڵماڵیوە. جەماوەر بە بۆچوونی ئەو لە ڕێگەی سەرکردەوە یەکدەگرێت، هەر تاکێک وێنەی سەرکردە دەخاتە شوێنی نموونە باڵاکەی خودی خۆیەوە، واتە ئەو پێوانە ناوەکییەی مرۆڤ خۆی پێدەپێوێت، لەبەرئەوەی هەموو تاکەکان هەمان وێنەیان لە هەمان شوێن داناوە، لە یەکتری دەچن و هەستدەکەن یەک جەستەن. ئەمە نهێنیی ئەو یەکێتییە بەهێزەیە لە میتینگەکاندا، ورد هەستی پێدەکەین، بەڵام نرخەکەشی گرانە، کاتێک نموونە باڵاکەی خودم لە دەرەوەی خۆمدایە، چیتر پێویستم بە ویژدانی خۆم نییە، سەرکردە لەبری من بیردەکاتەوە، لەبری من هەڵدەسەنگێنێت و لەبری من بەرپرسیارە. فرۆید لە شیکارییەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ وێنەیەکی کۆنتریش، باوکی سەرەتایی، ئەو باوکە توندەی هەم لێیدەترسێین و هەم خۆشماندەوێت و هەم ئارەزووی شوێنەکەی دەکەین. سەرکردەی پیرۆز وەرگیراوەیەکی سیاسیی ئەم وێنە دێرینەیە، بۆیە پەیوەندییەکەیشی لەگەڵ جەماوەردا هەمیشە تێکەڵەیەکە لە ترس و خۆشەویستی، لە پەرستن و چاوەڕوانیی میرات، ئەمەش ڕاستەوخۆ دژی هەر جۆرە پێکهاتەیەکی مۆدێرنی بەڕێوەبردنە، ئەو بەڕێوەبردنەی لەسەر بنەمای لێهاتوویی و بەرپرسیارێتیی هاوبەش دامەزراوە.

ئێریک فرۆمیش لایەنەکەی تری هاوکێشەکەمان نیشاندەدات. لە ستوونی یازدەدا بینیمان مرۆڤ چۆن لە ئازادیی خۆی دەترسێت، فرۆم ئەم هەڵاتنەی ناوناوە هەڵاتن لە ئازادی و یەکێک لە ڕێگەکانیشی ملکەچیی ئۆتۆریتارییە، مرۆڤ باری قورسی بڕیاردان و بەرپرسیارێتی فڕێدەداتە سەر شانی کەسێکی بەهێز و لە بەرامبەردا ئارامییەکی ساختە وەردەگرێت. ئێستا هەردوو کۆتایی پەتەکە بەیەکەوە گرێبدەوە، لە خوارەوە هەتیوییەکی مێژوویی بەدوای باوکدا دەگەڕێت و لە هەمان کاتدا تاکێکی ماندوو دەیەوێ لە ئازادییەکەی هەڵبێت، لە سەرەوەش حزبێکی پەیوەستگرووپی وەک ئەوەی لە ستوونی پێشوودا بینیمان، پێویستی بە ناوەندێکی پیرۆزە بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی. ئەم سێ هێزە لە یەک خاڵدا یەکدەگرن و لەو خاڵەدا سەرکردەی پیرۆز لەدایکدەبێت. کەواتە پەرستنی کەسایەتی نە ڕێکەوتە و نە تەنها بەرهەمی پڕوپاگەندەیشە، پێویستییەکی دەروونیی هەردوولایە، جەماوەر باوکی دەوێت و سیستەمیش بت، لە بازاڕگەرایی ئەم دوو خواستەدا، مرۆڤی ئازاد دەبێتە کەمیاباترین کاڵا، بەهای هاووڵاتیبوون لە بەشداربوویەکی کاراوە دەگۆڕێت بۆ ملکەچێکی بێدەنگ.

