په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٤٣

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

لە مێگەلەوە بۆ کۆمەڵ، کۆبوونەوە بەبێ توانەوە.


کەسانێک لە بەردەم نانەواخانەیەکدا بەڕیز وەستاون. هیچیان یەکتر ناناسن، هیچ گوتارێک لە نێوانیاندا بوونی نییە، هیچ ئامانجێکی هاوبەشیش کۆینەکردوونەتەوە، جگە لە نانێک، ئەو نانەی هەریەکەیان دەیەوێت بیباتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. هەریەکە لەوانەی ناو ڕیزەکە تەنهایە و تەنها بوونی ئەوانی تری بەردەمیشی وەک کۆسپێک لە نێوان خۆی و دەستگەیشتن بە نانەکە دەبینێت. ژان پۆل سارتەر ئەمەی ناوناوە دۆخی زنجیرەیی - لێکدابڕاوی بێپەیوەندی، ئەو جۆرە کۆبوونەوەیەی مرۆڤەکان تێیدا پێکەوەن، بەڵام هەریەکە بەرامبەر بەوانی تر لە دەرەوەدا ماوەتەوە. ئێستا با شتێک ڕووبدات، بە نموونە دەنگی تەقینەوەیەک، یان بەرپرسێک بێت و نۆرەبڕییەک بکات و پێش هەمووان نان وەربگرێت. لەم چرکەساتەدا شتێکی جەوهەری دەگۆڕێت، مرۆڤە ڕیزبووە بێ پەیوەندییەکان تەنها بە یەک کاردانەوە لە منەوە دەبنە ئێمە. سارتەر ئەم ساتەی بە گرووپی تواوە - یەکگرتنی ڕۆحیی کتوپڕ ناوناوە، ئەو ساتەی زنجیرەکە دەتوێتەوە و کۆمەڵێکی زیندوو لە جێگەیدا دەبێت بە جێگرەوە و لەدایکدەبێت. ئەم ساتە جوان و ڕاستەقینەیە، دەستپێکی مێژووی هەموو شۆڕشەکانی جیهانە. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا لەسەر ئەم ساتە نییە، نا - لەسەر ئەوەیە دوای ئەم ساتە چی ڕوودەدات. دوای دوو کاتژمێر، ئەو ئێمەیە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی منە تەنهاکان، یان دەبێتە شتێکی بەردەوام؟ ئەمە پرسیارە بونیادییەکەی ئەم ستوونەیە.

با ڕوونیبکەینەوە، ئەم باسە سووکایەتیکردن نییە بەو خەڵکانەی لە گۆڕەپانەکاندا کۆدەبنەوە. ئەوان دڵسۆزترین بەشی ئەم کۆمەڵگەیەن، ئەوانەن هێشتا هەستیان بە شتێکی هاوبەش ماوە و ئامادەن لە ماڵەوە بۆی بێنەدەرەوە. نەشتەرەکە لەسەر نیەتی مرۆڤەکان دانانرێت، نا - دەچێتە سەر ژینگە بونیادییەکە، ئەو ژینگەیەی وزەیەکی وەها گەورە وەردەگرێ و بەڵام دواجار لە هەوایەکدا دەیفەوتێنێت. کێشەکە ئەوە نییە خەڵک کۆدەبنەوە، کێشەکە ئەوەیە کۆبوونەوەکە هیچ قاڵبێکی نییە خۆی تێیدا هەڵبگرێت.

جیاوازیی نێوان مێگەل و کۆمەڵ نە بە ژمارە دەپێورێ، نە بە دەنگ و سەدای دروشمەکان، بە شێوازی ئەو پەیوەندییە دەپێورێت تاکەکان پێکەوەدەبەستێتەوە. ئێمیل دۆرکهایم، دامەزرێنەری کۆمەڵناسیی مۆدێرن، لە شاکارەکەیدا لەسەر دابەشکردنی کار، دوو جۆر یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی جیاکردووەتەوە. یەکەمیان یەکگرتوویی مەکانی - هاودەردیی لەسەر بنەمای لێکچوونـ، ئەو یەکگرتووییەی لەسەر لێکچوون دەوەستێت. خەڵک پێکەوەن لەبەرئەوەی وەک یەکن، هەمان بیریان هەیە، هەمان ژیانیان هەیە، هەرکەسێکی جیاواز لە ناویاندا، دەبێتە هەڕەشە. دووەمیان یەکگرتوویی ئۆرگانیک - هاودەردیی لەسەر بنەمای تەواوکاری، ئەو یەکگرتووییەی لەسەر جیاوازی دەوەستێت. خەڵک پێکەوەن ڕێک لەبەرئەوەی وەک یەکنین، هەریەکەیان کارێک دەکات ئەوانی تر ناتوانن بیکەن، بۆیە پێویستیان بە یەکتری هەیە. لە یەکەمیاندا جیاوازی تاوانە، لە دووەمیاندا جیاوازی بناغەی پەیوەندییە. دۆرکهایم ئەم دوو جۆرەی بە دوو جۆری یاساشەوە بەستووەتەوە، کۆمەڵگەی مەکانی یاسای سزادانی دەوێت، چونکە هەر جیاوازییەک لای ئەو پێشێلکاریی ویژدانی هاوبەشە. کۆمەڵگەی ئۆرگانیک یاسای ڕێکخستن و قەرەبووکردنەوەی دەوێت، چونکە بابەتەکە ڕێکخستنی پەیوەندییە جیاوازەکانە. لە ستوونی ٤١دا وتمان یاسا لای ئێمە دەقێکی بێگیانە، ئێستا سەرچاوەیەکی تری ئەو بێگیانییە دەبینین، ئێمە هێشتا زەینێکی مەکانیمان هەیە و یاسای ئۆرگانیکمان دەوێت.

مارتین هایدگەر لە ئاستێکی قووڵتردا، لە ئاستی خودی بووندا، ناوێکی بەم دۆخە داوە. ئەو دەڵێت مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا زۆرجار بە خۆی ناژی، بە خەڵکێتی - توانەوە لەناو قەرەباڵغی و ونکردنی خوددا دەژی، ئەو بوونەوەرە نادیارەی دەڵێت وادەکرێت و واناکرێت، وادەوترێت و وانوترێت. لەم دۆخەدا هەر کەسێک لە دیدی ئەودا ئەوانی ترە و هیچ کەسێ خۆی نییە. سیفەتە سەرەکییەکەی خەڵکێتیش بەم شێوەیەیە، بەرپرسیارێتی لادەبات. کاتێ بڕیارەکە بڕیاری خەڵک بێ، هیچ کەسێک ناتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە خەڵک کەسێک نییە. لێرەدایە ئەو دیاردەیە ڕوونتردەبێتەوە هەموومان بینیومانە، هەمان مرۆڤ لە ماڵ و کۆڵانی خۆیدا میهرەبان و شەرمنە، بەڵام لەناو کۆبوونەوەیەکدا دەبێتە دەنگێکی توند، بۆ؟ مرۆڤەکە لەوێدا نەگۆڕاوە، بەڵکوو لە دۆخی خودی خۆیەوە گواستراوەتەوە بۆ دۆخی خەڵکێتی، لەو دۆخەشدا ویژدان چیتر خاوەنێکی نییە. ئەمە پرسیارێکی ئەخلاقی نییە بۆ سەرزەنشتکردنی خەڵک، بەڵکوو شێوازێکی بوونە پێویستی بە دەرمانی بونیادی هەیە.

باشە بۆچی لای ئێمە خەڵکێتی بەهێزترە و خودی تاک لاوازتر؟ لێرەدا دەبێت شتێکی مێژوویی بڵێین. فێردیناند تۆنیس، کۆمەڵناسی ئەڵمانی، جیاوازیی نێوان دوو جۆر ژیانی هاوبەشی خستووەتەڕوو، کۆمەڵگەی خزمایەتی - پەیوەندییەکی بنچینەیی لەسەر خوێن و نەریت، هەروەها کۆمەڵگەی گرێبەستی - پەیوەندییەکی ڕێکخراو لەسەر بەرژەوەندی. مێژووی مۆدێرن بریتییە لە گواستنەوەی هێواش لە یەکەمەوە بۆ دووەم. تراژیدیای ئێمە لەوەدایە لە نێوان هەردووکیاندا گیرمانخواردووە، گوندمان جێهێشتووە بەڵام شاریشمان بونیادنەناوە، لە کۆمەڵگەی خزمایەتی دەرچووین بەڵام نەگەیشتووینەتە کۆمەڵگەی گرێبەستی. لەم بۆشاییە بێناوەدا، دوو شت پێکەوە کاردەکەن، تاک تەنهاییی مۆدێرنی چێشتووە بەڵام پارێزگاریی دامەزراوەیی وەرنەگرتووە، پەیوەستگرووپیش ئەو چەمکەی لە ستوونەکانی پێشووتردا باسمانکردووە، وەک تاکە پەناگەی بەردەست ماوەتەوە. لەم دۆخەدا مێگەل چیتر نەخۆشییەکی ئەخلاقی نییە، وڵامێکی سرووشتی و لۆژیکییە بۆ مرۆڤێک لە نێوان دوو جیهاندا بێماڵکراوە.

سیگمۆند فرۆید دەنگێکی تری ئەم شیکارییەیە، ڕوونیدەکاتەوە بۆچی توندترین ململانێمان زۆرجار لەگەڵ نزیکترین کەسەکانماندان. ئەو چەمکێکی بەکارهێناوە بە ناوی نەرگسیزمی جیاوازییە بچووکەکان - خۆبەگەورەزانین لەسەر بنەمای وردەکارییەکان، ئەوەی کۆمەڵێک لە کۆمەڵێکی زۆر جیاواز دووریدەخاتەوە کێشەی کەمترە، چونکە جیاوازییەکە ئاشکرایە و ملمانێیەکی نییە. بەڵام دوو کۆمەڵی لێکچوو، دوو حزبی هاوگوتار، دوو ناوچەی هاوزمان، ڕێک لەبەر لێکچوونەکەیان پێویستیان بەوە هەیە جیاوازییە بچووکەکانیان گەورەبکەن، چونکە خودی شوناسیان لەسەر ئەوە وەستاوە. لێرەوە تێدەگەین بۆچی هێزی هاوارەکانمان زۆرجار ڕووی لە دەرەوە نییە، بەڵکوو ڕووی لە خانووەکەی تەنیشتمانە.

ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ سارتەر و ئەو بەشەی وڵامەکە هەڵدەگرێت. سارتەر دەڵێت گرووپی تواوە ناتوانێ لە دۆخی تواوەیدا بمێنێتەوە، چونکە ئەو دۆخە دۆخی هەڵچوونە، هەڵچوونیش هەمیشەیی نییە. دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە، یەکەم، دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرەیی، واتە هەموو کەسێک بۆ ڕیزی نانەواخانەکەی خۆی. دووەم، خۆی دەگۆڕێت بۆ ڕێکخراوێک لە ڕێگەی ئەوەی سارتەر بە سوێند - پەیمانی ئەخلاقی و ئیرادەیی ناویدەبات، واتە بەڵێنێکی مەبەستدار لە نێوان ئەندامەکاندا، من پابەندی ئەم ڕێککەوتنە دەبم تەنانەت کاتێ هەڵچوونەکەش نەما و بەرژەوەندیشم پێچەوانەکەی دەڵێت. ئەم سوێندە قۆناغی لەدایکبوونی دامەزراوەیە، ساتی گواستنەوەی هەستە بۆ پەیمان. بەڵام سارتەر ئەمە بە ئاگادارییەکەوە دەبەستێتەوە، هەمان سوێند ئەگەر بە ترس بپارێزرێت نەک بە ڕەزامەندی، دەبێتە زیندان و پێکەوەییەکە دەبێتە تیرۆر. ئەمە ڕێک ئەو ڕێگەیەیە لە نووسینی پێشووتردا وێنامانکرد، ڕێکخراوێک لە هەڵچوونەوە لەدایکدەبێ، دواتر بۆ پاراستنی خۆی وەفاداری دەکاتە پێوانە و لە کۆتاییدا دەبێتەوە بە پەیوەستگرووپییەکی نوێ. بەم پێیە، ئەو ئێمەیەی لە گۆڕەپانەکاندا لەدایکدەبێت، دوو مەترسیی لەبەردەمە، هەڵوەشانەوە یان توندبوون. تەنها یەک ڕێگەی تەندروستیش هەیە، ئەویش ڕێکخراوێکە یاسا و دەنگدان و لێپرسینەوەی خۆی هەبێت.

لێرەوە دەتوانین وڵامی ئەو دژەئەرگومێنتە بدەینەوە دەڵێت گەلێکی وەک ئێمە پێویستی بە یەکڕیزیی تەواوە و ئەم قسانە ڕیزەکانمان لاوازدەکەن. بە زمانی دۆرکهایم، ئەم بۆچوونە داوای یەکگرتووییی مەکانی دەکات لە سەردەمێکدا کۆمەڵگەکەمان بە تەواوی جیاواز و ئاڵۆز بووە. لە کۆمەڵگەیەکی دابەشبووی هاوچەرخدا، یەکگرتووییی لەسەر لێکچوون سەپێنراو، تەنها یەکگرتوویی ڕواڵەت دەبەخشێت و لە ژێرەوە جیاوازییەکان کەڵەکەدەکات، تا لە یەکەم تاقیکردنەوەی جدیدا بە توندترین شێوە دەردەکەون. یەکگرتووییی ئۆرگانیک بەپێچەوانەوە هێواشە و بێدەنگە، بەڵام لە قەیراندا ناشکێت، چونکە لەسەر پێویستیی ڕاستەقینەی تاکەکان بە یەکتری دامەزراوە نەک لەسەر هەستێکی کاتی. تۆکمەیی ڕاستەقینە لە یەکڕەنگیدا نییە، بەڵکوو لە یەکخستنی ڕەنگە جیاوازەکانە.

ئەی هەنگاوە کردەییەکان چین؟ سێ گواستنەوەی بنەڕەتی هەن. یەکەم، لە هەڵچوونەوە بۆ پەیمان، هەر کۆبوونەوەیەک بە بەڵێنێکی نووسراو و ڕێکخراوێکی بەردەوام کۆتایینەیەت، دەبێتە هەڵم. دووەم لە هاوارەوە بۆ نوێنەرایەتی، مێگەل هاواردەکات، کۆمەڵ نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێ و لێپرسینەوەیشی لەگەڵدا دەکات. سێیەم لە شوناسەوە بۆ بەرنامە، ئەوەی خەڵک لەسەر شوناس کۆیبکاتەوە زوو هەڵدەوەشێتەوە، چونکە شوناس تەنها هەڵدەکێشرێ. ئەوەی لەسەر بەرنامەیەکی ڕوون کۆیانبکاتەوە دەمێنێتەوە، چونکە بەرنامە دەپێورێت و پێوانەش لێپرسینەوە دەخوڵقێنێت.

ئەم گواستنەوانە لە بەیانییەکدا ڕوونادەن، لە لوتکەشەوە دانانرێن، بەڵکوو لە بازنە بچووکەکانەوە دەڕوێن، لیژنەیەکی گەڕەک بە دەنگدان بەڕێوەبچێت، سەندیکایەک بەرگریی لە ئەندامەکانی خۆی بکات، ڕێکخراوێکی مەدەنی موڵکی هیچ بارەگەیەک نەبێت، یەکێتییەکی خوێندکاران داوای مافەکانی خۆی بکات. ئەمانە خانە بچووکەکانی جەستەی نوێن، لە هەریەکەیاندا مرۆڤ مەشقی ئەو کردانە دەکات لە هیچ ماڵ و خوێندنگە و بارەگەیەکدا فێرینەبووە، چۆن دەنگبدەی، چۆن ببەزیت و پەیمانەکە بپارێزیت، چۆن سەربکەویت و نەیارەکەت پێشێلنەکەیت. لە ستوونی ٣٥دا فەلسەفەی پەروەردەمان بۆ مرۆڤی نوێ باسکرد، ئەم بازنانە خوێندنگەی کردەیی هەمان مرۆڤن.

هەڵبەتە هەموو ئەم بازنانە، لە سوێندەکەی سارتەرەوە تا لیژنەی گەڕەک، لەسەر یەک بناغەی نەبینراو وەستاون. پەیمان کاتێک مانای هەیە، هەردوولا بڕوابکەن لایەکەی تر پابەندیدەبێت. ئەگەر ئەم بڕوایە نەبێت، هەموو پەیمانێک دەبێتە کاغەز و مرۆڤیش دەگەڕێتەوە بۆ تاکە شتێک هەرگیز پێی هەڵنەخەڵەتاوە، بازنەی خۆی. ئێمە زۆرباش دەزانین چۆن پێکەوە هاواربکەین، زۆرکەم دەزانین چۆن پێکەوە کاربکەین، ئەم جیاوازییە لە وشەیەکدا چڕدەبێتەوە. لێرەوە پرسیاری ستوونی داهاتوو ئەمەیە، متمانە چییە، لە کوێوە دێت، چۆن نامێنێت و ئایا کۆمەڵگەیەکی برینداری وەک ئێمە، دەتوانێت دووبارە بینایبکاتەوە؟

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک