|
٢١\٨\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٣٩
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
سندوق وەک ڕیتوال، هەڵبژاردن بەبێ
هەڵبژاردن.
منداڵەکە بانگدەکرێتە سەر سندوقی دەنگدان، بۆچی؟ بۆ ئەوەی باوکی
هەڵبژێرێ، دەنگەکەش پێشئەوەی بدرێت، دراوە. لەم چرکەساتەدا هەڵبژاردنێک
ڕوودەدات و هیچ هەڵبژاردنێکیش ڕوونادات. کۆمەڵگەی ئێمە، بەڵێ لە
ڕواڵەتدا، کۆمەڵگەی هەڵبژاردنە، سندوق هەیە، کۆمیسیۆن هەیە، بانگەشە
هەیە، پەنجەمۆر هەیە و لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیشدا ئاهەنگ و
هەندێجار تەقەی خۆشیش هەیە. کەچی هەر خولێک تەواودەبێ، هەمان پرسیار،
دووبارە دەچێتەوە سەر زاری هەموان، بۆچی هیچ نەگۆڕا؟ وڵامەکە لە
جیاوازییەکی وردەدایە، جیاوازییەک زۆرجار تێکەڵدەکرێت، جیاوازیی نێوان
هەڵبژاردن وەک پرۆسە و هەڵبژاردن وەک جەوهەر. پرۆسەکە لای ئێمە تەواوە،
بەڵام ئەوەی ونە جەوهەرەکەیە. کاتێک پرۆسەکە بەبێ جەوهەر
دووبارەببێتەوە، دەی چیتر شتێک بە ناوی هەڵبژاردنەوە نامێنێ، ڕیتوالەکە
تەنها بۆ شەرعیەتدان بە مانەوەی دۆخەکە بەکاردێت و گۆڕانکاریی
ڕاستەقینە بەرهەم ناهێنێت.
دیموکراسیی پرۆسەیی هەموو ئەو شتانەیە بە چاو دەبینرێن، سندوق و لیست و
پەنجەمۆر. دیموکراسیی جەوهەری ئەو شتانەن بە چاو نابینرێن و هەموو
ماناکان لەواندان، ئیمکانی ڕاستەقینەی گۆڕینی دەسەڵات، هەڵبژاردنێکی
ئازاد و ئاگامەندانە لە نێوان بەدیلە جیاوازەکاندا و لێپرسینەوەکە دوای
دەنگدان بەردەوامبێت. پێوانەکە سادەیە، هەڵبژاردنێک ئەگەری دۆڕانی تێدا
نەبێ، هەڵبژاردن نییە. لە مێژووی سیاسیی ئیسلامیدا ڕیتوالێک هەبوو،
ناوی بەیعەت بوو، نوێکردنەوەی سوێندی وەفاداری بۆ خەلیفە، نەک
هەڵبژاردنی لە نێوان بەدیلەکاندا، ئەنجامەکە پێشوەختە دیار و زانراو
بوو و ئەرکی ڕیتوالەکەش دووپاتکردنەوەی پەیوەندییەکە بوو، نەک
تاقیکردنەوەی. ئێستا با وردبەوە لە خولەکانی هەڵبژاردنمان و بپرسە،
ئایا شەوی دوای دەنگدان کەسێک هەیە ئەنجامەکان سەرسامی بکەن؟ ئایا
جوگرافیای دەنگەکان لە جوگرافیای ئینتیماکان جیاوازە؟ ئەگەر وڵامەکان
نەخێر بن، ئەوا سندوقەکانمان میراتگری بەیعەتن و تەنها بە
ئەلیکترۆنیکراون و ناوەڕۆکە مۆدێرنەکەیان لێسەندراوەتەوە.
دیاردەناسیی خولەکانی هەڵبژاردن، هەمان حەقیقەت دەڵێنەوە. سەیری شێوازی
بانگەشەکان بکە، ئاهەنگ و ئاڵا و گۆرانی و خواردن، کەمتر بەرنامە و
ئەوەی هەیە پتر شایییە. ئەمە ڕێکەوت نییە، چونکە دەنگدەر لە قاڵبی
پەیوەستگرووپیدا، وەک لە ستوونی ٣٧دا باسمانکردوە، لە بەردەم سندوقدا
پرسیارێکی جیاواز لە خۆی دەکات. هاوڵاتی دەنگدەر دەپرسێت، کێ باشترە؟
پەیوەستگرووپی دەنگدەر دەپرسێت، من کێم؟ یەکەمیان هەڵسەنگاندنی ئەدا و
دووەمیان ڕاگەیاندنی شوناسە، یەکەمیان داوەرییە و دووەمیان وەفادارییە.
بۆیە دەنگدان لای ئێمە بۆ زۆر کەس نەک بڕیارێکی سیاسی، بەڵکوو ئەرکێکی
شوناسییە، وەک ئامادەبوونی پرسە و شایی، نەچوونیشی نەک هەڵویستێکی
سیاسی، بەڵکوو غیابێکی کۆمەڵایەتییە. گرێی نانیش وەک هەمیشە لە
پشتییەوە ئامادەیە، لە کۆمەڵگەیەکدا بژێوی لە کەناڵی ئینتیماوە
تێبپەڕێت، دەنگ بەشێکە لە گرێبەستەکە و ترسی لەدەستدانی مووچە یان
بەرژەوەندی کار و تەنانەت بێکێشە مانەوەش لە شوێندا، بەهێزترە لە هیوای
گۆڕانکاری ، بەمەش ئیرادەی سیاسیی تاک دەبێتە بارمتەی مانەوەی
ئابوورییەکەی.
دەی باشە ئەگەر ئەنجامەکان پێشوەختە زانراون، ئەی بۆچی و هۆکار چییە
دەسەڵات هێشتان پێویستی بە ڕیتوالەکەیە؟ سێ هۆکار. یەکەم، ڕەوایەتی
خۆراکی دەوێت، وەک لە ستوونی ٣٦دا بینیمان، هەر دەسەڵاتێک پێویستی بە
نوێکردنەوەی بەردەوامی ڕەوایەتییە و لە سەردەمێکدا زمانی جیهان زمانی
دیموکراسییە، ژمارەی ناو سندوقەکان باشترین بەڵگەنامەن بۆ پیشاندانیان
بە دەرەوە. دووەم، ڕیتوالەکە جەماوەر ڕێکدەخاتەوە، خولی هەڵبژاردن خولی
ژماردنی ڕیزەکانە، تاقیکردنەوەی ئامادەباشی پەیوەستگرووپییەکانە. سێیەم
و ژیرانەترینیشیان ڕیتوالەکە بەرپرسیارێتی دەگوازێتەوە، دوای هەر
خولێک، سیستەمەکە بە هاوڵاتی دەڵێ خۆتان هەڵتانبژارد. بەم دەستەواژەیە
قوربانی دەکرێتە بەرپرسی برینەکانی خۆی و سندوق دەبێتە مۆری
پەسەندکردنی هەمان هەڕەمە سەرەوخوارەکە. ئەمە وردترین شێوەی ئەو
چەواشەکارییەیە دەسەڵات بە دەنگی تۆ، خۆی لە دەنگدانەوەی کاردانەوەکانی
تۆ، ڕزگاردەکات و ئۆباڵی هەموو شکستەکان دەخاتە ئەستۆی دەنگدەر خۆی.
لێرەدا گرنگە وردبین و ڕاستگۆیانە نیوەکەی تری وێنەکە ببینین،
ڕیتوالەکە بۆ دەنگدەریش ئاسوودەییە. داوەریکردن ئەرکێکی قورسە، پێویستی
بە زانیاری و بەراورد و بەرپرسیارێتییە، هەڵبژاردنی ڕاستەقینە ترسناکە،
چونکە ئەنجامەکەی دەکەوێتە ئەستۆی هەڵبژێر. وەفاداری لەوە ئاسانترە،
بڕیارەکە پێشوەخت دراوە و ویژدانیش ئاسوودەیە. ئەمە هەمان هەڵاتنە لە
ئازادی، ئەوەی ئێریک فرۆم باسی دەکات، بەڵام لە ژووری دەنگداندا.
کەواتە شکاندنی ئەم بازنەیە دوو لایەنی دەوێت، دەنگدەرێک بوێرێت داوەر
بێت و ڕێبەرێک بوێرێت دادگەییبکرێ. لێرەدایە پێویستمان بە دەنگێکی نوێ
هەیە بۆ بیرکردنەوە لە جیهانی ڕێبەرایەتی و تێگەیشتن لە چەمکی قوربانی
و بەرپرسیارێتیی مێژوویی.
مالین ترۆسینگ، بیرمەندی سویدیی بواری ڕێبەرایەتی، لە کتێبەکەیدا -
بوێرە ئازایانەتر ڕێبەرایەتی بکە! ئەو کتێبەی پووختەکەی بە پیدیئێف لە
نێتدا بڵاوکراوەتەوە، تێزێک دادەڕێژێت لە ڕواڵەتدا سادەیە و لە
قووڵاییدا نەشتەرە، ڕێبەرایەتیی ڕاستەقینە لەسەر سێ کۆڵەکە دەوەستێت.
یەکەم، ئازایەتی، وەک توانای بڕیاردان لە کاتی نادڵنیاییدا و وتنی ئەو
قسەیەی کەس نایەوێت بیبیستێت. دووەم، خۆناسین، وەک بوێری بینینی خۆت بە
چاوی ئەوانی ترەوە، واتە قبوڵکردنی ئاوێنە. سێیەم، ڕێز، وەک دانپێدانان
بەوەی بیری خەڵکی تر دەشێت لە هی تۆ باشتر بێت. ئێستا ئەم سێ کۆڵەکە
بهێنە بەردەم سندوقی دەنگدان، ڕێبەرێک خۆناسیی هەبێت، سندوق بۆ ئەو
ئاوێنەیە بوێرێت وێنەی خۆی تێیدا ببینێت، ڕێبەرێک ڕێزدار بێت،
قبوڵیدەکات گەلەکەی بۆی هەیە کەسێکی باشتر هەڵبژێرێت، ڕێبەرێکیش
ئازایەتیی هەبێ، لە دۆڕان ناترسێت. ماندێلای ستوونی پێشوو ڕێک ئەم سێ
کۆڵەکەی بەرجەستەکرد. سەرکردەی پیرۆز لە هەرسێ خاڵەکەدا
پێچەوانەکەیەتی، ئاوێنە ڕەتدەکاتەوە، باشتربوونی کەسی تر بە سووکایەتی
دەزانێت و لە دۆڕانیش دەترسێت، بۆیە سندوقەکە دەگۆڕێت بۆ ڕیتوال، ئەمە
کەی؟ بێگومان پێشئەوەی سندوقەکە ئەو بگۆڕێت.
ترۆسینگ چەمکێکی تریشمان پێدەدات، چەمکێک تەواو ژینگەی سیاسیی ئێمە
پێناسە دەکات، بکوژانی ئازایەتی. ناڕوونی، سترێس، دواکەوتخوازی و
بەغیلی، هەریەکەیان نادڵنیایی بەرهەمدەهێنن و نادڵناییش دەبێتە ئیفلیجی
لە بڕیارداندا. سەیری کایە سیاسییەکە بکە، ناڕوونی هەیە، چونکە
بەرنامەکان تەمومژاوین و سنووری دەسەڵاتەکان لێڵن، سترێسی هەمیشەیی
هەیە، چونکە هەموو ساتێک قەیرانێکی هەرێمی یان جیهانی لە دەرگە دەدات،
دواکەوتخوازی هەیە، چونکە وەک لە ستوونی ٣٧دا بینیمان، پلە بە تەمەنی
ئینتیما دەدرێت و نوێخوازی وەک هەڕەشە دەبینرێت، بەغیلیش هەیە، چونکە
سەرکەوتنی هاوڕێیەک لە سیستەمی پەیوەستگرووپیدا واتە کەمبوونەوەی پشک
یان کەوتنی من. ئەم چوار بکوژە، پێکەوە ژینگەیەک دروستدەکەن هیچ
بڕیارێکی قورسی تێدا نەدرێ، چاکسازییە گەورەکان هەمیشە دوادەخرێن بۆ
دوای هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەم شێوەیە
وڵات لە نێوان دوو وەرزی بانگەشەدا لە جێی خۆی دەوەستێت یان دەکەوێتە
خولانەوە بە دەوری هیچدا و پرۆسەی دیموکراسیی جەوهەری بەتەواوی
پەکیدەکەوێت.
ترۆسینگ بۆ ئەوەی نرخی ئەم ئیفلیجییە نیشانبدا، دوو کارەساتی ناودار بە
نموونە دەهێنێتەوە. ساڵی ١٩٨٦ گەردوونگەڕی چاڵنجەر لە ئاسماندا
تەقییەوە، ئەندازیاران دەیانزانی ئەلقە پلاستیکییەکان لە سەرمادا لاواز
دەبن و هۆشداریشیان دابوو، بەڵام کەلتوری دامەزراوەکە بە جۆرێک
ڕێکخرابوو دەنگە نیگەرانەکان کۆسپن، ئیدی کەس نەیوێرا بڕیارە ناخۆشەکە
بدا و دواخرا. حەڤدە ساڵ دواتر گەردوونگەڕی کۆڵۆمبیا لە گەڕانەوەدا
سووتا، کێشەکە جیاواز بوو بەڵام کەلتورەکە هەر هەمان کەلتور بوو.
وانەکە بە خوێن نووسرایەوە، ترسنۆکیی بەڕێوەبەران نرخی گیانی هەیە. لە
واقیعی ئێمەدا ناوی کارەساتەکان دەگۆڕدرێت بەڵام یاساکە ناگۆڕدرێت،
کێشەکانمان زانراون، لە ڕاپۆرتەکاندا تۆمارکراون، لە هەر دیوەخانێکدا
باسدەکرێن، بەڵام بڕیارە ناخۆشەکان کەس نییە بیانوروژێنێت، نرخەکەشی
نەوە دوای نەوە دەیدات، ئەمە لە بەلەمەکانی کۆچبەریدا، لە نەخۆشخانە
داتەپیوەکاندا، لە ژینگە سووتاوەکەدا و لە تەمەنی چاوەڕوانیدا
ڕەنگدەداتەوە، هەر هەمووشیان دەرەنجامی هەمان ئەو ئیفلیجییەن لە
بڕیاردانی چارەنووسسازدا.
هەر لە پەیوەست بەم هاوکێشەیەدا، ترۆسینگ حەقیقەتێک دەڵێ دەبێ بکرێتە
پێوانەی هەموو بانگەشەیەکی هەڵبژاردن، متمانەی خەڵک بە بەڵێنی
فۆرمالیتە بەدەستنایەت، بە ڕاستگۆیی و ئازایەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی
پرسەکاندا بەدەستدێت. کەلتوری بانگەشەی ئێمە پێچەوانەی ئەم پێوانەیەیە،
هەزار بەڵێن، هەزار پرۆژە، هەزار خەون و هەموانیش ورد دەزانن، بەڵێندەر
و بەڵێنپێدراویش، زۆربەیان جێبەجێنابن، ئەم درۆیە هاوبەشە خۆی بەشێکە
لە ڕیتوالەکە. ئازایەتیی ڕاستەقینە لە بانگەشەدا شتێکی سەیر دەبوو،
سیاسەتمەدارێک بوێرێت بڵێت ئەمە دەکرێت و ئەمە ناکرێت، ئەم بەڵێنە
دەدەم و ئەو بەڵێنە نادەم، ئامادەبێت بەم ڕاستگۆییە بێتە گۆڕەپانەکە،
بەڵام ئەمە لە ڕوانگەی ڕیتوالەوە خۆکوژییە و لە ڕوانگەی جەوهەریشەوە
یەکەم بەردی بناغەی متمانەیە، چونکە دەنگدەر لە قووڵاییدا دەزانێت
ئەوەی بوێرێت پێش هەڵبژاردن نەخێر بڵێت، دوای هەڵبژاردنیش دەوێرێت
ڕاستی بڵێت و لەبری پاساوهێنانەوە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.
ئەرکەکە تەنها لەسەر شانی ڕێبەران نییە، دەنگدەریش کۆڵەکەکانی خۆی
هەیە. دەنگدانی ئازا سێ نیشانەی هەیە، ئاوێنەی هەمان سێ کۆڵەکەکەی
ترۆسینگن لە دیوی خوارەوە. یەکەم، داوەریکردنی ئەدا نەک شوناس،
پرسیارەکە بگۆڕە لە (ئەمانە هی ئێمەن؟)ـەوە بۆ (ئەمانە چییان کرد؟)،
چوار ساڵ خزمەت لە بەردەمتدایە، نەک چوار هەفتە گۆرانی. دووەم،
خۆناسینی دەنگدەر، بوێری ئەوەت هەبێت بپرسیت ئایا دەنگەکەم بڕیاری منە
یان میراتی ماڵەکەمە، ترسی مووچەکەمە یان قەناعەتی عەقڵمە؟ سێیەم،
ڕێزگرتن لە دەنگی خۆت، ژووری دەنگدان تاکە شوێنێکە پەردەکەی بۆ
پاراستنی تۆ داکوتراوە، نە چاوی بەرپرس دەیبینێت و نە چاوی خزم، لەو
چرکەیەدا هیچ پەیوەستگرووپییەک دەسەڵاتی بەسەرتدا نییە ئەگەر خۆت
نەیدەیتێ. سندوق بێدەنگترین سەنگەری هاوڵاتییە، کێشەکە ئەوەیە زۆرجار
خۆمان چەکەکەی ڕادەستدەکەینەوە پێش ئەوەی داوامان لێبکرێت لەبەر ئەو
باوەڕە چەسپاوەی پێمان وایە هیچ شتێک ناگۆڕێت.
کەواتە سندوق دەتوانێ لە ڕیتوالەوە بگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بە
دوو مەرج، ڕێبەرێک ئاوێنە قبوڵبکات و دەنگدەرێک داوەری قبوڵبکات.
هەردووکیان کردەی ئازایەتین و هەردووکیان لە ژینگەیەکدا ڕوودەدەن پێشتر
شێوەی زەینیان کێشراوە. لێرەدا پرسیارێکی نوێ دەردەکەوێت، ئەو وێنانەی
دەنگدەر بڕیاریان پێدەدات، کێ کێشاونی؟ لە نێوان سندوق و هاوڵاتیدا
دەزگەیەک وەستاوە شەو و ڕۆژ وێنە بەرهەمدەهێنێت، متمانە دابەشدەکات و
ڕەزامەندی دروستدەکات پێش ئەوەی هەر دەنگێک بدرێت. ئەو دەزگەیە میدیایە
و کارخانەکەی ناوی کارخانەی ڕەزامەندییە. ستوونی داهاتوو دەرگەی ئەو
کارخانەیە دەکاتەوە.
______________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|