ئەم میکانیزمە گشتییانە لە واقیعی ئێمەدا ڕەگێکی مێژوویی قووڵ و تایبەتیشیان هەیە. یەکەم سەرکردەی ژیانی هەر مرۆڤێک باوکە، لە ستوونی چواردا بینیمان خێزانی باوکسالار چۆن یەکەم قوتابخانەی ملکەچییە، منداڵ فێردەبێت دەسەڵات واتە باوک، باوک واتە بەرپرسیارێتی و خۆشەویستی واتە گوێڕایەڵی. کۆمەڵگە لەم قوتابخانەیەوە دەردەچێت و هەمان نەخشە دەگوازێتەوە بۆ ئاستە گەورەکان، ئاغا باوکی گوندە، شێخ باوکی ڕۆحە و سەرکردەش باوکی نەتەوەیە. سەرکردایەتیی سیاسیی هاوچەرخی ئێمە لە بۆشاییدا لەدایکنەبووە، کەوای شێخ و دەسەڵاتی ئاغای بە میرات وەرگرتووە، زۆرجار بە ڕەچەڵەکەوە و لەو بنەماڵەوە هاتووە. بۆیە کاریزمای سیاسیی کوردی هەمیشە بۆنی پیرۆزیی ئایینی و شکۆی خێڵەکیی لێدێت، سێ چینی دەسەڵات لە یەک وێنەدا دانیشتوون و هەر یەکەیان جۆرێک لە بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆیدا هێناوە ، بەڵام هیچکامیان پرەنسیپی شەفافیەت و لێپرسینەوەی یاسایییان نەهێناوەتە ناو کایەی سیاسییەوە.

ماکس ڤیبەریش، ئەو دەنگەی لە ستوونی ٣٦دا سێ سەرچاوەکەی ڕەوایەتی پێناساندین، لێرە وشەیەکی چارەنووسسازمان پێدەدات، کاریزما بەهرەیەکی دەگمەنە، مردنی خاوەنەکەی گەورەترین قەیران دەورووژێنێت، بۆیە دەزگەکان هەوڵدەدەن کاریزما بکەنە دامەزراوە و میرات، ڤیبەر ئەم پرۆسەیە بە ڕۆتینکردنی کاریزما ناو دەبات. لە واقیعی ئێمەدا، ئەم بە ڕۆتینکردنە فۆڕمی خوێنی وەرگرتووە، کاریزمای سەرکردە دەگوازرێتەوە بۆ کوڕ و برازا و بنەماڵە، وەک چۆن زەوی و موڵک دەگوازرێتەوە. لێرەدا بازنەکە تەواودەبێت و دەگەڕێینەوە بۆ هەمان ئەو نەریتەی لە ستوونی ٣٦دا بینیمان، ڕەوایەتیی کاریزمایی دەڕژێتە ناو قاڵبی ڕەوایەتیی نەریتییەوە و هەردووکیان پێکەوە ڕێگە لە لەدایکبوونی ڕەوایەتیی دامەزراوەیی دەگرن. کاریزما لە بنەڕەتدا شتێکی کەسییە و بە میرات نادرێ، ئەوەی بە میرات دەدرێ تەنها تەختەکەیە، بۆیە هەر نەوەیەکی نوێی میراتگر پێویستی بە ژەهرێکی زیاتری پیرۆزکردن دەبێ بۆ داپۆشینی کەمییە کاریزماتیکییەکەی خۆی، لێرەوە قەیرانی بەڕێوەبردن و متمانە دەست پێدەکات، چونکە ڕێکخراوەکان لەبری ئەوەی ببنە مەکینەی چارەسەر، دەبنە پاسەوانی میراتەکە.

پەرستنی کەسایەتیش تەکنۆلۆژیای خۆی هەیە. سەیری شوێنە گشتییەکانی شارەکان بکە، وێنەی سەرکردەکان لە هەموو چوارڕێیانێکدا، گەورەتر لە هەر بینایەک، بەرزتر لە هەر مناریەک. ئەمە ڕازاندنەوە نییە، ئەمە داگیرکردنی فەزای گشتییە بە ڕوخسارەوە، پەیامێکی بێدەنگە و بە هەموو ڕێبوارێک دەڵێت، لێرەش چاوێک هەیە سەیرت بکات. ناونانەکانیش هەر هەمان ئەرک دەبینن، سەرکردە هەرگیز بە ناوی فەرمییەوە ناونابرێت، هەمیشە لە پشت نازناوێکەوە دەوەستێت، تا پەیوەندییە سیاسییەکە لە زەیندا بە پەیوەندیی خوێنەوە بچەسپێنێت. ژیاننامەکەشی دەکرێتە ئوستوورە، لەدایکبوونێکی نائاسایی، منداڵییەکی قارەمانانە، بڕیارە هەڵەکانی دەسڕدرێنەوە و بڕیارە ڕاستەکانی دەکرێنە موعجیزە. لە کۆتاییشدا مەرگ دەبێتە دوایین پلەی پیرۆزکردن، سەرکردەی مردوو لە سەرکردەی زیندوو بەهێزترە، چونکە چیتر هەڵە ناکات و هەموو کەموکوڕییەکانیشی لەگەڵ جەستەکەیدا دەنێژرێن. بەم شێوەیە کۆمەڵگە دەبێتە پەرستگەیەکی پڕ لە وێنە و بیرکردنەوەش لە سێبەری وێنە گەورەکاندا نەشونما ناکات، هەموو داهێنانێک و گۆڕانکارییەکی بونیادی لەناو ئەم فەزایەدا دەخنکێت و لەناودەچێت.

ئەم تەکنۆلۆژیایە بەبێ کرێکار ناژییەت، بەداخەوە بەشێک لە کرێکارە هەرە قسەکەرەکانی، لە ڕیزی ئێمەدان، ڕۆشنبیران و میدیاکاران. لە نەریتە دێرینەکاندا، شاعیرە دەربارەکان مەدیحەی سوڵتانییان دەوت و لە بەرامبەردا کیسەیەک زێڕییان وەردەگرت، ئەمڕۆ فۆڕمەکە گۆڕاوە و ناوەڕۆکەکە ماوەتەوە. قەڵەمگەلێک لەبری شیکاری، ستایش بنووسێ، کامێرایەک لە جیاتی پرسیار، سوپاس تۆماربکات، مێزگردێک لەبری ڕەخنە، بەرگری ڕێکبخات و بکاتە تەوەر، هەموویان هەمان ئەرکی مەداحەکەی دەربار دەبینن، کاریزمای دەستکرد بەرهەمدێنن بۆ داپۆشینی کەمییە کاریزماتیکییە ڕاستەقینەکە. ژەهرەکەش لەوەدایە ئەم ستایشە بە زمانی مۆدێرن دەکرێ، بە زاراوەی ئەکادیمی و لە بەرگی توێژینەوەدا، بۆیە کوشندەترە لە مەدیحە کۆنەکان، ئەوان لانیکەم شیعریان دەوت و کەس بە زانستی دانەدەنان. ڕۆشنبیرێک ببێتە مەداح، تەنها قەڵەمی خۆی نافرۆشێ، متمانەی کۆمەڵگە بە خودی چەمکی ڕۆشنبیری دەفرۆشێت، ئەم برینە لە بلۆکی کولتوردا نەشتەرگەریی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستی بە گێڕانەوەی پرەنسیپی ئەخلاقیی میدیای بەرپرسیار و هۆشیاریی گشتی هەیە.

نرخی ئەم پەرستنە کێ دەیدات؟ هەموومان، بەڵام بە سێ شێوەی جیاواز. یەکەم، هاوڵاتی بچووکدەکرێتەوە، کۆمەڵگەیەک باوکی سیاسیی هەبێت، هاوڵاتییەکانی هەرگیز پێناگەن، چونکە گەورەبوون واتە بەرپرسیارێتی و بەرپرسیارێتیش واتا باوک. دووەم، دامەزراوەکان لە سێبەردا دەمرن، لە ژێر سێبەری دارێکی زۆر گەورەدا هیچ نەمامێک ناڕوێ، لە سێبەری سەرکردەی پیرۆزدا نە پەرلەمان دەبێتە پەرلەمان و نە دادگە دەبێتە دادگە، هەموو دەزگەکان دەبنە دەستێکی درێژکراوەی یەک ویست. سێیەم، مەرگی سەرکردە دەبێتە قەیرانی نیشتمانی، کۆمەڵگەیەک هەموو هێڵەکانی خۆی بە یەک کەسەوە گرێدابێت، بە مردنی ئەو کەسە بەرەو گێژاو دەڕوات، ئەمەش لاوازترین شێوەی بەهێزییە، هەمان ئەو بەهێزییە شووشەییەی لە ستوونی پێشوودا ڕوونمانکردوە، چونکە هیچ دەزگە و دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بوونی نییە تا لە کاتی نەبوونی ئەو کەسەدا قەیرانەکە بەڕێوە ببات.

لێرەدا، ڕەخنەکەمان لە ڕێبەر نییە، لە پەرستنەکەیەتی. هیچ کۆمەڵێک بێ ڕێبەری ناژی، ڕێبەری ئەرکێکە، شارەزایی و بوێری و ڕوانینی دەوێت. مێژوو سەرکردەی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام پێوانەی گەورەیی سەرکردەکان ڕێک پێچەوانەی پیرۆزبوونە، سەرکردەی گەورە ئەوەیە دامەزراوە بونیادبنێت و خۆی چیتر پێویست نەبێت، کەسێک بێت گۆڕانکاریی پێکهاتەیی و دامەزراوەیی لە سیستەمدا بکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت بەبێ ئەویش ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە. نێلسۆن ماندێلا، دوای بیست و حەوت ساڵ زیندان و پێگەیەکی ئەفسانەیی، تەنها یەک خولی سەرۆکایەتی وەرگرت و پاشان بە ئارامی ڕۆیشتەوە ماڵەوە، بەو ڕۆیشتنە گەورەترین وانەی بە گەلەکەیدا، وڵات لە کەسێک گەورەترە. سەرکردەی پیرۆز پێچەوانەی ئەمە، خۆی دەکاتە مەرجەع و مەرجی مانەوەی وڵات و ناچارە هەتا مردن بمێنێتەوە، چونکە سیستەمێکی دروستکردووە بەبێ خۆی هەڵدەوەشێتەوە. یەکەمیان ڕێبەرە و دووەمیان بارە، یەکەمیان میراتی دامەزراوە جێدەهێڵێت و دووەمیان میراتی قەیران.

ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ خاڵی دەستپێک. سەرکردەی پیرۆز و جەماوەری پەرستکار، دوو ڕووی یەک دراون، ئەم دراوە لە بازاڕێکدا کاردەکات ناوی هەڵبژاردنە. ئەگەر پەیوەندیی نێوان سەرکردە و جەماوەر پەیوەندیی باوک و منداڵ بێت، ئەی ئەو ساتە چی ڕوودەدات کاتێک منداڵەکان بانگدەکرێن بۆ هەڵبژاردنی باوکیان؟ دەنگدان لەم قاڵبەدا چی دەگەیەنێ، هەڵبژاردنێکی ئازادە یان نوێکردنەوەی سوێندی وەفاداری؟ سندوقەکانی دەنگدان لە واقیعی ئێمەدا دەزگەی گۆڕینی دەسەڵاتن یان ڕیتوالی پیرۆزکردنەوەی؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە ستوونی داهاتوو نەشتەرگەریی بۆ دەکات.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک