په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٤٢

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

پرۆژەی سیاسیی ئێمە، لە خەونی دەوڵەتەوە بۆ دەوڵەتی خەون.

سەد ساڵ زیاترە خەون بە خەونێکەوە دەبینین. ئەو خەونەی لە گۆرانیدا، لە شیعردا، لە وتار و تەنانەت لە دوایین وشەی هەر شەهیدێکدا، بەردەوام خۆی دووبارەدەکاتەوە، دەوڵەت. بۆ هێنانەدی ئەم خەونەش، قوربانیی گەورە دراوە و کەسیش نییە بتوانێت نکۆڵی لە پیرۆزیی خوێنەکەی بکات. بەڵام وەها خەونبینینێکی سەد ساڵە، دواجار تەنها پرسیار هەڵدەگرێت، پرسیارێکی بێدەنگ لە پشتەوەی هەر هەموو ئەو دەنگە بەرزانەوە. بەڵێ خەونمان بە دەوڵەتەوە بینیوە، بەڵام ئایا هەرگیز پرسیاری ئەوەمان لە خۆمانکردووە، ئاخۆ دەوڵەت چییە و بۆچییە؟ پێش هەر شتێک دەبێ ئەوە بە ڕوونی تێبگەین، کاتێک پیرۆزییەکی ڕەها دەخرێتە پاڵ وشەکان، خستنەژێرپرسیارەوەیان دەبێتە تاوانێکی گەورە، هەر کاتێکیش پرسیارکردن لە هەر شتێک بوو بە تاوان، ئەو شتە بەبێئەوەی هەستیپێبکەین، لە دیدی گشتیماندا دەبێتە بتێکی پەرستراو و هزرمان دادەخات. پرۆژەی نەتەوەیی بێ پرسیارکردن دەبێتە وەهمێکی کوشندە. لەم ستوونەدا نەشتەرەکە لەسەر خودی خەونەکە دادەنێین، بەڵام نەک بۆ کوشتنی، بەڵکوو بۆ زیندووکردنەوەی و ڕزگارکردنی لەو بتگەراییەی، بیرکردنەوەی ئازادی لێسەندووینەتەوە.

با لە جیاوازییەکی زۆر سادەوە دەستپێبکەین، جیاوازیی قووڵی نێوان فۆڕم و ماهییەت. دەوڵەت لە ڕوانگەی فۆڕمەوە، تەنها کۆمەڵە نیشانەیەکە، ئاڵا، سنوور، پاسپۆرت، سروود، کورسییەک لەناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا. بەڵام دەوڵەت لە ڕوانگەی ماهییەتەوە شتێکی ترە، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە لە نێوان مرۆڤەکاندا، دەزگەیەکە ئەرکی یەکەمی دابینکردنی دادپەروەرییە، ژینگەیەکە تاکی تێدا ئازاد و مافەکەی تێدا پارێزراوە، پێوانەیەکە بەسەر هەمووانەوە بەیەکسانی دادەنرێت. خەونی سەد ساڵەی ئێمە زۆرجار بەشێوەیەکی ڕۆمانسیانە خەونی فۆڕمەکە بووە نەک ماهییەتەکە، دەمانەوێ ئاڵا بەرزبکەینەوە، سنوور بکێشین و پاسپۆرت دەربکەین. لێرەوە پرسیارە شاراوە و ترسناکەکەش ئەمەیە، گریمان ئاڵاکە بەرزکرایەوە، بەڵام مرۆڤ لەژێر سێبەرەکەیدا هێشتان هەر بترسێ لە قسەکردن و هێشتان بێدادی بچێژێ و هێشتا بەدوای واستەیەکدا بگەڕێ بۆ بەدەستهێنانی سادەترین مافی خۆی، ئایا ئەوە دەوڵەتە یان تەنها میکانیزمێکە دەسەڵات بە زمانی نوێ کردوویەتی بە جێگرەوەی داگیرکەر؟ بە دڵنیاییەوە، ئەگەر دەوڵەت نەبێتە ئامرازێک بۆ شکۆمەندیی مرۆڤ، ئەوا دەبێتە زیندانێک بە ڕەگ و ڕەنگێکی ناوخۆیی.

مێژووی سەدەی بیستەم، زۆر بە ڕوونی وڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە. زۆرێک لە گەلانی ئاسیا و ئەفریقا، دوای خەباتێکی درێژخایەنی خوێناوی، دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بەدەستهێنا، ئاڵاکانیان بەرزکردەوە، سروودەکەیان نووسی و بوونە ئەندامیش لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. بەڵام چەند دەیە دواتر، زۆربەیان دووبارە کەوتنە ناو زەلکاوی دیکتاتۆرییەت و شەڕی ناوخۆ و بێدادی، بۆچی؟ هۆکارەکە ڕوونە، چونکە خەباتەکەیان لە بنەڕەتدا بۆ فۆڕم بوو نەک بۆ ماهییەتەکە، بۆ شەکاوەیی ئاڵاکە بووە نەک بۆ داڕشتنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانە. کاتێک ئاڵا هەڵکرا، دەرکەوت پشتی ئاڵاکە بەتاڵە و هیچ دامەزراوەیەک، هیچ کەلتوورێکی یاسایی و هیچ هاوڵاتییەکی هۆشیار و پەروەردەکراو ئامادە نەبوو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات. دەوڵەت لە ڕۆژی یەکەمی خۆیدا، هەر هەمان ئەو کۆمەڵگەیە کۆدەکاتەوە پێشخۆی هەبووە، کەواتە کۆمەڵگەی نەرێتگەرا و خێڵەکی دەوڵەتێکی نەرێتگەرا و خێڵەکی بەرهەمدەهێنێت و کۆمەڵگەی هاوڵاتیش، دەوڵەتی هاوڵاتی. فۆڕم ناتوانێ ناوەڕۆک دروستبکات، بەڵکوو ناوەڕۆکە شوناس دەبەخشێتە فۆڕمەکە.

لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕستە گرنگەی هەموو ئەم بلۆکە فکرییەی لە خۆیدا هەڵگرتووە، تەلارەکە لە لوتکەوە بەرەو خوارەوە دروستکراوە. لە ستوونەکانی پێشووترماندا هەر نەشتەرێکمان لەسەر حزب، سەرکردە، سندوق، میدیا و یاسادا دانا، هەر هەمان کارەساتمان دۆزییەوە، کارەساتی فەرامۆشکردنی بناغە بۆ خاتری ڕازاندنەوەی سەقفەکان. پرۆژەی سیاسی بێ بناغە، وەک درەختێکی بێ ڕەگ وایە بە بچووکترین ڕەشەبای گۆڕانکارییەکان هەڵدەوەرێت. کەواتە پرۆژەیەکی بناغەگرتووی سیاسی، دەپرسین دەبێ چۆن بێت؟ ئەرکی ئەم ستوونە وێناکردن و قووڵکردنەوەی ئەو پرۆژەیەیە، نەک وەک ئوتۆپیایەکی دوور و دەستپێڕانەگەیشتوو، بەڵکوو وەک کۆمەڵێک پێوانەی کارا و کردەیی بۆ ڕاستکردنەوەی ئاڕاستەی بیرکردنەوەمان.

پرۆژەی لەسەر بناغە بیناکراو، پێش هەر شتێک، تاک دەکاتە یەکەی سەرەکیی خۆی. لە پرۆژەی لوتکەییدا پرسیاری بنەڕەتی ئەمەیە، چۆن دەسەڵات بەدەستبهێنین و چۆن بیپارێزین؟ لێرەدا مرۆڤ تەنها ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە دەسەڵاتخوازییەکان. بەڵام لە پرۆژەی بناغەییدا پرسیارەکە تەواو جیاوازە و خۆی دەگۆڕێ بۆ چۆن مرۆڤێکی ئازاد و بەرپرس دروستبکەین؟ ئەم گۆڕانە ڕیشەیی و بونیادییە لە پرسیاردا، هەر هەموو شتێک لە خۆیدا دەگۆڕێت، چونکە هەر پرسیارێک ئامرازەکانی خۆی دیاریدەکات. پرسیاری یەکەم پێویستی بە جەماوەرێکی ڕێکخراو و کوێر و گوێڕایەڵ هەیە، بەڵام پرسیاری دووەم پێویستی بە فەلسەفەی خوێندن و دادگەی سەربەخۆ و ڕۆژنامەی ئازاد هەیە بۆ پێگەیاندنی تاکی ڕەخنەگر و چرۆپێکردنی بیری ڕەخنەیی. لە ستوونی ٣٥دا، فەلسەفەی پەروەردەمان هێنایە بەرباس و لە ٤١ـیشدا کەلتووری یاسا، ئێستا بەڕوونی دەبینین ئەمانە نەک باسی جیاواز، بەڵکوو دوو بەردی هەرەپتەوی هەر هەمان ئەو بناغەیەن بۆ بیناکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست.

خاڵێکی دیکەی جەوهەریی ئەم پرۆژە بناغەییە، نەترسانە لە کات. یەکێک لە نەخۆشییە هەرە کوشندەکانمان بیرکردنەوەی خێرامانە، دەمانەوێ هەموو شتێک لەیەکەم بەرەبەیانیدا ڕووبدات، تەنها ڕیفراندۆمێک هەر هەموو شتێک بێنێتەدی، یان سەرکەوتنێکی سەربازی بەسە بۆ ساڕێژکردنی هەموو برینەکان، لۆژیکەکەمان ڕەش و سپییە، یان هەموویمان دەوێت یان هیچ. بەڵام پرۆژەی ڕاستەقینە بەپێچەوانەوە کاردەکات و دەپێورێت، پرۆژە پشتبەستە بە کەڵەکەبوونی ئەزموونەکان. ئەو گەلانەی ئەمڕۆ سەرکەوتوون، دەیان ساڵ پێش ڕاگەیاندنی دەوڵەت لەسەر پەروەردە و زمان و دامەزراوە کاریانکردووە. ئێمە لێرەدا دەکەوینە بەردەم بژاردەکردنێکی زۆر سەخت، یان بەردەوام بین لە قازانجی ڕواڵەتی و خێرای ڕۆژانە و وێرانکردنی ئایندە، یان دەستبکەین بە زەحمەتی هێواشی نەوەکان بۆ چاندنی تۆوی ڕاستەقینە. یەکەمیان دەمانگەیەنێتە هەمان جێگەی تاریکی سەد ساڵی ڕابردوو، دووەمیان دەمانگەیەنێتە شوێنێکی نوێ و ئارامگە و پێگەیەکی قایمتر.

لە لایەکی ترەوە، پرۆژەی بناغەیی، هاوڵاتی بەرەو باڵابوونی ناوەکی دەبات و دەیکاتە خاوەن، نەک وەرگرێکی پاسیڤ. لە ستوونەکانی پێشووتردا بەوردی بینیمان چۆن مووچە دەبێتە گرێبەستی بێدەنگی و چۆن هاوڵاتی دەکەوێتە ناو چاوەڕوانی مەرحەمەتی دەسەڵات بۆ بژێویی ژیانی ڕۆژانەی. پرۆژەی نوێ ئەم پەیوەندییە نەخۆشە هەڵدەگێڕێتەوە، هۆشیارییەکی نوێ دەچێنێت و پێیدەڵێت هاوڵاتی خاوەنی ڕەسەنی سامانەکەیە و دەسەڵات تەنها بەڕێوەبەری ئەو سامانەیە، بۆیە پرسیارکردن لە دەسەڵات نەک مافێکی سیاسیی سادە، بەڵکوو ئەرکێکی بنەڕەتیی خاوەندارییە و پاراستنی ماڵی گشتییە. ئەم گۆڕانە مەزنە، بە دڵنیاییەوە بە دەق و دروشم ناکرێت، تەنها بە کردەوەی ڕۆژانە دەکرێت. هەر داتایەکی ئاشکراکراو هەر بودجەیەکی بڵاوکراوە و هەر لێپرسینەوەیەکی سەرکەوتوو لە گەندەڵکاران، هاوڵاتی هەنگاوێک باشتر لە وەرگرێکی بێدەسەڵاتەوە بەرەو خاوەندارێتی لە خۆی دەبات و شکۆی پێدەبەخشێتەوە.

ئەوەی پرۆژەیەکی بناغەیی دەژیینێت و هێزی پێدەدات، فرەیی بوون و قبوڵکردنی جیاوازییەکانە نەک تاکڕەهەندگەرایی و سڕینەوەی ئەویتر. کوردستان لە ڕووی ئایینی و ئایینزایی و ناوچەیی و سیاسییەوە فرەیە، ئەم فرەییە نە کێشەیە و نە پێویستە بشاردرێتەوە یان بتوێنرێتەوە لە ناو یەک قاڵبی سەپێنراودا. دەوڵەتی بناغەیی ئەو تەلارە گەورەیە هەموو ئەم جیاوازییانە بێترس لە خۆیدا هەڵبگرێ و بەئاشتی تێیدا بژین، فرەیی دەبێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندیی فکری و کۆمەڵایەتی. لێرەدا پێوانەکە تەنها یاسایە نەک کەمینەخوازیی نەرێتی و زۆرینەخوازیی دیکتاتۆریانەی هەڵبژێردراوی درۆینە. لە ستوونی ٤١دا جەختمانکردەوە یاسا تەنها بۆ بێپەنایانە، لە پرۆژەی نوێشدا، یاسا دەبێت قەڵغانی پاراستن بێت بۆ ئەوانەی دەنگیان کەمترە و هێزیان نییە، نەک چەکێک بەدەست بەهێزەکانەوە بۆ چەوساندنەوەی لاوازەکان.

هەروەها، پرۆژەی بناغەیی ڕەخنە بە کردەیەکی بەهێز دەزانێ نەک هەڕەشەیەکی ڕووخێنەر. دەسەڵاتێک لە هەموو دەنگێکی جیاواز و نوێ بترسێت، لە ڕاستیدا لە لاوازی و نەبوونی متمانە بە خۆی دەترسێت. بەپێچەوانەوە دەسەڵاتێکیش ڕەخنە بەسنگفراوانییەوە قبوڵبکات، هەڵەکانی خۆی پێشئەوەی ببنە قەیرانێکی وێرانکەر دەبینێتەوە و ڕاستیاندەکاتەوە. لە هەموو دەوڵەتێکدا هەڵە ڕوودەدات، جیاوازییە گەورەکە لەوەدایە هەڵەکە بە کوێ دەگات و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. لە سیستەمی کراوەدا هەڵەکە دەگاتە ژووری چاکسازی و دەبێتە وانەیەک بۆ باشتربوون، بەڵام لە سیستەمی داخراودا دەشاردرێتەوە و دەگاتە ناو ئەرشیف، لەوێشەوە وەک بومەلەرزەیەکی خامۆش بۆ نەوەی داهاتوو دەگوازرێتەوە. ڕەخنە وەک ئەوەی لە ژیانی ئاسایی و ڕۆشنبیری و سیاسی ئێمەدا وێناکراوە، بەهیچ شێوەیەک پێوانەی نەیاربوون نییە، بەڵکوو پێوانەی دڵسۆزی و خاوەندارێتییە، تەنها ئەو کەسە ڕەخنە دەگرێت و هەڵوێست وەردەگرێت، خۆی بە خاوەنی ئەم ماڵە دەزانێت و دەیەوێت لە ڕووخان بیپارێزێت.

لێرەدا دەبێت زۆر بە ڕوونی وڵامی هەموو ئەو دژەئەرگومێنتانە بدەینەوە، وڵامی ئەوانەی دەڵێن ئەم قسانە تەنها خەیاڵ و لوکسن بۆ قۆناغی ئێستا، گوایە ئێمە هێشتا لە قۆناغی مانەوەداین، دوژمن ئەوەتا لەبەردەم دەرگەیە و ئابووریشمان لەرزۆکە، بۆیە ئەم باسانە بۆ کاتێکی ئاسوودەترن. ئەمە ڕێک هەمان ئەو ئەرگومێنتە بێبنەمایەیە سەد ساڵە وەک پاساوێک بۆ بێدادی کاوێژدەکرێت، هەر ئەوەیشە ئێمەی لە هەمان خاڵدا بەدیلکراوی ڕاگرتووە، چونکە بە لۆژیکی ئەوان قۆناغی هەستیار هەرگیز کۆتایینایەت و هەمیشە بیانوویەک هەیە بۆ فەرامۆشکردنی مافی تاک. حەقیقەتەکە تەواو پێچەوانەیە، هێزی ڕاستەقینەی هەر گەلێکی بچووک و گەمارۆدراو، لە بەهێزیی چەکەکانیدا نییە، بەڵکوو لە تۆکمەیی و یەکڕیزیی ناوخۆییەکەیدایە. هەر گەلێک لە ناوەوە بەهۆی نادادپەروەرییەوە پارچەپارچە بێت، هەر جوڵە یان باهۆزێکی دەرەکی زۆر بەئاسانی دەتوانێت لە ڕێگەی یەکێک لە پارچەکانییەوە بێتە ژوورەوە و وێرانیبکات. هەر گەلێکیش ناوەوەی تۆکمە بێت بەهۆی بەهێزیی دامەزراوەکانییەوە، دەبێتە هاوبەشێکی خاوەن ئیرادە و بەهاداری هەموو لایەک. دامەزراوە نیشتمانییەکان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نەک لوکسی دوای مانەوەن، بەڵکوو خودی مەرجی مانەوە و بەرگرییکردنن.

کەواتە پرۆژەی نوێ، دەبێ چ جۆرە خەونێک بێت و چۆن دابڕێژرێتەوە؟ ئێمە بەم تێڕوانینە قووڵەوە، لە خەونی دەوڵەتەوە بەرەو دەوڵەتی خەون دەڕۆین. جیاوازییەکە تەنها یارییەکی زمانەوانی نییە، بەڵکوو وەرچەرخانێکی فکرییە. خەونی دەوڵەت واتە فۆڕمێک تەنها یەکڕۆژ بەدەستدەهێنین و لەو ڕۆژەیشدا وەهمی ئەوەمان پێدەفرۆشرێت هەر هەموو کێشەکانمان چارەسەردەبن. دەوڵەتی خەون واتە ئەو دەوڵەتەی شایانی خەونەکانمانە، شوێنێک منداڵێکی هەژار و منداڵێکی دەوڵەمەند بەیەکسانی لە یەک ناوەندی خوێندندا دابنیشن و بخوێنن، شوێنێک گەنجێک بەبێ ناوی باوکی و خزمایەتی بتوانێت کارێکی شایستە بە توانا و بڕوانامەکەی بدۆزێتەوە، شوێنێک ژنێک بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ لە شەقام بتوانێ بڕوات و بپەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە، شوێنێک نەخۆشێک بەبێ واستە و پاڕانەوە بتوانێ باشترین چارەسەر وەربگرێ و شوێنێک کەسێک بەوپەڕی بوێرییەوە ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت و شەوەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا بە ئاسوودەیی بخەوێت بێئەوەی بترسێت. ئەم خەونە لە خەونی یەکەم بچووکتر نییە، بگرە زۆریش گەورەتر و مەزنترە، چونکە ئەوی یەکەم بە ڕۆژێک بەدەستدەهێنرێت و ئەمە بە ئایندەیەکی نەبڕاوە و هەوڵێکی بەردەوامەوە بونیاددەنرێت.

بەم شێوەیە بلۆکی دەسەڵات لە فۆڕمە کۆنەکەیدا کۆتاییدێ و لە هەمانکاتدا دەرگەیەکی نوێی ئومێد دەکاتەوە بۆ بیرکردنەوە. لەم ستوونانەی پێشوودا هەموو ئەندامەکانی جەستەی سیاسیمان نەشتەرکرد و بەوردی پشکنینمان بۆ کردن، بینیمان هەر هەموویان ئاماژە بە یەک شوێنی دیاریکراو دەکەن بۆ چارەسەر. بەڵام هەر شیکارییەک لە سیاسەت و فەلسەفەی دەوڵەتداری، لە کۆتاییدا دەکەوێتەوە سەر یەک پرسیاری حەتمی و چارەنووسساز، ئەویش ئەوەیە، ئەو کۆمەڵگەیەی دەبێ ئەم پرۆژەیە هەڵبگرێ و بەرجەستەی بکات، لە کوێیە؟ ئایا ئێمە کۆمەڵگەیەکین بە مانای وشە، یان تەنها کۆمەڵێک تاک و خێڵ و وردە بازنەی داخراوین پێکەوە لە یەک جوگرافیادا دەژین بێ هیچ خاڵێکی هاوبەش؟ متمانەی گشتی نەبێت خەڵک لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە پێکەوە ببەستێتەوە، هیچ دەوڵەتێکی پتەو ناتوانێ بونیادبنرێت. ستوونی داهاتوو ئەم برینە قووڵە دەکاتەوە و وردتر لۆژیکی متمانە شیدەکاتەوە.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک